بەرزان عوسمان: مەترانەکەی دهۆك، قسەی ئیسلامی وەک خۆی کردۆتەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئاگاداری ئەوەنەبوم کاك بەهزاد مزوریی چی نوسیوەو وەڵامی کێی داوەتەوە، بەڵام بە هۆی ئەو هەڵاو هاتو و هاوارە درۆزنانە و سیاسییانەی دەموچاوە قێزەونەکانی حزبە ئیسلامچییەکانەوە، ناچاربووم بە دوای ئەسڵی مەسەلەکە بکەوم و بزانم ئەوپیاوە ئاینییە کریستانە چی وتوە! وا ئەم ئیسلامچیانە تەواوی میدیاکانی خۆیان و سێبەرەکانیان و مێگەلە بێ ئاگاکانیشیان پڕ کردوەو داوای سزادان و تەمبێ کردنی دەکەن.
بەداخەوە ئەو پیاوە ئاینییە، ناچار بووە لە ترسی ژیانی خۆی، ئەو کۆمێنتە راست و دروستە بکوژێنێتەوە کە لە وەڵامی یەکێك لە میلیشیا دڕندەکانی ناو میدیا و سۆشیال میدیا و دنیای روناکبیریی نوسیبوویی. زۆر گەڕام تەنیا دوو رستەم دەست کەوت لە وەڵامەکەی. بۆم ساغ بوەوە کە ئەو میلیشیا دەم پیسە، هەستی ئەوی بریندار کردوەو قسەی بە ( Jesus christ )، مەسیح وتووە، ئەویش زۆر بە جوانی و هێمنانە نوسیویەتی: جیاوازی نێوان پەیامبەران نییە.!
دیارە زۆریی بۆ هێنراوە، بۆیە ئەویش ئەو راستییەی ژیانی هاوسەرێتیی محەمەد پێغەمبەر (ص) نوسیوە کە سەرچاوە ئیسلامییەکان تەئکیدی لەسەر دەکەنەوەو لە کتێبی (أزواج الرسول) و سەدان سەرچاوەی تریشدا بەوردیی باسکراوە. ئەوشتێکی زیاتری نەوتوە و بوختانی نەکردوە کە محەمەد پێغەمبەر(ص) لە دوای وەفاتی دایکی موسڵمانان (خدیجە)، ئیتر بە بیانوی جیاجیا زیاتر لە نۆ ژنی هێناوە، سەرباری کەنیزەکەکانی (ما ملکت ایمانکم ). وەك تەواوی سەرچاوەکانی مێژوی ژیانی پێغەمبەر و ئیسلام ئاماژەی بۆ دەکەن، (زەینەب بنت جحش )ی بە هەڵگێڕانەوە لە زیدی کوڕی، (صفیەکچی حي بن ئەختەب ) بە غەنیمەتی جەنگ، بۆتە هاوسەری پەیامبەری ئیسلام، ئەوانیتریش تا حەزرەتی عائشە هەر یەکەیان چیرۆکێکیان هەیە. ئەو برا کریستانە هەر ئەوەندەی نوسیوە: بەس نییە (يەسوس) ژنی بەزۆر نەساندووە، واتە هاوسەرێتییەکەی زەینەبی کچی جەحش و سەفیەی کچی حي،کە یەکەمیان لە زەیدی سەند بۆ خۆی، سەفیەش دوای کوژرانی باوك و برا و هاوسەرەکەی لە غەزوەی خەیبەر هەمان شەو، کردیە ژنی خۆی.
ئەگەر ئەو سەرچاوە ئیسلامییانە راست نین و دەوترێت ئەوە شیعەکان تەحریفیان کردووە، ئیتر گوناهی ئەو کریستانە و ئێمە و مانان چییە لەو شەڕەی نێوان شیعە و سونەدا ببین بە قوربانیی.
ئەگەر ئەو لەشکرە زەبەلاحەی ئیسلامییەکان ئەو کۆمێنتە بە سوکایەتیی بە ژیانی هاوسەرێتیی محەمەد پێغەمبەر دەزانن، با بچن یەخەی زانایانی ئاینیی شیعە و بەشێکی زۆری سونییەکانیش بگرن.
خاڵێکی تر لەم مەیدانی هەراو هۆریایەی ئیسلامییەکان ئەوەیە، کۆمێنتی ئەو برا کریستانە بە سوکایەتیی ناو دەبەن و داوای سزای قورس دەکەن، ئەی باشە رۆژانە خۆیان بە ناوی خودا و قورئان و پەیامبەرەکەیەوە سەدان هەزار درۆ و دەلەسە ئەکەنە مێشکی خەڵکی ساویلکەوەو سوکایەتیی نییە؟ کە هیچیان بنەمای ئاینییان نییەو سی ساڵ لەمەوبەر هیچ زانایەکی ئاینیی کورد باسیان نەکردوە. ئەی باشە ئەوە سوکایەتیی نییە بە هەستی موسڵمانانی کوردستان کە هیچ کام لە ئیسلامچییەکان بە وشەیەکیش دستدرێژییەکانی قاعیدەو ئەنسار و جنودی ئیسلام و زەرقاوییەکان و داعشیان ئیدانە نەکرد؟!. ئەوە سوکایەتیی نییە کە لەشکری ئیسلامیی ئەردۆگان بە ناوی قورئانەوە بەشێکی کوردی سوریای قڕ کرد و مزگەوت و قورئانی سوتاندن، کەچی یەك ئیسلامچی نقەی نەکرد.
هەر خۆی ئەوە سوکایەتییەکی گەورەیە بە هەستی موسڵمانان کە کەسێك لە وەڵامی چەقۆ کێش و شمشێر بەدەستێکی داعش لە پەیج و کەناڵێکدا قسەیەکی کردوە، ژمارەیەکی سنوردار بینویانە، بەڵام ئیسلامچییەکان بۆ سواڵی دەنگ و زیاتر گەمژاندن کردویانە بەو هات و هاوار و قڕەقڕە، ژمارەی بینەرەکانیان بۆ ئەو نوسینە زیاتر کردووە.
کەی ئیسلامچییەکان توانیان یەك ئیسلامی یەك مانا و یەك تەفسیر پێک بهێنن، ئەوسا دەکرێت بزانرێت ئەوە کێ یە سوکایەتیی بە ئیسلام و پەیامبەرەکەی دەکات؟!.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت