ڕێژوان دیاری: ژن وەك هێڵی بەرگری.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لەم نیشتمانە بوونی هەیەو ڕوونە لای هەمووان، هەر تاوانێک بەرامبەر بە ژنان دەکرێ، خێرا و بێ دوودڵی بیر لەوە دەکرێتەوە و بڕیار لەسەر ئەوە دەدرێ کە ئەگەر ژنێک خۆی ڕێگا خۆشکەر نەبێ بۆ هەر کارێک و توندوتیژییەک کە ڕووبەڕوی دەبێتەوە، ئەوا هیچ پیاوێک ناتوانێ لە دورەوە بە چاوێکی خراپ تەماشای بکات، چ جای بگاتە ئەوەی بتوانێ زاتی ئەوە بکات توندوتیژی بەرامبەر ژن بنوێنێ. بۆ نمونە:
لە کۆمەڵگەی کوردی ئەگەر بتەوێ بە دڵی خۆت بە تەنها تا دەرەوە بچی و پیاسەیەک لە سەریی کۆڵانەکەی خۆتانەوە تا بازاڕ و دوایش پارکەکەی تەنیشت ماڵی خۆتان تاقیبکەیتەوە، تۆ سەیرکەن خەڵکینە کچی فڵان کەس یاخود ژنی فڵان کەس بە دڵی خۆی دێ و دەچێ، ئەی لەوە قاوەش دەخواتەوە لەگەڵ برادەرەکەی، ئەگەر لەو ناوەشدا لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەرەوە تانە و تەشەرێکی ئاڕاستە کرا، ئێ خۆی هۆکار بوو با نەچوبایە لەو شوێنە هاتووچۆ بکات، یاخود جلێک بە دڵی خۆت بپۆشی، یاخود یاخی ببی لە کۆمەڵێک یاسا و نەریتی کۆمەڵگە.
خۆ ئەگەریش ژنێک لەگەڵ مێردەکەی نەگونجێ و بیەوێ لە مێردەکەی جیا بێتەوە، ئۆی جا ئەگەر ژنێکی باش و عەسڵ زایە بوایە هەرگیز تەڵاق نە ئەدرا. یاخود کچێک بیەوێ بەدڵی خۆی هاوسەرگیری بکات، هەڵبەت ئەبێ لەبەر چاوی خانەوادەکەی وا نمایش بکات کە پێشتر یارنەبوون پێکەوە.
یەکێکی تریش لە دیاردە ناشرینەکانی ناو کۆمەڵگای کوردی، ئەگەر هاتوو پڕ بەدڵی خۆی پێبکەنێ، بەخوا ئەم کچە تەواو نیە، یان ئەوەتا شێت بووە، یاخود لە سەرەتاوە فێری ئەوە نەکراوە کە نابێ دەنگی ژن بگاتە ماڵە دراوسێکەی. لەگەڵ بوونی ئەم هەموو تانە و تەشەر و کردانە. ئەگەر بێت و لە کۆتاییدا ژنێک پەنا بۆ خۆ لەناو بردن ببا، کە ئەمە بونیەتی، مرۆڤە هەندێ جار ئەگات بە خاڵێک خۆی، بەبێ دەستەڵات ئەبینێ، بەبەبێ هیچ بیرکردنەوەیەک، بە بڕیارێکی ڕەها دەوترێ کە گوایە لەسەر بێ ئەخلاقی کوژرا. یاخود کارێکی کردوە، نەیویستوە چواردەوری پێی بزانن، یاخود کارێکی کردوە شەرەفی بنەماڵەیەکی لەکەدار کردوە، خۆ هەر ئەبوو ئەم کارە بکات یان بیکوژن.
ئەمانەو چەندین شتی دیکەش لێرە بونیان هەیە کە هەمیشە تۆی ژن دەبێ لە هێڵی بەرگری بۆستی بۆ ئەوەی بیسەلمێنی کە ئەگەر خۆت ڕێ بەهەر یەکێک لەم توندوتیژیانە نەدەی هەرگیز ڕووبەڕووت نابنەوە.
ئێستا پەسیارەکە ئەوەیە:
هەتا کەی ژن لە هێڵی بەرگری ڕاوەستێ؟!
هەتا کەی ژن تاوانبار کردن بەرامبەر هەموو کردەکان؟!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت