عیماد عەلی: ئاگربەستێک بە تامی پیرۆزترین سەرکەوتن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی دەربارەی ئاگربەست زانراوە، لە نێوان دوو لایەنی شەڕکەر و بە رێککەوتنی هەردوولا بۆ ماوەیەک و لە جوگرافیایەکی دیاریکراودا دەبێت، بەڵام کە لایەنێکی شەرٍەکە توشی نەهامەتیەکی مرۆیی هات و نەیتوانی بەرگری لەخۆی بکات، ئەوا لایەنی بەرامبەر بە پێی باوەربونی بە باری مرۆیی و حەقیانەتی پرسەکەی بیر لە هەڵوێستی مرۆڤانەی جوانی خۆی دەکاتەوە، بۆ ئەوەی بیسەلمێنیت کە شەرٍکردنی ئەو ناچاریە و لە پێناو مافێکی راستەقینەیە. ئەگەر لایەنی خاوەن حەق لاوازی بەرامبەرەکەی نەقۆزێتەوە و پێی رابگەیەنێت کە ئەو لەم کاتەدا بیر لە هیچ ناکاتەوە جگە لە بەدەستهێنانی مافە رەواکانی گەلەکەی، بە رێگەیەکی پیرۆزی شەرەفمەندانە نەک بە فرت و فێڵ و ئیستیغلالکردنی لاوازی بەرامبەرەکەی، ئەوا بۆ سەرجەم جیهان پیشانی ئەوە دەدات کە پرسەکەی چەند رەوایە و ئەو دژی مرۆڤ نیە و رێز لەماف و ژیانی هەمووان دەگرێت بە دوژمنەکانیشیەوە. ئەم ئاگربەستەی پەکەکە لە بەرامبەر تورکیای رەگەزپەرست و فاشی نیشانەی راستودروستی ئاراستەی فیکری حەقیانەتی پرسی کوردە. زۆر جاریش ئاگربەست درێژە دەکێشێتە و دەبێتە هۆکاری هاتنە ئارای ئاشتیەکی یەکجاری، هیوادارم تەنها جارێکیش بێت تورکیا بیر لە جوانی بکاتە، هەرچەند بەدووری دەزانم.
پێشتریش لە کاتی شەرٍی فەلەستین و ا رادەیەک سەرقاڵبونی سوپای عیراق بەو شەرٍەوە، شۆرشی ئەیلول بریاری ئاگربەستی لە بەرامبەر سوپای عراق دا و ئیستغلالی لاوازی باری ئەم دەوڵەتەی نەکرد. بەڵام بەداخەوە لایەنی بەرامبەر ئەم هەلە و هەڵوێستە مەردانەی بۆ ئاشتی و ئازادی و مافی بەرامبەر نەقۆستەوە، وەکو سیفەتی رەگەزپەرستانەیان نکۆڵیەکی بێ ئەمەکانەیان لە مافی کورد کرد و دووبارە شەریشیان دژی ئەم گەلە ستەمدیدەیە هەڵسانەوە. ئەم جارەش ئەوەی لە ئەدرۆگان وسوپا شۆفینیەکەی چاوەرٍوان ناکرێت کە وەڵامی راست و مرۆڤدۆستانە و حەقیانەی کورد بداتەوە و ئەم هەڵوێستە مرۆڤدۆستانەی پەکەکە رەچاو بکات. هیوادارم جارێکیش بێت مرۆڤانە بیر بکەنەوە بۆ ئەوەی هەموو لایەک بگاتە ئامانجی خۆی. ئەوەی دیارە کە بە کۆتایی هاتنی ئەم شەرو ململانێیە و ئەوناکۆکیانەی ئەم دوو لایەنە، ناوچەکەش دەکەوێتە سەر رێرٍەوی راستیی ئاشتیانە و کاریگەریی ئەرێنی خۆی لەسەر سەرجەم کێشەکانی رۆژهەڵاتی ناوەراست دەبێت.
ئەوەی روونە کە هەمیشە لە پاش شەرٍ هەلی بیرکردنەوە لە چارەسەر و دۆزینەوەی رێگەی راست زیاتر دێتەئاراوە. هەمووان دەزانن چۆن ویدرۆولسن هەنگاوی پێکهێنانی کۆمەڵەی گەلانی لە پاش جەنگی دووەمی جیهان نا. بۆ نیازپاکی لەمەرٍ هەڵوێستەکەی پەکەکەش، پێویستە تورکیا ئەمە لەبەرچاو بگرێت و هەنگاوی کردەیی بهاوێژێت … دەبێت ئەم کارانە بکات:
* جارٍی ئاگربەستی فراوانی گشتی بدات و هەنگاوی ئاشتیانە درێژخایەن بگرێتەبەر.
* بە هەردوولا لەسەر مێزێک دانیشن و ریرٍەوی ئاشتی دیاری بکەن وگفتوگۆی گشتگیر بکەن ، تا گەیشتن بە کۆتایی ئەم ماڵوێرانیەی چەندین ساڵە درێژەی هەیە.
* هەردوولا رێککەون لەسەر بەشداری هەر رێکخراوێکی جیهانی بۆ ناوەندگیری و کەوتنە سەر سکەی گفتوگۆ و بە سەرکەوتوویی کۆتایهێنان بە شەرٍی بەردەوام نێوان ئەم دوو لایەنە.
* پرۆژەیەکی هەمەکیری ئاشتی بخرێتە بەردەستی هەردوال بۆ بریاردان لەسەر خاڵەکان و رێککەوتن لەسەر راوبۆچونە نزیکەکان.
* بە خۆیان داوا لە هەر وڵات و رێکخراوێک بکەن کە بە باشی بزانن بۆ یارمەتیدان و ناوەنگیری و هاوکاریان لە پێناو لێکنزیکبونەوە و لێک تێگەیشتن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت