ئەحمەد ڕەسوڵ: ئیدارە و پڕۆژەی عیمران لە سلێمانیی بەرەو کوێ؟ یان چ جۆرە هەڵمەتێکی ملیۆنیی بۆ ناشتنی درەخت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لە چەند ساڵی ڕابردووەوە ئیدارەی ئەم شارە لەسەر هەموو ئاستەکان بەرەو وێرانەیی و داڕووخان ڕۆیشتووە کە ئەوە زۆری قسە لەبارەوە کراوە بە هەردوو ئاڕاستەکەی دڵسۆزانە و دوژمنکارانە.
دڵسۆزانە، لەلایەن بەشێک لە ئینسانە سەربەخۆ و شەریفەکانی ئەم شارە بە ئامانجی ئاگادارکردنەوە و وەهۆشهێنانەوەی دەسەڵاتدارانی سیاسیی-کارگێڕیی شارەکە لەو نابەرپرسیارێتییەیان لە ئاست هەرچی زیاتر بەرەو وێرانەیی ڕۆیشتنی شارەکە.
دوژمنکارانەش، لەلایەن ئەو ڕەوە میدیا و میدیاکارە حزپیی و سێبەرە حزبییانەی کە نەوەکو دژایەتیی دەسەڵاتدارانی کارگێڕیی- سیاسیی شارەکە دەکەن تەنها، بەڵکو دژایەتیی سایکۆلۆژیی خەڵک و هێرشێکی ناشیرین و هەرە ئاست نزم دژ بە مێنتاڵیتیی و ڕۆحی شارەکە بەڕێوەدەبەن.
پەککەوتنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان، وەستانی هەرچی پڕۆژەیەکی پەرەپێدان و گەشەسەندن، مەسەلەی مووچە و دواکەوتنی، چەندین جار ڕۆیشتن تا سەر لێواری داڕمانی ئابووریی، قاچاخچێتییە بەرفراوان و هەمە لایەنەکەی لە سنوور و دەروازەکانەوە تا دەگات بە نەوەکو وەستانی هەر پڕۆژەیەکی سەوزکردن، بەڵکو وشکبوونی بەشێکی زۆر لە درەخت و سەوزایی پارک و پاخچە گەورە و بچووکەکانی.
بەڵام سەرباری هەموو ئەو ناکارایی و لاوازییە لە ئیدارە و بەڕێوەبردنی شارەکەدا، ئەوەی جێگای پرسیار، لە ڕاستییدا نەوەکو تەنها جێگەی پرسیار، بەڵکو مایەی ڕەخنە و ناڕەزایەتی توند و توڕەبوون، ی خەڵکە ئەو کارە وێرانکاریی، دڕندانە و هەرە خراپانەن کە ناوە ناوە، هەر جارە و هەر ماوەیەک و لە ناوچەیەک و بەشێکی ئەم شارەدا دەکرێن دژ بە سروشتی شارەکە، مێژووەکەی، خەڵکەکەی و ڕەوڕەوەی پێشکەوتنی.
لە ڕاستییدا زۆرن ئەو کارە خراپ و پڕۆژە وێرانکارییانەی دژ بە ئەم شارە ئەنجامدراون لەسەر هەموو ئاستەکان لەلایەن دەسەڵاتدارە کارگێڕییەکانی شارەوە، بەڵام ئەوەی من دەمەوێت ئاماژەیان پێبدەم ئەو کارە خراپانەن کە دژ بە پانتایی سەوزایی و درەختەکانی شار بوون لەژێر ناوی وەهمیی وەکو پڕۆژەی جوانکردن یان مۆدێرنیزەکردن کە دواتر و لە ئەنجامدا دەرکەتوون نە پڕۆژە بوون و نە مۆدێرنیزەکردن جگە لە درۆ و چەواشەکاری هیچیدیکە نەبوون.
نموونەی یەکەم/ کاتی خۆی وابزانم ساڵی 2007 بوو کۆمەڵێکی زۆر درەختی گەورە و بە تەمەنیان بڕیەوە لە ناو دڵی شار، شەقامی مەولەوی، گوایا شەقامەکە تراموای لەسەر دادەمەزرێنن. هەر ئەو کاتە لەلای هەندێک هاوڕێ ووتم ئەمە نە پڕۆژەی مۆدێرنیزەکردن و نە هیچ شتێکیترە، بەڵکو تەنها و تەنها بەشێکی بچووکە لە پڕۆژەیەکی گەورە، گشتگیر و فراوان بۆ لێدان لە شاری سلێمانی و حەزارەتەکەی کە ئەگەر شتێکی زۆر کەم و بچووکی هەبێت لێیی و بشێت ناوبنرێت بە ژیار. کە بەشێکی گرنگ و سەرەکیی لە ژیاری هەر جڤاتێک، ڕووبەری سەوزایی و زۆریی دار و درەختەکانێتیی. لێدانی شارەکە و ژیارەکەی لە بەشێکیدا لەنێوبردنی سەوزایی و درەختەکانێتیی.
نموونەی دووەم/ هەر ئەو ساڵە لەنێوبردن و هەڵکەندنی کۆمەڵێکی زۆر لە درەختەکانی ئەو شەقام ” ئێستا ناوەکەیم لەیاد نییە” ەی لە فەرمانگەی بەڕێوەبەرێتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانییەوە تا دەگات بە فولکەی یەکگرتن “فولکەی دکتۆر دارا – جاران”
کۆمەڵێک نموونەی تر/ وەکو لەنێوبردن و هەڵکەندنی هەموو درەختە سنەوبەرە بەتەمەنەکانی ناوەندە شۆستەی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحمود ئەو بەشەی کە لە نەخۆشخانەی شارەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە بەنزینخانەی بینایی بە درێژایی ئەو مەودایە کە هەمووی درەختی سنەوبەر بوو لەنێوبران، لەنێوبردنی درەختەکانی سەر جادەی سلێمانی- تاسڵوجە و ماوەی پێشریش بۆ ئەو پڕۆژەی نیشتەجێبوونەی کە دەنگدانەوەی هەبوو لە سۆشیاڵ میدیا و… تد.
دواهەمین نموونە/ لە کاری خراپ و وێرانکارانە، هەڵکەندنی درەختەکانی ناوەندە شۆستە “جزرە وسطیە” ی شەقامی بازنەیی مەلیک مەحموود “شەستییەکە” ئەو بەشەی کە لە نەخۆشخانەی هەرێمەوە دەستپێدەکات تا دەگات بە نەخۆشخانەی پزیشکیی فاروق.
ئەمە نەوەکو کارێکی خراپە، بەڵکو لەوە زیاتر وێرانکاریی و دژایەتییکردنی شار و ڕۆحی شارستانێتیی ئەبێ چیدیکە هەبێت! نازانم، ئەمە بەشێکە لە پڕۆژە و هەڵمەتی ناشتنی یەک ملیۆن درەخت؟

تێبینی: وێنەکانیش خۆم گرتوومن و تێیاندا ناوەندە شۆستەکەی شەقامەکە دیارە کە ڕووتکراوەتەوە لە هەر درەخت و سەوزاییەک کە لەم چەند ڕۆژەی پێشووتردا ئەم کارە ئەنجامدراوە، کە هەمووی درەخت بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت