سەردەشت محەمەد: قوربانیی بەردەم مایکەکان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەموان دەزانین ئەرکی سەرەکی میدیا هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگایە، ئەم ئەرکە لە کۆمەڵگای کوردیدا بەراورد بە زۆرێک لە کۆمەڵگاکانی دنیا لەسەر میدیای کوردی گرانتر و زەحمەتی زیاترە، پێویست دەکات لەو پێناوەدا میدیای کوردی هەوڵی زیاتر بدات، بەڵام بەداخەوە لەمڕۆدا بەشێکی زۆر لە میدیا لە کوردستان نەک نەیانتوانیوە ئەو ڕۆڵە بگێڕێن، بەڵکو بەپێچەوانەوە کار لەسەر تێکشکاندنی تاکی کورد دەکەن، ئەوەش تەنها لەپێناوی ڕاکێشانی سەرنجی زیاتری بینەر بەلای خۆیاندا. ئەوەتا ڕۆژ نییە لە ڕێگەی سۆشیال میدییاوە ڤیدۆ و وێنەی هاوڵاتییەکمان پێنەگات کە لەبەردەم مایکی یەکێک لەم کەناڵانەدا بەجۆرێک گفتوگۆدەکات کە بەلای زۆرێک لەبینەرەوە مایەیی پێکەنینە.
بەداخەوە ئەوەی زیاتر مایەی نیگەرانییە ئەوەیە، ئێستا بەشێک لەپەیامنێر و دەزگاکان هەوڵدەدەن گفتوگۆ لەگەڵ ئەو کەسانەدا بکەن کە گرفتی دەرونییان هەیە، چونکە ئەوانە ناتوانن وەک پێویست پەیامەکانیان بگەیەنن، هەر بۆیە دەبێت بە دەستکەوتێکی گەورە بۆ ئەو میدیایانە کە تەنها ئامانجیان کۆکردنەوەی بینەرە لە دەوری دەزگاکانیان، ئەمە بەبێ ئەوەی ڕەچاوی هەست و کەسایەتی نەک بەتەنها کەسی قسەکەر بکەن، بەڵکو هیچ گوێ بە هەست و شعوری خێزان و کەسوکارەکانیشیان نادرێت .
ئەم میدیانە هیچ خوێندنەوەیەکیان بۆ کەلتور و ئاستی هۆشیاری خەڵک نییە و بەلایانەوە گرنگ نییە بڵاوکردنەوەی ئەم گرتە ڤیدۆ و وێنانە دواجار چی گرفتێکی گەورەی دەرونی بەدوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵکو زیادبونی ژمارەی بینەرەکان بۆ ئەوان گرنگترە نەک کەسایەتی مرۆڤێک.
ئەم جۆرە لە ڕەفتا و هەڵسوکەتی نابەرپرسیارانەی بەشێک لەم میدیانە نەک بەتەنها بایەخی بۆ خودی دەزگاکانی خۆیان نەهێشتۆتەوە، بەڵکو کۆی میدیای خستۆتە ناو یەک بازنەوە و تەنانەت لەبایەخ و گرنگی ئەرکی ئەو میدیایانەشی کەمکردۆتەوە کە ئامانجیانە خزمەت بە کۆمەڵگا بکەن. بۆیە لێرەوە دەکرێت ئەو میدیایانەی کە خۆیان بە میدیای بەرپرس دەزانن نابێت لەم ڕەفتارەی میدیا نابەرپرسانە بێدەنگبن و دەکرێت سنورێک بۆ ئەو جۆرە کارانە دیاریبکەن و چیدیکە ڕێگەنەدەن خەڵکی ببێتە قوربانی بەردەم مایکەکان. دەکرێت لێرەوە وەزارەتی ڕۆشنبیری ناچاربکەن بەسزادانی هەر بەناو ڕۆژنامەنوس و میدیاییەک کە بە ئامانجی کۆکردنەوەی بینەر هەوڵی لەکەدارکردن و شکاندنی کەسایەتی خەڵکی دەدەن، بەداخەوە ئەوەندەی تێبینی دەکرێت لە ئێستادا، بڵاوکردنەوەی ئەو گرتەڤیدۆیانە، خەریکە دەبێت بە پاڵنەرێک بۆ ڕاکێشانی ئەو چەند میدیا کەمەی کە لە کوردستانادا خەڵکی وەک میدیا و وەک دەزگایەکی متمانەپێکراو لێیان دەڕوانن بۆنێو ئەم کارە قێزەونەی بەناو کاری ڕاگەیاندن.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت