شــــوان خورشـــــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک/ بەشی سێیەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەک دەبینین ناوچەی کەرکوکیش بەوقۆناغەدا گوزەری کردوە، لە بواری ڕۆژنامەگەری و چاپ و بڵاوکردنەوەو جیهانی چاپخانەو گەرمکردنی گۆشەی کتێبخانەکان لەلایەن خوێنەرو هەواداری کتێب و ڕۆژنامەو گۆڤارەوە، بەڵام ئەوەش ئاشکرایە لەبەر ئەوەی کەرکوک فرە نەتەوەو فرە ئاین و کەلتورە، دەرکردن و شۆڕشی ڕۆژنامەگەریش بە دەردی فرەییەکەی چوە، سەرەڕای پاڵەپەستۆی دەسەڵات لە شارەکە، لەم بەشەشدا ئاماژە بەچەندین بڵاوکراوەو ڕۆژنامەو گۆڤار دەدەین، بەهیوای ئەوەی توانیبێتمان کەمێکیش بێت سوود بگەیەنین.

٭ڕۆژنامەی چەمچەماڵ
لەسەر دەستی شاکر فەتاح،کە جێگری قایمقامی چەمچەماڵ بوە، وەک هەفتەنامەیەکی ڕۆشنبیری گشتی لە ساڵی 1946 لە چەمچەماڵ دەرچوە، ڕۆژنامەی چەمچەماڵ حەوت ژمارەی پڕ لە زانیاری و مێژووی شارەکەی تیا بڵاوکراوەتەوە.

٭ ڕۆژنامەی باسەڕە
شاکر فەتاح کاتێ بەڕێوەبەری ناحیەی قادرکەرەم بوە، لە ساڵی 1942ڕۆژنامەی باسەڕەی دەرکردوە، وەک ڕۆژنامەیەکی هەفتانە،یەکەم ژمارەی لە25/ 11/ 1942 بەچاپ گەیشتوە، تا وەستانی 24 ژمارەی لێ دەرچووە،کە پڕ بووە لە زانیاری سەبارەت بە ناوچەی قادرکەرەم و ڕووداوی ناوچەکە.

٭ گۆڤاری بابەگوڕگوڕ
مەڵبەندی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان وەک بڵاوکراوەیەکی مانگانە دەریان کردوە، بە پێوانەی نیوفولسکاب بە زمانی کوردی لە قەڵاچۆلان ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 1991دەرچوە، دەستەی نوسەرانی بریتی بوون لە هەریەک لە ئەدیب،ئاشتی، ڕێبوار.

٭ شـــۆڕشی تابوت
ڕۆژنامەیەکی تایبەتی لقی کەرکوکی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی بوو، ژمارە یەکی لە یەکی کانونی یەکەمی 1991، بە زمانی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی بە چاپ گەیەنراوە.

٭ ڕۆژنامەنوس
ڕۆژنامەیەک بوو بە کوردی چاپ دەکرا لە ساڵی 1991، خاوەنی ئیمتیازی شوان داودی بوو، تا وەستانی سی و پێنج ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکرایەوە.

٭ ڕۆژنامەی کەرکوک
لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان بە زمانی کوردی بڵاوی دەکردەوە، وەک ڕۆژنامەیەکی سیاسی و ئەدەبی مانگانە لە ساڵی 1991تا 1992تەنها پێنج ژمارەی لێ دەرچوو.

٭ گۆڤاری بڵێسەی بابەگوڕگور
وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری سیاسی لقی کەرکوکی یەکێتی قوتابیان و لاوانی دیموکراتی کوردستان تەنها ژمارەیەکیان لێ دەرکرد، بە زمانی کوردی لە 1991.

٭ ڕۆژنامەی بابە گوڕ گوڕ
لەژێر ناونیشانی کەرکوک قودسی کوردستانە، مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوک، بە زمانی کوردی بە هەشت لاپەرە دەری دەکرد لە ساڵی 1991.

٭ ڕۆژنامەی هاواری گــەرمیان
ڕۆژنامەیەکی سەربەخۆ بوو لەلایەن کۆمەڵێک ئاوارەی گەرمیانەوە، تەنها یەک ژمارەی لێ دەرچوو، لە لایەن شوان داودی و کۆمەڵێک کەسی ترەوە لە ساڵی 1992.

٭ ڕۆژنامەی دەنــگی کەرکوک
لقی کەرکوکی کۆمەڵەی ڕۆشنبیری لە سلێمانی، ژمارە یەکی لە 15ی شوباتی 1992بە کوردی دەرچوو.

٭ گۆڤاری پڕۆژە
کۆمەڵەی ڕۆشنبیری کوردی لقی کەرکوک لە شێوەی کتێب وەک گۆڤارێکی وەرزی دەریان دەکرد، تایبەت بوو بە ڕەخنەسازی،ژمارە یەکی لە 1992دەرچوە، تا وەستانی لە هەمان ساڵ سێ ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە.

٭ گۆڤاری پڕۆژە
گۆڤارێکی وەرزی ڕەخنەیی بوو، لە سالی 1992ژمارە یەکی بڵاوکرایەوە، کۆڕی ڕۆشنبیری کورد، لقی کەرکوک دەریدەکرد بە زمانەکانی کوردی و عەرەبی، تەنها سێ ژمارەی لێ دەرچوە.

گۆڤاری چــــەرموو
وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری کوردی،کۆمیتەی چەمچەماڵی کۆمەڵەی خوێندکاران و لاوانی کوردستان دەریان دەکرد، ژمارەیەکی لە تەموزی ساڵی 1992دەرچوە، تەنها دوو ژمارەی لێ چاپکرا، سەرنوسەری عارف قوربانی و سکرتێری نوسینیش ئەنوە عومەر بوون.

٭ ڕۆژنامەی الابداع
تایبەت بوو بە شانۆو ئەدەب و مۆسیقا، بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی کەرکوک لە کەرکوک لەچالاکی قوتابخانەکان، بە زمانی عەرەبی دەریان دەکرد، بەدوو لاپەڕەی قەبارە گەورە، ژمارە یەکی لە 1993بەچاپ گەیشتوە، دەستەی نوسەرانی بریتی بونە لە فازڵ محەمەد حەلاق، موئەیەد ئەحمەد، سالم مەحمود،کامل ئەلعامری.

٭ نۆبـــەرە
بەشی ڕاگەیاندنی لقی کەرکوکی، یەکگرتوی قوتابیانی ئیسلامی کوردستان، وەک بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری ناوخۆیی، بە زمانی کوردی دەریان دەکرد، تەنها سێ ژمارەی لێ چاپ کراوە.

٭ ئاینـــدە
بڵاوکراوەیەکی سەر بە لقی کەرکوکی یەکێتی قوتابیانی کوردستان بوو، بەزمانی کوردی ژمارە (0)لە ئەیلولی 1995دەرچوە.

٭ گۆڤاری ئـــاران
لە چەمچەماڵ بە زمانی کوردی دەرچووە، بە خاوەنی ئیمتیاز مەهدی بەرزنجی و سەرنوسەری عارف قوربانی، توانرا چواردە ژمارەی لێ دەرچێ، وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی وەرزی سەبەخۆ، لە ساڵی 1996تا2000بەردەوام بوو.

٭ بڵاوکراوەی رابن
ڕاگەیاندنی لقی چەمچەماڵی، یەکگرتوی ئیسلامی قوتابی و لاوانی کوردستانەوە دەرچوە، وەک بڵاوکراوەیەکی مانگانەی گشتی ئیسلامی، ژمارە (0) لە ئابی 1995بە کوردی و دە لاپەڕەی قەبارەی بچوک چاپکراوە.

٭ بڵاوکراوەی ژینی نوێ
ژینی نوێ بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری مانگانەی سەربەخۆ بوو، دوو خوێندکاری شاری کفری بە هاوکاری کۆمیتەی خوێندکارانی کفری لە شاری کفری بە زمانی کوردی دەریان دەکرد، پێنج ژمارەی لێ دەرچوە،

٭ گۆڤاری ئۆڵەمپیک
ڕێکخراوی ئاوارەکانی کەرکوک-گەرمیان، لە سلێمانی دەریان دەکرد، تەنها دوو ژمارەی لێ دەرچوو، ژمارە یەکی لە دوای 31ی ئابی 1996دەرچوە، بەڕێوەبەری نوسینی ئۆڵەمپیک شوان داودی بوو.

٭ گۆڤاری باوەشاسوار
گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی سەربەخۆ بوو، لە کفری بە زمانی کوردی دەردەچوو لە 1997،سەرنوسەری سامان کەریم و بەڕێوەبەری نوسینی هیوا عەلی بوو.

٭ گۆڤاری فیدڕاڵی
یەکێتی قوتابیانی کوردستان لقی کەرکوک، لە کەرکوک بە زمانی کوردی، وەک گۆڤارێکی ڕۆشنبیری، فیکری، سیاسی دەریان دەکرد،ژمارەیەکی لە ساڵی 1997بە چاپ گەیشتوە، کە بیست و شەش لاپەڕە بووە.

٭ گۆڤاری هاواری کەرکوک
لەلایەن ناوەندی ڕۆشنبیری کەرکوکەوە دەردەچوو، وەک گۆڤارێکی سیاسی و ڕۆشنبیری گشتی، خاوەنی ئیمتیازی سڵاح دەلۆ و سەرنوسەری زاهیر ڕۆژبەیانی بوو، لە چاپخانەی ڕۆشنبیری لە هەولێر بە زمانی کوردی و عەرەبی دەردەچوو. تەنها چوار ژمارەی لێ چاپکرا، ژمارە یەکی لە ئەیلولی ‌1998بڵاوکرایەوە.

گۆڤاری المجلە
بە زمانی کوردی لە قەزای کەلار لەلایەن کۆمەڵێک گەنجەوە بڵاوکراوەتەوە، تەنها پێنج ژمارەی لێ چاپکراو، ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 1998بڵاوکرایەوە.

٭ گۆڤاری پــەح
لە ئۆردوگای شۆڕشی قەزای چەمچەماڵ وەک بڵاوکراوەیەکی ئەهلی گاڵتە ئامێزی کۆمیدی لە ساڵی 1998دەرچووە.

٭ گۆڤاری حەمرین
مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوک، وەک گۆڤارێکی فیکری سیاسی وەرزی دەری دەکرد، سەرنوسەری ڕەنج عەبدولحەمید وبەڕێوەبەری نوسینی عادل عەلی بوو، دوو ژمارەی لە ساڵی 1999کەوتۆتە بەر دیدی خوێنەران.

٭ گۆڤاری کەرکوک
گۆڤارێکی گشتی وەرزی بوو، کۆمەڵەی ڕوناکبیری وکۆمەڵایەتی کەرکوک دەری دەکات، خاوەنی ئیمتیازی شێخ محەمەد شاکەلی وسەرنوسەری جەلال جەوهەرو بەڕێوەبەری نوسینی کەمال ڕەشید بوو، پاشان سمکۆ بەهرۆز وەک بەڕێوەبەری نوسین دەرکەوت و بە کوردی و عەرەبی بڵاودەبێتەوە، ژمارە یەکی لە هاوینی 1999دەرچوەو تا ئێستا بیست و هەشت ژمارەی لێ چاپکراوە.

٭ گۆڤاری ئەنفال
کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی کەرکوک وەک بڵاوکراوەیەکی تایبەت دەری کرد، دەستەی نوسەرانی مەلا شاخی، عارف قوربانی، ڕاپەڕ عارف ـەو تەنها یەک ژمارەی لە ساڵی 2000لێ چاپکراوە.

٭ گۆڤاری داستان
بزوتنەوەی دیموکراتی کفری بە کوردی دەریان کردووە لە ساڵی 1998وەک گۆڤارێکی سیاسی حیزبی.

٭ گۆڤاری ڕوناکی
بڵاوکراوەیەکی سیاسی ڕوناکبی ریگشتی بووە، مەڵبەندی ڕێکخستنی کەرکوک دەری دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی ڕاپەڕ عارف و سەرنوسەری عادل عەلی، بەهجەت ڕەئوف بوو، بەڕێوەبەری نوسینی حەسەن ئەحمەد، عارف قوربانی بوو، لە حوزەیرانی 2000ەوە تا حوزەیرانی 2001 ، 10ژمارەی لێ دەرچووە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت