حەمەئازاد بەرزنجی: بابچنە ناو خەڵکەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەکاتی دو ئیدارەیەکەدا، دەڵێن: جارێکیان لە کۆبونەوەیەکدا خوالێخۆشبو بەڕێز مام جەلال داوا لە سەرکردەکانی سیاسی ناو حزب و لە وەزیرەکانی ناو حکومەت دەکات، با زیاتر بچنە ناو خەڵکەوە و لە کێشەکانیان ئاگادار بن. سلێمانی ئەوسا وا گەشەی نەکردبو وایش فراوان نەبوو، ئەم هەمو هۆڵ و مۆڵ و کافێ و سوپەرمارکێتە گەورەیەیەی تیا نەبوو، زیاتر کۆبونەوەکانی خەڵکی ئاسایی شار لە شەقامی گۆران و سالم بو ( جادەی ئۆرزدی و سەهۆڵەکە ). دوایی کادرێ دەچێ پێی دەڵێ: ئەرێ بەڕێز تۆ چیتکرد، دەڵێ: بۆ دەڵێ: لەو ڕۆژەوەی بەڕێزت ئەو داوایەت کردوە جادەی ئۆرزی و سەهۆڵەکە عەسران و ئێواران لە بەر وەزیر و سیاسیەکان بەرناکەوێ وا دەزانن چونە ناو خەڵک بەوە دەبێ! جا کاکە چونە ناو خەڵک پێویست بە پیاسە ناکات. چونە ناو خەڵک بە چونە ناو کێشەکانی خەڵکەوەیە، بە تێگەیشتنە لە مەعانات و ئاخ هەڵکێشانی نەبونی و ئاخ هەڵکێشانی بێزاری و نا ئومێدی و مەئیوسی یە لە گفتی درۆو بەدەم خەڵکەوە نەچون و ئەو جیاوازیە گەورەیەیە کە دروست بوە، لە نێوان و ئاستی بژێوی لێپرسراوان و خاوەن کۆمپانیا زەبەلاحەکان و مندالەکانیان و وەچەی نەوەکانیان و خزم و کەسوکاریان لەلایەک و ئەو ئاستە بژێویە نزمەی کە خەڵکی ئاسایی تیایدا دەژی. جا تۆ بڵێی لێپرسراوانی باڵای سیاسی و ئیداری ئێستا لە هەرێم، ئەو زانیاریانەیان نەبێ، لە بارەی کێشەی خەڵکەوە، یان هەیانەو خۆیانی لێ کەڕ و بێدەنگ دەکەن. یان چاو گوێ و هەستی گیرفان هێندە فراوانبوە لایان، هەمو هەستەکانی دیکەیانی داپۆشیوەو خامۆشی کردون.
دەگێڕنەوە ( لە کتێبی کورد دوژمنی خۆت بناسە / رەفیق پشدەری ) جارێک ناودارێکی عەرەبی ئێراقی کە ناوی ( عەبدولجەلیل پەرتو ) ه، دەیەوێ بچێ بۆ لای عەبدولئیلاه‌‌‌ ( وەسی ) کە خاڵ و کاربەڕێکەری مەلیک دەبێ. نیازی هەیە، هەندێ گلەیی خۆی و خەڵکی بە وەسی بگەیەنێ. سکرتێرەکەی دەڵێ: خەڵکی تری لایە با ئەوان بێنە دەرەوە ئەوسا جەنابیشت بچۆ بۆلای. دادەنیشن و دەست دەکەن بە قسەکردن، ئەوی سکرتێرەکە دەیڵێ کەس نایڵێتەوە. دەڵێ: ئەو دزی و بەرتیل خواردن و واسیتەیەی ئێستا لە ئیدارەی ئەم حکومەتەدا هەیە، هەرگیز لە پێشدا نەبوە. کەس ئەم وڵاتە بەهی خۆی نازانێ و هەست بەئینتیما ناکات و هەرکەس بۆ گیرفانی خۆیەتی. کابرا کە گوێی لەم قسانەی سکرتێرەکە دەبێ یەکسەر هەڵدەسێ و دەیەوێ بڕوات! کابرای سکرتێر دەڵێ بۆ کوێ دەڕۆی! وەک هاتویت و ئەزیەتت کێشاوە و دوای پێنج خولەکی تر ئەوانی لە ژورەوەن کاتەکەیان تەواو دەبێ و دەتکەمە ژورەوە ئیتر بۆ دەڕۆی! دوایی جەنابی وەسیش لەمن تورەدەبێ. عەبدول جەلیل دەڵێ تورە نابێ! ئەوی من ویستم بەوەسی بگەیەنم نیوەی ئەو قسانەی تۆ نابێت کە ئێستا تۆ کردت. خۆ نێوانی ژورەکەی تۆ و ئەو هەردیوارێکی چەند سانتیمەتریە و نێوانی مێزەکانیشتان هەر چەند مەترێک دەبێ بۆ ناچی ئەم دەنگوباسانەی پێبگەیەنی. من هیچی زیاترم پێ نیەو! پێویست ناکات بچمە لای و لەکاتیشی بگرم.
وەڵا ئەم لێپرسراو مەسوئولانەی ئێستای لای خۆشمان پێویست ناکات بچنە ناو خەڵک. هەر سکرتێرەکانی خۆیان بانگ بکەن بڵێن: ئەوانەی دێن بۆ لامان و بۆ مقابەلەمان چیان دەوێ و لەناو ژوری پرسگەکە کەلە نێوخۆیاندا، قسەدەکەن و ڕازونیازیان هەڵدەڕێژن، باسی چی دەکەن و کە دەسبەڕویانەوە دەنێن و نایان کەنە ژورەوەو توڕە دەبن و دەڕۆن و ژورەکە بەجێدەهێڵن، چ دەڵێن و چیمان پێدەڵێن. ئەو قسانە بە ئەمانەتەوە کۆبکەنەوە دەزانن خەڵک چی دەوێ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت