عەبدولکەریم شێخانی: جيهان کەی ئارامی و حەسانەوەى بەخۆیەوە دیوە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکە و پرتکە/ بەشی سیی و نۆ.
ئەوەندەی من مێژووم خوێندبێتەوە, زیاتر هەر باسى شەڕ و جەنگ و تێک بەریوونی دانیشتوانی سەر زەویم خوێندۆتەوە و ئەگەر ساڵێک ئارامی باڵی بەسەر زەویدا کێشابێ, دەیان ساڵ شەڕ و پێک دادان و یەکتر کوشتن بەسەردانیشتوانی زەویدا زاڵ بووە و جگە لە کاولکاری و مالوێرانی سووتانی وشک و تەڕ, خەڵکی هەژارو بێ دەسەڵات تووشی نەهامەت و قوڕبەسەرى هاتوون و ئەگەر مەرگ درەویشی نەکردبن, ئەوا ئەوەى بەسەریان هاتووە لە هەزار مەرگ و مردن قورستر بووە. چونکە بە مەرگ مرۆڤ دەحەسێتەوە, بەڵام ئێش و ئازار کێشان هەر ساتێکی مردنێکە.
سەیرێکی مێژووى یۆنان و ڕۆمانەکان بکە، هەر هەمووی شەڕ و پێک دادان بووە. ئاخر ئەسکەندەرێک لە یۆنانەوە تۆ بۆ لەشکر دێنیتە بۆ سەر ئێران لە ڕۆژهەڵات؟ دەزانن تا هاتووەو گەڕاوەتەوە چەندى پێ چووەو چەند هەزار سەربازی مردوون و کوژراون؟ ئەو وڵاتانەی ئەو سوپایانەیان پێدا تێپەڕیوە تووشی چ کوێرەوەرییەک هاتوون و چەند سەربازیش کوژراون؟ ئاخر قەرزی باوکت لەسەر ئێرانە، یان هەر وڵاتێکی دیکە بووە تا بچیت قەرزەکەت وەرگریتەوە؟
تۆ مێژووى دواى خەلیفەکانی ڕاشدین سەیرکە، هەر کوشت و کوشتار دەبینی و دەبیسی. ئينجا وەرە بۆ سەردەمی ئەمەوییەکان و دوای ئەوان عەباسییەکان و وڵات داگیر کردن و هەڵگەڕانەوەی هەندێک میللەت و ئاینزا لە عەباسییەکان. چونکە دەستیان بەسەر چەندان جۆر میللەتی جیاجیادا داگرتبوو. ئینجا هاتنی هۆلاکۆ و جەنگیزخان و دروست بوونی دەوڵەتی عوسمانی و پێش ئەوەش جەنگ لەگەڵ خاچپەرستان بەسەرۆکایەتی سەڵاحەددینی ئەیوبی.
ئەوەی لە ڕؤژهەڵات رووى داوە, لە وڵاتانی ئەوروپاش ڕووى داوە و بگرە لەوێ ڕەنگە خراپتریش بووبێ, بە تایبەتی لەو ماوەیەى کە بەسەدە تاریکەکان ناودەبرێ. ئیمە ئەوە خێرا بە ڕووداوەکاندا تێدەپەرین و ئەگەر درێژەی بدەینێ سەدان مجەللـەدی دەوێ. تۆ ئەگەر هەر لە شۆڕشی فەڕەنساوە بیگری تا ئێستا چەندان ملیۆن کەس کوژراون و بێ سەروشوێن کراون بێ ئەوەی بزانن بۆ وایان لێ دەکەن و وەکو دەڵێن ئاگایان لە مەحموودى بێ زەواد نەبووە. کە شۆڕشی فەڕەنسا ڕووىدا کوشتوکوشتاریش دەستی پێ کرد تا مەلیک و مەلیکە بە ( گیۆتین ) سەریان لە لاشەیان جیا کرایەوەو ئیدى سەرپەڕاندن بوو بە کارێکی ئاسان تا سەرەنجام (ناپلیۆن بۆناپارت) کە ئەفسەرێکی بزێوى سوپاى فەڕوەنسا بوو, جڵەوى حوکمی گرتە دەست، بوو بە گەورەى هەموو ئەوروپاو شەڕى دژی ئیتاڵیا و نەمسا و پڕووسیا و ڕوسیا بەرپا کرد و چەند ساڵێک وڵاتە دیارەکانی ئەوروپا کەوتنە بەر پەلامارى فەڕەنسا، تا دواجار سوپاى فەڕەنسا لەڕوسیا تووشی شکستێکی زۆر گەورە بوو و جەنەڕاڵ ( بەفر) بەو زستانە ساردەی روسیا بوو بە پاڵپشتی سوپا و قڕانیان بە سوپای فەڕەنسا هێنا و لە كۆى 680 هەزار 380 هەزاریان کوژران و 100 هەزاریش بە دیل گیران. ئەمە جگە لەو ماڵوێرانییەى بەسەر گەلی روسیا هات، بەکوژراو و وێران بوون و سووتانی سەدان شار و گوندی ئەو وڵاتە کە ڕوسەکان خۆیان دەیانسووتاندن بۆ ئەوەى سوپاى فەڕەنسا سوودیان لێ نەبینێ.
لە هەنگینێوە تا ئەمڕۆ پشێوى و شەڕوشۆڕ هەر بەردەوامە و ئەگەر لە لایەکی جیهان کەمێک ئارامی پەیدا بووبێ, جەنگ و شەڕ لە لایەکی دیکە سەری هەڵداوە و تا لەسەدەی هەژدە ئەمریکاشی گرتەوە بە جەنگی ڕزگاری دژی بەریتانیا, یان دواجار شەڕی ناوخۆ لەنێوان باکوورى دژ بە کۆیلایەتی ڕەشپێستان و باشوورى ڕەگەزپەرست. ئیدى خۆت وەرە سەیر کە بزانە ساڵێک یان وڵاتێکت دەست دەکەوێ کە شەڕوشۆڕى تێدا نەبووبێ, ئەوە جگە لە پەل و پۆ هاویشتنی وڵاتانى کۆڵۆنیالیی ئەوروپا بۆ داگیرکردنی وڵاتان لە ئەوپەڕى ڕۆژئاواوە بۆ ئەوپەڕى ڕۆژهەڵات و ئەو کوشتوکوشتارە زۆرەى بێ بەزەییانە لە پێناوى بەرژەوەندى زلهێزانی دنیا لە وڵاتانی داگیرکراو کرا. کلکی ئەو نائارامییە ئێستاش لە هەموو جیهان تۆزێ دەکات و ئەوەتا روسیا ملى لەبەر ملی ئۆکراینا ناوە بە هەق یان بە ناهەق و ئەمریکاش ناوێرێ وەک پێویست بچێتە نێو جەنگەکەوە لەبەر ئەوەى پۆتین ددانی تیژى ئەتۆمیی هەیەو خوانەخواستە هەر هەڵەو دەست ترازانێک، دەبێتە هۆى کۆتایی هاتنی ژیان لەسەر زەوى و هاتنی ڕۆژی پەسڵانێ و خەڵکەکە بە پێی کردەوەی خۆیان بەرەو بەهەشت یان دۆزەخ دەڕۆن.
ئينجا لە نیوەى یەکەمی دەیەی دووەمی سەدەى بیستەم جەنگی یەکەمی جیهانی هەڵگیرسا کە تا ئەوسا ترسناکترین و دڕندانەترین جەنگ بوو کە ژمارەى گشتیی زیانە مرۆییەکان بە سەربازى و مەدەنى گەیشتە 37 ملیۆن کەس و 16ملیۆن سەرباز و 21 ملیۆن مەدەنی جگە لە وێرانکاریی شارو گوندەەکانی ئەو وڵاتانەى بەر شاڵاوى جەنگ کەوتن کە بە دەیان هەزار دادەنرێت. دواى 21 ساڵ لە بڕانەوەى جەنگی یەکەم لە ساڵی 1939 جەنگی دووەم هەڵگیرسا و تا ساڵی 1946 درێژەى هەبوو و بە شکانی ئەڵمانیا کۆتایی هات و ئەویش زیانى گیانیی زۆری لێ کەوتەوە و وەک لە ئامارەکاندا هاتووە 62 ملیۆن کوژراو و بڕیندار و هەندیکی دیکە دەڵێن 78 ملیۆن کوژراو و برینداری بە سەربازی و مەدەنیی لێ کەوتەوە و تا ئێستاش شوێنەوارى هەر ماوە. دواى کۆتایی هاتنی ئەو جەنگە, جەنگی سارد لە نێوان ڕۆژئاوا بە سەرکردایەتیی ئەمریکا و ڕۆژهەڵات بە سەرکردایەتی سۆڤیەت دەستی پێ کرد تا 1990 کە یەکێتیی سۆڤیەت هەڵوەشایەوەو ئێستاش بەشێوەیەکی دیکە ئەو جەنگە هەر بەردەوامە. با شتێکی خۆشی ئەو سەردەمی جەنگی ساردەتان بۆ بگێڕمەوە:
لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نیویۆرک لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوە (مۆلۆتۆڤ )ى وەزیری دەرەوەی سۆفیەت بەشدارى ئەو کۆبوونەوەیە بووەو بەڕۆژ مۆلۆتۆڤ و جۆرج ماڕشاڵ وەزیرى دەرەوەی ئەمریکا ئەوەى خوا پێی ناخۆش بێ بە یەکتریان کردووە. شەو لە ئاهەنگێکدا کە زۆربەی وەزیرانی دەرەوەى وڵاتان ئامادەى بوون, دیسان ئەو دوانە دەکەونە چنگ بەردە لەگەڵ یەک و جۆرج ماڕشاڵ دەڵێ: هیچ ئازادییەک لە سۆڤیەتی پشت پەردەى ئاسنینەوە نییە و شتاقتان ناوێرن لەبەرانبەر ستالین بکۆخن, بەڵام خەڵکی ئەمریکا ئازادن و دەتوانن هەموو قسەیەک بکەن. هەر بۆ نموونە من دەتوانم ئێستا بچم بۆ کۆشکی سپی بە ( هاری تڕومان ) بڵێم تۆ کەری بە کەڵکی هیچ نایەیت. ( تڕومان جێگرى ڕۆزفڵت بوو, کە ڕۆزفڵت مرد ئەو بوو بە سەرۆکی ئەمریکا و هەر ئەویش فەرمانی کرد ژاپۆن بە بۆمبی ئەتۆمی لێی بدرێ ). مۆلۆتۆڤ دەڵێ ئینجا ئەوە چییە منیش دەتوانم ئەوە بکەم. ماڕشاڵ بە سەرسوڕمانەوە دەڵێ: چۆن, دەتوانی بچیتە کرملین و بە ستالین بڵێی تۆ کەری بە کەڵکی هیچ نایەیت؟ مۆلۆتۆڤ دەڵێ نا, مەبەستم ئەوەیە منیش دەتوانم بچم بۆ کۆشکی سپی و بە تڕومان بڵێم تۆ کەری و بە کەڵکی هیچ نایەیت.
ڕەنگە بزانن کە (کەر) دروشمی حزبی دیموکراتە و ( فیل) یش دروشمی حزبی جمهوریە. لەبیرمە کاریکاتێرێک لەساڵی 1951 لە گۆڤاری ( Illustration) بلآو کرابووە. کە کۆنگرێس یاسایەک پێشنیاز دەکات و موافەقەتی لەسەر دەکات دەینێرێت بۆ سەرۆک بۆ ڕەزامەندی دەربڕێن لەسەری. تڕومان یاسایەکەی ڕەت کردۆتەوە، بەڵام چۆن؟ وێنەى کەرێکی کردووە کە سەرەکەى لەتڕومان دەچێ بەخۆی و چاویلکەکەیەوە یەک جووتەى لەو جانتایە هەڵداوە کە پڕۆژەیاساکەی تێدایە و هەر لاپەڕەیەکی چووە بە لایەکد . کەواتە جووتە وەشاندن واتە ڕەتکردنەوە ( رفض). ئێستا لە هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵات کێ دەوێرێ بڵێ من دەتوانم بەسەرۆکی وڵات بڵێم تۆ کەرى بەکەڵکی هیچ نایەیت؟ یان کێ دەوێرێ کاریکاتێری سەرۆکى وڵات وەکو کەر بکێشێ و جووتەشی هاویشتبێ؟ ئەم دنیایە زۆر سەیرەو هەر کەسە بەیارى خۆی هەڵدەڵێ و بەتایبەتی سەرانی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕایان وایە خواى پەروەردگار لەو سەرەوە هەموو فەرموودەو کردەوەیەکی ڕاست و ڕەوایە و لەسەر زەویش سەرانی ئەو وڵاتانە هەرگیز هەڵە ناکەن و ئەوەى ئەوان دەیکەن، یان دەیفەرموون هەر هەمووی ڕاست و ڕەوایە و دەبێ خەڵکی باوەڕی پێیان هەبێ. خوایە لێمان نەگرى, ئەگەر ناو بەناو ناچار بین خواى سەر زەوى بپەرستین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت