ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە، هاندان بۆ خوێندنەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خوێندنەوە، کردارو چالاکیەکی ئارەزومەندانەی مرۆڤە، بەهۆی خوێندنەوە مرۆڤ بیرکردنەوەی فراوان دەبێت، لە کایەی ڕۆشنبیریدا ئەوەی کراوەتە بنچینەوبەردی بناغە خوێندنەوەو ئاشنابوونە بە جیهانە ئارام و بێدەنگەکەی کتێب، ناکرێ ڕۆڵ و بایەخی پەروەردە لە دنیای خوێندنەوەو کتێب فەرامۆش و پەراوێز بخرێت.
ئەکرێ خوێندنەوە لە قۆناغەکانی ژیانی مرۆڤدا پۆلێنبکرێت، بۆ مناڵی و مێردمناڵی و هەرزەکاری و لاوی و پێگەیشتویی، بۆ هەر قۆناغێک لەمانە، جۆری خوێندنەوەو ئەو کتیبانە ئەبێت جیاوازبن، کە دەخوێندرێنەوە، زۆربەی شارەزایان و نوسەران و پەروەردەکاران ڕایان وایە، کە پەروەردە فاکتەرێکی گرنگ و بەهێزە بۆ ئاراستەکردن ڕوەوخوێندنەوە، چونکە مناڵ ئەکرێ ئاراستە بکرێت و ڕابهینرێت بۆ خوێندنەوەو کتێبی لاخۆشەویست بکرێت.
بۆیە ئەرکی مامۆستایان گرنگ و قورسە، بەڵام پڕبەرهەم و ئامانجداریشە، کەئەڵێم قورسە مەبەستم ئەوەیە کارامەیی و لێزانینی گەرەکە، کاتێ مامۆستا پیشەکەی خۆی خۆشویست، هەوڵ ئەدا قاڵبێت لە بۆتەی گەیاندنی پەیامەکەی، بەڵام ئەگەر ویستی نەبێت، سەرکەوتوو نابێ لەپیشەکەی، فەرەنسیەکان ئەڵێن: (هەرکەس پیشەکەی خۆی خۆشنەوی، پیشەکەش ئەوی ناوێ).
خۆشەویستی پیشە یەکەمجار لە کەسەکەوە سەرچاوەدەگرێت، دوای ئەو لایەنی پەیوەندیداروبەرپرس، چونکە ئەو دەتوانێ ڕێگەکەی بۆ پاکبکاتەوەولەمپەروڕێگریەکان لاببات، بۆمامۆستایانیش ئەمە ڕاستە، ئەگەر وەزارەتی پەروەردە، بە دانانی پلان و نەخشەی دروست و وورد، کاربکات، بە کردنەوەی خولی بەردەوام بۆ مامۆستایان و دابینکردنی پێویستیەکانی کتێبخانەی خوێندنگەکان و قوتابخانەکان، لەگەڵ گرنگیدان بە کتێب و خوێندنەوە، بەنوسراوی فەرمی، بۆ ئەوەی کاری لەسەربکرێت.
بەپێی ئەوبەدواداچونەی ماڵپەڕی (Global English Editing) ئەنجامیداوە، سەبارەت بە پلەبەندی ئەو ووڵاتانەی زۆرترین خەڵکیان دەخوێننەوە، بەپیی راپۆرتەکە هیندستان پلەی یەکەمی گرتوە کەلە هەفتەیەکدا تێکڕایی خوێندنەوە دەگاتە 10.7، تایلاند پلەی دووەمی گرتوە بەتێکڕایی خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا 9.4، چین بەتێکڕایی 8، فلیپین بەتێکڕایی 7.6، ووڵاتی میسربەتێکڕایی 7.5، روسیا بەتێکڕایی 7.1، سوید و فەڕەنسا بەتێکڕایی 6.9، هەنگاریا و سعودیە بەتێکڕایی 6.8، بەڵام ووڵاتە یەکگرتوەکانی ئەمریکا پلەی 23 هەمی جیهانی گرتوە بە تێکڕایی 5.7 خوێندنەوە لە هەفتەیەکدا، پاش ئەوە هەریەک لە ووڵاتەکانی ئیتالیا و مەکسیک و بەریتانیا و بەڕازیل و یابان دێن.
ئەم داتاو ئامارانە تەنها بۆ ئەوە هێناومنەتەوە، تا بزانین جیهانی شارستانی بەهۆی گرنگیدان بەکتێب و خوێندنەوە بەکوێ گەیشتوون.
ئەکرێ لە ڕێگەی پەروەردەوە دەرچەیەک بدۆزینەوە تا لەم دۆخە چەقبەستوەی دوور لە کتێب و خوێندنەوە تێبپەڕێت و خۆمان ئاشتبکەینەوە لەگەڵ کتێب و نەوەکانی داهاتوو بەو جیهانە جوان و بێگەردە ئاشنا بکەین.
پەندیکی ئەڵمانی هەیە ئەڵێ: (جەستە بەبێ خواردن و وەرزش گەشەناکات، ژیریش بەبێ خوێندنەوەو بیرکردنەوە).
ئەو مرۆڤەی دەخوێنێتەوە، جیاوازە لەوەی ناخوێنێتەوە، ئەمەش ڕێک هاو واتای شیعرەکەی عومەر خەیامە کە دەڵێ:
دوو کەس لەم دنیا کاریان تەواوە
چەرخ لەلایان وەک خەڕەک سواوە
یەک مرۆڤێک بێ تەواو تێبگا
دوو بێ ئاگایە لەم بەندو باوە
تەنانەت خوای گەورەش باس لەوە دەکات و ئەو مرۆڤانە جیادەکاتەوە کە زانیاریان زیاترەودەزانن، بۆیە فەرموویەتی(قُلْ هَلْ يَسْتَوِي الَّذِينَ يَعْلَمُونَ وَالَّذِينَ لَا يَعْلَمُونَ ۗ إِنَّمَا يَتَذَكَّرُ أُولُو الْأَلْبَابِ).
ئەکرێ ئاماژە بە گرنگی خوێندنەوە بکەین لە لای مناڵان و لەم خاڵانەدا کورتیان بکەینەوە:
1- فراوان بوونی بیروهزر
2- سودوەرگرتن لەکات
3- زمان پاراوی وباشکردنی توانای دەربڕین
4- زیادکردنی زانیارییەکان
5- ئازاد بوونی مرۆڤ ودوورکەوتنەوە لە ژێردەستەیی
6- توانای چارەسەرکردنی کێشەکان
7- خۆسەویستی و دڵنەرمی و بەسۆزی
8- شارەزابوون لە شێوازی مامەڵەکردنی دەوروبەروئەوانی تر
9-نرخاندن وهەلسەنگاندن بۆ کاروچالاکی جیاواز
10- گرنگیدان بە ژین و ژینگە وژیاندۆستی
ئەوەی زۆر گرنگە بۆ مناڵان و قۆناغەکانی ژیانیان، مامەڵەکردنی ڕاستودروستە لەگەڵیان، ئەویش ڕۆچون بە ناو دنیائاڵۆزەکانی تەمەن و شارازابوون لە خواست و ویستاکانیان، تا لەدەروونیان شارازا نەبین ناتوانین ماماڵەیان لەگەڵ بکەین.
هەرکە ئاشنا بوین ئەتوانین بەباشی ئەوەی ئەمانەوێ ئاراستەیان بکەین، بەگشتی و خۆشەویستی کتێب و خوێندنەوە بەتایبەتی.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت