عەبدولکەریم شێخانی: زۆڵەکورد و زۆڵەشەڕ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکە و پرتکە – بەشی چلهەم.
زۆڵ, لە ناوچەى سلێمانی و هەندێک ناوچەی دیکە بۆ منداڵی باوک نەناسراو بەکاردێت و بیژى و بیژوو هەر بۆ هەمان مەبەست خەڵکی بە منداڵی باوک نەزانراوى دەڵێن, یان بەو جۆرە منداڵانە دەڵێن حەرامزادە، واتە بە حەرامی و ناشەرعی لەدایک بوون.
جارى وا هەیە وشەى (بیچ) یشی پێ دەڵێن و من لە کۆیە زۆر جار گوێم لێ بووە بە بیژییان گوتووە بیچ و من بە تورکیم دەزانی و بۆ دڵنیا بوون لە کاک ( ئەحمەد ئیسماعیل )م پرسی کە تورکیی باش دەزانێ و گوتی تورکییە. هەندێک دەنکە نۆک کە وشک دەبن ڕەنگیان قاوەییهو لە دەنکەکانی دیکە بچووکترن لەسلێمانی پێی دەڵێن (زۆڵک). و لەکۆیەو ناوچەی هەولێر و گەلێک ناوچەی دیکە پێی دەڵێن ( بیژۆک ). زۆرجار بەکەسانی زیرەک و وریاش دەگوترێ (زۆڵ) یان ( بیژی) و لە مانا حەیابەرەکەى دەردەچێت و پەسنێکی جوان بە کەسەکە دەبەخشێ. جارێکیان بابەتێکم نووسی ڕەنگە بێ سوود نەبێ و لەم نووسینە دووبارەى دەکەمەوە و دەڵێم ئەگەر سوودیشی نەبێ زیانی نییە وەکو عەڕەب دەڵێن (فی الإعادة إفادة ). کاک حەمە فەرەجی مەلا سمایل باوکی مامۆستا فەرەیدوونی زیندەوەرزانی و مامۆستا فؤاد کە پیاوێکی قسەخۆش و ئەدەب دۆست بوو و شیعرى زۆرى لەبەربوو و جوانیش دەیخوێندنەوە و هەمیشەش جگەرە بە لالێویەوە بوو, ئەم سەرگوزەشتە خۆشەی بۆ گێڕامەوە و گوتی:
ئەندامی لیژنەی فەحسی تووتن بووم لە قەڵادزێ و سەرۆکی لیژنە غەفوراغا بوو. تووتنی ئاغایەکی پژدەرێمان فەحس دەکرد و پێشی ڕاگەیانبووین کە بۆ نانی نیوەڕۆ لە ماڵی ئەوانین. ڕۆژەکەی زۆر سارد بوو تفت هەڵدایە دەیبەست. کابرایەکی ئینگلیزیش لەگەڵ ئێمە دەعوەت کرابوو و ناوەکەی وەک لەبیرم مابێ لەچمەن، یان چەکمەن بوو. نیوەڕۆ کە چووینە دیوەخانی ئاغا سۆبەى دار نێڵە نێڵ دەسووتا و ژوورێکی گەرم و خۆش. نانی نیوەڕۆ سەروپێیەکی ئاغایانە بوو. دوای نان خواردن زۆپا دامردەوەو بە ئەستیوێک ( ئەستیو لە خاکەناز بچووکترەو لەئاسن دروست دەکرێت و ئەستووریشە و هەردوو لاى هاتۆتەوە یەک بۆ ئەوەى کە پشکۆ ئاگری سۆبە دەردێنن نەکەوێتە خوارەوە ) پشکۆی ناو سۆبەیان کردە مقەڵەیەک. پشکۆگڕێکی شینی جوانی لێ بەرز دەبۆوە. ئینگلیزەکە گوتی: باشە من ئینگلیز و ئێوە کورد ئەو شتە چەند ناوی هەیە. یەکێک گوتی پشکۆ, یەکێکی دیکە گوتی پۆلوو( لەناوچەی پژدەر واى پێ دەڵێن ), یەکێکی دیکە گوتی سکڵ وەک ناوچەى شارەزوور. ئیدى وەستاین. گوتی چیدیکە؟ گوتیان هەر ئەوەندەیە. گوتی نەتانزانی, ( پەنگر) یشی پێ دەڵێن. لەڕاستیدا لە خۆشناوەتی و ناچەی ڕواندزیش واى پێ دەڵێن. یەکێک پێی گوت بەخوا زۆڵی. یەکێکی دیکە پێی گوت ئاگات لیزەکە گوتی: مەبەستی ئەوە نییە, ئەگەر یەکێک زیرەک بێ کورد پێی دەڵێ زۆڵ. یەکێکی دیکە گوتی ئینجا سەلماندت کە زۆڵی.
زۆڵە کورد بەهەموو ئەو کەسانە دەڵێن کە دژى ئامانج و ئاواتی گەلەکەیان بوون و دەبن، جا بە هەر ناوێک بێ و ڕاستەوخۆ یا ناڕاستەوخۆ. چونکە بەداخەوە ئیمەى کورد لەو جۆرانەمان زۆرە و مایەى شەرمەزاریشە و چەند شانازیی بە ئازایەتی و نەبەردیی خۆمانەوە دەکەین. زۆر بەخۆمان دادەشکێینەوە کە باسی جاش و بەکرێگیراو دەکرێ و نازانم گەلانی دیکەش هەر وەکو ئێمەن, یان ئێمە لەم ڕووەوە پێشەنگێن. وشەى جاش بۆ هاوکارانی حکوومەتە یەک لە دوا یەکەکانی عیڕاق بەکار دەهات. وەکو هەندێک کەس دەڵێن بەو خۆفرۆشانە دەگوترا کە هاوکاریی دەسەڵات بوون بۆ هێرش کردنە سەر ( خولە پیزە) کە لە ناوچەی سلێمانی دژى دەسەڵات بوو و چەندان پۆلیسی کوشت و پێیان دەگوتن ( جاشپۆلیس ). هەندێکی دیکە دەڵێن ئەو ناوى جاشپۆلیسەیان بەو کەسانە دەگوت کە دژى حکوومەتەکەى شێخ مەحموودى نەمر بوون. بەهەر حاڵ ئەو ناوە لەو کەسە ناپاکە نرا کە دژایەتیی بزووتنەوەى رزگاریخوازی کوردیان دەکرد و پۆلیسەکە قرتێنرا و جاشە ڕووتەکە مایەوە و تەنانەت هەندێکیان پێیان شەرم نەبوو خۆیان بە خۆیانیان دەگوت جاش. من ئەو جاشە ئاشکرایانەم زۆر لا شەریفترە لەو کەسانەى پەردەیەکی تەنکی کوردایەتی و نیشتمانپەروەری لەخۆیان دەئاڵێنن و هەموو ( عەیب و عارێکیان ) بەدەرەوەیە و دەشبێ دەستیان بۆ بە سینگەوە بگرین و بڵێێن (سەددەقتە یا مێلم مریشک هێلکەى سپی دەکات ). بەلاى منەوە ئەوانە زۆر مەردتر و شەریفترن لەو کەسانەى ماڵ و سامانی وڵات بەبەرچاوى میللەتەوە دەدزن و بە تاڵانی دەبەن و خۆشیان بە پاڵەوان دەزانن. کە پێشمەرگە لەو شاخانەش بوون, لە کاتێکدا ژمارەى فەوجی خەفیفە لە 350 تێپەڕیبوو کە ژمارەى هەر فەوجێک 1000جاش بوو, جگە لە هێزى تایبەت و مەغاویرى ڕژێم ئەو سەدان هەزار سەرباز بە تازەترین تانک و تۆپ و فڕۆکەى جەنگی و پێشمەرگەش بە بڕواى کوردایەتیی ڕەسەنەوە گیانى خۆى خستبووە سەر لەپێ دەستی, کەچى لایەنەکان لەو بارودۆخە ناهەموارو مەترسیدارەدا بە ناوى داکۆکی کردن لە کورد تێک بەربوو بوون و ئەوەندەى ئەوان لە یەکتریان کوشت ڕژێم بۆى نەکرا نیو ئەوەندە بکوژێ. ئەوەى ئەوان دەیانکرد لە پێناوى دەسەڵات و زەعامەتدا زۆڵەشەڕ بوو کە تائێستاش هەر بەردەوامە و دەیانەوێ بە یەکتر کوشتن کورد بەئامانج بگەیەنن.
ئەمە یەکێک بوو لە زۆڵە شەرەکان کە هەندێک بێ باوک بوون و هەندێک جار بە باڕە باڕو بەئاشکرا باوکە ناپەسەندەکانیان دیار بوون و دەستیان لە پشتیان دەدان و تێکیان بەردەدان. شەڕ و جەنگی بە باوک و دایک لە نێوان زلهێزەکان ڕوویان داوە و زوێڵە چەرمیان بەیەکدیکە نەهێشتووە و دوای هیلاک بوونیان بۆ ماوەیەک دامرکاونەتەوەو هەر کاتێکیش بۆیان کرابێ تێ هەڵچوونەتەوە و تێک بەربوونەتەوەو زۆڵە شەر شەڕى بچووکەکانە کە لە جیاتی دەسەڵاتدارە دەستڕۆیشتووەکان کردوویانە و بۆ چاوبەستەکێی خەڵک پەردەی پیرۆزى و ڕەوایەتییان پێدا داوە.
ئەوەتا ئەو زۆڵەشەڕە ماڵوێرانکەرەى روسیاو ئۆکڕاینا لەبەر ئەوەیە کە زیلینسکى لەجیاتى ئەمریکا و هاوپەیمانەکانی دژایەتی روسیا دەکات, دەنا هیچ یەک لە روسیا و ئەمریکا فریشتە نین هەردووکیان بۆ وەدی هاتنی بەرژەوندو قازانجی خۆیان کام تاوان قێزەون و دوور لە بەهای مرۆڤایەتییە دەیکەن و هەردووکیان گەل و میللەتان تێک بەردەدەن. زۆڵە شەڕى یەمەن و لوبنان و عیڕاق و لیبیا و چەندان وڵاتی ئەفریقا هەمووی دەستی دەوڵەتانی هەرێمایەتییان تێدایە و زیان لێ کەوتووى سەڕەکیش ئەو وڵات و میللەتانەن کە زۆڵەشەڕ لە جیاتی دەوڵەتە لەخۆ گەورەترەکان دەکەن, بەڵا م بۆ نەگبەتیی کورد ئێمە لە زۆڵە کورد پشکی شێرمان بەرکەوتووە و هیچ میللەتێک ئەوەندەى ئێمە جاشی نەبووە کە دواى ڕاپەڕین لێ خۆش بوونیان بۆ دەرچوو و لە جیاتی ئەوەى دادگایی بکرێن, هەندێک جاش لە باشەکان زیاتر ڕێزیان لێ گیرا و هەر وەک خوا لێ خۆشبوو فەلەکەدین کاکەیی دەڵێ هەندێکیان بوونە پەرلەمانتارو هەیان بوو کرا بە وەزیر و هەشیانە دیوەخانانەى بۆ بڕاوەتەوە و جاش پاشایانە دەژى و قوڕیش بەسەر پێشمەرگە. بەداخەوە پێوانەکە گۆڕاوە و زۆڵەکوردو زۆڵە شەڕ لە کوردستان دەبێ بخرێنە مەوسووعەى گینتس، چونکە ئێمە لەم ڕووەوە پێشەنگین.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت