بارام ئیبراهیم: ئایا میدیاکاران پابەندی پەیمانی شەرەف ئەبن؟

Avatar photo

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر بڵاوترین پێناسە بۆ پەیمانی شەرەف لەسەر ئاستی پیشەی مێدیایی بریتیە لە کۆمەڵێک بنەماو ڕێسا کە لەلایەن کۆمیسیۆن، سەندیکا، ڕێکخراو، یەکێتی، دەستە یان کۆمەڵەوە دادەنرێت و لەسەری رێک دەکەون و هەموو ئەو ئەندامانەی کە واژۆی لەسەر دەکەن، پابەندبن بە بنەماو ئیتیک و یاساو رێساکانی پیشەییان کە ڕاستیەکان لەڕای گشتی نەشارنەوەو کار لەپێناوی بەرژەوەندیی گشتیدا بکەن.
پێناسەی ئەم جۆرە لە پەیماننامە، دەگۆڕێت بە گوێرەی گۆڕانی کات و شوێن و سیستەمی فەرمانڕەوای وڵاتان و سروشتی کۆمەڵگاکان، پابەند بونی هەرتاکێک لە ڕۆژنامەنوسان کەوا ژۆیان کردوە سیستەمێکی ئەخلاقی پڕ لەراستگۆی و متمانە دێنێتە ئاراوە لە نیوان جەماوەرو ڕۆژنامەواناندا ئیدی لێرەوە ڕاگەیاندن پێگەی شایستەی خۆی وەردەگرێت و دتوانێت تەمسیلی دەسەڵاتی چوارەم بکات. بەڵام لەڕاستیدا ئەم جۆرە لە پەیماننامە لە وڵاتێکدا کە بارودۆخی سیاسی و ئابوری و سەربازی و ئاسایش و کۆمەڵایتی و… هتد، سەقامگیر نەبێت و دیموکراسی تەنها فۆرم بێت و جڵەوی گۆڕانکاریەکان لەدەستی کارەکتەرە سیاسیەکاندابێت کە هەرگیز مەیلی پابەندبونیان نیە بە یاساو ڕێساکانەوەو نایانەوێ یاریە سیاسیەکانیان لە قاڵب بدرێ، ئەوا ڕۆژنامەنوس و میدیاکار ئیرادەی لای خۆی نیە، تابتوانێت پەیمان نامەکان جێبەجێ بکات. لەبەر ئەوەی ئەو بوارو پیشەیە لە ئێستادا کە چەک بێدەنگە بوە بە گۆڕەپان و سەنگەری ململانێی ئایدۆلۆژیا و حیزب و شەخسەکان ئەوانیش بۆ جەسپاندنی و تاروسیاسەت و ئایدیاو بەرژەوەندیەکانیان ڕۆژنامەنوس و میدیاکاری بێ ئیرادەیان پێویستە ئەگەرنا ئەوا رۆژنامەنوس و میدیاکاران لە عێراق و هەرێمی کوردستان خاوەنی سەرمایەیەکی گەورەی پڕ لەزانست و زانیارین و دەیان کۆلیژ و پەیمانگای حکومی و ئەهلی و سەدان پلەی زانستی و سەرچاوەی جۆراوجۆریان لەبەردەستدایە بە هەمو زمانەکانی دنیا و دەستیان بە نوێترین تەکنۆلۆژیای سەردەم، لە بوارەکەی خۆیاندا ڕادەگات و خاوەنی یاسای تایبەت بە خۆیانن کە چوارچێوەی کارو ئەرک و ماف و ئازادیەکانیانی دیاری کردوە.
یاسای ڕۆژنامەگەری ژمارە ( 35 )ساڵی 2007 لە هەرێمی کوردستان، ڕۆژنامەنوس و سەرنوسەرەکانی پابەند کردون بە پەیماننامەی شەرەفی ساڵی 1954 فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی ڕۆژنامەنوسان. خاوەنی سەندیکاو چەندین ڕێکخراوگروپ و ناوەندی یاسای و فەرمین و ساڵانەش سەدان خوێندکاری پڕ لەمەعریفەی ئەوبەشە دەردەچێتودێنە مەیدانەکەوە، کەچی سەرەڕای ئەوەی هەمو کەسی وشیارو بەتوانان و خاوەنی ئیمکانیەتی مادی و مەعنەوین و بڕوا پێکراون لە ئێستادا لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە هەمووکات زیاتر هەواڵی فەیک و چەواشەکارانەو جوینەوەی بێ دڵنابونەوەو ڕاپۆرتی ناپێویست و ئاراستەکردنی نادروست و گەورەکردنەوەی بابەت و پیرۆزکردنی شەخس و حیزب و هەڵەی دەربڕین و ئیملاو دەستەواژەی ناقۆڵاو و… هتد. لەڕاگەیاندنە بینراووبیستراوەکاندا دەبینرێت بەتایبەت لەڕۆژنامەو پێگە ئەلیکترۆنیەکاندا. ئەمەش سەلمێنەری ئەو ڕاستیەیە کە بەشی هەرەزۆری ڕۆژنامەنوسان گیرۆدەی دەستی سیاسیەکانن و بارۆدۆخیان یارمەتی دەریان نیە خاوەنی ئیرادەی خۆیان بن.
بەکورتی و بەکوردی سیاسیەکان دەیانەویت لەڕێگەی زۆر و بۆری ڕاگەیاندنەکانەوە ئەو وتەیەی جۆزیف ستالین پەیرەوبکەن کە دەڵیت: (میللەت چی ویست ئەوەیان پێبڵێن خۆشمان چیمان ویست ئەوە دەکەین)، بۆیە لەم قۆناغەدا پەیمانی شەرەف بۆڕۆژنامەنوسان جێبەجێکردنی نزیکە لە ئاستەم تەنها هەوڵیكی پیرۆزە و سەروەرییەکەی بۆ ئەوکەسانەیە کەپێیەوە ماندوئەبن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت