عەبدوڵا کەریم مەحمود: راپەڕین ئیرادە و هیوای کوردی وردو خاش کرد!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئازاری 1991یەکەم راپەڕینی شەپۆلی شەقامی شار بوو، هاوڵاتیان و پێشمەرگە، توانیان سەربازگەکانی سوپای عیراق و دام و دەزگاکانی ئەمن و ئیستخبارات و موخابەرات لە ناو شارودەرەوەی شار کۆنترۆڵ بکەن، کۆتاییان بە دەسەڵاتی کۆماری عێراق، لە باشووری کوردستان هێنا.
دەسەڵاتی کۆدەتاچی کۆماری عێراق لە 14. 7. 1958 تا 5. 3. 1991 لە ماوەی 33ساڵ، کۆمەڵکوژی مرۆڤی کورد و ئەنفال و کیمیا بارانی هەڵەبجەو نیشتمان و جینۆسایدی کوردیان کرد.
ئەزمونی حوکمڕانی حیزبەکانی کوردستان و بەرەی کوردستانی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە دوای راپەڕینی 5. 3. 1991 تا 5. 3. 2023، لە ماوەی ئەو 32 ساڵەدا، حوکمڕانی سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان، نوێنەری داوا رەواکانی هاوڵاتیانی کوردستان نەبوون، نەیانتوانی ئەلتەرناتیڤی دوای ڕاپەڕین و دوای گۆڕانکاری 9. 4. 2003ی راماڵینی سەدام و بەعس بن، لە باشووری کوردستان و عێراق.
ئەو هاولاتی و پێشمەرگانەی رۆڵیان لە راپەڕیندا هەبوو، لە پلان و بەرنامە و نەخشەی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان بێزارن و بە نوێنەری داوا رەوا سەرەتاییەکانی خۆیانیان نازانن، رۆژانە دەیان و سەدان، دیاردەی ناعەدالەتی و کاری ناڕەواو و جیاوازی و غەدرو لە نێوان هاوڵاتیان و شارەکان و دەسەڵات داران دەبینن.
هاوڵاتیان بێزارن لە کارو کردوەو سیناریۆی ئەو حیزبانەی لە پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان،mسەرکردەکانی کورد هەموو ئۆرگانەکان حیزب و کایەکانی حکومەت و سامانی نیشتمانیان کردووە بە موڵکی تایبەتی ژیانی خۆیان و خانەوادو بنەماڵەو زورناژەنەکانیان.
پێش راپەرێن، لەسەردەمی سەدام و بەعسدا، هاوڵاتیانی ئەم نیشتمانە، خاوەنی هیواو ئیرادەیەکی باڵای پۆڵاین بوون، خەونیان بە شۆڕش و راپەڕینەوە دەبینی. بەڵام لە دوای راپەڕین و لە ماوەی 32ساڵی ئەزمونی دەسەڵاتی پەرلەمان و حکومەتی هەرێمی کوردستان، دەسەڵاتەی کوردی ئەلتەرناتیڤ نەبوو، حوکمڕانییەکی پڕ لە كێشەی ئاڵۆزو و داخراودا بوو، گروپێک لە دەسەڵاتداران، نەهامەتی و تراژیدیان کرد بە ئەمری واقع، ژیانی هاوڵاتیانیان لە نیشتمانەکەیاندا کرد بە دۆزەخ.
هاوڵاتیان بێزارن لە ڕاپەڕین، لە ناوی راپەڕین و لەیادی راپەڕین و لە مێژووی راپەڕین، لەو سەرکردانەی لە دوای راپەرێنەوە نەیتوانی ببن بە ئەلتەرناتیڤ، ئەو راپەڕینەی هەمان کلتوری سەدام و بەعسی زیندووکردەوە، ئەو راپەڕینەی شکۆی (شەهید و پێشمەرگە )و مۆری (خائین و جاسوس)ی کرد بەیەک هاوكێشە.
سەرکردەکانی کورد دوای راپەڕین پارێزەری تاوانبارانی ئەنفال و خائینەکان بوون، بەهای خۆشەویستی نیشتمانیان زیندە بەچاڵ کرد، ئەو راپەینەی ئەوە 32ساڵە، ئیرادەو هیوای مرۆڤی کوردی وردوخاش دەکات، ئەو راپەرینەی لە سایەی سەرکردایەتی حوکمڕانی کوردەوە، کەسێتی تاکی کوردیان تێک شکاند.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت