عیماد عەلی: لەمە ملکەچیتر بووە لە مێژووی گەلی کوردستاندا؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەوڵەتی تورکی داکیرکەر ئەوەی راگەیاند کە بەرپرسێکی پە کەکەیان لە شاری سلێمانی نەک هیچ شارێکی نزیک لە سنورەکەیان دەستگیرکردووەو بردویانەتەوە بۆ تورکیا. جاوەرە بە ئاشکرا و بێ حسابکردن بۆ هیچ یاسا و رێسایەکی پەیوەندیی نێوان دوو دەوڵەتی جیا و مەرجەکانی مامەڵەکردن لەگەڵ کێشە و گرفتەکانی نێوانیان ئەو کارەیان کردووە، بۆچی تا ئێستا هیچ کاردانەوەیەکمان لە هیچ لایەکەوە نەبینی، نە حکومەتی هەرێم و نە حزبێکی کوردستانی خاوەنی خۆی بێت لە باشوری کوردستان و نە داواکاری گشتی و نەش هیچ رێکخراوێکی سیاسی و مەدەنی.
ئەوا پێشتر ئەگەر بە فرۆکە درۆنەکانیان یان بە دارودەستەکانیان زۆر پرۆسەی تیرۆرکردنیان ئەنجامدا و کەس نقەی لێوەنەهات، لەوێدا گوتمان هیچیان لەدەست نایەت و ناچارن و ئەو دەستدرێژیانە بێ رەزامەندی ئەمان دەکەن و ململانێی ئەم دوو حزبە لەسەر ئەوە وەستاوە کە کامەیان زیاتر ملشۆرٍی دەکات بۆ رازیکردنی دوژمنەکانمان، بەڵام دەستگیرکردنی کەسێک لە ناوەرٍاستی شارێکدا کە سەدان کیلۆمەتر لە سنوری وڵاتەکەت دوور بێت و پرس بەکەس نەکەیت و بێ هیچ رێگری و نارەزایەتیەک بیبەیتەوە بۆ ولاتەکەی خۆت، لەمە ملکەچیتر و سەرشۆریتر شتی ماوە؟.
خۆت بە دەسەڵاتێکی ئازاد و سەربەخۆ بزانیت، بۆ ململانێی حزبی هیچ هێڵێکی سورت نەهێشتبێتەوە، بەکەمترین نرخ تەنازولی سیاسی و ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیی هەمەجۆر ت بۆ دەژمنەکەت بکەیت، پابەندی هیچ تەناەت هیچ زەرٍەیەک لە عورف و عادەتێکی کوردەواری نەبیت و تەنها کارت هەڵلوشینی سامان و سەروەتی ولاتەکات بێت، لەولاشەوە شۆرٍەسواری مەیدانەکە بیت و خۆت بە ئازاد و بەرگریکاری پرسی گەلەکەت لەقەڵەم بدەیت. لەمە سەرشۆریتر لە مێژووی گەلی کوردی هەرچوار پارچەکەی کوردستاندا بینراوە؟ کوا شەرەف، کوا ئەخلاق، کوا دابونەریتی رەسەنی کوردەواری، کوا میواندۆستی و رێزی غەریب، کوا و کوا و کوا هەموو سیفەتە رەسەنایەتیەکانی کوردەواری. بەڵێ دەبێت دان بە باڵاترین ملکەچی و سەرشۆرٍی و ملپانی و تەنانەت بێ غیرەتی خۆیان بنێن و بڵێن هیچ شتێکی نامۆ نەماوە نەیکەین و ئێمە وەکو هیچ شتێکمان بە ناوی بەهای ئەخلاقی و سیاسی و فکری و فەلسەفی نەماوە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت