سەلامە موسى: خەونی فەیلەسوفان/ بەشی یەکەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕانی: عیماد عەلی
وتەیەکی وەرگێرٍ
فەیلەسوفان هەمیشە لەمێشکی خۆیاندا بیری ئایندەیان کردۆتەوە و لە زەمانی خۆیاندا رٍاماون بۆ ئەوە بزانن نیشانەکانی گۆرٍان، چیان بۆ دەردەخات و چی روودەدات و ئەو گۆرٍانکاریانە ژیان بەرەو کوێ دەبەن بۆ ئەوەی بزانن حەقیقەت لەکوێدایە و کەی و چۆن بەرهەمی وەهم و خەیاڵ لەسەر زەمینەی واقیع پێدەگات و پەیوەندی نێوان وەهم و خەیاڵ لەگەڵ حەقیقەتدا چۆنە و دەرئەنجامی بەرهەمی خەیاڵ و وەهم چیەو چی دروست دەکات و چۆن بە خەیاڵ داهێنان دەکرێت و چۆن وەهم دەبێت بەحەقیقەت. گومانیش لەوەدا نیە کە زۆرجار حەقیقەت بەرهەمی خەیاڵ و بیرکردنەوە بووە و ئەو داهێنانانەی کە لە مێژوودا کراون لە دەرئەنجامی بیر قووڵی خاوەنەکانیان بوون و حەقیقەت کچی وەهم و خەیاڵە. بۆیە ئەوەی لەم قۆناغەدا تێیدا دەژین زەمانێک لە خەیاڵدانی فەیلەسوفان و ژیر و بیریاران خەیاڵ بووە و ئێستاش خەیاڵی واقعێکی گۆرٍاو بەدەر لەم دیفاکتۆیە لە مێشکی زانا و فەیلەسوفان خول دەخواتەوە و رۆژێک دێت ئەو وەهم و خەیاڵەی باوەر ناکرێت بێتە ئاراوە دێتەدی و گۆرٍان لە شێوازی ژیان و بیرکردنەوە و پیشە و پەیوەندیەکانی مرڤ وەکو تاک و گۆمەڵگەش روودەدەن.
لەم کتێبەدا، کۆمەڵێک خەیاڵ و یۆتۆبیای ئەوتۆی تێدایە کە لە ماوەیەکی دیاریکراوی پێشوتر تەنها لە خەیاڵدانی فەبلەسوفان و زانایاندا بوون، کەچی لە قۆناغێکی دواتر خۆیان سەپاندووەو هاتونەتەدی و کەس باوەرٍ ناکات کە پێشتر ئەمانە خەیاڵ و وەهم بوون، زۆرێکیان لەم سەردەمەی خۆماندا وەکو خۆیان هاتونەتەدی، لەو کاتەی کە خەیاڵی لێکراوەتەوە و باسی لێوەکراوە جێگەی سەرسورٍمان بووە. گومانیش لەوە نیە کە مرۆڤ زیندەوەرێکی بیرکەرەوەیەو ئەوەی رایگرتووە هاوسەنگی نیوان خواست و زیهنی خۆی و کاریگەریەکانی واقیعە بەسەر بیروبۆچون و ئەندێشەیدا، بۆیە یەکێک لەو ئامرازانەی بۆ هاوسەنگی بەکاریدێنیت، خەیاڵە لەکاتی ئاگایی و خەونە لەکاتی خەوتنیدا.
کە عەقڵ واقیعەکەی بەکەموکورتیەوە بینی، بێگومان مرۆڤی خاوەن بیرکردنەوەی گشتی و فەیلەسوفان بەهەر شێوەیەک بێت هەوڵی تەواوکردنی دەدەن، بۆ ئەوەش خەیاڵ و خەون ئاسانترین ئامرازیانە. بۆیە یەکێک لە ئامرازەکانی پێشکەوتنیش لەسەرەتاوە هەر خەیاڵکردن بووە. ئەگەر خەیاڵ و خەون و هەوڵی بەدیهێنانی کرٍۆکی بیرکردنەوە یان ئەو وەهمانە نەبووایە، ئێستا بەهەمان شێوە و شێوازی رابوردوو دەژیاین و هیچ پێشکەوتن و گۆرٍانکاریەک نەهاتە ئاراوە و ژیان لەسەر شێوازێکی چەقبەستوو دەوەستا و لەسەر یەک ریتمی نەگۆرٍی خۆی دەرۆشت. لەمەشدا پەرٍەسەندنی مرۆڤیش لەدەرئەنجامی کاریگەریی هاوبەشی بایۆلۆجی و ئیکۆلۆجیانەیە لەسەر یەک ببێتە هۆکاری ئەوەی عەقڵ و ژیری و زیرەکیش بە رێژەیەکی بەرچاو پێشبکەوێت و مرۆڤ لە پەرٍەسەندنی بەردەوامدا بێت و تا دێت باوەری بە خورٍافە و ئەفسانە و قاڵ و قیل و شتی بێ بنەما کەمتر دەبێتەوە و زانست کاریگەری تایبەتی خۆی لەسەر بیرکردنەوە و ژیری مرۆڤ جێدەهێڵێت و تا بێت باوەرٍ بە میتافیزیک و لە ناوەشدا ئایین کز دەبێتەوەو رێژەی باوەرداری بە چیرۆکی خورافیانە و تا رٍادەیەکی زۆریش بەسەرجەم ئایینەکان نامێنێت و ژیان و زانست دەبنە دوو جەمسەری تێکەڵ و هەموو شتێکی ناواقعی و نازانستی و خورٍافی تور دەدەن و زانست جیگەی هەموو ئامراز و بۆچون و باوەرەکانی بەرهەمی زرٍ خەونەکان دەگرێتەوە. عیماد عەلی

پێشەکی
هەریەکە لە ئێمە بگرە دوو ژیانی هەیە، ئەو دیفاکتۆیەی تێیداین و لە ژێر کاریگەریی ئەو ناوەندە کاتشوێنەی کە تێیدا دەژین و، لەو ژیانە خەیاڵیەداین کە لەناخی خۆماندا ئارەزوو دەکەین بەو شێوەیە بژین. جیاوازیی نێوان ئەو دوو ژیانە جیاوازی نێوان بوونێکی کەموکورت و خەیاڵێکی تەواوە. یان جیاوازیە لە نێوان ئەوەی هەیە هەر چیەک بێت لەگەڵ ئەوەی ئێمە چیمان بوێت و ئەوەی پێویستە بە پێی خەیاڵ و ئارەزووەکانی ئێمەدا بێت.
ئاوەزی مرۆڤ بەو شێوە نەخشێنراوە، بۆ ئەوەی هەرشتێک لە واقیعدا کەموکورتیی لەراستیەکانی دەوروبەریدا هەبێت، ئەم تەواوی بکات. هەرچەند رێگری لە عەقڵ بکەین و بیبەستینەوە بۆ ئەوەی نەهێڵین بیر لە ئارەزووەکانی خۆی بکاتەوە، بەڵام ئەو ئەگەر لە کاتی خەوتنیش بێت، لەدەستمان دەربازی دەبێت و کەموکورتیە راستەقینەکانمان بە خەیاڵێکی وەهمی پر دەکاتەوە. ئەوەی لە رۆژدا لە کاتی بەئاگابونی برسیی بێت، لە شەو لەکاتی خەودا خۆشترین خۆراک دەخوات. ئەوەی زۆر پەرۆش بێت بۆ بینینی خۆشەویستەکەی لە بێدەنگیدا خەیاڵی ئەگریجەی خاوی خۆشەویستەکەی دەکات. بەڵکو ئێمە لە ئاگاییشدا خەون دەبینین و خۆمان رادەستی ئەو خەیاڵە جوانانە دەکەین، بە خەیاڵ لە ڤیلایەکی بەرز و جوان دەژین و ئەسپە شێکانمان گالیسکەکان رادەکێشن.
هەروەک بە زاری سەرۆک قسە لەگەڵ خزمەتکار و دەربارەکان دەکەین، کەچی ئێمە لە جێگەی خەوتنی خۆمانداین، واخەیاڵ دەکەین هاوسەری خۆشەویست و منداڵی گوێرٍایەڵ و باخچەیەکی پر لە گوڵ و گوڵزارمان هەیەو پیاسەی تێدا دەکەین. هەموو ئەمانە و لەمە زیاتریش بە خەیاڵ دەبینین، لەبەر ئەوەی لە راستیدا و لەسەر ئەرزی واقیع ئەو کەموکورتیانەمان هەیە. بۆ ئاسودەیی عەقڵ و بۆ هاوسەنگی لە ئارەزووەکانی جەستە و چیژوەرگرتنی دەروون، پەنای بۆ دەبەین. هەر ئەمەش هۆکارە بۆ ئەوەی لە دوای خۆشی و پێکەنین هەندێک خەمی بەدواوە دێت.
بۆیە زۆر رۆچون لە چێژبینینیش قێزکردن و ساردبونەوە لە دوای خۆیدا دێنێت. ئەگەر راستیەکانی ژیان ئازار بەخش بن، بیروهۆشی بێگەردی خۆت بە رێکارەکانی گەیشتن بەو راستیانە هیلاک دەکەیت و تێکی دەدەیت، بەشێک لە ئاسودەیی بیر و زیهنت بە پێچەوانەی ئەو راستیانە لە نەخشاندنی خەیاڵێک بۆ دەروونی خۆت دروست دەکەیت، کەئەویش دونیایەکی دیکەیە بەدەر لەم دونیایەت و پرە لە خۆشی و ئاسودەیی.
کەوابێت هەریەکە لە ئێمە لە دووجیهاندا دەژێت، جیهانی واقیع، کە هەمیشە پرە لە کەموکورتی و جیهانی خەیاڵی بێ کەموکورتیە، واتە بەو شێوەیەی دەبینین کە بێ کەموکورتی و تەواو بێت. ئەگەر راستیەکان ئازاری داین روو دەکەینە ژیان، یان بە دەربرٍینێکی تر: ئەگەر واقیعی دەرەوەی خۆمان بە ناکامڵ و نا تەواو و ئازاربەخش بینی، لەوێوە رادەکەین بۆ خەیاڵی بیرکردنەومان و بە خەون قەرەبوی ئەو راستیانە دەکەینەوە.
نەکەی رقت لە خەون بێت..
کەس رقی لە خوداوەند دەبێتەوە؟
کاتێک دەستەیەکی بچوک لە میر و قەشە و سەرباز زۆرینەی خەڵکیان سەرکوت کرد و دەستیان بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا گرت، میسریە کۆنەکان پەندیان لێ وەرگرتن. زۆرینەی خەڵک بینیان کە لە نەداریدا دەژین و هیچ سود لە ئەم هەموو نیعمەتەی ژیاندا نابینن، روویان کردە خەیاڵ و جیهانێکی تریان لە خەون بۆ ئەوە داهێنا کە زوڵملێکراو و ماڵزەوتکراوەکان تێیدا بژین، بۆ ئەوەی پاداشتێکی باش لە بری ئەو نەداری و زوڵم و نەهامەتیەی ئەم ژیانە وەرگرن و لەوێدا لە نیعمەتێکدا بژین کە لەم دونیایە نەیانتوانی بەوجۆرە بژین. وەکو ئەوەی خەیاڵیان لەسەر راستیەکان بنیاتنابێت، هەروەها وەکو ئەوەی ئاوەزی ناوەکییان لە ئاوەزی دەرەکییان لە ئاراستەی واقیعەکە دەرچوبێت و چۆرێک لە هاوسەنگی لە ژیانیاندا دۆزیبێتەوە. وایان دانا کە ریژەیەک لە واقیعی چیژبەخشینی جیهانی دووەم کە خەیاڵیان لێکردبووەوە، بەشێک بێت لە ئازارەکانی جیهانی یەکەم. لەوانەیە لێرەوە درک بەو رەهەندە ئیلحادیە بکەیت کە بە مێشکی هەندێک لە شەیتانەکانی سۆشیالیست و کۆمۆنیستەکاندا دێتەوە، کە بەرەنگاری ئایین دەکەن و هانی زۆرینە دەدەن بۆ ئەوەی وازی لێبێنن. ترسیان لەو هاوسەنگیەیە کە باوەرٍکردن بەو دونیا دروستی دەکات و لە دوای ئەوە دەروونی کرێکاران هێور دەکاتەوە، ئەوان ئارەزووی روودانی نائارامی و دڵەراوکێ و وروژاندنی دەروونییان دەکەن.
هەموو فەیلەسوف و دانا و ئەدیبان، خەیاڵدەکەن و خەون دەبینن، ئەوان کە بارودۆخی ژیانیان ناجۆر بێت، زیاتر خەیاڵ دەکەن و خەون دەبینن، خەیاڵی چیژبەخشیی دوور کەوتنەوە لە واقیعدا. ئێمە لە کاتی توشیوون بە هەر قەیران و کارەساتێک، لەبەرامبەر سێ چارەسەر دەبین و دەبێت یەکێکیان هەڵبژێرین، یان لێی رادەکەین، وەکو چۆن خواپەرستان، وەکو شێرێکی بریندار چۆن رادەکات و روو دەکاتە ئەشکەوتەکەی، ئەمان لەدونیا دوور دەکەونەوە و روو دەکەنە پەرستگاکانیان و زاهیدانە دەژین. یان تێدەکۆشین و بەرگری دەکەین، زۆرینەشمان ئەمە هەڵدەبژێرین، یان هێرش دەکەین. ئەدیبان و دانایان یان فەیلەسوفان ئەمە هەڵدەبژێرن و راناکەن و بە تێکۆشانیش ناوەستن، بەڵکو خەیاڵ دەکەن و لە بری ئەوە ناوەندی راستی دادەنێن و بەوەش هێرش دەکەنەسەر واقیعەکە و بانگەشەی خەڵک بۆ دواکەوتنی خەیاڵەکانیان دەکەن، بۆ ئەوەی جێگۆرکێی حەقیقەتی واقیع بە حەقیقەتە خەیاڵیەکانیان بکەن. لەو بارەوە هەر کەسێک هەوەسی تایبەتی خۆی هەیە. بەڵام هەوەس و رەوشتی خەڵک بەناویەکدا چوون.. هیچ کەسێک لە ئێمە نیە هەندێک جار بیر لە راکردن نەکاتەوە. کۆچکردنیش بۆ ئەمریکا جگە لە راکردن لە ئۆرپا هیچی تر نەبوو. هیچ کەسێکیشمان نیە هەندێک جار خەبات نەکات، بەڵکو بە درێژایی رۆژگار ئەمە کاروباری ئێمەیە. هەروەها هیچ کەسێک لە ئێمە نیە ئەگەر چەند چرکەسات و خولەکێکی دوای نانی نیوەرۆش بێت، لەکاتی پشووی ئاوەزی دیار و ئاسودەیی ئەوەی بە مێشکدا نەیەت و، بێ قەید و مەرج، خەیاڵ نەکات و خەون نەبینێت.
فەبلەیسوفان و بیریارانیش جیاوازن لە قەشە دێرینەکان، فەیلەسوفان خەیاڵ بە ستەمکارانی میلەتەوە دەکەن و ناهێڵن جیهانی دووەم مەیدانی خەونبینینیان بێت. خەمی بیرکردنەوەیان تەنها بۆ ئەم جیهانە کورت کراوەتەوە. خەڵک لەسەر زەویە و پەریەکان لە ئاسمانن، ئەوان بابەتی قسە و خەیاڵەکانیانن. ئەوان لە رووی تێکەڵبوون لە شێوازی کۆمەڵایەتی و زوڵم و دەستبردن بۆ ماف و خراپی لە مامەڵەی خەلک، هانی ئەوەیان دەدات کە سیستمێکی باشتر دابهێنن بۆ تەواوکردنی ئەوەی لە سایەی دادپەروەری و تەندروستی و ئاوەدانیدا خەیاڵی لێ دەکەنەوە. ئەوان لەجیاتی ئێمە خەون دەبینن، کەچی ئێمە لەسەر زەوی دەژین و زیندووین و، ئەوان هیچ گرنگی بە دوای مردنمان نادەن، لەبەر ئەوەی ژیان نەک مردن بابەتی بیرکردنەوەی ئەوانە و ئامانجی بینینی ئەوانە بۆ چاکسازی.
ئەوەمان لە بیر نەچێت کە هەر چاکسازیەک لە رابوردوو روویداوە یان لە ئایندە روودەدات خەونێکە لە خەونەکانی یەکێک لە بیریاران. ئەناتۆڵ فرانس راستگۆ بوو کە وتی: بە بێ خەونی فەیلەسوفان لە زەمانی پێشتردا، خەڵک تا ئەمرٍۆ بەو شێوەیە دەژیا کە لە کۆندا ژیاون، رووت و هاروهاج لە ئەشکەوتەکاندا. بنیاتنانی یەکەمین شار خەیاڵێک بوو لە خەیاڵەکانی بیریاران. لەو خەونە فراوانانە راستیی سودبەخش دەرکەوت، خەیاڵ بنەمای پێشکەوتنە، لەوێ هەوڵی ئایندەی چاک دەدرا.
لێرەدا هەندێک لەو خەونە بەناوبانگانەی فەیلەسوفان کە لە کاتی بەئاگابوویاندا بینیویانە و بە هێوری و رێکخراوی بیریان لێکردۆتەوە و هیوایان چاکسازی کۆمەڵگەکەیان بووە، بۆ خوێنەران کورت کردۆتەوە، لەوێوە خوێنەر لەسەر زەرەروورەتی ئەو چاکسازیە دەوەستێت کە ئەو فەیلەسوفانە خەیاڵیان لێ کردۆتەوەو کاریگەریی ناوەندەکەیان لەسەر هەریەکەیان چەند بووە و، چۆن بیریان لە شاری خۆشگوزەران و فەرمانرٍەوای چاکەکار و باشترین جۆری هاوسەرگیری و باشترین سیستمی پەروەردە و شتی لەو بابەتە کردۆتەوە.
بێگومان لەوەی خوێنەر کە لە شێوازێکەوە بۆ ئەویتر و لە بەرنامەیەکەوە بۆ بەرنامەی تر دەگوازێتەوە، خەیاڵی وا پاڵی پێوە دەنێنت کە ئەویش خەون بینێت و وابزانێت شایانی ئەوەیە لە نێو ئەو خەونانەدا بێت. ئەگەر ئەمە بێت یان نا، دانەر بوێر بووە لە دانانی خەونەکەی لە نێویاندا لە ( یۆتۆبیا) یەکدا بە خەیاڵپڵاوێکی تەواودا بووە بە مەرجی خۆشحاڵی بۆ ئەوانەی کە تەنها بەختەوەری و خۆشحاڵیان پێویستە.

س . م

کۆماری ئەفلاتۆن
ئەدەبی گریک دوو شتی تایبەت بە خۆی هەیە: سەرکێشی و، ئازادی. بۆچی گریکەکان ئەوسا و ئێستاش کانگای سروتی رابوون یان نوێگەری بوون لە ئەدەبدا. لەبەر ئەوەی کەسی تازەگەریان رابوو تا خۆی لەو کۆت و بەندانەی کە سەرچاوەکەی شەریعەت یان نەریت بێت رزگار نەکات، نابێتە تازەگەر و رانابێت. ئینجا ئەگەر ئەو لەخەڵک زیاتر هەست بە ئازادی نەکات، نابێتە تازەگەر. ئەوەی کە خەڵکی دیکە بە مەترسی دایدەنێت، ئەو بە وەرزشی فکری دایدەنێت و وا دەیبینێت کە هیچ مەترسی و سەرکێشیەکی تێدا نیە. هەر کەسێک گریگ بخوێنێتە و ئیلهام لە روحیان وەرگرێت وەکو ئەوانی لێ دێت. لە ئازادی بیرکردنەوە و بوێریی لێتێگەیشتن، هاوتەریبی کاروانی ئەوان دەرٍوات، تاوەکو ئەو بوێریە دەبێتە مۆرکێکی تایبەتی خۆی و وای لێدێت هاوشێوەی گریکەکان ژیان بەسەربەرێت.
ئەوەی راستی بێت، لە سەر سورهێنەرەکانی مێژوو، ئەوەیە کە رێنیسانسی ئۆرپا لە سەدەی پانزەهەم لەسەر دەرس و پەندی کۆمەڵێک خەڵک، روویدا، کە هەزار ساڵ ئەو دۆخە بە سەریاندا تێپەریبوو. لە کاتێکدا ئیمە چاوەرێی تازەکان دەکەین بۆ ئەوەی کۆنەکان لە ناخۆشیدا جێبهێڵن و تەماشای ئێستا بکەن و لە ئایندەش برٍوانن. بەڵام گریک لەسەر کۆنی و کەموکورتیەکانیان تا ئێستاش شوێنەوارە فکریەکانیان ئەندێشەمان ئاگادار دەکەنەوە کە ناچاربین ئەگەر تەماشای هەر بابەتێک بکەین لە گۆشەنیگایەکەوە چارەسەری بکەین بەدەر بێـت لەوەی لە گەران و توێژینەکانمان لەسەری راهاتوین. لە زانین و زانیاریەکانی گریک شتێک نیە کە پێویستمان بێت بیزانین، جگە لەوەی پێویستمان بە رەهەندی ئازادی و سەرکەشی لە گەران نەبێت، کە هەموو رێنیسانس و بزوتنەوەیەکی نوێگەری پێویستی پێی هەیە. لێرەوەیە کە هەمیشە روحی گریک دەبێتە کانگای رابوونی فکری و ئەدەبی و فەلسیەفی.
با هەندێک نمونە لەسەر بوێریی بیرکردنەوەی گریک بهێنینەوە:
ئەرستۆنالیس دان بەوەدا دەنێت و دەڵێت، لەگەڵ ئەوەی خوداوەند توانای هەیە، بەڵام ناتوانێت سیستمی سروشتی بگۆرٍێت. بەوەش دان بە پەرجوی خوداوەند نانێت. ( تۆقید) دڵتەنگی لە هاوسەرگیری هاکەزایی بێ هەڵبژاردن دەربرٍی، وتی ئێمە گرنگی بە رەسەنایەتی بەرخ و ئەسپەکان زیاتر لە مرۆڤ دەدەین. رێزی مرۆڤ لامان لە رێزی ئەسپ کەمترە، لەبەر ئەوەی هەموو کەسێک مافی زاوزێی هەیە.
هەروەها ( ئەرستۆتالیس ) جوانی بە مەرجێک لە مەرجەکانی خۆشحاڵی دادەنێت و ئەفلاتۆن بە دوای فەراهەمبونی ژنان بۆ هەمووکەسێک دەگەرٍا.
لەم ناوەندە ئازادەدا ئەدەبی بێگەردی بەتاڵ بە بێ هیچ قەیدو بەندێک دروستبوو، وەکو وتمان تا ئێستاش گریک بە روحی پاک و بێگەرد و ئازاد و بوێر ئیلهامبەخشی نوسەر و ئەدیبانە.
بۆیە کە بەدوای خەونی فەیلەسوفاندا دەگەرێین، پێویستە یەکەمجار بەدوای خەونەکەی ئەفلاتۆندا بگەرێین، بۆ ئەوەی لەوە بگەین کە خەیاڵی کام شاری چاکەخوازیی کردووە بۆ دەستەبەری خۆشحاڵی مرۆڤ و ئاسودەبونی. ئەوانەی لە دوای ئەو لەم بابەتەیان کۆڵیەوە، لەسەر رێچگەیەکدا رۆیشتن کە ئەو لە پێش ئەمان ویستی دروستی بکات. هیچ کەسێک لە سەر شاری چاکەخوازانی نەنوسی، ئەگەر کۆماری ئەفلاتۆنی لە زیهنیدا نەبۆبێت و ئەو ئیلهامبەخش و بوێری و راستەرێخستنی نەبوبێت.
بێگومان شاری چاکەخوازان کە فارابی خەیاڵی کرد، نەک هەر لە سروت بەخشیندا، بەڵکو تەنانەت لە هەندێک وێنەکێشانیشدا دەگەرێتەوە بۆ ئەفلاتۆن، بەڵام فارابی بە پشت بەستن بەو سەردەمەی خۆی رەهەندی باوی خۆی هەبووە، لە جیاتی لەوەی پشت بە وێنەکردنی کۆماری مرۆڤ ببەستێت بشتی بە (خوداوەندەکان) ی ئەفلاتۆن بەستووەو لێیکۆڵیوەتەوە و راڤەی کردووە، تەنانەت ئەمە وایکردووە مرۆڤ پەیوەندی نێوان شاری چاکەخوازی فارابی و کۆماری ئەفلاتۆن نەبینێت.
ئەفڵاتۆن لە منداڵی لە یەکێک لە قوتابخانەکانی ئەسینا دەیخوێند، گرنگترین شت لە فێربونی ئەو کاتەی هەر قوتابیەک ئەوەبووە کە زۆرترین شیعری هۆمیرۆس و شاعیرەکانی تر بزانێت، ئینجا فێری مۆسیقا دەبوو و چەنگ (گیتار)ی لێدەدا، خۆی تەرخان کرد بۆ زانستی وەرزشی و داهێنانی تێدا دەکرد و هەموو ساڵانی تەمەنی منداڵی و گەنجێتی بێزار نەبوو لە وەرزشکردن و زۆر خەڵاتی تێدا وەرگرت.
یەکەمین هەوەسی فکریی ئەوە بوو کە ببێتە شاعیر و درامای شیعری لە شانۆدا نوسی. بەڵام بە هەڵکشانی تەمەنی وازی لە شیعر هێناو رووی کردە فەلسەفەو، تاوەکو لە تەمەنی بیست ساڵیدا سوقراتی بینی و برٍیاریدا کە لەسەر ئەم بابەتە بوەستێت و هەموو شیعرەکانی سوتاند و خۆی تەرخان کرد بۆ فەلسەفە. بۆ ماوەی 6 ساڵ لەگەڵ سوقرات مایەوەو ئەوەشی بینی کە لە ساڵی 399 پ. ز سوقرات ژەهرەکەی خوارد. ئەم رووداوەش کاریگەری گرنگی لەسەر زیهنیدا جێهێشت. هەمیشە بیری شەرٍانگێزی و دژایەتی لە دژی جەماوەر و حکومەتەکان لە مێشکیدا دەخولایەوە.
ئەفڵاتۆن ئەوەی بینی کە ئەسینا ئەو شوێنە ئارامە نیە بۆ ئەوەی تێیدا بژێت، بەجێیهێشت. هەندێک لە ساڵانی تەمەنی لە کۆچ کردندا بەسەر برد و سەردانی میسر و ئیتاڵیای کرد. دابونەریت و سیستمی سیاسی و ئایینی ولاتانی دەوروبەری دەریای ناوەرٍاستی خوێند و لە کاتی دەستپێکردنی نوسینی یۆتۆبیا یان نمونە باڵاکەی لە کتێبی (کۆماری ئەفڵاتۆن) سوودی لەو شتانە بینی.
ئەفلاتۆن لە تەمەنی چل ساڵی گەرٍایەوە بۆ ئەسینا و رووی کردە دێیەک لە نزیک ئەسینا لە باوکیەوە بە میراتی بۆی مابووەوە و لەوێ نیشتەجێ بوو، گەنجان بە پەرۆشیەوە دەرۆیشتن بۆ لای، بۆئەوەی لەسەر دەستی ئەو فێربن، وانەی پێدەوتنەوە. باس و وانەکانی، یان لە ماڵەکەی خۆی، یان لە باخچەیەکی زەیتونی نزیک لە گۆری پاڵەوانێک بە ناوی ئەکادیمۆس پێدەوتنەوە. هەر لێرەوە قوتابخانەکەی بە ئەکادیمیا ناونرا و تاوەکو ئەمرٍۆش وشەی ئەکادیمیا بە زانکۆ و کۆمەڵگە زانستیەکان دەوترێت. لەوانەیە ئەو ئەکادیمیەی کە ئەفڵاتۆن دروستی کرد یەکەمین زانکۆ بێت لە جیهاندا و فێربوون بە پێی بەرنامەی نوێ تێیدا بەرێوەچوو. ئەفڵاتۆن لەسەر هیچ شتێک بە یەکلایی رای دەرنەدەبرٍی، بەڵکو گفتوگۆی دەکرد و پشتی بە عەقڵ دەبەست. قوتابیان پێش ئەوەی فەلسەفە بخوێنن، خوێندنی بیرکاریی بەسەردا سەپاندن.
لەبەر ئەوەی، یەکەمجار پەروەردەی ئەدەبی و دووەمجار رۆشنبیری زانستی، بەزمانی وەک ئەدیب قسەی دەکرد و بە بیری زانا بیری دەکردەوە. بۆیە خوێندکاران حەزیان لە وانەکانی دەکرد. ئەرستۆتالیس لەسەر دەستی ئەم دەرچوو و روونکاری لە نوسین تەنانەت لە نوسینی زانستیش لەم فێر بوو. ئەوەی لەسەر دەوترا کە ئەگەر خوداوەند قسەی بە زمانی گریکی بکردایە، بەو شێوەیە قسەی دەکرد کە ئەفڵاتۆن پێی دەدوا.
سەردەمەکە لە نێوان ساڵی 600 و ساڵی 300 پ. ز بوو، سەردەمی بنیاتنانی شار بوو لە وڵاتی گریکدا. وڵات بەم شێوەیە پێکنەدەهات کەوا ئێستا دەیبینین. ژمارەیەک شار و گوند و کۆڵۆنیاڵی بەدەر، یان دوور لە خۆی لە لای گریکەکان ناسراو بوون. هەرچەند گوێبیستی ئەوەش ، ئەمە لە لای میسریەکان و فارسەکانیش هەیە. ئەگەر وێنای فەرمانرەوایەتیەکیان بکردایە جگە لە شار هیچ شتێکیان لە زیهنی خۆیاندا دانەنا. لای ئەوان تەلاری فەرمانرەوایی کەسایەیتیەکی یاسایی نەبوو. ئەفڵاتۆن تەنها کەسێک نەبوو کە خەیاڵی نمونەی باڵای لەسەر فەرمانرٍەوایی و کۆمەڵگە بکات، ئەرستۆتالیسیش باسی لەوە کرد، کە ئەوەی ئیدعای ( فالیاس ) دەکات، لەم جۆرە خەیاڵانە دەکات و باس لە پێویستی یەکسانی لە مافی خاوەندارێتی دەکات، هەروەها هیودامس کتێبێکی لە سەر پلاندانانی شاری چاکەخوازیی نوسی.
بەڵام کۆماری ئەفلاتۆن پاشماوەی ئەو خەونانەیە لە دەرئەنجامی ئەو خەیاڵکردنەدا هاتبووە ئاراوە، کە لە پاش هەڵایسانی جەنگی ناوازەی نێوان ئەسپارتا و ئەسینا و شارەکانی گرتەوە و گرٍەکەی درێژ بووەوە بۆ زۆرێک لە وڵاتان و تێکیدان و پشێوی لە نێو کۆمەڵگاکانیان بڵاو بووەوە. تێکدان و روخان و پشێوی لە شەردا، دەبنە هۆکاری ئەوەی بوێری لە بیرکدنەوەی خەڵک و، وێناکردنی پێویستیان لە داننان بە خراپی سیستمی کۆن و، هەوڵی پلاندانانی نوێ بێتەئاراوە. وەکو چۆن سەرۆک ویلسۆن بیری لە کۆمەڵەی گەلان لە پاش جەنگی جیهانی یەکەم کردەوە، ئاوهاش ئەفلاتۆن لە پاش جەنکی ئەسپارتە و ئەسینا بیری لە سیستمێکی نوێ کردەوە کە دەستەبەری خۆشحاڵی و دڵخۆشی و خۆشگوزەرانی بۆ خەڵک بکات.
دەوڵەت لە سەردەمی ئەفلاتۆندا وڵات نەبوو، بەڵکو شار بوو. بۆیە ئەفلاتۆن خەونەکەی لە شاردا کورت کردەوە نەک لە وڵاتدا. شارەکەشی ئەوەندە بچوک کردەوە کە هەموو خەڵکەکەی بتوانن لە کۆبونەوەی گوتار خوێنێکدا کۆببنەوە. یان بتوانن لە یاریەکدا بەشدار بن. هەموویان هاوکار و هاورێ بن و یەکتربناسن. کەس لەویتر نامۆ نەبێت. با ئەوە بخەینە بەرچاومان کە ئەم ئامرازانەی بەشداری لە گۆرٍینەوەی راوبۆچون و یەکترناسینەی کەوا ئێستا هەیە ئەوساو لەو زەمانەی ئەودا نەبوو. ئێمە بە رۆژنامە و تەلیفۆن و تەلیگراف و گواستنەوە یەکتر دەناسین ( ئێستاش بە سۆشیال میدیا و ئامرازە پێشکەوتوەکانی دیکە – و—). ئینجا ئامرازەکانی گەیاندن دوور نزیک دەکەنەوە و وادەکەن کە سەرەرٍای دەلاقەی نێوان گەلان، یەکتر بینین و کۆبونەوە ئاسان بێت. لەگەڵ ئەوەشدا، بارودۆخی خەڵکیش لە زەمانی ئەفلاتۆندا بەم شێوەیە نەبوو.. بۆیە شارەکانی بچوک دانا، کە ژمارەی دانیشتوانیان نەگاتە پێنج هەزار کەس.
کۆمارەکەی ئەفلاتۆن گوندێکی شێوە شارە و کێڵگەی کشتوکاڵی تایبەتی لەدەورەبەردا بێت. دانیشتوانی لە بارودۆخی ناوەندیدا دەژین، واتە لە نێوان خۆشگوزەرانی و نەداریدا. نە خۆشگوزەرانیان وایان لێدەکات جەستە و سەریان شلوخاوێت نە نەداریەکەیانیش وا دەکات لەرولاواز و داماو بن و هیلاکی کاری قورس بن. ئینجا نەداری و خۆشگوزەرانیش کاریگەریی خراپی لەسەر هونەر دەبێت. گریکێک نادۆزیتەوە بیر لە نمونەیەکی باڵا بکاتەوە و خەمی هونەری خەڵکەکەی نەبێت. کۆمارەکەی ئەفلاتۆن بەتاڵ بوو لە دەوڵەمەندی و هەژاری. لەبەر ئەوەی؛
یەکەمیان/ خۆشگوزەرانی و ئاسودەیی دێنێتە ئاراوە.
دووەمیان/ وڵاتی بێ ناوەرۆک و سوکی و بێ توانا دەبێت و هەردووکیشیان بێزاری دروست دەکەن.
لەبەر ئەوەی خەڵک لەوەی کە خاوەندار بن یان ئەوەی پێویستی راستەقینەیان پێی هەبێت، بەدەستی دێنن و ئەوەی پێویستیان پێ نیە گرنگی پێ نادەن. ئامانجی ئەفلاتۆن بەدەستهێنانی خۆشگوزەرانی خەڵک بوو. بەڵام ئەم خۆشگوزەرانیە لەوەدا بەدەست ناهێنرێت کە موڵکی دونیات هەبێت، بەڵکو لە بە پیتی و گەشانەوە و پاکیی دەروونەوە دێت. خۆشحاڵیەکەی وەکو ئەوە نیە کە پەرۆشی خواردنی خۆراکێک بیت و بەدەستی بێنیت و هەستی پێ بکەیت، بەڵکو ئەو خۆشحاڵیەی گۆرانی بێژ یان سەماکار یان مۆسیقاژەنەیە کە لەو جوڵەو ئاواز و دەنگانەی دەیبیستێت و دەیژەنێت و دەیڵێتەوە، چێژ دەبینێت. بەوەش دەبێت کە خاوەندارێتی نێوان خەڵکەکە بەیەکسانیە. لەبەر ئەوەی ئەو جیاوازیە لە نێوان خەڵکدا بەوە نابینێت کە خاوەنی چی بن، لەبەر ئەوەی باوەرٍی وایە جیاوازیی لە خاوەندارێتی خۆشحاڵی لە نێوان خەڵکدا دروست ناکات.
بێگومان شێوازی کۆمەڵایەتی ئەم کۆمارە لە تاکەکان پێکهاتووە. بەڵام کۆبونەوەی ئەو تاکانە هەر کەس بۆخۆی نیە، بەڵکو بە هەمان شێوەی هاوەپەیمانێتی ئەندامەکانی لەشی مرۆڤە لە کەسێکدا.
هەر تاکێک بەو شێوەیە خزمەت دەکات کە چەند دەتوانێت و چەندی پێویستە، وەکو کاری ئەندامانی لەش. ئەو کاتە ئاشتی و سازان لە نێوان ئەم شێوازە کۆمەڵایەتیە دێتەئاراوە کە هەر ئەندامێک پسپۆرێتی خۆی پیادەبکات و دەست نەخاتە نێوکاری ئەویترەوە. دادپەروەری لەم کۆمارەدا(دۆزینەوەی جێکار بۆ هەر کەسێک و هەر کەسێکیش لە جێکاری خۆیدا بێت) هەر وەکو چۆن لە تیپێکی جۆقەو مۆسیقادا دەیبینین. کاتێک هەر تاکێک لە کاری دیاریکراوی خۆی دەربچێت کێشە بۆ تیپەکە درست دەبێت و، ئەگەر هەر کەسێک ئەو ئاوازەی پێی سپێردراوە بگۆرٍێت، سازانی نێو ئاوازەکە نامێنێت و کێشە بۆ ئاوازی تیپەکە بەگشتی دروست دەبێت.
ئەفڵاتۆن چۆن دەتوانێت دەستەبەری ئەوە بکات کە هەر کەسێک لەسەر پیشە و کار و شوێنەکەی بمێنێتەوە و بۆ ئەویتر جێی نەهێڵێت؟
لێرەدا ئەفلاتۆن پێویستی بە سیستمی چینەکان دەبێت. چینێک تایبەت بێت بە وتنەوەی وانەی حیکمەت و رێکخستنی کاروباری سیاسەتی کۆمار و حکومەت، ئەمەش چینی راسپاردەکاران دەبێت و چینێکیش تایبەت بێت بە سەربازی بۆ پاراستنی شار، کە ئەمەش چینی جەنگاوەران دەبێت. چینێکیش تایبەت دەبێت بە کشتوکاڵ و پیشەسازی، ئەمەش چینی کرێکارانە.
بێگومان هەردوو چینی سەرەتا جێگەی گرنگی ئەفلاتۆن دەبن، بەڵام زۆر گرنگی بە چینی سێیەم نادات کە دارو دەستەی حکومەتین، چینی راسپاردەکار لە سەرووی ئەمەیە و فەرمان دەکات. لەمان نزمتر چینی جەنگاوەرانە و فەرمانی ئەمان جێبەجێ دەکەن. ئەم چینانە بێجوڵە نین وەک ئەوەی یەکێک لەم چینانە نەتوانێت بچێتە ناو ئەویترەوە، هەر کەسێک دەتوانێت لە چینێکەوە بۆ ئەویتر بەرز بێتەوە، ئەمەش لەدەرئەنجامی ئەوەی ئەگەر شتی باشی لێ دەرکەوێت و تەمەنی بچوک بێت و بتوانرێت پەروەردە بکرێت.
مافی خاوەندارێتی شت و خاوەندارێتی ژنان لە نێو چینەکانی راسپاردەکاران و جەنگاوەران هەڵوەشاوەتەوە، بەڵام لە چینی کرێکاران هێشتراوەتەوە. بۆ گرنگی پێدانیان، خاوەندارێتی لە نێویان ئەم دوو چینە هەڵوەشێندراوەتەوە، لەبەر ئەوەی ئەفلاتۆن ویستی تاکی ئەم چینانە ملکەچی سیستمێکی تایبەت بێت تاوەکو تاکی هەر چینێک لەسەر شێوازێکی تایبەت دروست بکات. بەڵام دەست پیکردن بە دابەشکردنی چینەکان سەخت دەبێت، بێگومان بە هەڵبژاردن دەبێت، منداڵی ژیر هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی راسپاردەکار دەبێت، بۆیە بە پەروەردەیەکی تایبەت پەروەردە دەکرێت، ئینجا منداڵێکی تر هەڵدەبژێرێت کە مەیلی وەرزشی لەشولار بێت و نیشانەکانی بەهێزیی تێدا بێت و بۆ چینی جەنگاوەران هەڵیدەبژێرێت.
با تەماشای ئەو ئامرازانە بکەین کە ئەفلاتۆن بۆ زیندومانەوەی ئەم سیستمەو بەردەوامی مانەوەی بەکاری دێنێت. ئەم ئامرازانە لە سێ شتدا کورت دەبنەوە، ئەوانیش: منداڵبون و، پەروەردە و، ئینجا وەرزشی رۆژانە.
بەڵام چینی کرێکاران کاری کشتوکاڵی دەکەن، هیچ مەبەستێکیان لە منداڵبون نابێت، تەنها ئەوان هاوسەرگیری دەکەن و منداڵیان دەبێت. پەروەردەیان شتێکی باوی ئاسایی دەبێت و لە نێو کاری کشتوکاڵی و پیشەسازیدا گەورە دەبن. منداڵ لەبەردەستی جوتیار و کرێکاردا دەبن و لەوان فێر دەبن و لەسەر دەستی ئەوان دەردەچن و ئەم پیشەیە دەکەن و وەرزشی رۆژانەی تایبەتیان نابێت، بەڵام چینی جەنگاوەران لە سەربازگەیەکی تایبەتدا دەژین، هیچ موڵکێکیان نیە و هاوسەرگیریش ناکەن، بەڵام هاورێیەتی ژنان دەکەن، ئەگەر منداڵیان لێ بوو بۆ هیچ باوکێکی ناسراویان ناگەرێتەوە . بەڵکو منداڵەکە وەکو جەنگاوەر گەورە دەبێت و بە پەروەردەی چینەکەی پەروەردە دەبێت، جگە لە نیشتمان پشتگیری و وەلائیان بۆ کەس نابێت. جگە لە بەرژەوەندی شارەکەیان ئاورٍ بەلای هیچ بەرژەوەندیەکدا نادەنەوە. ئینجا پەروەردەیەکی سەخت و توند دەدرێن، ئەگەر هەر کەسێک کەموکورتیەکی لاشە و زیهنیی هەبوو دەکوژرێت و دوور دەخرێتەوە، ئەگەر لاشەی لەگەڵ پیشەی جەنگاوەریدا گونجا، دەیهێڵنەوە و گرنگی پێ دەدەن و راهێنانێکی تایبەتی پێ دەکەن، بۆ ئەوەی لەشولاری و زیهنی بەهێز بێت.
هەروەها بۆ چینی راسپاردەکاران، ژنان و پیاوان بێ دەستنیشانکردنی هیچ ژنێک یان پیاوێک دەپیتێنرێن بۆ ئەوەی نەوە دروست بێت و هیچ کەس باوکی خۆی نەناسێت. بەڵام گرنگی بە بژاردەکردنی کەسەکە دەدەن، حوانترین پیاو و کەسی خاوەن حیکمەت و عەقڵ، بۆ زاوزێ هاندەدرێن بۆ زیادبوونی منداڵًەکانیان، بۆ ئەوەی سیفەتەکانیان لە ئازایەتی و عەقڵمەندی بە میراتی بۆ نەوەکانیان بمێنێتەوە . ئەفلاتۆن ئەوانەی دەبینی کە چالاکبوون لە خزمەتی کۆمار ئەو مافەی دەدا بەو نەک خەڵکی تر، بۆ ئەوەی لەگەڵ ژمارەیەکی زۆری ژناندا زاوزێ بکات. نازانرێت ئایا ئەفلاتۆن ئەوەی بۆ پاداشت کردنی راسپاردەکاران کردووە کە بۆ ئەوەی زۆر باش خزمەتی کۆمار بکەن یان ویستویەتی ئەو نەوانە زۆر بکات، لەبەر ئەوەی خزمەتی باش بەڵگەیە بۆ باڵابونی عەقڵ.
ئەفلاتۆن رێگەی نەداوە بە چینەکان تێکەڵاویی سێکسی بن، ژن و پیاوی هەر چینێک نەرۆیشتوون بۆ لای چینێکی تر، وەکو ئەوەی ویستبێتی هەر چینێک نەوەی تایبەتی خۆی هەبێت بە سیفەتی تایبەتی خۆیانەوە.
وەکو وتمان ئەفلاتۆن کەسێکی خاوەن هەوەسی ئەسپەرتی بوو، رقی لە لاوازی و نەخۆشی بوو، دەیوت هەموو منداڵانی نەخۆش بکوژرێن و ژمارەی نەوەکانی چینی کرێکاران دیاری بکرێت، بۆ ئەوەی زۆر نەبن، نەوەک دەغڵ و دانی زۆر بەکار بێنن. بەڵام پەروەردی راسپاردەکاران بەو پەروەردە گریکیە ناسراوەی زەمانی ئەفلاتۆندا بێت، لەگەڵ ئەو هەموارکردنەوەی کە سیستمەکەی پێویستیی بوو. راسپاردەکاران خێزانیان نەبێت منداڵەکانیان رادەستی خەڵکانی پەروەردەکار دەکرێن، بۆ ئەوە لەشولاریان وەرزشیانە رابهێنرێت و عەقڵیان بە مۆسیقا گۆش بکرێت، تاوەکو تەمەنی منداڵیان تەواو دەکەن و گەورە دەبن. ئینجا مندال جۆرەها مەعریفەتی لە رێگەی یاریەوە فێردەکرێت، بە شێوەیەک کە هەست نەکات تەنها بە فێربونەوە هیلاک دەبێت، بەڵکو ئەو لە کاتی یاریکردندا بە خۆشحاڵیەوە فێر دەبێت. ئەگەر بکاتە تەمەنی گەنجی سیستمێکی فێربونی دیکەی بۆ دادەنرێت، ئینجا هەر ماوەیەکی بۆ ئەویتر تاقی دەکرێتەوە، هیچ کەسێک لەمانە ناچنە چینی راسپاردەکاران، جگە لەوانەی لە تاقیکردنەوەکاندا شایانی ئەوەبن، حکومەتی شار بەرێوەبەرن. راسپاردەکاران لە شوێنێکدا دەژین شیوە سەربازگەیە، نابێت هیچ کەسێک خانوو یان کۆگای هەبێت، بۆیان نیە هیچ شتێکیان هەبێت جگە لەو پێویستیانەی کە مرۆڤ ناتوانێت بێ ئەو شتە زەروریانە بژێت. ئەوان پاداشتێکی ئەوتۆ وەردەگرن کە بەشیان بکات، نە هەست بە نەبوونی بکەن و نەشگەن بە حاڵەتی رابواردن و بە بەفیرۆدانی ماڵو سامان. پێکەوە خواردن دەخۆن و زێر و زیویان نابێت. مەبەست لەم سیستمە هەمووی ئەوەیە کە راسپاردەکار دەست پاک بێت و هیچ کارێکی تایبەتی بەدوور لە کاروباری شار سەرقاڵی نەکات و لابدات لە راو بۆچونی کاروباری حکومەت، لە پێناو بەرژەوەندی تایبەتی خۆی. هیچ خزمێکی نیە لایەنگیری بکات یان کورٍێکی نیە سامانی بۆ کۆبکاتەوە و هەروەها تێکەڵی خەڵک نابێت و جگە لە چینەکەی خۆی لەگەڵ کەسی تردا ناژێت، بۆیە ئەستەمە هاورێیەتی بکات و تێکەڵیەک بکات دووری بخاتەوە لە دەست پاکی.
راسپاردەکاران لە گەنجیتیاندا لە چینی جەنگاوەراندا دەبن، خەریکی رێککردنی لەشولاری خۆیان و رۆشنبیرکردنی عەقڵیان دەبن، کە گەیشتنە تەمەنی بیست و پێنج ساڵی سەرۆکایەتی هەندێک بەشی سوپایان پێدەسپێرن و لەسەر وەرگرتنی ئەزمون رادێن. ئەگەر بگەنە تەمەنی سی ساڵی و لە تاقیکردنەوە قورسەکان دەربچن، دەبن بە راسپاردەکار. لەوێدا کاریان لە خوێندنی فەلسەفە و دانانی سیستمی حوکم کورت دەبێتەوە.
کاری تایبەتی راسپاردەکار دەرکردنی یاسا نیە، بەڵکو داهێنانی سیستمی حوکمە، یان دانانی دەستوری شارە، بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی تاکەکان. ئازادی خەمی یەکەمیانە، وەکو چۆن ئەفلاتۆن و ئەوانەی دوای ئەو گرنگیان پێدەدا وەکو گرنگترین شت کە پێویستە گرنگی پێبدرێت. بۆیە پاراستنی ئازادی دەدرێتە دەست ئەو راسپاردەکارانەی کە وا فەرزە لەسەریان سیستمێک دابهێنن نەتوانرێت یاری پێ بکرێت. لە شارەکەی ئەفلاتۆن خەڵک خۆی حوکمی خۆی دەکات، بەڵام راسپەردەکاران دەستوریان بۆ دادەنێن، ئەگەر بۆ چینی کرێکار بێت یان چینی جەنگاوەران، ئەوان زیاتر لەوەی فەرمانرەوابن وەکو سەرپەرشتیکار کاردەکەن. ئەگەر ببینن کە ئەو دەستورەی بۆ نمونە بۆ چینی کرێکار دانراوە پێویستیەکانیان ناهێنێتەدی دەیگۆرن بۆ یەکێکی تر. ئەم فیکرانەش لە کۆماردا ئاڵۆزترە. ئەفلاتۆن باوەرٍی وایە کە ئەم گەردونەی بەردەست کۆمەڵە فیکرێکە لە پێش ئەودا بوون، لای ئەو وەکو بنەچە و روح وایە. ئەم فیکرانە شتێکی جێگیرن. بەڵام شتە هەستپێکراوەکان کە هەستیان پێ دەکەین نامێنن. بۆ نمونە ئێستا بە پێنوسێکی هەستیار دەنوسم، دەشێت فیکرەی پێنوسەکە لە پێش مادەی پێنوسەکە بێت. فیکرەکە جێگیرە، بەڵام نەریتەکە نامێنێت. لێرەوە ئەفلاتۆن گرنگی بە بیرکاری دەدات. لەبەر ئەوەی هەمووی فیکرە. ئەو بۆ هەر کەسێک کە نیازی حوکم کردنی خەڵک بێت، بەزەروورەتی دەبینێت. ئینجا قوتاتبیان لە پاش خوێندنی فیکرەکان دەچنە نێو کۆمەڵگاوە، ئەوەیان لەسەرە کە هەریەکێکیان چۆن بۆی بلوێت بە هەوڵی تاکانەی خۆی بژێت. تەنانەت ئەگەر پەنجا کەسیش بکەنە راسپاردەکاری دەوڵەت، بەڵام ئەفلاتۆن قەناعەتی بە هەموو ئەمانە نیە، بە راشکاوی دەڵێت: ( دەبێت پەروەردە لە پِاش لەدایکبوون دەست پێبکات). بۆیە دەبێت دایک و باوک ساغ و سەلامەت بن. دەبێت پیاو لە نێوان بیست و پێنج بۆ سی ساڵی هاوسەرگیری بکات. کوڕی زۆڵ یان بەرهەمی زینا، دەبێت منداڵی ناتەواو لە پاش لەدایکبونی بکوژرێت.
لەوانەیە خوێنەر هەست بەوە بکات کە ئەفلاتۆن لەو وەهمەی بۆ نەهێشتنی هاوسەرگیری و موڵکداری لە ناو هەردوو چینی جەنگاوەران و راسپاردەکاراندا خۆی رادەستی خەیاڵ کردووە. تا رادەیەک ئەمە راستە، بەڵام دەبێت بێتەوە بیرمان کە قەشایەتی کریستیانی و بەتایبەتی سیستمی یەسوعیەکان لەسەر ئەم شێوەیە رۆیشتوون. قەشە هاوسەر و شتی تریشی نیە، لەگەڵ ئەوەشدا ئەم سیستمە سەرکەوتو بوو. ئەگەر لای مرۆڤ وەلانانی ویستی خودی هەبوو، قوربانیدانی بە غەریزەی سێکسی و غەریزەی موڵکداری لە پێناو خزمەتی ئایین ئاسان دەبێت، بەڵام ئەو کارە لە پێناو خزمەتی مرۆڤدا ئاسان نیە . ئەگەر لە نێو مرڤدا کۆمەڵێک خەڵک هەبوون خۆیان بۆ خزمەتی خودا ترخان کردبێت ، خۆیان لە کەنیسە زیندانی دەکەن و بە درێژایی ژیانیان لێی دەرناچن، ساتەکانیان بە نوێژ و خودا پەرستی بەسەردەبەن، ئایا هیچ کەسێکیان ئەوەی لە پێناو خوێندنی حیکمەت و دۆزینەوەی سیستم بۆ حکومت و دەستەبەری ئازادی تاک کردووە؟
دەبێت وانەزانین کە ئەفلاتۆن بە تەواوی تەواوەتی رادەستی خەیاڵ بووە. ئەو دەیەوێت حوکمی خەڵک بە دەست فەلسەفەوە بێت. ئەو بە هەمان شێوەی پەیامبەری ئیسلامی دوای ئەفلاتۆن وا یدەبینی کە منداڵ تێکەڵە و پێکهاتەیەکی باوکیە. ئەیویست لە دەرئەنحامدا ئەوە بڵێت کە لەیرۆسەی هاوسەرگیریدا دەیبینێت ، بۆیە لە پەرۆشی ئەو بۆ ئەوەی راسپاردەکار یان جەنگاوەر بەدەستپاکی بمێنێتە دەبێت هیچ کارێک نەکات ئەگەر لە پێناو بەرژەوەندی شارەکەی نەبێت، بۆیە هاوسەرگیریی هەڵوەشاندەوە. باسی قەشەکانمان کرد وەک بەڵگەیەک بۆ وازهێنانی سروشتی مروڤایەتی لە مافی چێژوەرگرتن لە هاوسەرگیری و موڵکداری. سوپای ئینکشاری لای تورکەکان وەکو نمونەیەک دێنینەوە، دەڵێین پەیوەندی خێزانی لەئازایەتی خەڵک کەم دەکاتەوە . ئەم سوپایە لە منداڵانی نەێرانیە دیلەکان پێکهاتبوو، کە گەورەدەبوون نەیانزانی خێزانیان هەیە، ئەوە هۆکاری ئازایەتی و چاونەترسیان بوو لە شەرٍدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت