بەیار عومەر عەبدوڵا: سەرۆکی حکومەت، یەکسانی ئاوایە؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەرۆکی حکومەت لە پەیامێکدا دەڵێت: (من بەیەکسانی، سەیری سەرتاسەری هەرێمی کوردستان دەکەم‌ و خۆم بە بەرپرسیار دەزانم بەرامبەر هەموو هاوڵاتیانی هەرێم لە هەموو پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا).
یەکسانی ئەوەیە کە لە زۆنی زەرد موچە هەیە و لێرە نیە؟!
یەکسانی ئەوەیە لە زۆنی زەرد بە ملیارەها دۆلار وەبەرهێنان ئەکرێت لە بەنداو و باڵەخانە و ڕێگاوباندا؛ کەچی لە زۆنی سەوز دەرمان لەنەخۆشخانە حکومیەکاندا نەماوە؟!
یەکسانی ئەوەیە کە لە هەولێر شەقامی 200 مەتری لە پلاندایە و لە سلێمانیش شەقامی 100 مەتری وەستاوە؟!
یەکسانی ئەوەیە کە هەرچی کۆمپانیاکانی نەوت و گاز و ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکانە، لە سنوری سلێمانی و هەڵەبجە و گەرمیان و ڕاپەڕینەوە بە فشار بێت یان بە فریو بردتان بۆ زۆنی زەرد؟!
یەکسانی ئەوەیە کە چاوپۆشی گومرگی تەنها لە مەرزی حاجی ئۆمەران دەکەن بۆ ئەوەی کەس ڕونەکاتە باشماخ و پەروێزخان وداهاتەکانیان وشک بکات؟!
یەکسانی ئەوەیە کە دەچن بۆ ئیمارات و قەتەر و کۆمپانیاکانیان بانگهێشت ئەکەن کە سەرمایە و پرۆژەی زەبەلاح لەهەولێر و دهۆکدا بنیادبنێن و هەلی کار دروستبکەن؛ بەڵام دیاری جەنابتان بۆ ئەم دەڤەرە، پێدانی فەوج و چەک و پارەیە بە خەڵکانی شەڕانگێز و ڕێگر ولەیاسادەرچوو بۆ دروستکردنی پشێوی و پاشاگەردانی؟!
یەکسانی و حوکمی یاسا، بریتیە لە پیلانگێڕی بۆ دەستبەسەرداگرتنی گازی چەمچەماڵ و هەژارترکردنی ئەم دەڤەرە؟!
یەکسانی و حوکمی یاسا، ئاودیوکردنی سەرۆکی پەرلەمان و کۆمەڵێک وەزیرە کە تەسلیمی ئەجێنداکانی پارتی نەبوون؟!
یەکسانی و دەوڵەتی یاسا، شاردنەوە و داپۆشینی کێشەکانی زۆنی زەرد و فیتنەیی و گەورەکردنی کێشەکانی زۆنی سەوزە لە میدیا نەوتاویەکانتاندا؟!
دواجار جەنابت باسی چەسپاندنی یاسا دەکەیت؛ دەکرێت بزانین بۆچی لە کەیسی سەردەشت عوسمان و سۆرانی مامە حەمەدا، یاسا و ویژدان بەرقەرار نەبوو؟!
باسی کێشەی کۆکردنەوەی داهات و کێشەی بانکەکانی سلێمانی دەکەن، بەڵام ئەوەی کە دەستی باڵای هەبوو لە ساغکردنەوەی چەکەکاندا و بانکەکانی سلێمانی تاڵان کرد، خۆتان داڵدەتان داوە.
باسی دروستکردنی هێزی نیشتیمانی دەکەن، کەچی زۆربەی چەک و هاوکاری هاوپەیمانانتان دا بە (هێزەکانی 80 و زێرەڤانی) و کەمترینی بەر (هێزەکانی 70) و ئەم سنورە کەوت.
جەنابتان باسی دەوڵەتی موئەسەساتی دەکەن، بەڵام لە چ وڵاتێکی موئەسەساتیدا هەبووە کەسێک لەیەک کاتدا سەرۆکی حکومەت و سەرۆکی ئەنجومەنی ئاسایش بێت و ئامادە نەبێت دەستبەرداری هیچ کام لە پۆستەکانی بێت؟!
بەڵام بەداخەوە ململانێکانی یەکێتی و گۆڕان و شلکردنی ئیرادەیان بۆ پارتی ئەم دۆخەی خوڵقاند، کە ئێستا بەسەر خۆیان و دەڤەرەکەشدا شکاوەتەوە.
ئێستاش درەنگ نیە و تەنها چارەسەر بەهەرێمکردنی پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و ڕاپەڕینە. فرۆشتی نەوت و گازی ئەم دەڤەرە لەڕێی حکومەتی عێراق و گەڕاندنەوەی داهاتەکەی بۆ خەڵکی سنورەکە، دەتوانێت موچە و ژێرخانی ئابوری بە شێوەیەکی خێرا پەرەپێبدات. ئەرکی هەموومانە کاری بۆ بکەین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت