عیماد عەلی: تەنها بە لێقەومانی خۆیان رادەچڵەکێن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

شتێکی تازە ناڵێین، کە باس لە مێژووی بیرکردنەوە و مامەڵەی ئەم دوو حزبە لەشاخ و شار لەگەڵ کێشە و پرسەکانی کوردستان و باریی ژیانی گەلەکەمان بکەین. ئەوەی روونە، تاوەکو تینی ئاگرەکە وەکو حزب نەگاتە گیانی خۆیان، هیچ کوێ بە بارودۆخی خەڵک نادەن و جیاوازیەکی گەورەیان لە نێوان خۆیان و خەڵکەکە دروستکردووە، ئەمەش بە جوانی دڵسۆزیان بۆ خەڵک دەردەخات. لە شاخ، بێ ئەوەی بیر لەوە بکەنەوە چی بەسەر خەڵکدا دێت، نسکۆیان بە شۆرش کرد و هۆکاربوون بۆ ئەنفال و کیمیاباران و قرٍکردنی خەڵک، بێ ئەوەی دەرئەنجامی هەڕەشە و هەڵوێستی دوژمنان لەبەرچاو بگرن. لە دوای راپەرینیش خەڵکەکەیان رووبەرٍووی کۆرٍەو و شەری نێوخۆ و یەکترقڕکردن کردەوە و هەمووانیان تەفروتونا کرد و خۆیان و حزبەکانیان وەک بەرزکی بانان لێی دەرچوون.
لە شاریش وەنەبێت خەمیان گەل بێت، ئەوەتا دەبینین زۆرینەی خەڵک برسی و بێدەرامەت و هەژارە، کەچی ئەوان یاری بە دۆلار و یۆرۆ و دینار دەکەن و بە ئیمتیازی حزبی شا بەسەپان نازانن و ئەوەی خەمیان نەبێت حاڵی چینە چەوساوەکەیە و هیچ دەرئەنجامێکی خراپ ناخوێننەوە کە ئەم واقیعەی گەیاندۆتە لێواری رووخان. باری تەندروستی خەڵک روو لە خراپیە و داتاکان نیشانەی زیادبونی نەخۆشیە خەتەرناکەکان دەردەخەن و ئەوان تەنها بۆ چارەسەری ئاساییترین نەخۆشی روودەکەنە ئۆرپاو ولاتانی رۆژ ئاوا. لە رووی پەروەردە و خوێندەواریەوە، رێژەی نەخوێندەواری و نزمبونی ئاستی زانستی رۆژ لەدوای رۆژ بەرەو بنکە مل دەنێت، کەچی کوڕی ئەوانی حزبی لە باشترین قوتابخانە و زانکۆدان، چی لە ناوخۆ بێت یان دەرەوە دەخوێنن و کورٍی هەژاریش زرتەی چاوی دێت.
تاوەکو ئەمڕۆ ئەوە دەردەخەن کە بیرکردنەوەیان تەنها لە دەرگای حزبەکانیان تێپەرناکات و خەڵکیان کردۆتە دوو چینی جیاواز و دوور لەیەک یەکێکی لە خۆشی ژیان و ئاسودەیی و تەندروستی و هەمووشتێکی لەبەردەست و فەراهەم و، چینێکی هەژار و نەخۆش و نەخوێندەوار و زەلیل و مەلول.
بۆیە درێژەدان بەم بیرکردنەوەیەو هەست نەکردن بە حاڵی خەڵک، تاوەکو خۆیان توشی نەهامەتیەکان نەبن، دەیانخاتە بارێکەوە کە ئەوانیش دواجار لە کۆتاییدا تووشی لێقەومان دەبن و ماڵئاوایی دەکەن، بەڵام ئەوەی جێگەی داخە کە لەگەڵ خۆیاندا جگە لە حزبەکانیان خەڵکەکەش توشی لێقەومان و هەرەس و بێ ئومیدی دەکەن. ئەوەتا ئەمرٍۆ باش دەیبینین و بە جوانی هەستی پێدەکەین کە چۆن خەڵکەکەیان گەیاندۆتە لێواری مەرگ و گرفتی گەورە تاوەکو ئاستێک کە نزیک بین لە دارٍمان، کەچیی ئەوان لە خەمی ململانێ و پاشقول لەیەکدانی خۆیانن و مێش میوانیان نیە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت