حەمەئازاد بەرزنجی: دەبێ ڕێبازەکانیان چی بێت؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئێستا لە ناو ئەندامە چەقبەستوە دۆگماکانی حیزبەکاندا وا باوە و دڵی خۆیان بەوە خۆش دەکەن و، خەڵکی بەوەش دەخەڵەتێن کە لەسەر ڕێبازەکەی فڵان سەرکردەی خۆیان دەڕۆن. ئەمان پەیڕەو کەر و قوتابی قوتابخانەکەی فڵان کەس و فڵان سەرکردەن. ئەرێ تا ئێستا کەس لەم پەیڕەوکەر و قوتابیانەیان پرسیوە ئەو ڕێبازخانەو قوتابخانانە لە کوێن و چین و چیان تێدا دەخوێندرێ. ئەرێ دێڕێکی فەلسەفی و فەرمودەیەکی ئەوانەم پێ ناڵێی کە خۆیان تا لە ژیاندا بون باوەڕیان پێی بوە و بە کردار لەسەری ڕۆیشتون و ئێستا نەوەکانیان لەسەری دەڕۆن و سودی گشتی هەیە و کونجێکی تاریکی ماڵە هەژارێکی روناک کردبێتەوە، یان گرێ کوێرەیەکی فەلسەفی کردبێتەوە، یان تیشکێکیان خستبێتە سەر لایەنێکی نادیاری باری ئابوری یان سیاسی، یان ڕاژەیەکی تایبەت بە خۆیان هەبوبێ لەسەر بیرۆکەیەکی قوتابخانە و ڕێبازێکی سیاسی دیاریکراو و، گوتە بە نرخەکانیان وانەیەک بن نەک بۆ ئێمە، بەڵکە بۆ مرۆڤایەتی و نەوەکانی دوا ڕۆژمان و نەتەوەکانی دراوسێشمان کە پێی سەرسام بن.
ئەرێ ئەو ڕێبازانە بە تەنها هەر ئەو ڕستەو وشە بریقەدار و پڤدراو و ڕیز کراوانەن کە ئەمانە کە سەرکردەکانی خۆیانی پێ دەڕازێننەوە، یان ئەو واقعە تاڵەیشه، کە سەرکردەکانیان بۆ ئەم میلەتەیان بەجێ هێشتوە و کە ئێستا بەرجەستە بوە و ئێمە بەچاوی خۆمان دەیبینین و تیایدا دەژین و تنۆک تنۆک تەمەنی مۆمیمان بە دیاریانەوە دەتوێتەوە. هەر لە نەوە و وەچە چاونۆک و بێ ئەرزش و چاو تێر نەبوەکانیان، تا دەگاتە ئەو قوتابیە تازە پێگەیشتو و ناکەس بەچە و نا ڕۆشنبیر و کەم هزر و خۆ بەزلزان و خۆدەوڵەمەندکەرانەی، کە بەریان داونەتە سەر خاک و زەوی ئەم نیشتمانە و دەمیان ناوەتە ناو کەلاکی ئەم میلەتە و تێر بونیان هەر نییە. کە خەڵک ئیستا لە کردەوە و هەڵوێستە نابە جێکانیاندا، نەک گلەیی لەو سەرکردانە دەکەن بۆ ئەم نمونانەی لەدوای خۆیان بەجێیان هێشتون، بەڵکە هەمو ڕۆژێ لە پەرچەکرداری ئەمانەدا گۆڕەکانیان هەڵدەتەکێنن و نەعلەتیان بۆ دەنێرن. چونکە ئەو جیهانە گەورە و کپکراوەی دوێنێش نەماوە خۆیان و هەڵسوکەوت و کردارە نابەجێکان و هەڵوێستە ناشایستەکانی خۆیانی تیا حەشاردەن. ئەمڕۆ وەک دەڵێن جیهان بۆتە گوندێکی بچکۆلە و خەڵکی لە خشەی مار و مێرو ئاگادارە، بە جۆرێک گەر لە بەریتانیادا هێلکەیەکت پیاکێشن بۆ بەیانی بە دەنگ و رەنگەوە لە میدیاکان وسایتەکانیاندا بە هەمو جیهاندا بۆت بڵاو دەکەنەوە.
بۆیە داوا لەو پەیڕەوکەر و قوتابیانە دەکەین، خۆیان نا، چونکە خۆیان وەک قازیان لێهاتووە بە چەورییەکەی بن کلکیان پێش ئەوەی خۆیان هەڵبەنە ناو حەوزە ئاوەکەوە، خۆیان دەهەنون و بە هیچ شتێ تەڕ نابن. بەڵکو ڕەحمێ بەگۆڕی باوان و مامۆستاو سەرکردەکانیان بکەن، بابەئارامی لە گۆڕەکانیان بخەون و ئەوەندە لە گۆرەکانیان خەبەریان نەکەنەوە و گۆڕەکانیان هەڵنەتەکێنن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت