عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و شەش.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شیعرێکی کەمالی و تێبینییەک
دکتۆر عبدالواحد ئیدریسی بەڕێز کە بەم بۆنەیەوە جەژنە پیرۆزەی لێ دەکەم و هیوای سەلامەتی و بەختیاریی بۆ دەخوازم, شیعرێکی عەلی باپیراغا (کەمالی) بڵاو کردبووەوە کە بۆ شێخ مەحموودی نەمری ناردبوو کاتێک دەست بەسەر بووە لەبەغدا. دەستی خۆش بێ و ئەگەر لێم قبووڵ کات دەمەوێ شتێکی بۆ زیاد بکەم. بەڵام پێش ئەوە منیش شیعرەکە دووبارە دەنووسمەوە.
جەژنێ کەسێ موبارەکە سەربەست و حوڕ بژی
پابەندی دەستى غەیرە نەبێ میسلی کوڕ بژی
کوردی هەژار ئەسیری دەستی غەیرەى جەژنی چی
کەی جەژنی تۆیە بگری بڕؤ سەربەقوڕ بژی
پێم وایە لە دێڕی دووەم کە دەنووسن (چەشنی ) کوڕ بژی, لە راستیدا ( میسلی کوڕ بژى ) یە نەک چەشنی کوڕ و دەسکاری کراوە.
ساڵی 1954- 1955 یەکەم ساڵی مامۆستایەتیم بوو لە گوندی ( گۆبان) ی نزیک کەلارى سەر بە قەزای کفری کە ئەوسا ئەویش هەر گوند بوو، بەڵام گوندێکی گەورە بوو. بەگزادە گەورەکانی جاف وەکو داود بەگ زۆربەیان لە کەلار نیشتەجێ بوون. خاونی گۆبان, ئەو دێێەی منی لێ بووم ( حەمەدەمین بەگی کەریم بەگ) برازاى داود بەگ بوو. ئەو شاعیریش بوو . بیرمە بەهار بوو مانگی ئادار. خەلە ( گەنم و جۆ ) لە گەرمیان زوو باڵا دەکەن . ڕۆژێکیان حەمەمین بەگ هات بۆ قوتابخانە و گوتی: مامۆستا ئێمە دەچین بۆ سەیری خەلە و بۆ نیوەڕۆ جێبەکە دەنیرمەوە بۆ تۆ و منالەکان ( دوو کوڕ و دوو کچی لە قوتابخانە بوون بە داخەوە سێیان مردوون و تەنیا کچە گەورەکەی لەژیاندا ماوە ) وەرن بۆ لامان. بەڕێکەوت ڕۆژی 21ى ئاداربوو کە نەورۆزە. منیش گوتم ئەمڕۆ جەژنی نەورۆزە. ئەو ئەم شیعرەی خوێندەوە و منیش وامزانی ئەو شیعرە هی خۆیەتی. دوای ئەو بەروارە ڕۆژگار تێپەڕی و من کەوتمە سلێمانی و لەساڵی 1970 دووساڵ بوو تەنسیب کرابووم لە پەرەروەردی سلێمانی. (کەمال عەلی باپیر ) کوڕی ( کەمالی) ش تەنسیب کرابوو بۆ سەرپەرشتی باخچەی قوتابخانەکان. رؤژیک نازانم چۆن بوو ئەو شیعرەم خوێندەوە کاک کەمال گوتی ئەم شیعرە هی باوکمە و کاتی خۆی بۆ شێخی نەمری ناردووە کاتێک کە ئەو لە ( أعظمیة ) لە بەغدا دەست بەسەر بووە وبۆنەکەشی گێڕایەوە و گوتی: شێخ مەحموود بە بۆنەی جەژنەوە کارتی جەژنە پیرۆزەی بۆ باوکم ناردووەو ئەویش وەڵامی داوەتەوە و ئەم شیعرەی بۆ ناردووە. دوای ئەوە کە چۆتە خزمەت شێخ, شیخ پێی گوتوو: ( کافر دەتەوێ بە جەژنیش هەر بمگریەنی؟ هیوام ئەم تێبینییە سوودێکی بووبێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت