هەڵۆ بەرزنجەیی: خوێندنەوەی کتێب.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرۆژەی لە چاپدانەوەی بڵاوکراوەکانی – پاسۆک- گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی/ بەرگی یەکەم ژمارەکانی 16- 1 چاپی2022
زنجیرە وتارێک بۆ خوێندنەوەی ھەریەک لە ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی کە لە دووتوێی ئەم بەرگەدا کۆکراونەتەوە.
خوێندنەوەی دروستی مێژوو، وەک زانستێکی شیکاریی مێژوویی لەسەر زەمینەی ڕامانکردنی ھەلومەرج و ڕەھەندە مێژوویی و سیاسیی و فکرییەکەی دروستە، کە دوور بێت لە حەز و مەیلی ئایدۆلۆژی و ھەر لایەنگیرییەکی تر، کە بەھۆی کاریگەرێتی دەرەکییەوە خوێندنەوە و سروشتی رەوتی کارەکە بەلاڕێدا ببات. دەنا ئەگەر وا نەکرێت نە تێگەیشتنی دروست و واقعی دەخەمڵێ و نە دەتوانرێ شرۆڤەی بابەتی لێ ھەڵھێنجرێ، نە دەکرێ پەند و وانەی لێوە فێربین.
گەڕانەوە بۆ نزیکەی زیاتر لە 40 ساڵ بەر لەئێستا، بەو مەرجانە نەبێت، مەحاڵە بتوانی ئاکامگیریی دروست لەھیچ کارێکدا بکەیت..سەرنجدان و خوێندنەوەی پاسۆک و دروشم و ڕێباز و فەلسەفەکەی دیقەتی وردی دەوێ و لەو ڕاستییانەی ئاماژەمان پێداون بەدوور نییە.کەواتە بۆ ڕامانێکردنێکی دروست و تەندروست پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ ھەلومەرجی سیاسی و فکری ھەشتاکانی سەدەی رابردوو و خۆتی تێدا بدۆزیتەوە.. پاسۆک چی بووە! پەیوەندییە سیاسی فکرییەکانی نێوان حیزبەکان چۆن بوون بیان دۆزێتەوە و لێیان ڕابمێنێ؟!. کورد لە کام قۆناخی گەشەی کۆمەڵایەتیدا بوە و لە چ ئاستێکی ھوشیاری سیاسی و رۆشنبیریدا بووە؟! ئاشتی و تەبایی و شەڕ و ناکۆکی چ کاریگەرییەکیان لەسەر ڕەوتی مێژوو ھەبووە و ھەیە؟!.. پەیوەندی لۆژیکی ئەم ھەموو دیاردە و رووداو و پرسیارانە چۆن بووە؟!.. ھتد..
پەندێک ھەیە دەڵێ : ” پێویستە مرۆڤ وشە بکێشێ نەک بژمێرێ”. زۆر گونجاوە بۆ ئێرە. خۆ گەر وانەبوایە ھەموو کەس دەیتوانی ببێتە مێژوونووس، ئاخر نوسینەوەی مێژوو بە شێوازێکی بابەتیانە و دەستپاکی و راستگۆیی کارێکی فرە ئەستەمە!.. بۆیەکا بەرھەمگەلێکمان بەرچاو ناکەوێ دوور بێت لە کێماسی و شێواوی و ئەتککراوی!..
سەرەتا پارتی سۆسیالیستی کورد- پاسۆک 1975- 1993، جیا لەوەی ھەر لە ڕسکانییەوە بە پرۆژە و دروشمی گەش و دەوڵەمەندی کوردایەتییەوە ھاتە گۆڕەپانەکەوە، ھاوکات قورساییەکی گەورەی وزە و توانا و لێھاتوویی خۆی تەرخان کرد بۆ بواری رۆشنبیری و بەرزکردنەوەی ھوشیاری ئەندامان و جەماوەری کورد.
پاسۆک کۆمەڵێ ئۆرگان و بڵاوکراوەی ھەبوو، لەنێویاندا گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، سەنگێکی تێروتەسەلی مێژوویی و فیکری و سیاسی ھەیە..
ژمارە( 1 ) لە شوباتی 1981 دا دەرچووە، 22 لاپەڕەیە .. 10بابەتی لە خۆگرتووە..
بەرگەکەی لۆگۆی خۆرێکی لەسەرە چوار تیرۆژی لێ بۆتەوە. مەشخەڵێکی بڵێسەداریش دەبنینرێ، قەدەکەی/ دەستکەکەی قەڵەمێکە و خەنجەرێکیش بەنیوە کەوانەیی لە تەنیشتییەوە کێشراوە.
گۆڤارەکە دوو دروشمی سەرەکی حیزبی لەسەر نەخش بووە… سەرەوە : ” پێش ئەوەی ھەر شتێ بین، ئەبێ کوردبین”.* خوارەوە: “چەکی بێ بیروباوەڕ سێدارەی جەماوەرە”.* ئەم دوو دروشمە بەسەر تێکڕای ژمارەکانی دیکەشەوە دەدرەوشێنەوە و وەک لۆگۆیەکی گۆڤارەکە بەرجەستە بوون. هەردوو ش لە ڕووی ناوەڕۆک و ئامانجەوە قووڵ و هەڵگریی پەیامێکی فیکریی و فەلسەفی دەوڵەمەندن لە جیهانبینییەوە بۆ کوردبوون و جۆر و پێداویستی خەباتەکەی. ئەمانە سەرەتا و پرنسیپە گرنگەکانی هزری نەتەوەییانە و ستراتیژی دۆزی کوردن لای پاسۆک، کە لەم ڕووەوە لە گۆڕەپانەکەدا تەواو تەنیا بوو. بە گووتەی مەسعوود محەمەد” فکری بەرز لە هەر چەرخێکدا چرای هەرە بە شەوقی ئەو چەرخەیە”. بۆ ئەوسا و ئێستاش بیر و دروشمەکانی پاسۆک چرا هەرە بەشەوقەکەن.
ئاڵا گۆڤارێکە لە سەردەمی شاخ و شۆڕش دا وەک ئۆرگانی «ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک» دەرچووە..لە قورسترین ھەلومەرجی خەبات و باری دارایییەکی زۆر ھەژارانەدا.. بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا توانیویەتی بە ئەندازەی خۆی نەخش و بەشدارییەکی تەواو چالاکانەی ھەبێت، نەک ھەر لە بواری رۆژنامەگەریی و رۆشنبیریی گشتی دا، بەڵکو وەک ئاڵا بەدەستێکی چرای فیکری و نوێنەری قوتابخانەیەکی ھزر و باوەڕی کوردایەتیش.. کە تەواوی بیر و خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندنەکانی زادەی واقعی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کوردستان و ھاوکات شانبەشانی ئەو ھەقیقەتە بەرھەمی ئەقڵ و قەڵەمی کوردین..
بۆیەکا وا پێویستە پێگەی ئەم گۆڤارە لە رووی مێژووییەوە شایستەی خۆی بێت و مێژوونووس و لێکۆڵەر و نووسەران لەم گۆشەنیگایەوە ھەڵسەنگاندنی بۆ بکەن.. ئەگەرچی ئێمە دەزانین لەبەر گەلێ ھۆکار چەپاندن و شێواندنێکی زۆر لەسەر بیر و ڕێباز و بڵاوکراوەکانی پاسۆک و تەنانەت مێژووەکەی بەرقەرارە…
گۆڤارەکە بە تیراژێکی کەم دەرچووە و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک بەپێی شیاو لەناو جەماوەردا دابەشی دەکرد بەتایبەت لەنێو ڕیزەکانی رێکخستنی ناوشاردا دەستاودەستی پێ کراوە و نەریت وا بوو ھەر جارەش چەند نوسخەیەک بەدیاری بۆ گشت ھێزەکانی سەر گۆڕەپانی کوردستان دەنێردرا.. رۆشنبیران و سیاسەتمەدارانی کورد کەموزۆر ئاگاداری چەندایەتی و چوونایەتی ئەم گۆڤارەن، لێ بەداخەوە ناھەقییەکی گەورەی بەرانبەر کراوە ، بە ھۆکاری فەرامۆشکردن بێت یاخود بە ئاگاییەوە بێت سەنگی گۆڤارەکە بە نادیدە گیراوە..
ئاڵای سووری ژمارە یەک .. سەرەتا و لاپەڕەی بەرایی لەسەر وشە و بایەخی وشەیە. بەواتای ئەوەی رۆشنبیریی و زمانی زانین و مەعریفە گرنگی دینامیکی ھەیە، بۆ شۆڕشگێڕانیش رۆشنبیریی پێداویستییەکی ژیارییە!. ئەم بنەمایەش دەرفەت دەخاتە بەردەم دەرگا کڵۆمکراوەکان گفتوگۆ و دیالۆگ ساز بێت.. چەرچڵ دەڵێ: ” وا باشترە جوێن بەیەکتری بدەین، لەوەی فیشەک بنێین بە یەکترەوە”.
پرسیاریش لێرەدا ئەوەیە مەبەست لە کام وشە و کام ڕۆشنبیریی! وشەی جوان و ڕاست و شۆڕشگێڕانە و دەربڕی ھەق و داکۆکیکەر لە مافی نەتەوەیەکی بندەستە .. وشەیەک وشە بێت وەک ئەوەی پێی ناسراوە” دەسەڵات لە دەسەڵاتی وشە دەترسی، وشە دەتوانێ تەواوی دیکتاتۆرەکان ، پاشا، قەیسەر، ڕاوێژکار، وەزیر و حکومەتەکان بروخێنێ”. Horst Bulla گۆڤاری ئاڵا بەتێروتەسەلی لەسەر ئەم دیاردەیە دەڕوات:
{ وشە سەرەتای کردارە و بڵێسەی کاروان.. وشە دینامیتە و نارنجۆک قەڵای زوڵم و زۆرداری ھەڵئەتەکێنێ.. وشەی پیرۆز و پاک و ڕاست، بیری ڕەسەن و بیرکردنەوەی دروست دەڕسکێنێ ، نەتەوەیەک بەئاگا دێنێتەوە و چەوساوان دەوروژێنێ و بەشخوراوان ھان دەدات.. وشەی کوردی پیرۆزیش چێوەی بیری کوردایەتی ڕەسەنە، کوردایەتیش چارەنووس و بوونی نەتەوەی کورد.}.
بابەتەکانی ئاڵا مێژوویی، ھزر و فیکریی، سیاسی ، ئەدەبی، ڕۆشنبیریی گشتی، بە تێکڕا بژێوییەکی ماکی و مینۆکی و باوەڕ و وزەی ڕێی سەختی خەبات و تێکۆشانی خستۆتە سەر خوانی کوردایەتی..
(ڕازێکی کوردانە)*.. ناونیشانێکە لە ژمارە یەکەوە تا دوا ژمارە، لەسەر لاپەڕەکانی ھەر ژمارەیەک بەرچاو دەکەوێ. قورسایی ئەم وتارە ڕازێکە لە کوردەوە بۆ کورد.. وتارێکە ئاڕاستەی دەستەبژێری سیاسی و رۆشنبیرانی ناوخۆ کراوە و بە پێی ھەلومەرجی مێژوویی سەردەمی خۆی نوسراوە. لەم ژمارەیەدا داوا لە ھەردوو توێژی رۆشنبیران و دڵسۆزان دەکات، ببنە چاودێر و دادوەر بەسەر کردار و ڕەفتار و گووتاری خەباتی پاسۆک و لایەنەکانی دیکەوە.. ئاخر وەک گووتراوە:” وشە مانای خۆی لەدەست دەدات، ئەگەر کردار و رەفتاری پێ نەکرێت”. کەواتە با جەماوەر ئاگادار و سەرپەرشتکار بێت و لەم دیدەوە حوکم بدات . ئەمەش بۆ خۆی ئەوپەڕی دڵسۆزیی و بێمنەتییە لە خەباتکردن و نیشاندانی ئەوپەڕی ڕاستگۆییە لە ئەقڵێتی خەباتی رزگاریی و تێکۆشانی میللیدا و مۆدێلێکی بێ وێنەیە لە کایەی سیاسی کوردی دا..
ئەوجا سەروتارێک لەژێر تایتڵی: [ یەکێتی ڕیزەکانی شۆڕشگێڕانی کورد بەردی بناغەی سەرکەوتنمانە]. ئەم وتارەش بۆ یەکێتی و تەبایی کورد تەرخانە و شەنوکەوی ئەم پرسە ھەستیارە دەکات. گاندی وتەنی ” دوو ساڵ یەکێتیم بدەنێ، بە دووساڵ سەربەخۆییتان دەدەمێ”. پرسی یەکێتی پرسیار و بابەتێکی لەمێژیینەی نێو مێژوو و کایەی سیاسی کوردە.. بەداخەوە بە حوکمی ھەڵکەوتی دیموگرافی و سیاسی و پارچەپارچەکراوی، تا ئێستا بەدیھێنانی سەخت بووە. کۆتایی وتارەکە بە دروشمی [ تا ملکەچی پەکی نەخستووین ، با بۆ ئازادی یەکگرین] دێت..
ئەم سەرەتا و بانگاشەیە بۆ بەرزکردنەوەی ورە و باوەڕی تاکی تێکشکاوی دوایی ھەرەسی شۆڕشی 14 ساڵە و دەیان سەدە زیاتر گەوزاوی ناو مێژووی بندەستییە. پاسۆک دەیەوێ کار لەسەر ھەڵچنینەوە و پۆڵاڕێژکردنی تاکی کورد بکاتەوە.. ھەر بۆیە لەم کۆنتێکسە مێژوویەدا بەرخوردی لەتەکدا دەکات و دەیەوێ تێشووی ئەم جارەی ڕێی سەختی خەباتی بە باوەڕی یەکگرتن و نان و ئاوی سەربەرزییەوە بێت.. دەڵێن” ھەر وشەیەک ئایندە دەگۆڕێ! چاک یان خراپ، ئەوەش وابەستەیە بەو وشەیەوەی کە دەگوترێت”.. پاسۆکیش لە ڕووپەلی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییدا، شکۆمەندانە وشەی چاک و دروست و راست دەڵێ و دەڵێتەوە، بۆ ئەوەی دۆزی کورد لە چوارچێوەی ( پرۆژەیەکی نەتەوەیی، سیاسی) دا فۆرمەلە بێت. ھاوکات بە ئومێدی ھیوا ھەڵچنین لەسەر ئایندەیەکی گەش و گەشت تر.. هەروەها قسەیەک ھەیە دەڵێ: ” وشە دەتوانێ لە پارە و چەک زیاتر شت بەدەست بھێنێ”.
پاشان پارچە شیعرێکمان بەرچاو دەکەوێ بەناوی {{ کسپەی ڕازێکی ھەڵۆی بێشێ}} کە پێشکەشکراوە بە گیانی گەشمردە ئەفسەر (حەمەشەوقی).. نووسەرەکەی دیار نییە… ملازم حەمەشەوقی ئەندامی مەکتەبی سیاسی و سەربازی پاسۆک بوو، لە شۆڕشی ئەیلوول دا لە دۆڵی بێشێ قارەمانێتی بەرچاوی نواندووە.. چەند ساڵێ دوای ڕسکانی پاسۆک رووی کردە شاخ و بەداخەوە بەدەستی ئاخوندەکانی ئێران شەھید کرا. بۆ زانیاری زیاتر بنۆڕە ئەم لینکە:
www.kurdistanpost.nu
پاسۆک.. خۆی بە ھەڵگریی بیریی نەتەوەیی داناوە و بۆیە خۆیشی بە خاوەنی قوتابخانەیەکی فیکریی دادەنێ/ دادەنرێ.. فیکر گۆشەنیگای پاسۆکە بۆ تێڕوانین لە ھەموو دیاردە و پێشھاتەکان…
لەم ژمارەیەوە بەردەوام ئەم تایتڵەش ( قوتابخانەی پاسۆک)* ئامادەیی لەتەواوی ژمارەکاندا ھەیە و ھەرجارەی مژارێکی نەتەوەیی، فیکری، مێژوویی و سیاسی و کۆمەڵایەتی بەسەر کردۆتەوە.. وانەی یەکەمی ئەم قوتابخانەیە بە ناوی [ کوردایەتی تاکە بیری «مرۆڤدۆست»ە]. ئەم باسە بەتێروتەسەلی شرۆڤە کراوە و نموونەی زیندووی تێدا بەرچاو دەکەوێ.. کۆتایی وتارەکەش بە دروشمی [ ھەر بیروباوەڕێک لە خزمەتی ئازادی و سەربەخۆیی کورد دا نەبێت، سپڵی لاورگە]. کەواتە لە بنەڕەتدا داخوازی لە ھەموو لایەک دەکات، تێکڕای بیر و بۆچوونەکان بۆ خزمەتی واقیعی کورد بخرێتە کارەوە نەک بە پێچەوانەوە… واتە لەڕاستی پاسۆک رەتی ھیچ بیروباوەڕێک ناکاتەوە و بەپێچەوانەشەوە ڕێزی لێ گرتووە.. بەڵام بەمەرجێک ئەو بیروباوەڕ و مەزھەبە ڕووبەرەکەی ھەرچەند دەبێت ! لە ڕاستەوە بۆ چەپ و لە زەوییەوە بۆ ئاسمان، پێویستە بەشدارییەک بکات لە چارەسەرکردن و بەرەوپێشبردنی دۆزی ئازادی و سەربەخۆیی نەتەوە و خاکێکی داگیرکراو و دابەشکراوی کورد و کوردستان دا.. ئەمە تاکە مەرجی فیکریی و سیاسی پاسۆک بوو لەوانی دیکەی نێو بزاڤی رزگاریخوازی کورد.. نەک نەک بە پێچەوانەوە وەک ئەوان دەیان ویست، کورد و دۆزە ڕەواکەی بکەنە بەردەبازی خزمەتی ھەر شتێکی دیکەوە!
پاسۆک لەوە بەئاگایە کەوا کۆمەڵگەی کوردیش لە چەند توێژ و دەستەو تاقمێکی جیاواز پێکهاتووە لە ڕووی بیروباوەڕەوە، دەبێت هەموو بەشداربن وەک ئەوەی هەن، دەنا زیان بە پرسە جەوهەرییەکە دەگات.. مەسعوود محەمەد وتەنی” تیۆری جا هەر تیۆرییەک بێ ، ئەگەر پێخۆری لە خۆی بێ و ڕێی جۆگەلەی دەرەوە ببڕێ تا پێخۆری بۆ بێنن، بەناچاری تووشی پیربوون دەبێ.
دیدی پاسۆک بۆ خۆشەویستی خاک و نەتەوە، ھاوجووتی ئەم گووتەیەی ئەبرەھام لینکۆلنە کە دەڵێ:” بەھێزترین خۆشەویستی، بریتییە لە خۆشەویستی نیشتمان”. کاتێ نیشتمان خرایە سەرووی ھەموو ئیعتیبارەکانی دیکەوە، ئەوا مانا و ناوەڕۆک و بەھای ھەر ھەموو شتەکان لە چوارچێوەی دروست و تەندروستی خۆیاندا دەمێننەوە و ھەوڵ و تێکۆشانی گەیشتن بە ئامانج ، رەنج بەخەسار دەرناچێ.
پاسۆک زۆر ئیش لەسەر ئەم ناوەڕۆکە دەکات و دەیەوێ بیکاتە گوتارێکی بەرجەستەی ھەمیشە ئامادە، لەسەرتاسەری گۆڕەپانی کوردستاندا، لێ گەلەکۆمەکێ و ڕێگری ئەوانی دیکە! بواریان نەدا پاسۆک وەک پێویست دەنگی ساز و زوڵاڵی بگاتە ھەر دەڤەرێ!!. ئەم بیرکردنەوەیەش لە بنەڕەتدا چەند لۆژیکی و واقعییە و ھێندەش ڕاست و دروستە.. وەک دەبین چەند دەیە دوای پاسۆک بەشێک لە حیزب و ھێز و کەسانە ھاتوونەتە سەر ھەمان ڕێبازی پاسۆک.. تێڕوانی دروستی پاسۆک بۆ دەردەکانی کورد و ڕێگاچارەی دروست ھەروەک ئەوەی نەخۆشێک کاتێ لە دکتۆر و دەرمانێ ڕازییە ، کە چاکی بکەنەوە.. کاتێ ئەو ناحەزە فیکرییانە دێنە سەر بیری پاسۆک، واتە پاسۆک دەرمانەکە بوو. جیھانیش بە بەرچاوی ھەمووانەوە وایان کردووە و بەردەوامیش سوورن لەسەر ھەمان ڕێچکە… با بپرسین کەی ئیمڕۆی تورکیا و ئێران پێڕەوی ڕاستەقینەی ئاینی ئیسلام دەکەن؟، وەڵامەکە ڕوونە کەوا ھیچ کاتێ!. کەچی ئەوان ھێندە نووقمی شۆڤێنێتی خۆیانن بۆ شەڕی کورد ھەموو بیر و ئاین و ئایدۆلۆژیایەک بەکار دێنن ئیسلامیش لە نێویان دا.
دوای ئەم بابەتە چاومان دەکەوێتە سەر ناونیشانێکی نوێ بەناوی ( بانگێ لەسەنگەریی پاسۆکەوە)*. ئەم سەروتارەش لەگەڵ تەمەنی ئاڵادا ھەنگاو بەھەنگاو ژیان دەکات و لە ھەناسەدان ناکەوێ. ھیچ ژمارەیەک نییە و بەرچاو ناکەوێ بڵاوبووبێتەوە ، بێ وتاری بانگێ لەسەنگەریی پاسۆکەوە.. بانگەوازی ئەم ژمارەیە بۆ ھاوڵاتی و ھاونەتەوە و ھاوژان و ھاوچارەنووسە کوردییەکان نووسراوە:
{{ چ ژیان و مانێکی ژێردەستەیی و بێ شەرمییە ئەم ژیان و مانەی ئێمە!!
چ بوون و مانەوەیەکی زۆر کەوتووە لەسەرمان!!
چ عەیب و عارێکی بەدییە ئەم ملدان و خۆمەڵاس دانە!!
چ ترسنۆکی و بێ غیرەتییەکە ئەم مەنگی و ڕاوەستانە!}.
ئەمە بڕگەیەکی نووسینەکەیە و پێم وایە خوێنەر بە ئاسانی پاشخانەکەشی تێ دەگات.. بانگەوازەکە زۆر دوورودرێژە و گەشتێکی خێرای مێژوویییە بەنێو دیاردەی ناتەبایی و یەکنەگرتوویی کورد دا… پاسۆک وەک ئەو” ھەژارەی لە شۆڕش کردن ناترسێ” دێتە مەیدانە و لەسەر سەکۆی کوردایەتییەوە بانگەواز دەکات و دەڵێ: ھەرچییەک خێری کوردی تێدا بێت، ڕێباز و مەبەستمانە و بەرژەوەندی بەرزی کوردایەتی لەسەروو ( پاسۆک) و( بیر) ەکەش و ھەموو شتێکی دیکەشەوەیە.
ئەوەتا پاسۆک خۆیشی و بیرەکەشی دەکاتە خزمەت و قوربانی بەرژەوەندییە باڵاکانی کورد، لە یەکێتی و یەکگرتنەوە و سەربەخۆیی و ئازادی دا.. هەر ئالێرەوەیە نێتی هەرە بێگەردی پاسۆک لە خەبات و تێکۆشاندا دەردەکەوێ بە گوێی هەموو لایەکدا دەدات،ئەو حیزبێکە ئامڕازە نەک ئامانج و لە هەناوی خۆیدا تۆوی یەکگرتن و خۆتوانەوەی هەڵگرتووە. پاشان هەر بۆ یەکگرتن خۆی کردە قوربانی. لەشوێنی خۆیدا قسەی لەسەر دەکەین.ئاخر چۆن ” بڕوا شاخیش دێنێتە لەرزە” بانگەوازی پاسۆکیش ھەموو ویژدانێکی لە ناخەوە دەھەژاند، بەڵام لە وڵاتی ئێمەدا لەشکری ڕەشەی خەڵکی ڕەشۆکی و دەستەبژێری دەروێشی ئایدۆلۆژی، زۆرینەیان ویژدان مردووەکان و ھەست تاساوەکان بوون.. یاخود کۆمبارسێکی چەپڵەلێدەری خۆرایی..
لەژێر ناونیشانی [[ تیشکێک لە خۆری کوردایەتی]] ئاماری ئەو چالاکییە سەربازییانە خراوەتە ڕوو کە پاسۆک لەماوەی مانگێکدا پێی ڕابووە.. ١٨ چالاکیی جۆراوجۆر ئەنجام درواوە و بەتایبەت لەناو شاری سلێمانی دا.. ریزەکانی ڕێکخستنی پاسۆک بە یەکێ لە ھەرە بەھێزترین و چالاکترین و تۆکمەترین و پاکترین و دڵسۆزترین ڕێکخستنەکان ھەژمارد دەکرێ. ھاوکات چەندین دەستەی پێشمەرگەی ھەبوو شەوانە لە قۆڵی جیاوازەوە دەھاتنە ناو شارەوە. دەستەی پێشمەگەکان بەم جۆرە بوون بەناوی شەھیدەکانەوە ناونرابوون :[ دەستەی شەھید فەتاح ئاغا، شەھید ملازم حەمەشەوقی، شەھید فەرھاد خەفاف، شەھید کامیل شەفیق، شەھید عومەر ساڵح مەنسوور، شەھید ملازم محەمەد ئەحمەد]. ئەم ناو و شەھادەتە بەرزانە ھەر یەکەیان مێژووییەکی گەورە و داستانی قارەمانێتی و مێژووی دڵسۆزیی و خۆنەویستی بێھاوتایان وا لە پشتەوە. ئەگەرچی بەندە بە وتارێکی کورتیش بێت لەسەر زۆربەیانم نووسیووە، لێ بەگوێرەی گونجان ھەوڵ دەدەین لێرەدا ھەرجارەی بەپێی ناوەڕۆکی باسەکانی ئاڵا، کورتەیەک لە ژیانی شەھیدەکان بەسەر دەکەینەوە.. شایانی ئاماژە پێدانە پاسۆک توانیویەتی لە مانگێکدا زیاتر لە نیوەی بێتە ناو شاری سلێمانییەوە….وەک گۆڤارەکە ئاماژەی پێداوە، باسکردنی چالاکییەکانی ھێزی پێشمەرگە و ڕێکخستنەکانی پاسۆک لەسەر ویست و داواکاری زۆری جەماوەر بووە !.. دەنا پاسۆک بۆ خۆی نێتی بڵاوکردنەوەی بابەتی وای نەبووە.
دوا لاپەڕەش نەخشاوە بە ناونیشانێک[ ماڵاوا] * و ئەمیش بەردەوام لەھەر ژمارەیەکدا دووبارە دەبێتەوە وەک ماڵئاوایی کردنی گۆڤارە لە خوێنەرانی تا ژمارەی ئایندە.. باسەکانی ئەم ناونیشانە ، ھەنووکەیین و رۆژگاریی خۆی بەسەر کردۆتەوە.. لەدیدی ئاڵا و ھێزی پێشمەرگەی پاسۆک و جارەوجار پاسۆکەوە سەرنج لە رووداوەکان گیراوە…ناونیشانی وتاری ماڵاوایی: [[ شەڕی عێراق و ئێران چی بۆ ئێمە تێدایە؟!]]..
ئەگەر ئەم بڕگەیەتان لەم وتارە پێشکەش بکەین:[[ گرنگترین سەرئەنجامێکی ئەم شەڕە، لاوازبوون و پەککەوتنی بەعسییە چەپەڵەکانی بەغدا و دوژمنانی کوردە]].. جا یان لاواز دەبن یاخود سەرەنگوم دەبن.. وتارەکە لە شرۆڤەکەیدا داوا دەکات و چاوەڕوانە:
{{ کورد دەبێت بە دوور کەوێ لەبازنەی ئەم ململانێیە.. کورد لەبارێکدا بێت بتوانێ داواکانی بەسەر دەسەڵاتی نوێدا بسەپێنێ}} . . شەڕی ئێران و عێراق 1980 -ـ1988 وەک دوو دەوڵەتی داگیرکەر دەرفەتێکی زێڕینی بۆ کورد خوڵقاند، هەنگاوی گەورە بەرەو ئامانجە ڕەواکەی کوردایەتی بنێ، لێ بەداخەوە سوودی پێویستی نەک هەر لێ وەرنەگیرا، بگرە بەزیانێکی گەورەش بەسەر کوردا شکایەوە.. هەڵەبجە و ئەنفال بە نموونە.
وتارە پێمان دەڵێ، نابێت کورد بێتە ناو ئەم شەڕە و لایەنگری ھیچ لایەک بکات، بەڵکوو دەبێت خۆی بپارێزێ و بێلایەن بمێنێتەوە.. وەک دەزانین بەھۆی ھەڵەی سیاسی ھەندێ حیزبەوە، کورد باجێکی قورسی دا و لەزۆر قۆناغ دا، ئاگری تەندووری شەڕی عێراق و ئێرانی بەسەردا ڕژا..وتارەکەش بە دروشمی[[ کورد سەپانی بابی کەس نییە]] کۆتایی ھاتووە. پاسۆک وەک پرنسیپ و بێ سازشکردن دژی داگیرکاری و بندەستی کورد بوو. ھەموو خەباتی فیکریی بۆ رزگارکردنی کورد بوو لەو دۆخە ناسروشتییە بەسەریدا داسەپاوە..
لێرەدا گەیشتین بە دوا لاپەڕە و دوا وتاری ماڵئاوایی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی، لێ جارێ من هێشتا ناتوانی ماڵئاوایی لە ئێوە بکەم، چونکە پێویستە ئاماژە بە خاڵ و خەسڵەتێکی تری زۆر گرنگی گۆڤارەکە بکەم.. ئەویش لایەنی زمانەوانی گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتییە، کە ھەستیارترین و گرنگترین و بەچێژترین لایەنە.
بابەتەکانی نێو ئاڵای سوور بە زمانێکی سیاسی روون و سادە و چڕ و پڕ و بێ گرێوگۆڵ و ئەدەبی باڵا نوسراون. مۆرکی ڕەسەنایەتی بە ھەر وشە و ڕستە و دەربڕینێکەوە چەسپیووە و رۆح و گیانی کوردبوون تێیاندا زیندوو و پاراو و شیرینە و وەک تێکس یان دەقی سیاسی ، فیکری یاخود ئەدەبی زۆر بایەخدارە . ئاخر گەر لە پێشڕا نووسەرانی ئاڵا باش لە بایەخی زمان گەیشتبوون و بەچاوێکی پڕ بەنرخەوە لە زمانی کوردیان دەڕوانی پێگە و ڕۆڵ و گرنگی ئەم تایبەتمەندییە زمانییەیان، لە تێکڕای پرۆسەی خەبات و دۆزی نەتەوەیی کورددا بەدز دەنرخاند ..
چاو گێڕانێکی خێرا بە گۆڤاری ئاڵای سووری کوردایەتی و ھەڵبژاردنی تایتڵی بابەتەکانی و ڕازاندنەوەی نووسینەکانی و بە دەربڕینی کوردانەی ڕەسەن، بەڵگە و سەلمێنەری راستی بۆچوونەکانمانە.. بابەت و نووسینەکان و شێوازی داڕشتنیان دوورن لە لاسایی و جوینەوەی وشەگەل و چەمکگەلێکی دەرەوەی دنیای ھزر و ڕامان و دەربڕینی کوردی و دەقاودەق ئەو خشت بەردە تۆکمە و نەخشکێشراوانەن کە بنیادی باشتری بناخەی کۆشک و تەلاری بیری کوردیان پێ ھەڵچنراوە و ھەڵدەچندرێت.

سەرنج: ھەموو ئەو ناونیشانانەی ئەم نیشانەیان (*) لەسەر دانراوە، بەھەمان ناونیشان بەڵام بابەتی جۆراوجۆر لە تەواوی ژمارەکانی ئاڵای سووری کوردایەتی دا،بەرچاو دەکەونەوە.ھەروەھا ھەموو ئەو نووسینانەی دەکەونە نێوان ئەم دوو [..] کەوانەیەوە لە ئاڵاوە وەرگیرا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت