عەبدوڵا کەریم مەحمود: بەختیار، شکۆی مرۆڤایەتی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دوای تراژیدیای کارەساتی شەهید بوونی رێبواری برای شەهید سەردار عوسمان، ئێوارەیەک کاک تەحسین قادر، کاک بەختیاری شیخ عوسمانی برای ئەو دوو شەهیدە نامورادەی پێ ناساندم.
(بەختیار) هەر لە منداڵییەوە لە گەڵ هەڵوێستە پڕ لە سەروەرییەکانی شێخ عوسمان قەرەداخی باوکی و نەزیرە مستەفای دایکی لە قەرەداخ و لە سلێمانی، لە نێو بۆتەی نەهامەتی خانەوادەکەی و شکۆی هەردوو برا شەهیدەکەی دا باڵای کرد.
رۆژمێری تەمەنی کەسێتی بەختیار لە کارو کردەوە و هەڵوێستە پڕ لە جوامێرییەکانیدا، مایەی تێڕامانی هاوڕێکانی و دەوروبەرەکەی و شارەکەیەتی، ئیرادەی پۆڵاین و ورە بەرزی و ئازایەتی لۆژیکانەی لە ناخ و ویژدانی هەمووماندا دەدرەوشێتەوە.
لە 9 ی حوزەیرانی 1963 شێخ عوسمانی باوکی و شەپۆلێک لە خەڵکی شارەکەی دەسگیر کران و لە حامیەی سلیمانی زیندان کران. لە 17. 12. 1985( سەرداری برای و ئارام و هیوا) لە بەردەم ئامادەی رۆشنبیردا گولەبران کران.
ئەمنی سلێمانی ( نەزیرەخانی دایکی شەهید سەردار)و خانەوادەی( شەهید ئارام و شەهید هیوا ) یان دەسگیرکرد و لە حامیەی سلێمانی و سجنی سەرەوە زیندانی کران، لە گەڵ چەند خانەوادەیەکی تردا گوێزرانەوە بۆ زیندانی سەماوە.
بەختیاری شێخ عوسمان و سۆرانی شیخ محەمەد غەریب، بە بەرنامەیەکی نهێنی ورد، نەزیرەخان و خانەوادەی شەهید خەباتی شێخ محەمەد غەریب یان، بە نهێنی لە سەماوەوە گەیاندەوە سلێمانی، ئێوارەکەی بەختیار دایکی گەیاندە گوندی ئاوایی – قەرەداخ.
نەزیرەخان لەوێ هەواڵی گولە باران کردنی ( سەرداری جگەرگۆشەی و ئارام و هیوا ) و تاڵانی ماڵەکەیان و خاپورکردنی خانوەکەیانی بیست.
ئێوارەی 23. 3. 1991 رێبوارعوسمان، ناوی( مەریون ح. س ) ی جاسوسی لە بەڵگەنامەیەکی ئەمنی سلێمانیدا بینی، ئەو جاسوسە هەموو زانیارییەکانی کوشتنی عەباس ی ئەمنی گەیاندبووە ئەمنی سلێمانی، ( سەرداری برای و ئارام و هیوا ) ی بە گرت دابوو. مەریوان زانی بووی فایلی جاسوسییەکەی بینراوە، دەیویست بە زوترین کات، خۆی بگەیەنێتە دەرەوەی وڵات، رێبوار روویکردبووە ماڵی مەریوان، بۆ ئەوەی دەسگیری بکات، مەریوان خۆی تەسلیم نەکردبوو، چەکەکەی ئاراستەی رێبوار کردبوو، فیشەكیک نابوو بە سەر سنگییەوە. فوارەی خوێنی رێبوار، جۆگەلەی خوێنی ( سەردارو ئارام و هیوا)ی بەردەم ئامادەیی رۆشنبیری نوێ کردەوە.
ئەو هەموو زنجیرە تراژیدیا جەرگ بڕانە، ئەو هەموو تاڵی و نەهاماتیانەی خانەوادەکەی و نیشتمانەکەی، کەسێتی بەختیاریان بە جۆرە ئەزمونێکی لۆژیکانە وا داڕشت.
کەسێتی بەختیار، وەک دوو هێڵێ تەریب، لە گەڵ کەسێتی دووفاقی، سەردەمی نمایشی و بەرژوەندی و سایکۆلۆجیەتی نەرجسیەتی عەقڵی خێڵەکیدا جیاواز بێت.
لە هەموو ویستگە جیاجیاکانی ژیانیدا، بەختیار سڵی لە هیچ دەسەڵاتدارێکی زۆردارو لە هیچ ستەمکارێک و کارە ناڕەواکانیان نەدەکردوە، هەمووپەڕەی گوڵی تەمەنی یادەوەری و ویستگەکە جیاجیاکانی ژیانی بەختیار، رووبەروونەوە بوو بەرامبەر زەبروزەنگ و توندو تیژیی و زوڵم و ناهەقی و غەدرو ناعەدالەتی.
ئەو دژی سیناریۆ و نمایش و درۆو فێڵ و دووفاقی و کۆکتێلی کەسێتییە خێڵەکی و ئینتیهازییەکانی ئەم سەردەمەی عەولەمە بوو.
هەمووخەون و توانای لە بن نەهاتووکانی و هەڵوێستە کانی بەختیار بۆ چاکسازی و بۆ بەرگری لە ئازادی و دادپەروەری بوو، بۆ خزمەتی بەهای مرۆڤ و شکۆی مرۆڤایەتی.

*مەریوان ی جاسوس لە سەردەمی دەسەڵاتی سەدام دا (سەردارو ئارام و هیوا)ی بە گولە باران کردندا، دوای راپەڕین لە ناو بەڵگەنامەکانی ئەمنی سلێمانیدا، فایلی جاسوسی و سیناریۆی تاوانەکانی بۆ جەماوەر دەردەکەوێت، خۆی تەسلیمی دادگا نەکرد، دەیویست رووبکاتە هەندەران، رێبور عوسمانی برای شەهید سەردار شەهید دەکات، بەپێی بڕیاری سەردەمی دوای راپەڕین مەریون گولە باران کرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت