ئارام قزلەری: بۆ بەڕێز خانمی یەکەمی عێراقی فیدرال.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەرێ بەڕاست خوشکم ئێوە لە کوێن؟!
لەخۆڕا نەیان دەگوت شاری بەغداد وەک بەحرێکی بێ بن وایە بەس بچیتە ناوی تیایدا ون دەبیت!
باشە پایتەختی پرۆژە زەبەلاحەکان و کارێزی هەڵقوڵاوی دۆلارو ژیانی شاهانەی چاوەڕوان نەکراو !! ئاوا بەچاو تروکانێ ون و کپ و بێدەنگی کردن؟.
جەنابتان ئەزانن ماوەیەکە لە کولەکەی تەڕیشدا نە گوێمان لە دەنگ و ڕەخنەکانتە! نە تەنها وشەیەکیش لە نوسین و گلەییەکانت دێنە بەر دیدەمان.
لەسەر خێرو خۆشی لەوەتەی چونەتە کۆشکی خێرو بەرەکەتەوە لە پایتەخت. ماوەیەکی زۆرە زۆربەی ماڵپەڕو میدیاکان بێ تۆییان پێوە دیارە و زۆر بێنازن!
ڕۆژانە پەیامنێرو ستاف و کارمەندەکان لەبەر خۆیانەوە دەڵێن:
نە ڕەخنەیەک نە بۆڵەیەک … حەیفێ لە لای تۆوە نایە
بەردەم مایک و کەناڵەکان … هەروەک چۆڵەوانی وایە
پێش بونتان بە خانمی یەکەم لە هەموو کۆڕو کۆبونەوەکانتاندا گوڕو تینتان بە هەموان ئەدا کە بچینەوە بەگژ نەیارانی یەکێتیدا و ئێوە چالاکترین رەخنەگری گۆڕەپانەکە بون، بەڵام دوای بونی هاوسەرەکەتان بە سەرۆکی کۆمار بێدەنگیەکی زۆر گۆماناویت لای هەموان دروست کردوە.
عەرەب وشەیەکی جوانی هەیە کە دەڵێن ( عوافی ) منیش ئەڵێم سەدان جار عەوافی! بەراستی سیاسەت مەدارێکی شارەزاو بلیمەتن بون! کە چەندین ساڵە توانیوتانە یاری بەو هەموو چین و توێژەکانی کۆمەڵگاکەمان بکەن بە تایەبەت ئێمەی یەکێتیەکان.
ئەوەی جەنابت و بەرپرسەکانی تری وەک ئێوەمان پێی گەشتون و بەدەستان هێناوە بەراستی هی زیرەکی لێهاتوی خۆتان و گەمژەیمی ساویلکەیی و خۆش باوەڕی و بێ عەقڵی ئێمە بوە.
کەتوانیوتانە هەڵمان بخەڵەتێنن بە ناوی کوردایەتی دروشمی درۆو بریقەدارەوە کە هەر هەموشی دەرکەوت بۆ خۆتان خانەوادەکانتان بوو نەگ بۆ یەکێتی رێبازە پیرۆزەکەی مامی ڕەحمتیمان.
زۆر شارەزاو زانایانە هەڵتان سەنگاندوین کە ئێمەی یەکیتیەکان بایی چەندین و تەنانەت هیچ وەفایەکمان نەماوە بۆ خوێنی پیرۆزی شەهیدەکانمان و ، بۆ مێژوی خەباتی شارو شاخمان و، بۆ لەدەستدانی ئەندامە خۆشەویستەکانی جەستەمان و، ئەو هەموو ئازارو ئەشکەنجەیەی لە زیندانە تاریکەکانی بەعس چێشتمان. حەقتانە زۆر لەوە خراپتریشمان لەگەڵدا بکەن تا دەگاتە گرتن و تیرۆر کردنمان و شاربەدەر کردنیشان لە زێدی باب و باپیرانمان.
دیارە ئێمەی زیندوەکان شایستەی ئەوەین لەوە زیاتر بێڕێزیمان پێ بکەن و غەدرمان لێ بکەن و بمان چەوسێنینەوە و پێمان بڵێن دیارە ئێوە شایستەی ئەو ڕێز لێگرتن و نازو نیعمەتە نین کەئێمەی تیادا دەژین.
مافی خۆشتانە پێمان بڵێن ئێمەی زۆرێک لە بەرپرسان و دەسەڵاتداران لە بری ئێوەی بێ هەڵوێست. ئەوە ئێمەین بوینەتە میراتگری ئەوەی چەند ساڵە ئێوە بۆی تێ دەکۆشان و قوربانیتان بۆی ئەدا بەسەرو ماڵەوە لە پێناو بەدەست هێنانی.
ئێوە گۆڵی خۆتانتان لێکردین و ئێمش لە دورەو شەرمنانە و ترسنۆکانە هەر بۆڵەو رەخنە ئەگرین و ئێوەش بێباکانە بە کوێرایی چاو تێکۆشەران و دڵسۆزان خۆتان و ماڵ و منداڵ و ئەوانەی خۆتان مەبەستانە خۆشگوزەرانانە بژین و دەشزانین منەتیشتان بەکەس نەماوە و داهات و پلەو پۆستەکان بۆ خۆتانەو ئێمەش هەر ئەوامان بۆ ماوەتەوە سیر بخۆین و زوڕنا بژەنین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت