حەمەئازاد بەرزنجی: خۆ من بۆ خۆم ناگریم!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

لەم ماوەیەدا لە سۆشیال میدیاکانەوە دوو، سێ بابەتی سەرنج ڕاکێشمان بەرچاو کەوت. یەکێکیان هی نوسەرێکی تورکی بەناوبانگە. دەڵێ ڕێمکەوتە مزگەوتێ هەر لەناو لە تورکیا، گوێم بۆ وتاری خەتیبی مزگەوتەکە دەگرت، لە خوتبەی نوێژی هەینی. کاکی مەلا دەیگوت ئەوی تورکی نەزانێ ئەوا چونی بۆ ناو بەهەشت ئەستەم دەبێ. چونکە پرسیارو وەڵامی ئەوە دونیا بەتورکیە. واتە ئەوی تورکی نەزانێ ناتوانێ بەباشی وەڵام بداتەوە و سەرکەوتو نابێت و دۆزەخ شوێنێتی. دەڵێ: وتاردان و نوێژ تەواو بو مزگەوت بەرەو چۆڵی دەڕۆیشت. یەکێ لامەوە بو هەر نەدەڕۆیی و سەری داخستبو بەکوڵ دەگریا. وتم: بۆ دەگری؟ وتی: وتاری مامۆستا کاری تێکردوم. وتم: بۆ تۆ تورک نیت و تورکی نازانی؟ وتی: بەرەوەڵا باشی دەزانم. وتم: ئەی ئیتر بۆ خۆت سەغلەت کردوەو بۆ وا خۆت بێتاقەت کردوە؟ بەباشی وەڵامی خۆت بدەرەوەو بە پشتیوانی خوا هەر بەهەشت جێگات دەبێ. وتی: خۆ من بۆ خۆم ناگریم! وتم: ئەی بۆ کێ دەگریت؟ وتی: بۆ پێغەمبەر گیان دەگریم تورکی نەزانیوەو دەترسم باش وەڵامی مەلائیکەتەکان نەداتەوە!
بابەتێکی دیکە، بابەتێکی پرسیار و وەڵامی سەر شەقام و ناوبازاڕ بو لە شارێکی تورک نشینی تورکیا، کە کەناڵێکی تورکی خۆیان پەخشیان کردووە، کیژۆلەیەک بەرنامەکەی ئامادەکردبو بەڕێوەی دەبرد. لە چەندەها کەسی پرسی، ژن و پیاو، گەنج و پیر، دانیشتو ڕۆیشتو لە ناو دوکان، لە ناو باخچەو شوێنی حەوانەوە. ئایا شایەتمانی ئایینی ئیسلام ( أشهد أن لا ‌‌ألە ‌ألا ‌الله و أ‌شهد أ‌ن محمد رسول ‌أ‌للە ) تورکیە یان عەرەبیە؟ هەر هەموی دەیانوت: تورکیە.
یەکێکی دیکە لە مەلاو خوتبە خوێنی ئاخوندەکانی تاران لە سەر خۆ پیشاندانەکانی ئێران حەماسەتی ڕەگەز پەرستی فارسی گرتویەتی و دەڵێ: زمانی ڕەسمی جەهەنم کوردیە. جا هەر بە قسەکەی خۆیشی بێ، خۆ ئەو کوردی نازانێ و نازانێ وەڵام بداتەوە، دە بزانە کوردەکانی ئەوێ چ حەسر مەیانێکی پێدەکەن. یان هەندێ لەمەلا عەرەبەکان دەڵێن: کورد لە رەگەزی جنۆکەیە و سەرچاوەو بنەچەیان هەر مرۆڤ نیە.
سەیرکە چۆن ڕەگەز پەرستی تورک و فارس و عەرەب شۆربۆتەوە، بۆ ناو ئایین و بۆ ناو کۆمەڵگاکانی خۆیان و چۆن بەرگری لە خۆیان دەکەن و هەمو شتێکیان خستۆتە خزمەت نەتەوەکەی خۆیان. ئێمە ناڵێین ئیماندارانی کورد بڵێن شایەتمان کوردیەو پرسیارو وەڵام هەردەبێ بۆ هەمو جیهان بەکوردی بێ و ئەوانە مرۆڤ نین. وە ناشڵێین ئەوەندە توندی بکەنەوە بڵێن، نە عەرەب مرۆڤە، نە خورما دارە و نە حوشتر حەیوانە و نە ئاینەکانیان ئایینن. بەڵام حەقێک بە میلەتەکی خۆتان بدەن کە وەک مرۆڤێک کە تاوی بۆ دەهێنن بەرگری لە خۆی بکات، شانازی بە کلتوری خۆیەوە بکات خاکەکەی خۆش بوێ. وە با توندڕەوە ئیسلامیەکانیش ئەوەندە خەستی نەکەنەوە، چاوێ بەخۆیاندا بخشێننەوە ئەوەندە لەسەر نەتەوەو میللەتەکەی خۆیان توندی نەکەنەوە. دان بنێن بەوەی کە کورد شایانی ئەنفال و جینۆساید نییە بەهەر بیانویەک بێ، ئایننی یان سیاسی، نازانم بۆ دەبێ؟ سەر بۆ ئالای وڵاتەکەیان دانەنەوێنن و! ڕێز لە سرود و مارشیی نیشتمانەکەیان نەگرن و نەیڵێنەوە! بۆ لە کۆڕ و کۆبونەوەکاندا بۆ ساتێ بۆ گیانی پاکی شەهیدەکانیان هەڵناسنە سەر پێ! بۆ ئەوەندە میلەتەکەی خۆیان بەسوک دەزانن؟ وە باش بزانن خاکی هیچ وڵاتێ لە کوردستان پیرۆزتر نیە. هەر بستە زەمینێک لەسەر ئەم گۆی زەویە تەنها یەک کەسیشی تیادا بژی، ئەو تاکە کەسە زەویەکە بە هی خۆی بزانێ و بڵێ من خاوەنی ئەم خاکەم و ئەمە نیشتمانی منە ولای پیرۆز بێت، دەبێ لای هەمو مرۆڤایەتیش و هەمو جیهان پیرۆز بێت. کەواتە خاکی هەمو وڵاتان پیرۆزە چونکە کەسانێک هەن. کە خەڵکی ئەو شوێنەن و لایان پیرۆزە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت