بەیان ئیبراهیم: گۆگڵ و شارستانیەتیەکان و گەشتکردن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بچوکبونەوەی دنیا و خێرایی پەیوەندیەکان وەک قۆناغی گەشەسەندنی زانستی و بچوکبونەوەی دنیا بۆ سەر شاشەیەکی سمارت و خێرای کۆمینیکەشن، بوەتە قۆناغێک لە گەشەسەندنی عەقڵی مرۆڤ، بۆ ئەوەی شارەزا بیت لە کەڵچەڕ و سیاسەت و دەستەڵاتی حکومڕانی و ئابوری و کۆمەڵایەتی وڵاتان، دەتوانی بە کلیکێک لە هەر وێبساتێک بێت زانیاری وەر بگری و بەتایبەت گۆگڵ. ئەمە وا دەکات کە جۆری بەریەکەوتنەکان گەورەتر بێت و ئاسان تر بێت، بەو واتایەی تۆ بتەوێ لە هەمو ڕوویەکەوە لە نەتەوەیەک بگەی ئەوا هەر بە چونە ناو گۆگڵ و ئەو شەبە کە جاڵجاڵۆکەیەی کە هەیە دەتوانیت لەهەر ئاستێکدا بێت ئەو وڵاتە بناسیت. ئەگەر جاران ناسینی نەتەوەیەک یان قاڕەیەک پێویستی بە گەڕیدەکان ببوایە ئەوا ئێستا دەتوانیت لە کۆێرە دێیەکەوە هەر بە مۆبایلەکەت هەمان کار ئەنجام بدەیت، بە هۆی گۆگڵەوە. بەڵام کاتێک گەشت دەکەی بەر شتەکان دەکەوی و شتەکان بە فرێشی دەبینی و ئەو دیو ڕوداوەکان دەخوێنیتەوە جۆرێکی تر دنیای وڵاتان دەبینی وەک ئەو کارتۆنەی کە جیهازێکی تێدایە لەگەڵ سیدیەک و هەمو پێکهاتەکانی ئەم جیهازە لەسەر کارتۆنەکەوە جۆری بەکارهێنانی لە سیدییەکەدا هەیە، بەڵام ناکاتە ئەوەی کە ڕاستەوخۆ کار بە جیهازەکە بکەی و بیبینی و بەری بکەوی.
‎سەفەر بە مانا ئەدەبیەکەی بەرکەوتنی هەستیارە بە دنیای ئەو شوێنەی گەشتی بۆ دەکەی، دەبێت چاوێکی ترت هەبێت بۆ بینینی دیوە شعرییەکەی، گەشتیش مەغزای خۆی هەیە، واتا گەشت تەنها بۆ بینینی شوێنی جیاوازتر و جوانتر و خواردنی جیاواز تر و خۆشتر و بینینی ئەوەی لە وڵاتی خۆتا نیە، لەوێ هەیە. ئەگەر تەنها ئەمە ئامانجی گەشتبێت، ئەوا وەک ئەوە وایە زۆر برسیت بێت و بچێتە چێشتخانەیەک و هیچیان نەما بێت تەنها نانی ئاسایی نەبێت، کە ئەمە تێرت ناکات، ئەگەر گەشت بریتی نەبێت لە ڕۆچون بە ناو جیهانەکەداو خوێندنەوەی مێژویان و کەڵچەریان، ئەو کات دەتوانی بڵێیت، گەشتێکی هەم زانستی و هەم خۆشی و هەم بینی دنیای تر کە کۆمەڵیک زانیاریم وەرگرت، کە چیژی تایبەتی خۆی هەیە. بە مانایەکی تر گەشت بۆ شوێنەکان لە چەند وڵاتێکدا. کاتێک دەگەڕێیت بۆ ئەو حیکایەتانەی کە لە پشت ئەم شوێنەوە هەیە، لە مێژوەوە تا ئێستا و زانیاری وەردەگریی، ئەو کات دەبێتە بینینی بانگێشت کراویی. گەشتکردن وا کامڵ دەبێت کە تۆ چویتە ئەو وڵاتە بەدەر لە بینین و چێژ وەرگرتن لە فۆرمەکان بۆ دیوی ناوەوەی شتەکان، زانیاری هەمە چەشن وەرگری لە ڕوی مێژوویی و سیاسی و حکومداری و کلتورییەوە ئەگەر شتێکی کەمیش بێت.
‎گەشتی کەسێك کە بیەوێ لە شتەکان تێبگات و چێژی نهێنی شتەکان ببینێ و دوایش لە مێشکیدا مناقەشەیەک لەگەڵ خۆی دروست بکات، دەبێتە گەشتێکی پڕ بەهاو ئەو کات چێژی گەشت تێرت دەکات. بۆ نمونە مێژوی ئەم وڵاتە و ئەو وێنانەی دەچنە چاوی گەشتیارەوە، پەیوەندی تاکی ئەوان بە دنیا و جیاوازی لە نێوان جیهانەکەی تۆ.
‎گەشت و کۆچ دوو دیاریدەی تەواو جیاوازن، گەشت بۆ بینین دنیای تر و چێژ وەرگرتنە لە دنیاکانی تر، بەڵام کۆچ دیاریدەیەکی مێژوییە و هۆکاری پاڵنان هەیە، کۆچ بۆ ژیانێکی ترەو گەشت کاتیە و بۆ تێگەشتن و چێژوەرگرتنە. ئێمە خەڵکمان زۆرە کە گەشت دەکەن و ڕۆژانە هەیە، پێش سەرفەرەکەم ئەمویست بابەتێک بێتە بەردەستم بەدەر لە وەرگرتنی زانیاری لە گۆگڵەوە، بزانم ئایا بە فرێشی بەراورد بە زانیاریەکانی گۆگڵ ژیان لەو وڵاتانە دیوی تری هەیە. یان ئەوە میدیا و ڕاگەیاندن و داتاکانن تەنها دیوە جوانەکان نیشان دەدەن و ئەوە چاوی کامێراکان و فلایکەمەکان دیمەنی سەرسوڕمان پیشان دەدەن، ئەی مرۆڤی ئەم وڵاتانە کێشەکانیان چین؟، واتا لایەنی باش و خراپی ژیان کردن لە ڕۆژئاوا چۆنە، ئەگەرچی بە گەشتێکی چەند رۆژە ناتوانیت هیچ حاڵی بیت و تەنها دەبێتە تایتڵێک، بەڵام کە لە گۆگڵ دێیتە دەرێ و خۆت گەشت دەکەی ئەو کاتە خۆت ڕاستەوخۆ بەر شتەکان و شارستانییەتیەکان دەکەویت و دیمەنەکان ڕۆحیان تێدایە و خۆیان قسەت لەگەڵ دەکەن، بریا ئەوانەی گەشت دەکەن (نەک کۆچ کردن) کە دەهاتنەوە بابەتێکیان لەسەر دیدی خۆیان بڵاو دەکردەوە بۆ دنیای دەروەی خۆمان، ئەمە هەیە بەڵام بەڕادەیەکی کەم.
‎دوای چەند ساڵێک دابڕانم لەگەشت ئەم جارە بە عەقڵێکی کامڵتر و وردتر سەفەرم کرد، ئەوەی بینیم و بە دواداچونم بۆ کرد شتێک کە لەسەروی هەمو شتەکانەوەیە بونی سیستەمێکە کە هەمو تاکێک لەمسی دەکات، هەمو تاکێک ماف و ئەرکی لەسایەی ئەم سیستەمەدا دیاریکراوە، پەیوەندی تاکی ئەو وڵاتانەی ناو یەكێتی ئەوروپا پەیوەندییەکی نەپچڕاوە بە مێژوی خۆیان و ئەو سیستەمەی بەرهەمیان هێناوە، ئەم وێنەیە لە هەمو شوێنێدا دەبینی، لەسەر شۆستەکان، پەیکەرەکان، باخچەکان، ڕوبارەکان، ژینگەیان، کەڵچەڕیان، هەمویان کە پیایدا گوزەر دەکەی قسەت بۆ دەکەن، پێت دەڵێن کە ئێمە دوای جەنگە ماڵوێرانکەرەکانی مێژوو ئێستە مرۆڤ و ئازادی و ماف و ئەرک، سەنتەری مەعریفە و حوکمداری ئێمەیە. هەمو شتێکی ئەوێ پێمان دەڵێ، کە تۆش ئینسانی و مافی ژیان و سەفەرت هەیە لە هەرکوێ بتەوێ بمێنیتەوە.
‎بەڵام ئەوەی جێگەی نیگەرانیە بەهۆی دوبارە جەنگەگەورەکان و دیسانەوە کێشەی ئابورییەوە، خەریک ژیان قورس دەبێت و هەڕەشە بۆ سەر پاشەڕۆژی مرۆڤایەتی دروست دەبێت. لای ئەوان ئەگەر ژیان کارکردن ببێت و سەرچاوەی سروشتیان کەم بێت ئەوا ئەقڵی پیشەسازی و تەکنەلۆژیا و سیستەمی بەڕێوەبردن جێگەی کەمی سەرچاوەی سروشتی گرتوەتەوە، بەڵام لای خۆمان سەرچاوەی سروشتی هەیە و سیستەم تەکنەلۆژیا نیە، ئەگەرچی لە وڵاتە نەوتییەکاندا ژیان ئاسانترە، بەڵام بونی سیستەم و جۆری حکومڕانیەکەی دەتوانێت ئینسان بگەیەنێتە ترۆپکی عەدالەتی یاسایی و ماف و ئەرک.
‎ئەو پەیکەر و شوێنانەی بینیم هەر یەکەیان مێژویەک و چیرۆکێکی لە پشتە کە تەعبیرە لە ناسنامەی ئەوان وەک گەلێک، پەیوەندی ئەوان بە دنیای خۆیانە لە پارکەکانەوە تا پەیکەر و ئاساری کۆن و دەروازەی کۆنی شارەکانیان و شوێنە گشتیەکان پەیوەندیەکی تەواو شاعیرانە و جوانە ھەریەکە مانایەکی قوڵی تایبەتی خۆی ھەیە، ئەوەی پێی وتم کە چۆن و بە چی زەحمەتێک گەیشتونەتە ئێرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت