عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و پێنج.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

9- 7- 2022

جەژنی قوربان لە ڕەش و ڕووتی گەلەکەم پیرۆز بێت, لەو کەسانەی ئەوەندە پارەیان بەدەستەوە نەبووە پێویستی و تەدارەکی جەژنی پێ دابین کەن, لەو کەسانەی نەیانبووە جڵ و پێڵاو بۆ منداڵەکانیان بکڕن, لە ئەوانەی نایانتوانیوە مریشکێک بۆجەژن بکرن, لەوانەی کە گوتیان دەنکە برنجێک چییە لەماڵەکەماندا نییە, لەو پێشمەرگانەی بەو سوورە هەتاوی هاوێنە گیانی خۆیان لاهەرزانە و رووبەڕووى هێرشی لەناکاو و لەپڕی داعشان و حەشدی شەعبی وەستاون بۆ پاراستنی ئەو هەرێمەی ئەوان بە خوێنی خۆیان پێکیان هینا و حازر خۆری بەر سێبەر لێی سوودمەند بوون و ئەوان مازووچنی کون لەپاشۆل بوون, جەژن لە زەحمەتکێشیانی وڵاتەکەم پیرۆز دەکەم. جەژن لەو منداڵانە پیرۆز بێت کە بەپێ دەچن بۆ قوتابخانە و 250 دینار لە گرفانیاندا نییە, لەو کوڕە گەنجەی لە سایەی کۆمەڵێ مافیای دەست بەسەر چارەنووسی ئەم وڵاتەدا گرتوو, کە هەزار دینار لە گیرفانیدا نییە بیدات بە پاروێک قاورمەی نۆک. جەژن لە هەموو ئەوانە پیرۆز بێت کە بە ڕەفتار و گفتار دڵسۆزی کورد و کوردستانن و قوربانییان داوە.
بەڵام چەندی دەکەم ڕووم نایە جەژنە پێرۆزە لە گەورە دەسەڵاتدرانی وڵات بکەم و نازانم بڵێم چی. دەزانن بۆ؟ چونکە ئەوان هەموو کاتێک جەژنیانە, بە هاوین بەزستان, بە گەرماو بەسەرما. ئەوان نوقمی جەژن و خۆشین, تێروتەژین زۆر خۆش دەژین, ئەگەر بۆنەیەک لە جەژن خۆشتر هەبێ هەر بۆ ئەوانە. بۆیە چەندی دەکەم نازانم بۆ ئەم بۆنەیە چییان پێ بڵێم. هەر بۆیە تکاتان لی دەکەم ئێوە فریام کەون و لە جیاتی من شتێکیان پیێ بڵێن کە شایانی ژیانی لە شاهانە شاهانەتریان بێ و ئەو ئەرکە لە کۆڵ من کەنەوە سوپاستان دەکەم و هەر بژین.
لەگەڵ ئەم نووسینە حەزم کرد ئەم شیعرەشتان پێشکەىش بکەم بەو هیوایەی بەدلتان بێت. نازانم پێش ئێستا بڵاوم کردۆتەوە یان نا, ئەگەر بڵاوم نەکربووەوە ئەوا بۆ یەکەم جار دەیهینمە خزمەتتان و ئەگەر بڵاویشم کردبێتەوە ئەوا وەکو دەڵێن ڕەنگە دووبارە کردنەوە سوودی هەبێ.
شەوێکیان دانیشتبووین, ( کارۆخ ) کە جگە لەوەى زاوامە باوکی ئەو خالۆزامە, گوتی: ئەها مامۆستا چی نووسراوە ( دارا دوو داری دى, مامۆستا دوو دینارى نەدى ). منیش یەکسەر بە عەڕەبانەکە خۆم گەیاندە سەر مێزەکەو لەسەر پارچە کاغەزێک چەند دێڕە شیعرێکم نووسی و ئیدى هەر دێڕ بوو دێڕی ڕادەکێشا تا سەرەنجام بوو بەم شیعرە کە تەمەنی شەش ساڵە. جا با گوێی لیبگرین یان ڕاستتر وایە بڵێم با بیخوێنینەوە.

( دارا دوو داری دى )
دارا دوو داری دى
لەدوورڕا دوو داری زۆر دیارى دى
ئەو دوو داری( ئەلف بێ )کەی
برایم ئەمین باڵداری دى
دوو ئەسپینداری ڕێک هەڵچوو
وەک لە قوڕگی مار دەرچووبن
یانە دوو دارچناری دى
داراى منداڵ دووداری دى
دارا لەگەڵ دایکی ڕۆیشت
هاتوچۆی نێو بازاڕی دى
بازاڕێکی هەڕمێن کزی
تابڵێی بێ کڕیاری دى
دار ا پێشمەرگەى دی
پێشمەرگەى گیانی خۆبەخشیو
سەدان پێشمەرگەی شەهید و
هەزارانیش زامداری دی
ئەو بەرپرسی قسەزلی
بی بنەما و بێ کردەوەو کرداری دى
داراى منداڵ گەلێک کەسی
هەژار و زوڵم لی کراو
لەولاشەوە دەموچاوی زۆر دزێوی
دز و گەندەڵ, زۆرداری دى
ئەو بڵێ چی؛ چەندان بەرپرسی
تا بڵێی بەدڕەفتاری دى
دەسترۆیشتووی قسە قەڵەوی
بێ بنەما و بێ قەرار و بڕیاری دی
دارا هەر دوو دارى نەدى
زۆر دۆخی نالەباری دى
ئەو چاوی فرمێسک تێزاوی
منداڵی دڵ بریندارى دى
چاوى گێڕا گەلێک کەسی
لەنازکەوتووی نازداری دی
هەیهوو, هەیهوو, جا چی نەدی
زۆر شتی دیکەی دى
ئەو, ژنی بێ دەرەتانی
برسی و نەبووى دەم بەهاواری دى
ئەو, فەرمانبەری بێ مووچەو
هەتا بڵێی نەدارى دى
روخسارى خەم لی نیشتووى
خەڵکی دەستکورت و
دڵ پڕ ئیش و ئازاری دى
دارا چەندان خاوەن پایەى
بەڕێشمەو بەهەوساری دى
دەستڕۆیشتووی کەڵبەگڕى
بە چەشنی گورگی هاری دى
میللەتێکی قوڕبەسەرى
تا بلێی برسی خەمباری دى
ئەو خەڵکێکی خەمداگرتوو
لەولاشەوە دەستڕۆیشتووى
دەست لە ملی یاری دى
خەڵکێکی دی نانیان نەبوو
کەسیش پسکویتی نەدانێ
وەک شاژنەکەى فەڕەنسا گوتی
دەبا پسکویت بخۆن لە جیاتی نان
لەو لاشەوە لەزۆر کۆمپانیا و کارگەدا
هەر بەرپرسی بەشدارى دى
چەندان باخی جوان ڕازاوە و
حەوز و فوارەی کاشیپۆشی
ڕەنگاو ڕەنگ و
ڤێلا و کۆشک و تەلارى دی
ئەو تەنیا دوو داری نەدى
حەوزی مەلەو جێ حەشارگەى
دەست لەملانێ و
شوێنی بۆس و کەنارى دى
دارى بەردارى زۆر چەشنەى
لەنێو باخی بەرپرساندا و
زۆر جۆر گوڵ و گوڵزارى دى
سەدان هەیهوو, سەدان هەیهوو
جا چی نەدى
ئەو, تەنیا دوو دارى نەدى
بروابکەن زۆر شتى دى
خەڵکێکی زۆر لی قەوماو و
ڕق هەستاو و داخدارى دى
ئەو, هەزاران کرێکار و
گەنج ولاوى بێ کارى دى
خاوەن پێداویستی تایبەت
مووچەبڕاو و قتکراو
کەچی بە سەدان و بە هەزاران
مووچەخۆری بن دیواری دى
تا دوێنێ خەڵک هیواى هەبوو
بەڵام ئەمڕۆ گەڵێکی زۆر بێ ئومید و
چەندى بڵێی بێزارى دى
ئەو گەلی هەمیشە پیادە و
حکوومەتی هەردەم سوارى دى
چەندى ڕوانی و لێی ورد بووەوە
دەستڕۆیشتووى ڕاستى نەدى
بەڵکو چەندان کەسی
چەوت و چوێڕ و هەم خوارى دى
گەلێک کەسی بێ بەڵێن ودرۆزن و
تا بڵێی بێ بەندوبارى دى
سیاسەتمەدارێکی نەدى
کە ڕاستگۆ و بێ فڕوفێڵ بێ
هەلپەرست و خۆڕەپێشکەر
چەندان قۆڵبرمەداری دى
میللەتێکی قوربانیدەر, خۆ بەختکەر
بەڵام ڕەنج بەخەسارى دى
دە پێم بڵێن .. توخوا توخوا جا چى نەدى
گیرفانی بێ پارەى خەڵک و
ملیۆنێر و ملیاردێری دۆلارى دى
ئەو, چەند دەسەڵاتدارى گەورەى
گورگە مرۆڤی
لە بنیادەم نەچووى
ڕوخسار وەکو سەگسارى دی
باوکی داراش, مامۆستاى بی پوول پارەى
گیرفان بەتاڵ
وەک باوکی هەموو داراکان
لەخەونیدا دیناری دى
بەڵام داراى پاک و بێ گەرد بە داخەوە
لەنێو ئەوانەى بینینى هەر هەموویان
نە بەرپرسی خاوەن هەستی ویژدانزیندوو
نە یەکێکی هۆشیارى دى

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت