محەمەد بەرزی: منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بە گشتی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت، ئەو منداڵەیە لە ڕووی دەروونی و پەروەردەیی و کۆمەڵایەتی و توانای جەستەیی و زمانەوانییەوە، لە منداڵی ئاسایی جیاوازە. لە هەموو ڕوویەکەوە پێویستی بە یارمەتی و چاودێری و خزمەتکردنی زیاترە. هەر بۆیە کاتێک خێزانێک و بە تایبەتیش دایکێک هەست بەوە دەکات منداڵەکەی خاوەن پێداویستی تایبەتە، خەمێکی گەورە و گران دایدەگرێ و تووشی ترس و نائارامی و دڵەڕاوکێ دەبێ.
بێگومان ئەم حاڵەتەش پێویستی بەوەیە دایک خۆڕاگربێ و زانیاری تەواوی هەبێ و لە هەموو ڕوویەکەوە شارەزای بارودۆخی منداڵەکەی بێ و بە شێوەیەکی ڕاست و دروست مامەڵەی لەگەڵدا بکات. تا منداڵەکەی لەگەڵ دەورووبەرەکەیدا ڕابێت و ئاسودە بژی و هەست نەکات لە هاوڕێ و هاوتەمەنەکانی جیاوازە. جا جێگای خۆیەتی لێرەدا ئاماژە بۆ چەند ئامۆژگارییەک بۆ دایکێک بکەین، تا لە کاتی مامەڵەکردن لەگەڵ منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەتدا بیزانێ:
1- لە منداڵەکەت تێبگە، هەندێک لە دایکان چاوپۆشی لەوە دەکەن، یان پێیان شەرم و شورەییە منداڵەکەیان خاوەن پێداویستی تایبەتە. واتە وەک پێویست مامەڵەی لەگەڵدا ناکەن و پشتگویێ دەخەن. ئەمەش یەکێکە لە هەڵە باو و بڵاوەکان و پێویستە خۆیانی لێ بە دوور بگرن. زۆر گرنگە وەک دایکێک بەڕێز و هاوسۆزیی و زمانێکی زۆر شیرین و ئاسان و سادەوە قسە لەگەڵ منداڵەکەدا بکەی، هەر چۆن قسە لەگەڵ منداڵێکی ئاساییدا دەکەی. تووڕە مەبە و تۆنی دەنگت بە شێوەی نەگونجاو مەگۆڕە ، تا تێبگات و بزانێ لە تۆ کەمتر نییە. هەوڵبدە لە هەموو شوێنێک پێکەوەبن. کاتێک کارێکی باش دەکات، ستایشی سەرکەوتنەکەی بکە، ئەگەر چیش کارەکە گەورە ، یان بچووکیش بێ. با لە ماڵدا دەست و تام و بۆنی شتەکانی دەورووبەری بکات، چونکە بەکارهێنانی هەموو هەستەکانی گرنگن. تۆ و هەموو ئەندامانی خێزانەکە، لە مامەڵە کردن لە گەڵ منداڵەکەدا، پابەندی یەک بۆچوونی یەکگرتووبن. کاتێک شێوازێک لە فێربوونی منداڵەکەدا سەرکەوتوو نابێ، هەوڵبدە ڕێگەی باشتر تاقی بکەیتەوە، هانی منداڵەکەت بدە پشت بە خۆی ببەستێت. ڕێگای بدە پەیوەندی کۆمەڵایەتی لەگەڵ هاوتەمەنەکانی ناو خێزان و گەڕەک و باخچە و قوتابخانەدا دروستبکات و یارییان لەگەڵدا بکات. چونکە تۆژینەوە پزیشکی و دەروونییەکان، گەیشتوونەتە ئەو ڕاستییەی: ( تێکەڵکردنی منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت لەگەڵ منداڵی ئاساییدا، یارمەتیدەرێکی زۆر بە سوودن بۆ پەرەپێدانی توانا جیاوازەکانی ). پاشان کاتێک یارییەک دەشکێنێت وخراپی دەکات، سەرکۆنە و هاواری بەسەردا مەکە، دەکرێ ئامۆژگاری بکەی یارییەکانی بیپارێزێ . بەردەوام چاودێری تواناکانی منداڵەکەت بکە و تێبکۆشە تا پەرەی زیاتری پێ بدەی.
2- ئاگاداری ئەوەبە لە کاتی قسەکردندا ڕاستەوخۆ سەیری چاوەکانی بکەیت، چونکە ڕوانینی ڕاستەوخۆی قسەکەر بەرامبەر گوێگر، دەبێتە هۆی تێگەیشتنی زیاتر لەو بابەتەی باسی دەکرێت. سەرباری ئەوەی منداڵی کەمئەندامی دەروونی لە ڕێگای نیگاکانی چاوەکانی تۆوە درک بە گرنگی ئەو شتانە دەکات کە دەتەوێ بۆی باسبکەی. دووربکەوەرەوە لە ڕستەی درێژ، ناوە ناوە لە نێوان وشەکانی ڕستەکەدا بوەستە و تا دەتوانی ڕستەی کورتیشی بۆ بەکاربهێنە، تا تێبگات باسی چی بۆ دەکەی . پاشان توڕەیی خۆت لەدەست مەدە، چونکە پێویستە ئەوە بزانیت هەندێکجار کەسی خاوەن پێداویستی تایبەت، ناتوانێ بە زوویی قسەکانت وەربگرێت و لێت تێبگات. بۆیە ئارام بە و دان بە خۆتدا بگرە، چونکە تووڕەیی و هەڵچوون دۆخەکەی خراپتر دەکات، خۆشت لە ناو و ناتۆرە و وشەی سووکایەتی بە دووربگرە، کە دوو هێندە زیان و ئازاری پێدەگەیەنێت.
3- بۆ بارودۆخی منداڵەکەت لە ڕۆژنامە و گۆڤار و بڵاوکراوەکاندا، کات بۆ خوێندنەوە تەرخان بکە و زۆر بخوێنەرەوە، بە دوای چەندین سەرچاوی باوەڕپێکراودا بگەڕێ و زۆرترین زانیاری کۆبکەرەوە، خۆت بکە بە کەسێکی شارەزای دڵنەرم بۆی. فێری شێوازە ڕاستەکانی مامەڵە کردن بە لە گەڵیدا. شان بە شانی ئەو چالاکییانەی بۆ ئەو لەبارن، بەردەوامیش پەیوەندی لەگەڵ پزیشکەکەیدا بکە. تا بەردەوام ڕادەی گەشەکردنی بزانی و ئاگاداری ئەو هۆکارانەش بی، کە یارمەتیدەرن بۆ بەرەوپێشچوونی حاڵەتەکەی. پاشان لە داواکردنی یارمەتیدا لە ئەندامانی خێزان و هاوڕێکانت سوود وەربگرە و شەرم مەکە، تا کەمێک ئەرکی سەرشانت سووک بکەن و بە شێوازی جیاواز یارمەتی و هاوکاریت پێشکەش بکەن، هەروەها دەتوانی بە دوای ئەو شوێنانەدا بگەڕێیت، کە یارمەتی و ئامۆژگاری و خزمەتگوزاری پێشکەش بەو دایک و باوکانە دەکەن، کە منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەتییان هەیە. بێگومان بە گەڕانیش لە ئینتەرنێتدا، دەتوانی هەندێک ماڵپەڕی باوەڕپێکراو بدۆزیتەوە، کە بە بەردەوامی ئامۆژگاری پیشکەش بەو جۆرە خێزانانە دەکەن. دیارە هەر تۆ بە تەنها نیت، جیهانە فراوانەکەی ئینتەرنێتیش تۆ بە تەنها جیێ ناهێڵێ، دەتوانی کۆمەڵێک دایک و باوک بدۆزیتەوە، کە هەمان کێشەی تۆیان هەیە، ئەو دەمە ئاشنای کۆمەڵەی پشتیوانیش دەبی، چ لە ناو شارەکەی خۆتدا و چ لە جیهاندا.
4- لەوانەیە بەبێ مەبەست منداڵەکەت بە کەم بزانی، یان وا سەیری بکەیت هەست بکات لە ئاستی هاوتەمەنەکانیدا نییە. دەبێ زۆر باش ئاگاداری ئەوەبی، پەرۆشی زۆرت بۆ پاراستن و ڕێگرتن لە یاریکردنی لەگەڵ هاوتەمەنەکانیدا، لەترسی ناو و ناتۆرە و قسەی ناشیرین و زیانی دەوروبەرەکەیدا، وا دەکات هەست بە کەمی و لاوازی بکات و نەتوانێ بە تەنیا ڕووبەڕووی ژیان ببێتەوە.
5- هەموو هەوڵەکانت تەنها بۆ خوێندنەوە و لایەنی تەندروستی منداڵەکەت تەرخان مەکە و لایەنی گرنگی کۆمەڵایەتیش لە بیر بکەی، کە هۆکاری سەرەکی تێکەڵبوونی منداڵەکەتە لەگەڵ هاوڕێکانیدا. چونکە لە بیرکردنی ئەم لایەنە گرنگە، کاردانەوەی زۆر خراپی بۆ منداڵی خاوەن پێداویستی تایبەت هەیە. هەر بۆیە پێویستە لە چالاکی و بۆنە و سەیران و گەشتەکاندا هاوبەشی بکات. پاشان بەدواداچۆنیش بکە، تا لەوەش دڵنیابی مامۆستاکانیش پەیوەندی باشییان لەگەڵ منداڵەکەتدا هەیە.
6- تا دەتوانی بە دەم و لەبزێکی زۆر شیرینەوە باسی کەسە سەرکەوتووەکانی پێداویستی تایبەت بۆ منداڵەکەت بکە، کە بەو حاڵەتەشەوە توانیویانە دەستکەوتی مەزن و پڕ بەها بە دەستبهێنن، باسی چیرۆکی سەرکەوتن و بڵاوبوونەوەی ناو و ناوبانگییانی بۆ بکە، کە بوونەتە هاندەر بۆ کەسانی تر. بەم ڕێگایەش منداڵەکەت هەستدەکات، کە ئەویش وەک ئەوان دەتوانێ کاری گرنگ بکات و هیچ شتێک نییە بتوانێ ڕێگا لە سەرکەوتنی بگرێ.
7- هەوڵبدە گەشە بە بوارەکانی تەکنەلۆژیا بدات: بۆ پەرەپێدانی تواناکانی منداڵەکەت، سود لە پیشکەوتنی تەکنەلۆژیا وەربگرە. چونکە ئەمڕۆ زۆر بەرنامە و یاری تایبەت بۆ منداڵانی خاوەن پێداویستی تایبەت و ئەوانەی کیشەی فێربوونیان هەیە دروستکراون، کە دەتوانن گەشە بە توانا و جموجۆڵە جیاوازەکانییان بدەن.
8- پێویستە منداڵەکەت فێربکەی شەرم لەو کەرەسانە نەکات، کە بەکاری دەهێنێ. پاشان هەوڵ نەدات وەک باقی هاوڕێکانی بە شێوەیەکی سروشتی دەربکەوێ. بەڵکو پێویستە ڕێز لە جیاوازییەکان بگرێ و بارودۆخی خۆی وەک منداڵێکی خاوەن پێداویستی تایبەت قبوڵ بکات، ئەوانەش فێربکرێن ، کە لە دەورووبەرین بارودۆخ و جیاوازییەکانی ئەویش قبوڵ بکەن.
9- بە وردی چاودێری بکە، لەوانەیە منداڵەکەت کیشەی پەیوەندیکردنی لەگەڵتدا هەبێ. یان داوا و ئارەزوو ، یان تووڕەی خۆی دەربارەی شتێک دەرببڕێ. بۆیە چاودێریکردنی ڕەفتاری منداڵەکەت، هۆکاری سەرکییە بۆ پەیوەندیکردن لە گەڵیدا و زانین و ڕاهاتن لە هەڵسوکەوتەکانی. ئەمەش وادەکات بزانیت گۆڕانکاری دەروونی بەسەردا هاتووە ، یان هەڵسوکەوتەکانی ئاساییە.
10- هەوڵبدە کاری سووکەڵەی پێ بسپێرە و چاودێری بکە. با خۆی کراسەکەی لەبەر بکات و سەری خۆی دابهێنێت و میوە و خواردنی خۆی بخوات. هەموو جارێکیش بۆ ئەو کارانەی بە باشی ئەنجامی دەدات بە گەرمی دەستخۆشی و ستایشی بکە. چونکە ورە و هێز و توانای پێ دەبەخشێ.
11- زۆر گرنگە بە هۆی بارودۆخەکەیەوە خۆڕاگر بی و نا ئومێد و گلەیی لە بەختی خۆت نەکەی. بەردەوام ئارام و گەشبین بە، چونکە بە ئارامی باشتر دەتوانی مامەڵە لەگەڵ کێشەکانیدا بکەی. مەهێڵە هیچ شتێک سەرقاڵت بکات لەوەی گرنگە. واتە تا زیاتر هاوکاری بکەیت و بە سۆزە و خۆشەویستییەوە هەڵسوکەوتی لەگەڵدا بکەیت و بەرامبەر کێشەکانی خۆڕاگربی، کاردانەوەی گەورەی لەسەر منداڵەکەت دەبێ.
12- هانی منداڵەکەت بدە منداڵانی دیکەی خاوەن پێداویستی تایبەت بناسێت و ئاشنای چیرۆکەکانیان بێ، تا بزانێ منداڵی پێداویستی تایبەتیش دەتوانی زیرەک و ژیانی خۆشی هەبێ.
لە دواجاردا زۆر پێویستە خزم و کەسانی نزیکی دایک و باوکی ئەم جۆرە منداڵانە، ڕێز لەو دایک و باوکانە بگرن و هەستییان بریندار نەکەن و هەرگیز ئەم جۆرە پرسیار و قسانەیان ڕووبەڕوو نەکەنەوە:
A- منداڵەکەت ئاسایی دەردەکەوێت و هیچ شتێکی نائاسایی تێدا نابینم.
B- ئایا منداڵەکەت ئەنجامی بۆماوەییە؟.
C- دڵنیام ئەو چاکدەبێتەوە، وایە؟.
D- بۆچی دوای منداڵی یەکەم وازت لە منداڵبوون نەهێنا؟.
E- بە ڕاستی تۆ دایکێکی مەزنی، نازانم چۆن بەرگەی ئەو هەموو کێشانەی دەگریت.
F- دامەنیشە باسی خزمێکی خۆتی بۆ بکەی، کە هەمان دۆخی ئەوی هەیە و مەکەوە بەراوردکردنی نێوانییان.

تێبینی: بۆ ئەم باسە سوود لە چەند سایتێکی عەرەبی و ئینگلیزی وەرگیراوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت