ئارام سەعید: ئایا نەوشیروان مستەفا جەلالی بوو؟

وتاریکورد ماڵپەرێکی سەربەخۆ و ئازادە

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پرسیاری جەوهەری سەبارەت بە دروستبونی گۆڕان!
ئەگەر لاپەرەکان هەڵبدەینەوە زۆر گوتاری نایاب و جوان دەبینین لەسەر ئەوەی گۆڕان بۆ دروست بوو،چۆن سەریهەڵدا؟ بەرنامەکانی و تێروانین و دونیابینی گۆڕان چی بوو، بۆخۆم لەنزیکەوە ئەو کەسانەم بینیوە کە قوربانیان داوەو خەونی گەورەیان هەبوە بە گۆڕینی دۆخی کوردستان و بونیادنانی حوکمڕانیەکی باش، رەنگە شاهیدی زۆر لەهەنگاوەکانی گۆڕان بوبێتم، بۆیە من نامەوێت بچمەوە سەر ئەو تێروانینانە و خوێندنەوەی پێشوو بۆ بزوتنەوەی گۆڕان.
لەسیاسەتدا هەمیشە دەگوترێت کە ئەنجام گرنگە، واتە ئەوەی هێزێکی سیاسی پێی دەگات و ژمارەی ئەو کورسیانەی بەدەستی دەهێنێت دەتوانێت نزیکی بکاتەوە لەوەی کاریگەر بێت و گۆرانکاری دروست بکات… رەنگە ئەم شیکردنەوەیەی من هەندیک پێی نیگەران بن یان بەهەڵەی بزانن، بەڵام دەتوانن ئەوانیش پێچەوانەکەی بسەلمێنن.
سەرەتای گۆڕان بە سەرکردایەتی و دەستپێشخەری کاک نەوشیروان بوو،هەرگیز ناتوانین نکوڵی لە تواناکانی کاک نەوشیروان بکەین، کە تیروانینی ستراتیژی و قوڵیی هەبوو بۆ هەرێم و ئایندەی، کەسایەتیەکی گرنگی میژووی خەباتی سیاسی کوردایەتی بوو، نوسەرێکی بەتوانا بوو، سیاسیەکی راشکاو دڵسۆزبوو، هەندێک جار ئەو ئەودڵسۆزیەی بە وتەی توند دەردەبڕی و هەندیک وەک توڕە وەسفیان دەکرد، بەڵام لە راستیدا تورەبونەکانی لە دڵسۆزیەوە بوو بۆ برواکانی خۆی.
راستە هەرگیز کاک نەوشیروان تەنیا نەبوو، هەمیشە کۆمەڵێک هاوڕی و کەسی نزیک لێوەی بەشداربون لەگەڵیی و قوربانی گەورەیان داوە، دواتر کە باڵی ریفۆرم بریاریان دا بێنە ناو گۆڕانەوە بوون بە بەشێکی چالاک لە بزوتنەوەکە و کاک نەوشیروان پێی دەگوتین پەلەمەکەن لە هاتنی ئەوان؟ ئەگەر بێنە ناو گۆڕانەوە هەر ئەبنەوە بە مەکتەبی سیاسی بەسەرگەنجەکانەوە!
بۆئەوەی بچمە ناو باسەکەوە گرنگە هەندێک لەسەر مێژووی پێشوی کاک نەوشیروان و مام جەلال بڵێم، لەسالانی شەستەکاندا کاتێک ئیبراهیم ئەحمەد و باڵی مەکتەبی سیاسی لە پارتی جیابونەوە هەرچەندە سەرکردەی دیاری ئەو جیابونەوەیە ئیبراهیم ئەحمەد بوو، بەڵام ئەو باڵە بە جەلالیەت ناسرا بەهۆی کاریگەری و چالاکیی مام جەلالەوە، ئیتر لەوکاتەوە جەلالیەت بووە رێبازێک کەبەرامبەرپارتی وەستایەوە و بە ڕێبازی مەلایی ناو دەبرا. ئیتر سەرکردەکانی شۆڕش شانازیان بەمەلای و جەلالیەوە دەکرد.
کاک نەوشیروان لە گۆڕاندا هاوسەنگی نێوان هەردوو لایەنی کادرە کۆنەکانی یەکێتی و گەنجە تازەکانی راگرتبوو ستراتیژ و هەڵویستەکان زۆربەی لەلایەن خۆیەوە دادەرێژرا، هەرچەندە پرس و ڕای زۆر دەکرد، بەڵام بڕیاڕی کۆتایی لای خۆی بوو. دەیویست زۆرترین کاریگەری دروست بکات و بزوتنەوەیەکی بەهێز پێک بهێنێت و لەم خەونەدا دەیان و سەدان سەرکردەو و سەدان هەزار هاوڵاتی ئومیدیان لەسەر هەڵچنی کە خەونەکانیان بێتە دی تەنانەت بەشێکی زۆریش لە سەرمایەدارەکان بروایان وابوو ئەو گۆرانکاریە دەکرێت و پشتیوانیان کرد.
بەدرێژایی ئەو ماوەیەی گۆڕان دروستبوو نە مام جەلال توانی یەکیتی بهێنیتەوە مەیدان وەک پێشوو نە کاک نەوشیروان توانی بزوتنەوەی گۆڕان بەبەهێزی بهێڵێتەوە، هەربۆیە هەردولا هاوپەیمانیەتیان لەگەل پارتی تاقیکردەوە دژی یەکتر، بەڵام دەرئەنجام دەگەرانەوە لای یەکتر.
کاک نەوشیروان بەلایەوە گرنگ بوو مام جەلال گوێی لێ بگرێت، چونکە بەشی زۆری وازهێنانی کاک نەوشیروان لەیەکێتی ئەوەبوو ماوەیەکی زۆر بوو مام جەلال گوێی لە سەرنجەکانی نەدەگرت لەسەر یەکێتی و جەلالیەت، کاک نەوشیروان لەمام جەلال توڕەبوو، یاخی بوو بەلام هەرگیز ڕقی لێی نەبوە و زۆر جار لە قسەکانیدا ئەوە بەدی دەکرا.
لەجەوهەردا کاک نەوشیروان دەیویست مام جەلال توڕە بکات، دەیویست نیگەرانی بکات، بەڵام هەرگیز لەگەڵ ئەوەنەبوو لە ئێسقانی بدرێت، پێی وابوو مام جەلال لە مەبدەئی جەلالی دووردەکەوێتەوەو هەوڵی دەدا بەسەختی بەرگری لە جەلالیەت بکات. کاک نەوشیروان وابیری دەکردەوە کەیەکێتی نابێت نزیک بیتەوە لە بیرکردنەوەی پێشوی مام جەلال کەئەویش مەلایی بوو، بەم پێەیەش دەتوانین بڵێین کاک نەوشیروان جەلالیتر بوو، دەیویست مام جەلال بگەڕێتەوە بۆ جەلالیەت و پێکەوە کاربکەن.
لە کۆتاییەکاندا بریاریان دا دابنیشن و قسەبکەن جاریکی تر پێکەوە کاربکەن کەئەویش بەر لە دواسەفەری مام جەلال بۆ بەغدا و نەخۆشکەوتنی یەکتریان بینی و بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی کاک نەوشیروان باسی دەکرد لەسەر زۆر خاڵ رێکەوتبون چونکە مام جەلال جاریکی تر بێ ئومێد بوەوە لەپارتی و بریاری دا بەرەیەکی بەهێز لەبەرامبەر پارتیدا دروست بکات کە دەکرێت رێکەوتنی دەباشان سەرەتای ئەو هەنگاوە بووبێت.
کەسێتی هەردوو سەرکردە کاری کردبوە سەر هەیکەل وپێکهاتەی یەکێتی هەمیشە لەهەڵویستەکاندا و سیاسەت دارشتنیاندا دەستوپەنجەیان بەشیوەیەک دیاربوو ئەگەر یەکێکیان بریارێکی بدایە یان هەلوێستێکی بنواندایە بێ ئەوی تر هەست دەکرا جۆرێک لە نوقسانی بەدی دەکریت دێمەوە سەر ئەوەی لەدوای وازهێنانی کاک نەوشیروان هەمیشە مام جەلال بۆشایی جێگای کاک نەوشیروانی پێوە دیاربوو، بەپێچەوانەشەوە کاک نەوشیروانیش هەمیشە مام جەلالێکی پێویست بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت