عەتا قەرەداخی: میسۆپۆتامیا، رەسەنایەتی و چەمانەوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هەرچەندە فەیلەسوفێکی گەورەی وەکو هیگڵ لە کتێبەکەیدا بەناوی( جیهانی رۆژهەڵات) هیچ بایەخ و گرنگیەک بە شارستانێتی میسۆپۆتامیا یان دۆڵی دوو رووبارەکە نادات، ئایا ئەوە لە بێ ئاگاییەوەیە، یان بە مەبەستە، بێگومان وەڵامی ئەم پرسیارە لای ئیمە ئاشکرا نیە. ئایا دەشێ هیگڵ دانی بەوەدا نەنابێت ئەوەی لە میسۆپۆتامیا بەرهەمهاتووە، شارستانێتی بێت؟ ئایا ئەوەی لە میسۆپۆتامیا بەرهەمهاتووە خاسێتەکانی شارستانیتی نیە، بۆیە هیگڵ پشتگویی خستووە؟ بێگومان ئەمانە کۆمەڵە پرسیارێکن چاوەڕوانی وەڵامەکانیان ناکەین، چونکە وەڵامەکە بەهەر بارێکدا بێت، راستیەکە ئەوەیە کە لای هیگڵ شارستانێتی میسۆپۆتامیا خراوەتە دەرەوەی شارستانیتیە دیارەکانی تری رۆژهەڵات.
بەڵام لە راستیدا وەک لە مێژوودا باس دەکرێت دۆڵی دوو رووبارەکە بەرهەمهێنی یەکیک لە دیارترین شارستانیتیەکانی مێژووی مرۆڤایەتیە. دۆڵی دوو رووبارەکە کە ئێستا پێی دەگوترێت عێراق و لەسەردەمی فراوانبوونی دەسەڵاتی فارسەکاندا، ناوەڕاست و باشووری بە عێراقی عەجەم ناوبراوە. بەڵام باکووری میسۆپۆتامیا کە بەشی رۆژئاوای لە ژێر سایەی دەسەڵاتی ئاشووریەکاندا بووەو بەشی باکوورو باکووری رۆژهەڵاتی کە وڵاتی زامواو بەشێک لە زنجیرە چیاکانی زاکرۆسیش دەگرێتەوە، بەشێک نەبووە لەو میسۆپۆتامیایەی کە سۆمەر و دواتریش ئەکەد و بابل تیایدا فەرمانڕەوا بوون، مەگەر لە شاڵوێکدا بۆ ماوەیەک کەوتبێتە ژێر دەستیان، هەرچۆن ئەکەد و بابلیش ناوبەناو کەوتوونەتە ژێر دەسەڵاتی پێکهاتەکانی باکووری میسۆپۆتامیا کە بە هەموو لێکدانەوەیەک ئەو پیکهاتانەی باکووری میسۆپۆتامیا بەشدارییان هەیە لە پێکهێنانی ئیتنۆسی کوردیدا. دیارە بێجگە لە رۆڵی ئاشوور لە بنیادنانی شارستانێتی لە باکووری رۆژئاوای میسۆپۆتامیادا، ئەو پێکهاتانەی تریش کە لە باکوورو باکووری رۆژهەڵات ژیاون بەپێی ئەو ئاسەوارانەی بەجێیانهێشتووە ئەمانیش خاوەنی مێژوو شارستانێتی خۆیان بوون لە لۆلۆ و گۆتی و کاشی و میتانی و سوباری و نایری هۆری و ماد و تا دەگاتە کاردۆخی. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەم جیۆگرافیایە بەرهەمهێنی بەشێک لە شارستانێتی کۆنی مرۆڤایەتیە.
بۆ یەکەمجار مرۆڤ لە مێژوویەکی کۆندا، لە زاکرۆس و باکووری میسۆپۆتامیا دەستیکرد بە بەخێوکردنی ئاژەڵی وردە و ماڵیکردنیان و ئەسپ و مایین و رەشە وڵاخیش نموونەی ئەو ئاژەڵە بەهێزانە بوون کە ماڵییان کردن و بەکاریان دەهێنان. هەروەها لە قۆناغی کۆکردنەوەی بەرهەمی رووەکدا، بۆ یەکەمجار مرۆڤ لەم ناوچەیە دەستیدایە چاندن واتە کشتوکاڵ، ئەوەش سەرەتای قۆناغی نیشتەجێبوونی مرۆڤ بوو لەسەر زەوی، واتە بەستنەوەی مرۆڤ بەخاکەوە کە یەکەم ئینتیمای مرۆڤ بە زەوییەوە لەوێوە دەست پێدەکات و سەرەتای کۆمەڵایەتیبوونی مرۆڤیش وەکو مرۆڤ لە نیشتەجێبوون و پێکەوە کۆبوونەوەی مرۆڤەکانەوە دەست پێدەکات. هەروەک یەکەمین بەردی بناغەی سادەترین شێوەی ژیانی شارستانێتیش لە نیشتەجێبوونەوە دەست پێدەکات.
دیسان لە مێژوویەکی زۆر کۆندا لەم جوگرافیایەدا مرۆڤ جۆرێک ئەلفابێتی داهێناوە، کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سەدەی هەژدەو حەڤدەی پێش زاین، مرۆڤ لە دۆڵی دوو رووبارەکە جۆرێک لە نووسینی داهێناوە کە نووسینی وێنەیی بووەو ئەوەش بە یەکێک لە کۆنترین شێوازی نووسین دادەنرێت. ئاشکرایە دەرکەوتنی نووسین سەرەتای گواستنەوەی کۆمەڵگەیە لە قۆناغی سەرەتایی یان قۆناغی پێش نووسینەوە بۆ قۆناغی نووسین، کە بەراورد بە پێش خۆی جۆرێکە لە گواستنەوەو بەرەوپێشەوەچوون. هەروەک باس دەکرێت بۆ یەکەمجاریش لە سەردەمی حامورابیدا و لە دۆڵی دوو رووبارەکە یاسا لە دایکبووە، کە ئەوەش مانای دۆزینەوەی رێگاو رێوشوێنی پێویست بۆ رێکخستنی ژیانی مرۆڤەکان. هەروەک لە سەرچاوە مێژوویەکاندا هاتووە، ئەم جوگرافیایە لە مێژووی کۆندا چەندین دەوڵەت و ئیمۆراتۆریەتی تێدا دامەزراوە کە ئەویش بەرهەمی پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و بوونی پێداویستیەکانی ژیان بووە لەم ناوچەیەدا.
ئێستا ئەو پرسیارە سەرهەڵدەدات: ئایا ئەو ئیتنۆس و میللەتانەی کە لەو مێژووە کۆنەدا لەم جوگرافیایەدا ژیاون، پەیوەندییان هەیە بەم پێکهاتانەی ئێستا تیایدا دەژین؟ دیارە ئەوە روون و ئاشکرایە لە میسۆپۆتامیدا ئێستا دوو نەتەوەی سەرەکی و کەمایەتی تریش هەن. عەرەب کە ئێستا خۆیان کردووە بە خاوەنی رەسەنی میسۆپۆتامیا و بەشێکن لە نەتەوەی عەرەب یان ئیتنۆسی عەرەب کە رەچەڵەکیان سامیە. بەشێک لە کورد کە سیستێمی کۆڵۆنیالیزمی بەریتانی لە دوای جەنگی یەکەمی جیهانی کردی بە ژێردەستەو کۆڵۆنی عەرەبی سامی. ئایا ئەو عەرەبەی ئێستا خۆیان بە خاوەنی عێراق یان میسۆپۆتامیا دەزانن، لە رووی رەچەڵەک و رەگوڕیشەوە دەگەڕێنەوە بۆ سۆمەرو ئەکەدو بابل؟ بێگومان ئاشکرایە کە نەک عەرەبی ئێستای عێراق ناگەڕێنەوە بۆ ئەو دەستەو گروپ و ئیتنۆسانەی کە شارستانیتی دێرینی میسۆپۆتامیایان بنیادناوە، کە سەرەکیترینیان سۆمەرییەکانن، بەڵکو ئەمان نەوەی ئەو عەرەبە کۆچەریانەن کە لە دوورگەی عەرەبەوە پێداویستیەکانی ژیان ناچاری کردوون بەرەو میسۆپۆتامیاو شام و دۆڵی نیل کۆچ بکەن و زیاتریش لە فەتحی ئیسلامی و لە ئەنجامی گەڕان بە دوای خۆراکدا عەرەبە کۆچەرییەکان گەیشتوونەتە دۆڵی دوو رووبارەکەو لەو کاتەشەوە هەتا ئێستا لە لایەک وێرانکەری مادی و مەعنەوی ئەو شارستانێتیە بوون کە سۆمەرییەکان و ئاشوورییەکان و بابلیەکان و ئەوانی تر بنیادیان ناوە. لە لایەکی ترەوە هەر لەو ساتەی خێڵە عەرەبەکان لە چوارچێوەی سوپای فەتحدا پێیان خستە سەر خاکی میسۆپۆتامیا، بە خوێن رشتن دەستیان پێکردو هەر لە دوای گەیشتنیان بە دۆڵی دوو رووبارەکە، لە سەر دەسەڵات لە ساڵی شەست و یەکی هیجریدا حسەینی کوڕی عەلی-یان شەهید کرد، کە کوری ئیمامی عەلی و نەوەی پێغەمبەری ئیسلام بوو، لە رەچەڵەک و خوێن و دەماری عەرەب یان سامی خۆیان بوو. لەو ساتەوە کە عەرەب خۆیان ناپاکیان لە حسەینی کوڕی عەلی کرد بۆ بەرژەوەندی یەزیدی کوری معاویە، لە میسۆپۆتامیادا هەم خوێن ڕشتن هەم ناپاکی لە بیروباوەڕو لە هاوخوێن و لە نیشتیمان بووەتە کارێکی ئاسایی، هەم کارکردن و هەم خزمەتکردن و هەم بچووکی کردن بۆ ئەوانەی لە پێناوی دەسەڵاتدا هەمووان دەکوژن و هەموو شتێک دەڕوخێنن بووەتە شتێکی ئاسایی. بچووکی کردن و خزمەتکاریکردن و خۆفرۆشتن بە یەزیدی کوڕی معاویەو بە حسەین کوژەکان و بەو گورگانەی کە تاکو ئیستاش دڵسۆزانی حسەین بەکاردەهێنن و (واتە ئەوانەی شین و شەپۆڕی بۆ دەکەن و پاشی 1340 ساڵ لە شەهیدبوونی و هێشتا بە زنجیر لە خۆیان دەدەن) وەکو مێگەل لێیان دەخوڕن و بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکاریان دەهێنن، دیاردەیەکەو بەردەوامەو کۆتایی نایەت. ئایا دەشێت هەم ئەم ویرانکەرو خوێنڕێژانە، هەم ئەم خۆفرۆش و خونکیکەرانە بۆ یەزیدی کوری معاویەو هاوشێوەکانی، هەم ئەو شێری ماڵ و رێوییانەی دەرەوە کە ئێستا خۆیان بە شوێنکەوتووی حسەین دەزانن و بوونەتە جێنشینی سۆمەرو ئەکەدو بابل و ئاشوور بەرهەمی میسۆپۆتامیا بن؟ واتە نەوەی ئەوانە بن کە شارستانیتی میسۆپۆتامیایان بەرهەمهێنا، کەچی ئێستا بۆ عێراقیەکان بووبنە جەلادو خوێنڕێژو وێرانکەری مێژووەکەی، کەچی لە لایەکی ترەوە خزمەتکارو بووکەشووسەی دەستی کەسانێکن کە خۆیان بە نەوەی کۆرشی هاخامەنشی و ئەردەشیرو قوبادو کیسرای ساسانی دەزانن. ئایا دەشێ ئەمانە نەوەی ئەو پێکهاتە دێرینانە بن کە شارستانێتی میسۆپۆتامیایان بنیادنا، یان هەر لە راستیدا ئەمانە جۆرێکی ترن و لە رەچەڵەکێکی ترن، کە نەک لە رابردوویاندا نەیانتوانیووە شارستانیتی خۆیان بەرهەمبهێنن، بەڵکو روخینەری سارستانێتی ئەوانی تریش بوون.
کورد زیاتر نەوەی ئەو پێکهاتانەیە کە لە باکووری میسۆپۆتامیادا ژیاون و بەشدارییان لە بنیادنانی شارستانێتی میسۆپۆتامیاو ئێرانیشدا کردووە، بەوپییە دەبێت کەسێتیەکی بەهێزو لەسەرپێی خۆ راوەستاوی هەبێت و ئامادەیی بچووکیکردن و بەخزمەتکاربوونی بۆ ئەوانە نەبێت و بوونی خۆی لە ناوچەکەدا لەوان بەڕەسەنترو رەگوڕیشەدارترو خاوەن مافتر بزانێت و لە ئەنجامی ئەوەشدا یەکێتی خۆی بپاریزێت و یەکەیەکی یەکگرتوو بێت، کەچی ئەمیش هەمان شێوەی شوێنکەوتووانی حسەین- دەستەبژێری شیعە- بە تایبەتی بەرپرسەکانیان، بۆ ناوخۆ شێرن و لەبەرامبەر ئەوانی تردا بچکۆلەو بستەباڵاو خونکیکەرو تەنانەت هەندێجار لە پیناوی بەرژەوەندی کاتیدا نەک هەر خۆیان، بەڵکو نیشتیمان و نەتەوەش هەرزانفرۆش دەکەن. بۆیە دیسان هەمان ئەو پرسیارەی سەبارەت بە پەیوەندی عەرەبی عێراق و بەرهەمهێنەرانی سارستانێتی میسۆپۆتامیا لە ناوەڕاست و باشوور کردمان، دەشێ سەبارەت بە کەسێتی بەشێکی دیار لە دەستەبژێری کەسێتی لاوازی سیاسی کوردیك، واتە ئەوانەی ئاسان لە بەردەمی ئەوانی تردا دەچەمێنەوە، بکەین؟ ئایا دەشێ ئەم جۆرە کوردە نەوەی رەسەنی ئەو پێکهاتانە بن کە لە باکووری میسۆپۆتامیاو چیاکانی زاکرۆس ژیاون و بەشدارییان لە پێکهینانی ئیتنۆسی کوردیدا کردووە؟ یان لە بنەڕەتەوە گومان لەسەر رەچەڵەک و رەسانەیەتی هەر کوردێک هەیە کە کەسێتی نەتەوەیی لاواز بێت و گیانی پیکەوە ژیانی لەگەڵ برا کوردەکەیدا نەبێت، بەڵام ئامادەبێت لەگەڵ ئەوانی تردا بە تایبەتی ئەوانی داگیرکەری وڵاتەکەی، هەموو جۆرە سەوداگەرییەک بکات و بێجگە لە رووزەردی و هەندێ بەرژەوەندی کەسی هیچی تری دەست نەکەوێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت