بەختیار شارەزوری: 100ساڵەی لۆزان لە نێوان پەیمانی پیرۆز و (ک. ن. ک) دا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

سەد ساڵەی لۆزان لە ئێستادا بوەتە سەکۆیەک بۆ دەرکەوتن و گەڕانەوەی کورد بۆ پەیمانێک کە غەدرێکی مێژویی لە کورد کراوە دوای ئەوەی پەیمانی لۆزان پەیمانی سیڤەر هەڵدەوشێنێتەوە، دەکرێ خوێندنەوەی زانستی نوێی لەبارەوە بکرێت، نەک بە گەڕانەوە بۆ ڕێککەوتنەکانی ڤێرسای و سایکس بیکۆ و سیڤەر و لۆزان، بەڵکو بەوەی لە ئێستادا دەکرێت کورد چی بکات، بە تایبەت کە دەوترێت لە بەندەکانی ڕێککەوتنی لۆزاندا هاتوە، دوای سەد ساڵ ئەم ڕێککەوتنە هەڵدەوەشێتەوە و کۆتایی دێت.
لە ئێستا لە نێوان کورد و تورکدا باسی رۆژ و هەڵوێستە ئیعلامیەکانی سیاسییەکان باسی 100 ساڵەی لۆزانە بە تایبەت تورکەکان کە خەونی گەڕانەوەی فراوانخوازی و گەڕانەوە بۆ عوسمانی یەکێکە لە کارتە هەنوکەییەکان، دەکرێ لایەنی تورکی بە چەند خاڵێک ڕون بکەینەوە:
1. تورک خۆشی باش دەزانی کە هەرگیز ناتوانێ بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی جوگرافیای کۆنی عوسمانی دوای تەواو بونی کاتی ڕێککەوتنی لۆزان بگێڕێتەوە، بەڵام پێیوستی بەو کارتەیە کە بەرامبەر بە وڵاتانی زل هێز و وڵاتانی دراوسێی بەکاری بهێنێت.
2. تورک دەیەوێ موسڵ و حەلەب وەک خاڵی سەرەتا دەست پێ بکات پاشان بۆ ئاوەکانی یۆنان و ئەوانی تر، بەڵام باردۆخی گشتی و پەیوەندییەکانی ئێستای وڵاتانی زل هێز و جەمسەرگیری هەرگێز ڕێگە نادا تورک ئەم یاریە بکات و خۆشی دەزانی کە بە پێێ بڕیاری نێودەوڵاتی هەر وڵاتێ پشێوی کەوتە وڵاتانی دراوسێیەوە دەتوانێ تا 40 کم داوای پاراسنی ئاسایشی سنوری بە پێێ ڕێککەوتنە جیهانییەکان بکات.
3. تورک پێویستی بە دروستکردنی خەون هەیە، تا کێشە ناوەکییەکانی پێ بشارێتەوە و یەکێتی ناوەکی خۆی بەهێز بکات، لەم کاتەدا ئەمە مەبەستی سەرەکییەتی.
4. هیچ ڕێككەوتنێکی مێژویی بە تایبەت دوای جەنگە جیهانییەکان ناتوانرێ وەک خۆی جێبەجێ بکڕێت دەکرێت لە ناو سنوری جوگرافییەکەیدا هەندێ کار بکات، بەڵام بۆ فراوان خوازی ناتوانێ هیچ شتێ بکات.

لە بەرامبەردا کورد دەتوانێ چی بکات:
1. کەیسی کورد و کوردستان ئێستا بوەتە ژمارە لەسەر نەخشەی سیاسی و ئابوری جیهان و جیهانیش لەسەر نەخشەیەکی تری ململانێکان و جەنگەکان و ئابوریدایە، بە جۆرێک کەوتوەتە سەر هێڵی بەرژەوەندی وڵاتە زل هێزەکانی جیهان.
2. بۆ کوردیش هیچ شتێکی ئەوتۆی لێناکەوێتەوە، بەڵام دەتوانرێ وەک خاڵی بەهێزکردنی یەکێتی ناوەکی بەکاربهێنرێت، چونکە تا ئێساش کورد قۆناغی خێڵی بەروەو نەتەوەبون نەبڕیووە، تەنها ئەوندە نەبێت لە خێڵەوە بوەتە حیزب، بەڵام بەهەمان ئەقڵی خێڵگەراییەوە و نەچوەتە قۆناغی نەتەوەییەوە تا هێڵی قوڵی ستراتیژی نەتەوەیی دیاری بکرێت، ئەگەرچی باڵادەستی وڵاتانی دژە کوردی ڕۆژهەلاتی ناوەڕاست هۆکاری سەرەکی بون لە ناوخۆشدا جاش و بەکرێگیراوەکان.
3. کورد دەتوانێ ڕوو لەو وڵاتە زل هێزانە بکات کە لە ڕێککەوتنی لۆزاندا غەدریان لە نەتەوەی کورد کردوە، وەک کارتی گوشار بەکاری بهێنێ.
4. کۆبونەوەی گشتی و سیمینار و پانێڵ و چاوپێکەوتنی کاربەدستانی وڵاتان گرنگیەکی ئیعلای و سیاسی و دیبلۆماسی گرنگی هەیە کە کورد بتوانێ کاری لەسەر بکات.

با بپرسین ئەی ک. ن. ک دەتوانێ چی بکات:
لە مێژودا کورد دابەشبون بەسەر هێزە گەورەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستا هەر لە چاڵدیرانەوە تا میرنشینەکان و لە چوار چێوەی هۆز و جوگرافیاداو لەژێر کۆنتڕۆڵی وڵاتێکی زل هێزدا فەرمانڕەوایی کردوە، ئەوەی لە مێژودا وەک سەرەتای قۆناغی یەکێتی نەتەوەیی دەبینرێ و دەکرێت وەک بانگەوازێکی نەوتەوەیی لێی بڕوانین (پەیمانی پێرۆز)ە کە میر بەدرخان میری میرنشینی بۆتان کە داوای لە میرەکانی تر کرد لە چوارچێوەی پەیمانی پیرۆزدا یەک هەڵوێست بن بەرامبەر بە دەوڵەتی عوسمانی، لە ئێستادا دەتوانرێت بە پێی باردۆخی ئێستا و گۆڕانی ململانێی هێزەکان و جۆری پەیوەندی وڵاتانی زل هێز و ناوچەیی وەک درێژکراوەی هەمان پەیمانی پیرۆز کار لەسەر پەیمانێکی تر بکرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت کورد وەک نەتەوە پێشانی جیهان بدرێت.
ک. ن.ک وەک تاکە ڕێکخراوێکی گەورە و کاریگەر دەتوانێ هەمو هێزەکان و ڕەنگ و دەنگەکان کۆبکاتەوە لە چوارچێوەی پەیمانێکدا و بۆ یادی 100 ساڵەی لۆزان بتوانێ بە جیهان بڵێ کە ئێمە ئەو نەتەوەیەین لە بەردەم غەدری جیهان و مێژودا خەبات دەکەین لە پێناو مافی نەتەوەیماندا لە چوارچێوەی بەندەکانی نەتەوەیەکگرتوەکان و مافی نەتەوە و گەلاندا، بەڵام ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە ک. ن. ک دوبارەبونەوەی کۆبونەوەی هۆز نەبێت لە چوارچێوەی فۆرمێکی تردا، بەڵکو ئەجێندای نەتەوەیی هەبێت گەورەتر لە دۆسییەی نەتەوەیی بڕوانێت.
دوا جار دەبێت ئەوش لە بەرچاو بگرین کە لە سوڵتان مەحمودی دوەمەوە تا ئەردوغان ئەوەی هەیە تەنها شۆڕشی بەرخودان توانیویەتی بونی کورد بسەلمێنێ نەک گۆڕانکاری لە هەڵوێستی دەوڵەتدا لە عوسمانیەکانەوە تا تورکیای ئێستا و لە داگیرکاری وڵاتە زلهێزە براوەکانی جەنگی جیهانی یەکەم و دوەمەوە هەمان سترایتژی بەرژەوەندی و دروستکردنی کارت و فرۆشتنیان هەیە، هیوادارین ک. ن.ک بتوانێ کورد لە کارتی فرۆشتنی ولاتانەوە بکاتە کۆبونەوەیەکی جدی و نەتەوەیی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت