رەزا شـوان: رۆڵـی گـرنگی مامۆسـتایـان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

مامۆسـتایـان خـاوەنی پیـرۆزتـین پەیـامـن، هـەر ئـەم پەیـامـەشـە، پیـرۆزی بە پـیشەی مامۆستایی بەخـشیوە. مامۆستایان چـرای هەمیشە داگیرساون، رێی تارێکی و نەزانین و دواکەوتـن بۆ کەسانی تر رووناک دەکەنـوە. دڵسوزی و ماندووبوونیان بێ سنوورن. هەمیـشەش دەبەخـشن بێ ئەوەی کە چاویـان لە وەرگرتن و لە پاداشت و خەڵات بێـت.
(نـیلـسون مانـدێـلا) دەڵێـت:”مامۆسـتای باش وەک مـۆم وایە.. خـۆی دەسـووتـێنێـت تا رێـگا بـۆ کەسـانی تـر روونـاک بـکاتەوە”.
میـری شاعـیرانی عـەرەبیش ئەحمەد شەوقی ـ بە رەچـەڵەک کوردە ـ دەڵێت:”هـەستە لەبـەر مامـۆسـتا شکـۆداریـیـە.. هـێـنـدەی نەمابـوو مامـۆسـتا ببێـت بە پەیـامـبەر”.
مامۆسـتایان پێـشمەرگـەی کـوڵـنـەدەر و خـۆڕاگـر و گیانبـەخـشی مەیـدانی پـەروەردە و فـێرکردنـن، هەڵگـرانی ئاڵای هـیوا و گەشبینی و پێشکەوتن و داهـێنانن. مـژدەبەخـشی داهـاتـوویەکی گەشـترن بۆ کورد و کوردسـتان. بە چـەکی زانست و زانیـاری، بەرگـری دەکـەن. نـەوە لە دوای نـەوە پێـدەگـەیـەنـن. لە هەمـوو وڵاتـانی جیهـانـدا، مامۆسـتایان بـەردی بنـاغـە و کاریتە و کـۆڵـەکە بەهـێزەکـانی بنیاتـنـانی شارستانی و پـێشکەوتـن و داهـێنان و گۆڕانکاریـن. گەر گـەلان بە زانـا و دانـا و نـاوداراران و داهـێنەرەکانیانەوە شانازی بکەن، نابێت ئەوە لەبیربکەن کە هەموو ئەم هەڵکەوتووانە، لەپێشا قوتابیانی مامۆستایان بـوونە. ئـەوان بە دروستی پەروەردەیـان کـردن و بە باشی فـێریان کـردن. بە زانـسـت و زانیـاری هەمەچەشنە زاخـاوی بیـر و هـۆشـیان دان.
شاعـیر (جـبران خەلـیل جـبران) دەڵـێت:”نـیشـتمانەکان لەسـەر شانی سێ کەس بنیـات دەنـرێـن: جـووتیـاران خـۆراکـیـان بـۆ دابـیـن دەکـەن.. سـەربـازان دەیـان پـارێـزن.. مامۆسـتایـانیـش پەروەردەیـان دەکـەن”.
ئەسـکەنـدەری ماکـدۆنیـش دەڵـێت:”مـن قـەرزاری بـاوکـمم، چـونکە ئـەو ژیـانی بـۆم دابین کـرد.. قـەرزاری مامۆستاکەشـم، چـونکە ئەو ژیـانێکی نـوێی بـۆم دابین کـرد”.
مامۆستایان لە مێژووی هەر نەتەوەیەکدا، رۆڵێکی گـرنگ و کاریگەریان هەبـووە و هـەیە. هـەردەم هـێمایەک بـوونە لە هـێماکانی پێشکەوتـن و گۆڕانـکاری و داهـێنان. بۆیە مامۆستایانی باش و دڵسـۆز، پارەیـەکی دەگەمـەنـن و بە ئاسانی دەست ناکـەون. لە دوای هـەر داهـێنەرێـک یا بیـرمەنـدێکی مەزنەوە، مامۆسـتایـەک هـەیە. گەلێ لە کەسایەتییە جـیهـانییە هەڵکەوتوو و ناسراوەکان، بە شانازییەوە باس لە کاریگەریی مامـۆسـتاکـانیـان دەکـەن، لـە مـاوەی سـاڵانی خـوێنـدنیـان لە قـوتـابخـانـەدا. کـەواتە کاریگەریی مامۆستایـان لە قـوتابخـانـەدا، تەنیا بۆ ساڵـێک و دووان نییە، بەڵکـو بە درێـژایی ژیـان، کاریـگەرییـان لەسەر قـوتـابیـان هـەیە و کـاڵ نـابـێـتەوە. هـونـەری وانـەوتنـەوەش، هـونـەری یارمەتیـدانە بـۆ دۆزینـەوە و داهـێنان.
وتەیـەکی چـینی دەڵـێت:”مامۆستاکان دەرگـاکان دەکـەنەوە.. بەڵام دەبێت خۆت بچـیتە ژوورەوە”.
بێگومان مامۆستایان، رۆڵێکی سەرەکی و گرنگ و کاریگەریان لە بنیاتنانی کەسایەتی دروسـت و لە رەوتی ژیـانی ئەمـڕۆ و داهـاتـووی قـوتـابیـانـدا هـەیە. زیاتر لە هەمـوو کەسێک کاریگەریان لەسەر دەروونی منداڵان هەیە. چونکە هەر لە منداڵییەوە ئاشنا و تێکەڵـیان دەبـن. لە میـانـەی ئەو زانسـت و زانیارییە هەمەچەشـنانە و رۆشنبیرییانەی بـۆیـان دەگـوازنـەوە، لە رووانـدنی رەوشـت و رەفـتاری دروسـت و پەسەنـد و بەهـای بەرز و پـرانسیـپە مـرۆڤـایەتییەکان، لە رووانـدنی هـەست و سـۆز و خـۆشـەویستی و هـاوبـەسـتەبـوونیـان بـۆ نـەتـەوەی کـوردمـان و بـۆ کـوردسـتانی نیـشـتـمانی جـوان و شیرینمان لە ناخیاندا. پێویستە مامۆستایان خۆیان لەم رووەوە، نموونە و پێشەنگ و سەرمەشـقی باشبن. تا قـوتـابییەکانیان چاویـان لـێـبکەن و لـێـیـانەوە فـێربـن. چونکە قـوتـابیـان زۆر شـت لە مامـۆسـتاکـانیـانەوە وەردەگـرن و فـێریـان دەبـن.
لە ئێـستادا لە هـەر پـۆسـت و پایـەیـەکـدا بیـن، پێـویـسـتە بە ئـەمـەک بیـن و رۆڵ و مانـدووبوونی مامۆستا دڵسۆزەکانمان لەیـاد نەکەین. هەمیشە رێـز و پێـزانینمان بـۆ ماندووبوون و بەخشینیان هەبێت. ئەمەش کەمترین شتە بەرانبەر بە بەخشینی ئەو مامۆستا دڵـسۆزانەمان کە ئەوان بەردی بناغـەی کەسایەتی و ژیانیان بۆ دانـاین و کـلـیلەکانی سەرکەوتنیان داینێ. ئەو مامۆستا کوردسـتان پەروەرانەمـان، کە فـێری ئەلـفـوبـێی کوردایەتی و مەردایەتییان کردین. فـێری کوردستان پەروەرییان کردین.
(گای کاوسـاکی) دەڵـێت:”گـەر لەسەربێـت کە کەسێک لەسـەر سەکـۆی پەیکەرێـک دابنـێیـت.. پەیکەری مامـۆسـتایـان دابـنێ، چونـکە ئـەوان پـاڵـەوانـانی کـۆمـەڵـن”.
بۆیە مامۆستایان رۆڵێکی گرنگ و هەستیار و چارەنووسسازیان، لە رەوتی ئەمڕۆ و داهاتووی گەلاندا هەیە. مامۆستایان بەرپرسن لە گواستنەوەی رۆشنبیری و رەوشـتە نایاب و دروستەکان، بۆ نەوەکانی ئەمـڕۆ و داهـاتوو لە کومەڵگاکانـیاندا. مامۆستاکان بەرپرسن لە دروستکـردن و ئامادەکـردنی نەوەیـەکی نـوێی متمانە بەخـۆ، کە بتوانـن لەگەڵ کاروان و رەوتی تـازە و پێشکەوتنەکانی بـواری تەکنەلۆژیـای نوێـدا دەربەرن. بۆ ئەوەی نەوەیەکی دروسـت پـێبگەیەنـن، کە شایەنی ئەوە بن لە داهاتـوودا، بتـوانن ببن بە سەرکـردەی کارامە و لێهـاتـوو و کاروبـاری کوردستان بەڕێـوەبـەرن. بتـوانن بەرپـرسیارێـتی هـەڵگـرن. بتـوانـن رووبـەڕووی ئەو کێشـانە ببنەوە کە دێنـە رێیـان.
مامۆستایان ئەو جووتیارە دڵسۆز و لێهاتووانەن، کە زەوی بەیـاری نەکـێڵراوی هـۆش و دەروونی منـداڵەکانمـان دەکـێڵـن و بە تـۆوی زانسـت و زانیـاری و رۆشـنبـیری و بە رەوشـت و رەفـتاری جـوان و دروسـت و بـە بەهـای بـەرز نـایـاب و بـە هـيـوا و بـە رۆحـی کوردسـتان پـەروەری و دڵـسـۆزی و تێکـۆشـان و بە گەشـبینی تـۆوی دەکـەن. تا بێـنە بەرهـەم و داهـاتـوویان گەشـتر و ژیـانیان خـۆشـتربێـت.
لە ئەمـڕۆدا لە سایەی شۆڕشی تەکنەلـۆژیا و داهـێنانی نوێـدا، ئەرکی پەروەردەکرن و فـێرکـردنی منـداڵان قـورسـتر بـووە. پێـویستیـیان بە مامۆسـتایانی شارەزا و ئاگـاداری ئەم گۆڕانکاری و داهـێنانـانە هـەیە. چونکە منـداڵانی ئەمـڕۆ زۆرزانـتر و زیـرەکـتر و چاوکـراوەتـرن. نەوەی تەلەفـزیـۆنی رەنـگاوڕەنگ و ئینتـەرنێـت و ئایپـاد و ئایـفـۆنی زیرەکن. مامۆستایانی ئەم سەردەمە پێویستییان بە شێواز و رێبازی وانەوتنەوەی تازە هـەیە. بۆ گەیـانـدنی پەیـامەکانیـان بە قـوتـابییەکانیـان.
مامامۆستایانی خۆشـەویستی کوردسـتان، زیـادەڕۆیی ناکـەم کە دەڵـێم ئێـوە بە راسـتی جیـاوازن و کەم وێنەن. ئەگەر چاوخـشانێک بە مێـژووی تێکۆشانتـان بکەیـن. بـۆمان دەردەکەوێت کە پڕە لە خەبات و قارەمانێتی و گیانبەخشین و لە هەڵوێستی جوامێرانە. ئێـوە لە راپەڕین و شۆڕشەکانی کوردستان، پـێشرە و رابەربـوون، پێشمەرگەی گیـان لەسەردەست بـوون، سەرخەتـانە لە سەنگەرەکانی پێشـەوەی بەرگـریـدا، قارەمـانـانە بەرگریتـان لە کورد و کوردستان لە دژی داگیرکەرانی رەگەزپەرست دەکـرد. چەنـدیـن داستانی قارەمانێتی نەمری بە خوێنی ئاڵی ئێوە تۆمارکران. ئێوە بە دەستێکتان چەکتان هەڵگـرتبـوون و بە دەستەکەی تریشتان پێنووس و کتێبتان هـەڵگـرتبـوون، لە پەنـای شاخەکان و لەناو ئەشکەوت و دێـیەکـانـدا منـداڵانی فـێرخـوازی کوردتـان فـێردەکـرد.
لە خەبـاتی نهـێـنی ناو شارەکانی کوردستانیشدا، ئێـوە دینـەمـۆی خەبـات و تێکۆشان بوون. داگـیرکەرانتان هەراسان کردبوون و شەوانە گورزی گورچک بڕتان لێیان دەدا. ئێوە لە قوربانیدان و زیندانی و ئەشکەنجەداندان و سێدارەدان دا پشکی شیرتان هەیە.
ئێـوە لە شۆڕشەکاندا پێشمەرگەی دلێری هەڵمەتبەری شیر ئاسایی بوون. لە ئاشتیشدا، هەڵگـری چەپکە نـێرگـزی خۆشەویستی و ئاشتی و بـرایەتی بـوون و دەبـوونـەوە بە پێـشمەرگەی بـواری پەروەردە و فـێرکـردن. ئەمـە بـاوەر و رێبـازی نەگـۆڕاوتـانە.
ئێـوە لە هەمـوو کەسێک خـۆراگرتـرن، بە نیـوە مووچە و بە چارەگە مووچە و بەبێ مووچەش، بە سکی برسی و گیرفـانی بەتـاڵەوە، بایکـۆتی خوێنـدتان نەکـرد. بەمەش لاپەڕەیەکی تـرتـان لە دڵسـۆزیتـان بـۆ کورد و کوردسـتان تـۆمارکـرد. بـۆیـە ئێـوە لە هەمـوو کەسێک ویـژدان ئاسـوودەتـرن.
مێـژووی بێ گـەردتـان، سەرتـاپـا پـڕە لە سـەروەری و شـکـۆداری و لە دڵســۆزی.
رێـز و پێـزانین خۆشەویسی گەلەکەمان بۆ ئێـوەی مامۆستایـانی دڵسـۆز، بەرزتـرین میـدالیـای رێـز و پـێزانیـنە. شـایـەنی ئـەوەن کە لە بـەردەمی قـوتابخـانەکـانتانـدا، لە زێـر پەیـکەری رێـزلـێنان و یادگـاری بـۆ یەکـە بە یەکـتـان دروسـتـبکـرێـت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت