عیماد عەلی: بۆچی سەرکردەکانی کورد ناخوێننەوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە پێی توێژینەوەیەکی پەیمانگای نیشتمانیی فەرٍەنسی، خوێندنەوەی خەڵک بە گشتی لە رۆژئاوا و بە تایبەتی لە فەرٍەنسا کە مەڵبەندی رۆشنبیری و خویندنەوەیە، زۆر کەمی کردووە و، ماوەی خوێندنەوەی خەڵک بە تێکرا گەیشتۆتە سێ سەعات لە هەفتەیەکدا. ئەمەش لە بەرامبەر زۆربونی تەرخانکردنی کات بۆ سۆشیال میدیا زۆر کەمە.
ئەگەر بکرێت ناویان بنێین سەرکردەی راستەقینە، ئەگەر بە ژمارە زۆر کەمن لە ناو کوردا، ئەوا بۆ هەموو لایەک روونە کە سەرکردە راستەقینەکانی کوردیش هەر هەموویان نەک لە کاتی سەرقاڵبونیان بەوەی دەکرێت ناوی بنێین سیاسەتی کوردی کە تەنها شەرٍە دەندوک و دژایەتی یەکتر و خۆ بە بلیمەتزانیە، بەلکو لە ماوەی خانەنشینبوشیاندا دوورن لە خوێندنەوە.
بێگومان دەکرێت بڵێین ئەگەر خەڵکی ئاسایی و سادە نەخوێنێتەوە، زیانی کەمتر دەبێت لەوەی خەڵکی خاوەن برٍیار و پلە و پۆست هیچ گوێ نەداتە خوێندنەوە، وەکو ئێستا سەرکردەی کورد کە دەبینین بە یەکجاری پشتی لە خوێندنەوە کردووە بە بەراورد لەگەڵ ماوەی شۆرشی نوێدا سەرکردە راستەقینەکان بە پەرۆشەوە بەدوای کتێبی باشدا بوون، ئەمە ئەگەر پێشتر و لە کاتی شۆرشدا چی لە بونی زۆری کات بواری زۆری پێبەخشیبن بۆ خوێندنەوە، بەلام هۆکارێکی ئەوەی لەوکاتەشدا گرنگی بە خوێدنەوە نەدراوە فەراهەم نەبونی کتێبی باش لەو شاخ و داخ و دەشتەدا بووە، بۆیە کاریگەریی نەرێنی باشی لەسەر هەموویان هەبووە. بۆیە دەکرێت بڵێین شۆرشی کورد شۆرشگێری قارەمان و دڵسۆز و نەخوێندەواری زۆرتری بووە زیاتر لەوەی سەرکردە بن، هەر لەبەر ئەوەش گەوهەری راستەقینەی سەرکردایەتی و شۆرشی راستەقینەیان نەزانیوە، بەڵگەش بۆ ئەوە چەندین خیانەتکار و فایلداریان تێدا دەرکەوتووە.
هیچ کەسێک نیە نەزانێت کە خوێندنەوە کلیلی عەقڵ و خۆراکی روحە. بەڵام گەر خوێندنەوە نەبێتە نەریتێکی کۆمەڵایەتی بۆ خەڵک بە گشتی، چەندین هۆکاری کۆمەڵایەتی و سیاسی و رۆشنبیری خۆی هەیە و دەکرێت لەوەدا زیاتر گلەیی لە خودی تاکی کۆمەڵگە بکرێت کە خاوەن رادەی رۆشنبیریی دیاریکراوە، بەڵام کە خەڵکانێک خۆیان بە پێشەوا و سەرمەشق و نمونەی سەرکردە بزانن، کوفرە ئەوان هەڵگری عەقڵی چەقبەستوو بن و رۆژانە زانیاریەکانیان زیاتر نەکەن و لەسەر ریتمێکی رۆشنبیری کەموکورتی بێ وەرگرتنی زانیاری نوێ رۆژ بەرێبکەن. کەوابێت ئێستا لەگەڵ فراوانبون و فەراهەمبونی ژمارەی زۆری کتیبَی کوالێتی بەرزیش، بۆچی سەرکردەکانی کورد ناخوێننەوە؟
* ئێستا لە پاش ئەو نەبونی و چەرمەسەریەی شاخ، کەوتونەتە ژیانێکی پر لە چێژوەرگرتن و کات بەسەربردن و خۆشگوزەرانی، کاتی ئەوەیان نیە چاوێک بە هیچ کتێبێکدا بخشێنن، مەگەر یادەوەری و بیرەوەریەک لێرەو لەوێ نەبێت، کە ئەویش باسی قارەمانێتی ئەم و ئەوی تێدا بێت.
* تەرخانکردنی زۆرینەی کاتەکانیان لە پاش چیژ و لەزەتی شەهوەت و غەریزە بۆ بینین و بەداوادا چونی سۆشیال میدیایە.
* زیاتر خەریکی سەیران و گەرٍان و سەردانی ئۆرپا و هەوڵی بێوچان بۆ قەرەبوکردنەوەی ئەو کاتانەی لە شاخ بوون و هیچیان نەبینیوە و ئەم لەزەتەیان لەبەردەستدا نەبووە.
* گرنگیدان بە شتی لاوەکی و روکەش کە هیچ سودێکی بۆ خۆیان و میلەتەکەش نیە کە دیسان ئەویش لە سۆشیال میدیا و شویچنەکانی بە فیرۆدانی کات و پارەدا دەیدۆزنەوە.
دوور کەوتنەوە لە فکر و فەلسەفە و بیرکردنەوەی قووڵ و کاری جەوهەری سەرکردەی تێگەیشتوو و نغرۆبوون لە شتی رواڵەت و توێکڵی بابەتەکان.
* زۆرینەی سەرکردەکان خاوەنی مێشکی خوێندنەوەی قووڵ نین و ئەگەر بخوێننەوە شتی کورت مەودایە و زیاتر پارچەی نوسینی بچوکی کە زانیاریی کەم لە خۆ دەگرێت.
* نەبوونی خۆشەویستی بۆ خوێندنەوە کە وادەکات خوێندنەوە وەک بێگاری لێبێت و بێزاری دروست دەکات. ئەگەر زیادەرەوی نەکەین سەرجەم سەرکردایەتی کورد ئەو خۆشەویستیەی نیە و بەتایبەتی لەم سەردەمەدا خوێندنەوە بە بیگاری دەزانن.
* تەرخانکردنی هەموو عەقڵ و ئەندێشەیان بۆ رکابەری و ململانێ و شە{ە قسە و وەلام و وەڵام دانەوە کە هیچ بوارێکیان بۆ ناهێڵێتەوە بۆ خوێندنەوەی ئاسایی رۆژانە.
* رێگریەکی دیکەی خوێندنەوەی سەرکردەکان ئەوەیە بەردەوام لە قەرەباڵغی و ژاوەژاودا دەژین و خوێندنەوە کەشێکی هێمن و ئاسودەی دەوێت کە ئەوان شەو و رۆژیان بە شتی دوور لەوە بەسەر دەبەن و سەرقاڵی شتی زۆر لاوەکی و دەنگە دەنگن.
بۆچارەسەری ئەم مەسەلەیە، دەکرێت هەردوولاکە لەبەرچاو بگیرێت و هەنگاوی بۆ دابنرێت، لەپێشەوەیاندا: لەبەرچاو گرتنی بارودوخە بابەتیەکەیە کە چارەسەری گشتی دەوێت و ئینجا خودیەکە لەسەر خودی سەرکردەکە وەستاوە ئەگەر بیەوێت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت