عەبدولکەریم شێخانی: خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و هەشت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دواى دابڕانی زیاتر لە دوو حەفتە لە ئەنجامی ئەو کۆستە گەورەیەى بەهۆى گلانی شۆڕەسوار کاکە ( کۆدۆ ) ى کچەزاى جوانەمەرگم بە ڕووداوێکی دڵتەزێن بەسەرمان هات, ئەو کۆستە زامێکی ئەوەندە قووڵی کردە دڵمان کە هەرگیزساڕێژ نابێ, بەڵام مردن کارى خوایە و کارى خواش هیچى لەگەڵ ناکرێ.
من پێش ئێستا زۆرجار بە پێی توانا و لێزانیی خۆم و ئەوەندەى ئەقڵم پێی شکابێ لەسەر زمان شتێکم نووسیوە و کەسانێکیش هەبوون کە لەگەڵ بۆچوونەکانم هاوڕا بوون و ئەگەر هەشبووبن هاوڕام نەبووبن زۆر ئاساییە, چونکە خۆ من ئەو مەیدانی ڕادەربڕینەم قۆرخ نەکردووە بۆ خۆم و خەڵکی دیکەش خاوەنی بیرکردنەوەى خۆیانن و من پڕ بە دڵ سوپاسیان دەکەم، تەنانەت ئەگەر ڕاى پێچەوانەشیان بووبێ ڕێز لە بۆچوونەکانیان دەگرم و دەست لەسەر سینگ بۆیان دەوەستم، ئەگەر هەڵەم بۆ ڕاست کەنەوە، چونکە هەر خوا هەموو گفتار و ڕەفتارێکی ڕاستە هەر کەسێک وا تێ بگات کە هەڵە ناکات، ئینجا بزانە کە زۆر زۆر هەڵەیە.
لێم مەگرن ئەگەر بڵێم هەندێکجار کەسانێک پەیدا دەبن بە ناوی پێشخستن و تازە کردنەوە و پەرە پێدان, بێ ئاگایانە زمانی کوردی تێک دەدەن و دەیشێوێنن و گوێش لەکەس ناگرن و هەر خۆیان پێ ڕاستە, لەکاتێکدا ئەوانە هیچ پێشینەیەکى زمانزانییان نەبووە و ئیستاش نییانە. لێرە پەنجە بۆ چەند لایەنێکی ڕێزمان و ڕینووس درێژ دەکەم, ئەگەر بە دڵتان نەبوو, سوپاستان دەکەم بۆم ڕوون کەنەوە و ڕأى خۆتان دەربڕن, بەڵکو ئەگەر من هەڵەبووم, هەڵەکەم ڕاست کەمەوە.
من دەڵێم و زۆر بەڕێزى دیکەش گوتوویانە کە هیچ پیتێکی (و) لە سەرەتاى وشە بە دوو (و) نانووسرێ, بەڵام ئێستاش و دواى ڕوونکردنەوەى زۆر کەسانێک دەبێنم دەنووسن (ووشە, وورچ, وورگ, ووردە, ووس, ووتی, ووڵات ). تکایە ئەوە بزانن کە هەر وشەیەک بە واو دەست پێ بکات بە یەک واو دەنووسرێ. ئە و وشانەی سەرەوە کە لە نێو دوو کەوانەدان هەموویان بە یەک واو دەنووسرێن و هەر کەسێک بە دوو واو بیاننووسێ, ستەم لەزمانی کوردی دەکات و بێ ئاگایی خۆیشی دەردەخات ( وشە, ورچ, ورگ, وردە, وس , وتی, وڵات ). هەر وشەیەکیش بە پیتی (و) کۆتایی هاتبێ پێش پیتی (و) پیتێکی بێ دەنگ، واتە نەبزوێن هەبێ بە دوو واو دەنووسرێ وەکو ( نوستوو, رۆیشتوو, سەرکەوتوو بابردوو ) و گەلێکی دیکەش. بەڵام ئەگەر پێش واوەکە پیتە بزێن هەبوو, ئەوا بە یەک واو دەنووسرێ, وەکو: ( ناو, چاو, ڕاو ) و ( نیو, پیو, شیو ) و ( دێو, خێو, نێو ) و ( شەو, کەو, دەو, خۆشڕەو). ئەم دەستوورە زۆر ئاسان و بێ گرێ و گۆڵە و لە هەندێک گرفتی ڕێنووس ڕزگارمان دەکات.
بابەتێکی دیکەی ڕێزمان پیتی ( ى) ی نیسبەیە کە بە ڕاى من هەندێک برادەر بە هەڵە بەکارى دێنن و پەنا دەبەنە بەر دەستوورە عەڕەبییەکەو وەک زمانی عەڕەبی بەکارى دێنن. سەبارەت بە ( یاء النسب ) لە زمانی عەڕەبیدا قاعیدەیەک هەیە دەڵێ: (ئەگەر ناوی شوێنێک, شار, گوند, وڵات, کیشوەر)بە ئەلف, یان بە ( التاء المربوطة ) کۆتایی هاتبوو کە یائی نیسبەى چووە سەر ئەلفەکە و تائەکە لادەبرێن و ( ى ) ی نیسبەیان بۆ زیاد دەکرێ وەکو ( أمریکا أمریکی, أوربا أوربی ) ئینجا ( کوفة کوفی, بصرة بصری ). بەڵام لە زمانی کوردی ئەگەر ناوى شوێنەکە بە:
ئەلف کۆتایی هاتبوو وەکو ( چوارتا, سەرقەڵا )
بە بزوێن کۆتایی هاتبوو وەکو ( زێوە, شەقڵاوە )
بە واو کۆتایی هاتبوو وەکو (قامیشلوو, قورشاغلوو)
بە (ؤ) کۆتایی هاتبوو وەکو ( زاخۆ, هەڵشۆ )
ئەوا هیچ خۆمان ماندوو ناکەین و بڕگەی ( یی) بۆ زیاد دەکەین و دەڵێین: ( چوارتایی, سەرقەڵایی), ( زیوەیی, شەقڵاوەیی), ( قامیشلوویی, قورشاعلوویی), ( زاخۆیی, هەڵشۆیی ).
ئەگەر بە (ێ) کۆتایی هاتبوو وەکو ( شێنێ و قەڵادزێ ) ئەویش دەڵێن ( شێنێیی, قەڵادزێیی ), هەرچەندە زۆرجار دەڵێین قەڵادزەیی.
بۆ سلێمانی دەشێ پیتی (ی) بۆ زیاد بکەین ببیت بە سلێمانیی و بۆ گوتن کەمێک قورسە. سەبارەت بە کۆیە ناڵێین کۆیەیی و دەڵێین کۆیی و ڕەنگە ئەوەش لەبەر ئەوە بێ کە بە شاری ( کۆ) ناسراوە و حاجی قادر گوتوویەتی:
لەمەیدانی بەهارا شارەکەی کۆ
قوبەى کشمیری دا بەر شەق وەکو گۆ
تێبینیی ئەوە بکەن نەیگوتووە شارۆچکە وەک هەندێک زمانزانی ئاخر زەمان دەڵێن شارۆچکە. بەڵام ئەگەر ناوى شوێنەکە بە پیتی دەنگدار کۆتایی نەهاتبوو ئەوا تەنیا پیتی (ى) یۆ زیاد دەکرێ وەکو هەولێر هەولێرى, کەرکووک کەرکووکی شەنگاڵ شەنگاڵی).
ببوورن دەگەڕێمەوە بۆ ناوی ئەو شوێنانەی بە ئەلف کۆتاییان دێت. وەکو گوتم لەزمانی عەڕەبی ئەلفەکە لادەبرێ و (ى) بۆ زیاد دەکرێ وەکو ( أوربا أوربی, أمریکا أمریکی ). کەچی زۆربەى زۆری نووسەرە کوردەکان هەمان دەستووری زمانی عەڕەبی پیادە دەکەن و بۆ نموونە دەڵێن: نووسەرێکی ئەمریکی, یان وڵاتێکی ئەوروپی. من پێم وایە ئەگەر پەیڕەوی ڕێزمانی کوردی بکەین, دەبێ بڵێین نووسەرێکی ئەمریکایی, وڵاتێکی ئەوروپایی یان وڵاتیکی ئەوروپا. من لە نووسینیکی دیکەمدا نووسیومە, ئەگەر لە کەسێکی خەڵکی چوارتا یان سەرقەڵا بپرسن تۆ کوێندەریت, دەڵێ چوارتایی یان سەرقەڵایی. بۆیە دەڵێم مادام کابرا دەڵێ چوارتایی یان سەرقەڵایی, منیش دەڵێم ئەوروپایی و ئەمریکایی, هەر کاتێکیش ئەو گوتی چوارتی و سەر قەڵی ئە وسا منیش دەڵێم ئەوروپی و ئەمریکی.
کەواتە ئەو یائی نەسەبە تەنیا دەچێتە سەر ناوى شوێن و ناچێتە سەر ناوی خێڵ و عەشیرەت. ئەوەى تێبینیم کردووە هەندێک کەسی سەر بە عەشیرەتی شوان دەنووسن ( شوانی ) و با کاک خالید شوانی وەک نموونە بێنینەوە. هەندێک دەڵێن فڵان شوان و ناڵێن شوانی هەر وەک خوا لێ خۆشبوو ( عەزیز شوان ). هەروەها سەبارەت بە عەشیرەتی هەمەوەند, هەندێک کەس دەنووسن فڵان هەمەوەندى . بەڕای من هەردووکیان هەڵەن ( شوانی و هەمەوەندى) . ئەگەر شوان و هەمەوەند ناوى شوێن بن ئەوا شوانی وهەمەوەندی ڕاستن, بەڵام ئەگەر ناوی عەشیرەت بن ( لە ڕاستیشدا ناوى عەشیرەتن) ئەوا یائی نسب وەرناگرن. چونکە ئەگەر ئەوە راست بێ دەبێ بە کەسانی سەر بەو عەشیرەتانە ( خۆشناو, بڵباس, جاف , مامەش ) بڵێین ( خۆشناوى, بڵباسی, جافی, مامەشی ). لە کاتێکدا دەڵێین ( ئازاد خۆشناو, حمید بڵباس, حەمە سەعید جاف, جەلال مامەش).
پێم وایە با ئەم بەشە تائێرە بەس بێ و ئەوى دیکە هەلدگرین بۆ ڕۆژیکی دیکە و خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت