سەرکۆ یونس: هۆشیاری دارایی لەلای منداڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هۆشیاری دارایی یەکێکە لە گرنگترین کارامەییەکانی ژیان، کە منداڵ دەبێت لە تەمەنێکی بچووکدا بەدەستی بهێنێت. بەتایبەتی لە بارودۆخ و ڕۆژگاری ئەمڕۆدا کە تێیدا پەرەسەندنی خێرا و هۆشیارییەکی گەورە لە ژیاندا ئەزموون دەکرێت، بەتایبەتی کە بەکارهێنانی پارە لە پێویستییەسەرەکییەکانی ژیانە و لەڕێگەی پارەوە زۆربەی پێداویستییەکان دابین دەکرێت، منداڵ درک بەوە دەکات کە پارە شتێکی جەوهەری و گرنگە لە ژیانیدا بۆ ئەوەی شتەکانی بەدەست بهێنێت، بەڵام نازانێت چۆن و چەند پارە دەبێت بەدەست بهێنرێت. بۆیە دەبێت منداڵ فێری ئەوە بکەین کە دادپەروەرانە مامەڵە لەگەڵ پارەدا بکەن، فێریان بکەین چۆن پارە سەرچاوەیەکی گرنگە بۆ بەدەستهێنانی پێداویستیەکانمان، هەروەها فێریان بکەین سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی پارە لەکوێوە دێن، شێوازی خەرجکردن و بڕەکەی گرنگترینە بۆ ژیان پێکەوە، هەروەها پێویستە مناڵەکانمان بەشێوەیەک تێبگەیەنین کەپارە هۆکارە بۆ ژیان، نەک مەبەست بێت.
لەژیانی ڕۆژانەی ئێستاماندا یەکێک لە گرفتە سەرەکییەکانی خێزانەکان، بابەتی فرەخەرجی و نەبوونی هۆشیاری دارایی یە بەگشتی و لەلای مناڵەکانمان بەتایبەتی، وەزارەتی دارایی ئەمریکا بە هاوکاری ناوەندە جۆربەجۆرەکانی توێژینەوە، توێژینەوەیەکیان ئەنجامدا بۆ زانینی پێداویستی تەمەن بۆ پەروەردەکردنی منداڵ لەڕووی داراییەوە، تێگەشتن لەچەمکی دارایی و پارە بۆ هەر قۆناغێکی منداڵییان، ئەنجامی توێژینەوەکەیان بەم شێوەیە بوو: منداڵ لە تەمەنی 3 بۆ 5 ساڵ دەبێت لە چوار چەمکی بنەڕەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پارە تێبگات، ئەوانیش:
یەکەم/ ئێمە پێویستمان بەپارەیە بۆ کڕینی ئەو شتانەی کە پێویستمانە.
لەم تەمەنەدا منداڵ دەبێت درک بەبەهای ڕاستەقینەی پارە بکات و جیاوازی بکات لە نێوان بەهای دراوە جیاوازەکاندا، هەروەها دەبێت جیاوازی نێوان بڕی پارە و بڕی ڕاستەقینەکەی فێربێت، بۆ نمونە، یەک دۆلاری ئەمەریکی زیاترە لەچەندین یەکەی دیناری ئێراقی، هەروەها هەموو شتێک کە بەڕاستی پێویستمانه بەپاره ناکڕین، بۆ نمونه خۆراک و جلوبەرگ و پێڵاو دەکڕین، بەڵام ناتوانین هاوڕێ و تەندروستی و خێزان بکڕین، تەنانەت ئەگەر پێویستمان پێی بێت.

دووەم/ پێویستە کار بکەین بۆ ئەوەی پارە بەدەست بهێنین.
لەئاسمانەوە پارە نابارێت، بۆ نمونە باوکێک ساڵانە دووجار دەتوانێت منداڵەکەی لەگەڵ خۆی ببات بۆ شوێنی کارەکەی، وای لێبکات ڕۆژێکی تەواوی دەوام لەگەڵیدا بەسەر ببات و ڕێگەی پێنەدات کاتەکانی بە یاریکردن و گاڵتەوگەپ بەسەر ببات، بۆ ئەوەی منداڵەکە بەچاوی خۆی بزانێت کە هەندێک سەرچاوە هەیە بۆ بەدەستهێنانی پارە کە هەوڵێکی زۆری دەروونی و جەستەیی لێمان دەوێت، بۆیە هەست بە بەهای پارە دەکات و هەروەها پێویستی باوکی بۆ پشوودان بەرز دەنرخێنێت لەماڵەوە کاتێک لە کار دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی لە ڕۆژانی دواتردا پارە وەربگرێت.
لەم چەمکەوە دایکان و باوکان دەتوانن منداڵەکانیان فێری فرەچەشنی جیاوازی پیشەکان بکەن و بەمەش فرەچەشنی سەرچاوەکانی بەدەستهێنانی پارە، بەرگدروو لە ڕێگەی چنینەوە پارەی دەست دەکەوێت، پۆلیسەکە لە بەرامبەر پاراستنی مرۆڤ و ماڵ و موڵک و دارایی ئەواندا بەدەستی دەهێنێت، مامۆستا پارەکەی لەپەروەردەکردن و فێرکردنی خەڵک و هتد، ئەم پەروەردەیە خۆشەویستی منداڵ بۆ فێربوونی پیشەجیاوازەکان بەهێز دەکات، بەم شێوەیە تۆ زیاتر ڕەچاوی و بیرکردنەوە لە کارەکەی داهاتوو دەکەیت، کە ڕەنگە ئارەزووی بکات. لە هەمان کاتدا ڕەنگە منداڵەکانمان لە تەمەنێکی بچووکەوە وای لێ بکەین کە بتوانن بە هەندێک شت و لە ژێر چاودێری باوک و دایک دا پشت بەخۆیان ببەستن، بۆ نمونە ئەگەر منداڵێک یارییە کۆنەکانی هەبێت و چیتر نەیویستووە و بیەوێت نوێ بکڕێت، دەتوانین بیرۆکەی فرۆشتنی ئەم یارییە کۆنانەی پێشکەش بکەین تا بتوانێت بە بەهای یارییە نوێیەکان بکڕێت. ئەگەر بڕە پارەکە کەمیش بێت، بەڵام ئەمە بەڵێنی سوودی دارایی و متمانەی زۆر بە منداڵەکە دەدات، هەروەها دەست دەکات بە فێربوونی پشتبەستن بەخۆ لە هەندێک لە کاروبارەکانیدا.

سێ یەم/ دەبێت چاوەڕێ بین پێش ئەوەی بکڕین.
ئەگەر منداڵەکە ویستی هەندێک شت بکڕێت کە دەتوانرێت دوابخرێت بۆ کاتێکی تر، دەبێت ئاگاداری بکەینەوە بۆ نموونە ئەگەر دایک و باوکەکە لەڕێگای خۆیان بوون بۆ لای پزیشک، منداڵەکە دەیەوێت یارییەک بکڕێت، دەبێت دایک و باوکەکە بۆی ڕوون بکەنەوە کەئەگەر ئێستا وەستان بۆ کڕینی یارییەکە، چاوەڕێی نۆرەیەکی زۆر دەکەن، هەر بۆیەش دوادەکەون لە چاوپێکەوتنەکەیان، و ناتوانن دەرمان بۆ چاکبوونەوە وەربگرن، و دەرمانەکە لەم کاتەدا گرنگترە لە کڕینی یارییەکە، بۆیە منداڵەکە بەهای کات و پارە پێکەوە درک پێدەکات.

چوارەم/ جیاوازی هەیە لە نێوان ئەوەی ئێمە دەمانەوێت و ئەوەی پێویستمانە.
دەبێت منداڵ فێری جیاوازی نێوان پێداویستییە سەرەکییەکان و شمەکە جوانکارییەکان بێت، بۆ نموونە منداڵەکە لەگەڵ خۆمان دەبەین بۆ دووکانی خواردن و لەلایەوە دەست پێدەکەین بەوەی کە دەپرسین: “سەرەکیترین شتەکان چیین کە پێویستمانە؟ یان لێی دەپرسین: “لە ماڵەکەدا چیمان کەم بووە؟ بەم شێوەیە منداڵ دەست دەکات بە بیرکردنەوەیەکی ئەقڵانی، لە چەمکی پێویستی بۆ شتێک بە باشی تێدەگات و دەتوانێت پێداویستییەکان بەپێی گرنگی و ئەولەویەت ڕێکبخات و جیاوازی دەکات لە نێوان پێداویستییە سەرەتایی و لاوەکییەکاندا، هەروەها لە نێوان ئەوەی ئێمە پێویستمانە بۆ ماڵ و ئەوەی ئەو دەیەوێت بە تایبەتی، دوای کڕینی کەلوپەلی پێویست، دەتوانین وا لەمنداڵەکە بکەین هەندێک لەو کەلوپەلانەی کەخۆی دەیەوێت بکڕێت، بۆیە نامانەوێت لە پێداویستییەکانی بێبەش بکەین، چونکە زۆر گرنگن بۆی.
ئەمانەی سەرەوە گرنگترین هەنگاون کە منداڵ دەتوانێت لەم تەمەنەدا فێری ببێت دەربارەی پارە، ئەمەش وای لێدەکات بتوانێت بەشێک لە کاروباری دارایی خۆی بەخۆی و لەژێر چاودێری دایک و باوکیدا بەڕێوەببات، بەتایبەتی ئەگەر لەسەرەتاوە منداڵەکانمان فێری پاشەکەوتکردنی پارەیان بکەین بەدانانی سندوقی بچوک(دەغیلە).
بە ئومێدین منداڵەکانمان زیاتر تێ بگەیەنین بەشێوەی زانستی و لۆژیکی، کە پارە گرنگە بۆ ژیان و بۆ بەردەوامبوون لەژیان.

* ئابوریناس

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت