بەیان ئیبراھیم: خانمە سورپۆشەکەی تاران و خانمانی خوێن پۆشی ئێرە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەوێ عەشق بۆ ژیان، مروڤ دۆستی لەهەناوی تاک بە تاکیاندا بونی هەیە و ڕێزی لێگیراوە، لەوێ لە تارانی ئاخوندەکاندا لەژێر سەقفی حکومڕانی ئاخوندا شارستانیەتیەک لە فەرهەنگ و کلتور هەیە، کە ڕێگای ئەم فەرهەنگە مێژویەکی دور و درێژی هەیە، ئەگەر سیاسەت و دەستەڵات لە شاوە بۆ خومەینی درێژکراوەی بەریککەوتنەکان بن و سەقفێکی حکومڕانی سەپێنراویان هەبێ ئەوا لە ژێر ئەم سەقفەدا شارستانیەتیەک لە هونەر و فەرهەنگ بونی هەیه، هەر لە شیعر و مۆزیک و گۆرانی و فیلم و تابلۆ و… هتد، ئەوان عاشقانە لەگەڵ فەرهەنگدا دەژین.
خانمی سورپۆشی تارانیان، یاقوتی سورپۆش لە شەقامی فیردەوس سی ساڵ لە چاوەڕوانی بەهرۆزدا و ونبونێکی لەناکاو، سی ساڵ خانمێک بە دیار سپی بونی پرچیەوە لە وێستگەی پاسێکدا چاوەڕێی ئازیزەکەی دەکات، سی ساڵ گوزەرێک سەیری دەکات و کەس نایکوژێ، سی ساڵ قەدەرێک ئازیزەکەی ونکردوە نەک خەڵک بیان کوژن، چونکە عاشقن، دواجار یاقوتی سورپۆش تۆڵە لە ژیان دەکاتەوە و بە دزی ژیانەوە دەمرێ، مردنێک کەس نازانێ چۆن بوە، دەبێتە چیرۆک و ئەفسانەیەک کە فەرهەنگێکی گەورە دەوڵەمەند دەکات و شانازی پێوە دەکەن.
خانمە سورپۆشەکەی ئەوان و خانمە خوێن پۆشەکانی ئێمە دنیایەک جیاوازیان هەیە، لەوێ خانمێک عاشق دەبێ و سور دەپۆشێ خەڵک وەک ڕەمز سەیری دەکەن، ژنێک لێره عاشق بێ دەبێ خوێن بپۆشێ و وەک شەرمەزاری سەیری دەکەن، لەوێ، چونکە فەرهەنگیان شارستانیە بە دوای جێ پێیەکیدا، بە دوای گوڵی سوری سەری یاقوتدا، بە دوای ئەڵقەیەک لە زنجیری جانتاکەیدا دەگەڕێن تا بیکەنە گۆڕێک و شارستانیەتی فەرهەنگی خۆیانی پێ دەوەڵەمەند بکەن، لێرە، چونکە خێڵ و نەریتەگەرایی حکوم دەکات خانمە عاشقەکان دەبێ بەرگی خوێن و کفنی مەرگ بپۆشن و نە وێنە نە ڕەنگ نە ئاسەورێکی نامێنێ و دەبرێتە ناو گۆڕستانی ژنانی بێناونیشان و دەبێتە شورەیی.
لەوێ خانمی سورپۆش یاقوت، دەبێتە هەوێنی سەدان شاکاری شیعری و گۆرانی فیلم، شەقامێک، شارێک بە هۆی یاقوتی سورپۆشەوە ناوبانگ دەردەکات و شەقامی فیردەوس جوانتر دەکات، لێرە نەک هەر خانمەکان خوێن پۆش دەکرێن، بەڵکو شەقامەکان کە ئەوانی تیا دەکوژرێن دەبنە ناونیشانێکی ناشرین، ئالێرەوە ئیتر لێرە فەرهەنگ خاڵی دەبێ لە داهێنانی گەورەی شیعر و مۆزیک و گۆرانی و فیلم و تابلۆ، وڵاتێک خاڵی بێ لە جوانی ژن و عەشقی ژن بۆ ژیان خاڵیش دەبێ لە پێشکەوتن و داهێنان.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت