گۆران هەڵەبجەیی: هەواڵنێرێکی وەرزش بەتامی بانگخواز؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەمێژە گووتوومە هیچ شتێک لە باشوور لە شوێنی خۆیدا نیە و نەماوە، شتەکان لە ڕەوتی خۆیان دەردەچن، لەزۆربەی کایەکاندا باسی شتگەلێک دەکەن کە دوورو نزیک پەیوەندیان بە باسەکەوە نیە. جا ئەم پێسەروبەریە زۆربەی بوارەکانی گرتۆتەوە، لە سیاسەتەوە بگرە تا دەگاتە، ئابووری،کۆمەڵایەتی،تەندرووستی، وتەبێژی, ڕاوێژکاری و وەرزش. هۆکاریش نەبوونی شارەزاییە لە بوارەکاندا. واتە پەندی{ کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو} پەیڕەو ناکرێت و نەکراوە،ئەمەش دەمانگەیەنێتە ئەو قەناعەتەی کە لە هەرێم شتێک نیە بە نێوی ڕێزگرتن لە پیشە.
لەڕابردوودا چەند نمونەیەکم لە [لادان لە بابەت] بەوتار خستەڕوو، بە تایبەتی لەبواری وتەبێژی و ڕاوێژکاریدا.
ئێستەش ناچارم لەسەر لایەنێک بدوێم کە وەرزشە، بەتایبەتیش پیشەی[هەواڵنێر] لە کەناڵە کوردیەکان، وە بەدیاریکراوی لە کەناڵی[NRT].
شەوی[8 .1 ] دوای هەواڵەکان، نۆرەی هەواڵی وەرزشی هات، ئەو گەنجەی هەواڵە وەرزشیەکانی خوێندەوە ناوی{سامان عارف}ـە، زیاتر لەسەر [ڕۆناڵدۆ] هەڵوەستەی کرد، باسی گرێبەستەکەی نێوان ئەو یاریزانە بەتوانایە و یانەی {نصر}ی سعودیەی کرد لەزۆر ڕووەوە، ئەز قسە گرنگەکانی لەم خاڵانەدا کۆدەکەمەوە:
+ جۆش و خرۆشی خۆی بۆ خولێکی نوێ و ئەزموونێکی نوێ دەربڕی.
+ زۆرێک گووتیان ڕۆناڵدۆ لەبەر پارە یاری بۆ ئەم یانەیەدەکات.
+ هەندێکیش دەڵێن سعودیە دەخوازێت لەڕێگەی کریستیانۆوە هەنگاو بەرەو مۆندیاڵ بنێت.
+ ئەمە هەنگاوی یەکەمە بۆڕاکێشانی ئەستێرە جیهانیەکانی تر بۆسعودیە.
+ سعودیە لە ئایندەدا وەک چەکێکی کاریگەر ئەو ئەستێرانە بەکاردەهێنێت.
+ سعودیەکان چاوەڕێ دەکەن ئەم کارە ببێتە هەنگاوێک بۆ میوانداریکردنی مۆندیال و سعودیە بکەوێتە سەر ڕیگەی جیهانی تۆپی پێ.
تائێرە هەواڵەکان تا ڕادەیەک ئاسایین ،لێ ئەوەی ئاسایی نیە ئەم خاڵانەی خوارەوەن ،کە دڵنیام لەگیرفانی خۆی دەریهێناون.
+ هاندەرانی دڵخۆشن بەچوونی ڕۆناڵدۆ بۆناو دڵی ئیسلام.
+ سعودیە ئەو شوێنەیە کە ساڵانە ملیۆنان خەڵک بە ئاواتەوەن حەج و عەمرەی تێدا ئەنجام بدەن.
+ ئیتر لەمەودوا رۆناڵدۆ کاتەکانی لەوێ بەسەردەبات،بۆیە زۆرێک پێیان وایە ئەمە سەرەتایەکە بۆ بەمسوڵمانبوونی ڕۆناڵدۆ.
+ لەڕابردوودا ڕۆناڵدۆ لەزۆر کاری خێرخوازیدا بەشداری کردوە و ساڵانە پارەیەکی زۆر دەبەخشێتە هەژاران، هەرئەمەش وایکردوە هەودارێکی زۆری لەوڵاتە ئیسلامیەکاندا هەبێت.
+ جگە لە پارە ڕۆناڵدۆ خوێنیش دەبەخشێت.
+ دژی تاتۆیەو هیچ تاتۆیەک لەسەر جەستەی نیە.
+ مسعود ئوزیل و کریم بنزیمە ئاماژەیان بەوەداوە ڕۆناڵدۆ زۆر ئاشقی ئەوەیە گوێ لەقورئانی پیرۆز بگرێت.
+ بۆیە ئەم هۆکارانەو چەندینی تر وایان کردوە هاندەرانی هیوایان هەبێت بەوەی ڕۆناڵدۆ ببێتە مسوڵمان.
دوورکەوتنەوە لە ڕەوتی باسەکە، پەیڕەونەکردنی پیشەیی، ئیزافەکردنی بڕگەی ناپێویست زیانی بە ڕاپۆرتەکەی ئەو بەڕێزە داوە.
لەو بەڕێزە دەپرسم تۆ هەواڵگری وەرزشیت یا ئیمامی مزگەوت؟ کەی کاری تۆیە باسی ئاین و گریمانەی بەمسوڵمان بوونی ڕۆناڵدۆ بکەیت؟ ئەوانە شتی شەخسین و کەس بۆی نیە قسەیان تێدابکات یا پرسیاریان لەبارەوە بکات. بۆ ڕێز لە پیشەکەت ناگریت؟ بۆ لە بابەت دەردەچیت؟ پاشان ئەم بڕگە بێ ئەرزشانە چ سوودێکیان هەیە؟ وەک [زۆرێک گووتیان، هەندێک دەڵێن، پێیان وایە، هاندەرانی هیوایان هەبێت، ئاماژەیان بەوەداوە ] ئەم قسانە بۆ فڕێدەدەیت کە هیچ بنەمایەکی درووست و سەلمێنەریان نیە؟
دەپرسم ڕۆناڵدۆ چ پێویستی بە ئاین هەیە تا ببێتە مسوڵمان؟
ئەو بۆ پارە چووەتە سعودیە نەک بۆ گۆڕینی ئاین.
لەکن من خەڵک ئازادە چ ئاینێک هەڵدەبژێرێت یا ئاین دەگۆڕێت، بەڵام شوێنی خۆیەتی بپرسم، گەر پاش کۆتایی هاتنی گرێبەستیەکەی گەڕایەوە بۆ پورتوگال و نەبوو بە مسوڵمان، ئەدی چی بە خەڵک دەڵێیت؟
سەبارەت بەکاری خێرخوازیش بۆچوونێکی زۆر هەڵەیە بەوەی ئەوکارەی کرد ئیتر بەرەو مسوڵمان بوون هەنگاو دەنێت.
کاری ئینسانی و هاوکاری هەژاران پەیوەندی بە ئاین و مەزهەب و نەتەوەو ڕەگەزەوە نیە، بەڵکو ئەوە پەیوەندی بە هەستی ئینسانی مرۆڤەکانەوە هەیە. هێندەی ئاگاداربم بێ باوەڕەکان و وڵاتە ئەوروپیەکان بەتایبەت دامەزراوەو دەزگا خێرخوازەکانیان زیاتر لەوبوارەدا کاردەکەن، هاوکات بە وپێیەی لەبەرچاومە وڵاتان و پارەدارە ئیسلام و عەرەبەکان کەمترین هاوکاری مرۆییان پێشکەش بە وڵاتە هەژارەکان کردوە، تەنها وڵاتانی کەنداو وەک دەسەڵات و سەرمایەداران کە ملیۆنەرو ملیاردێرەکانیان زۆرن گەر بەجددی هاوکاری هەژارانیان لە جیهانی ئیسلامیدا بکردایە ئێستا کەمترین ڕێژەی هەژار بوونی دەبوو.
سەیرە لام دەڵێ دژی تاتۆیە،وەک ئەوەی لە نێو مسوڵماناندا کەس نەبێت تاتۆی کردبێت، بڕۆ سەیری وێنەکانی مەسعود ئۆزیل بکە دەبینیت جەستەی چەندین تاتۆی پێوەیە ،هەر وەها چەندین یاریزانی دیکەی مسوڵمان.
سەبارەت بە گوێگرتن لە قورئان، بۆدەبێ بەمەسعود و کەریم بڵێت کە تامەزرۆی گوێگرتنە لەقورئان؟ خۆپێویستی بەڕاکێشانی هەستی ئەوان نیە تا مجامەلەیان بکات. کێ ڕێگەی لێگرتوە کە گوێ لەقورئان بگرێت؟ هەرلەمۆبایلەکەیەوە دەتوانیت بەئارەزووی خۆی ئەوکارەبکات، ئیدی چ پێویستە لای کەسانی دیکە باسی بکات؟
قسەیەکی تری ئەم بەڕێزە زۆر سەرنجی ڕاکێشام کە لەبڕگەیەکدا گووتی[سعودیە لە ئایندەدا ئەو ئەستێرانە {دیارە مەبەستی ڕۆناڵدۆو کەسانی ترە، گەر بیانکڕن}، وەک چەکێکی کاریگەر بەکار دەهێنێت.] خۆزگە ڕوونت بکردایەتەوە مەبەستت چ چەکێکەو دژ بەکێ بەکاریان دەهێنن؟هیوادارم مەبەستت ئەوەنەبێت بەو یاریزانانە ئیسرائیل تەفروتونا بکات و وەک کڵاوەی ئەتۆمی بەکاریان بهێنێت هههه. هێندەی ئاگاداربم یانەکانی ڕیاڵ مەدریدو بەرشەلۆنە بەردەوام زۆرترین ژمارەی یاریزانە جیهانیەکانیان لەخۆ گرتوە، کەچی ئێستاشی لەگەڵدابێت سەرۆکی هیچ یانەیەکیان نەیانگووت ئەم یاریزانە بەتوانایانە وەک چەک بەکار دەهێنین، بەڵکو تەنها ئامانجیان کۆکردەوەی پارەیەو هیچی تر، چونکە وەرزشیش جۆرێکە لە بزنس.
هەر بۆ ئەوەی بیسەلمێنم بۆت کە لە خەیاڵدانی خۆتدا شتت درووست کردوە، ئەم بڕگەیە لە ماڵپەڕی {ایلاف} دەخەمەڕوو کە هەواڵێکە دەربارەی ژیانی ڕۆناڵدۆ لەسعودیە، جامن بۆت دەکەمە کوردی و لەکۆتایشدا لینکی هەواڵەکەت بۆدادەگرم، کەدەڵێت: {شەوی شەممە ڕۆناڵدۆ بەیاوەری هاوژین و منداڵەکانی لە باژێری ڕیاز بۆ خوانخواردن چوونە ڕێستوڕانتی [میازو]ی یابانی. لەو ئێوارەدا ڕۆناڵدۆ {سەلیبێی گەورەی لەملدابوو}.
لەوانەیە نەزانیت کە لەسعودیە جگە لە سومبڵی ئیسلام، لەملکردن و نیشاندانی لۆگۆ و سومبڵی هەموو ئاینەکانی تر قەدەغەن، بەڵام ڕێگریان لە ڕۆناڵدۆ نەگرت ئەوکارە بکات. هیوادارم باش تێبگەیت بۆچی ڕۆناڵدۆ ئەو سەلیبەی لەمل کرد.
ئەم بەڕێزە لەواڵەکەی خۆیدا لەفەیسبووک هەمان هەواڵی بە ڤیدیۆ بڵاوکردوەتەوە، بەڵام بە ماشێتێكی جیاواز کە بەم جۆرەیە:[
‎ڕۆناڵدۆ دەبێتە موسڵمان ؟
‎نهێنیەکانی چونی ڕۆناڵدۆ بۆ یانەی نەسڕ ئاشکرا دەکەین.
ئەم بەڕێزە یەکەمجاری نیە کە قەناعەتی ئاینی خۆی تێکەڵ بە پیشەکەی دەکات، کە پێدانی زانیاری وەرزشیە، لەدەمی مۆندیالی قەتەریشدا هەمان شتی کرد.
وەک ئامۆژگاریەک بەو بەڕێزە دەڵێم کوورت وپوخت بابەتەکانت پێشکەش بکە، مەچۆرە نێو وردەکاری زیادەوە، باسی شتی شەخی کەس مەکە، تەنها گرنگی بەلایەنە سەرەکیەکە بدە ئەویش کایەو بوارو ژیانی وەرزشیەو هیچی تر. قەناعەتە ئاینیەکەت هەڵگرە بۆخۆت، ئازادیت چۆن گوزاشتی لێدەکەیت، بەڵام تکایە تێکەڵی مەکە بە ئەرکەکەتەوە کە گەیاندنی هەواڵی وەرزشیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت