دلێر محەمەد نوری: ئەمن و مۆزەخانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

دەزگای ئەمنی و ئاسایش بۆ ئەوە دامەزراوە کە ئەمن و ئاسایشی خەڵکی بپارێزێت، بەڵام کاتێک خۆی ئەبێت بە تێکدەری ئەمن و ئاسایش، ئەوا وا دیارە سەریی بۆ بوون بە مۆزەخانە ئەخورێت.
دەزگا ئەمنییەکان هەتا ئەو شوێنە ڕێزلێگیراو و جێگەی شانازین کە بە ناوهێنانیان قامچی و کێبڵ و بوتڵ تێبڕین و کارەبات بیرنەخەنەوە. کاتێکیش ببن بە جێگەی ئیهانە بە مرۆڤ و ئەتککردن و ئەشکەنجە و ئازاردان ئیتر مرۆڤەکان بیر لە لەکارخستنی ئەخەن و بیر لە گۆڕینی ئەکەنەوە بۆ مۆزەخانە.
کەمپی ئاوش-ڤیتس لە وڵاتی پۆڵندا، یەکێک بوو لە کەمپە هەرە گەورەکانی نازییەکان بۆ لەناوبردنی جووەکان. لە نێوان ساڵانی 1940-1945 بە تەنها لەم کەمپە زیاتر لە 1ملیۆن مرۆڤ به ئەشکەنجەو خنکاندن بە کازی ژەهراوی گیانیان لە دەستدا. ئەگەر هیتلەر شانازییەکی کرد بێت هەر ئەو ژمارە زۆرەی کوشتن بووە لەو کەمپەدا. لە دوای ئەو سەردەمەوە تاوەکو ئەمڕۆ چەندین پێنج ساڵی بە سەر ئەو کەمپەدا تێئەپەڕێ و لە جێی هەر ملیۆنێک، ساڵانە ملیۆنان مرۆڤ بۆ ڕیسواکردنی ئەو شانازییەی هیتلەر ڕوو لەم کەمپە ئەکەن. ئێستا ئەم کەمپە هەم مۆزەخانە و هەم ناوەندێکی گەورەی گەشت و گوزارە.
لە باشووری کوردستانیش ئەمنە سورەکەی سلێمانی بەناوبانگترین دەزگای داپڵۆسێنەری بەعس بوو لە سەرتاسەری عێراق. ئەگەر چی ئەم باڵەخانە سوورە لە ساڵی 1979 بە ناوی بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵ دروستکرا، بەڵام هەر زوو گۆڕا بە دەزگایەکی ئەمنی کە ڕۆژانە شۆڕشگێڕ و ناڕازی تیا ئەشکەنجە و ئازار دەدرا. ڕەنگە ڕۆژگارێک بەعس زۆر سەرسام بووبێ بە چالاکی زۆری ئەم دەزگایە لە داپڵۆسین و ئەتک کردنی شۆڕشگێڕان، بەڵام هەرگیز بیری بۆ ئەوە نەچووبێ کە لە ڕۆژێکی بەهاری 1991دا، 700 – 800 ئەمن و سەرباز لەو بینایەدا بکوژرێت. دواتریش ئەم بینا سوورە دەکرێ بە مۆزەخانە و بۆ هەتایە ئەمنەسوورەکە و ئەشکەنجە و ئازار دەبن بە دووانەی لێک دانەبڕاو.
ئەمنە سوورەکەی جاران و مۆزەخانەی ئەمنەسورەکەی ئەمڕۆ، یەکێکە لەو نموونە زیندوو و بەرچاوانە بۆ دەزگا ئەمنییەکانی کوردستان کە دەبوو لە هەر دەست بەرزکردنەوەیەکدا، لە هەر تف تێکردن و جنێودانێکدا، لە هەر کێبڵ وەشاندن و بوتڵ تێبڕینێکدا تەماشایەکی ئەمنە سوورەکەیان بکردایە، کە لە جێی گیراوانی سیاسی بووە بە جێی گەشتیاران بۆ ڕیسواکردنی ڕابردووی ئەمنەسوورەکە. دەبوو هەر کارمەندێکی ئاسایشی کوردی بەر لە دەست بە کاربوونی، سەرێکی لە ئەمنەسورەکە بدایە، بۆ ئەوەی بیزانیایە کە هەتا ئەمنەکان سورتربن لە سەر ئازاردان و ئەشکەنجەدانی مرۆڤەکان، نزیکتر ئەبنەوە لە بوون بە مۆزەخانە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت