سەردەشت محەمەد: بەهار وەرزی نوێبونەوە، یاخود وەرزی خستنەڕووی ئاستی ڕۆشنبیری ئێمە؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەگەر تائێستا بەو شێوەیە پێناسەی بەهارمان کردبێت، کە وەرزی نوێبونەوە و دوبارە ژیانەوەی سروشت بێت، ئەوا دەکرێت لەپاڵ ئەم پێناسە باوەدا پێناسەیەکی نوێیش بێتە بوون، ئەویش ئەوەیە کە دەکرێت بڵێین: بەهار وەرزی دەرخست و خستنەڕووی ئاستی تێگەیشتن و ڕۆشنبیری هەرگەل و نەتەوەیەکە بەرامبەر بەسروشت.
لەم ڕۆژانەدا وتەی ئەو خانمە ئەڵمانییەی کە دوای حەوت ساڵ هاوسەرگیریی کردن لەگەڵ کوڕە کوردێکدا و بۆ یەکەمجار بۆ بەسەربردنی کاتێکی خۆش ڕۆیانکردبووە یەکێک لەسەیرانگاکانی کوردستان و دەربڕینی نیگەرانیی ئەو خانمە لەبەرامبەر ڕێزنەگرتن لەسروشت و پیسکردنی سەیرانگاکان لەلایەن هاوڵاتیانەوە، ئەوەی پێوتین کەئێمەی میللەتی کورد هێشتا لە گرنگی و بایەخی پاکڕاگرتنی ژینگەی وڵاتەکەمان تێنەگەیشتوین و ناشمانەوێت تێبگەین.
ئەگەرچی ئێستا بەهۆی هۆیەکانی گواستنەوە و زۆر جاریش لەڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و کۆڕ و کۆبونەوە و ڕێنمایەکانی ڕێکخراوەکانی تایبەت بە پارێزگاریکردن لە ژینگە و مامۆستایانی ئاینییەوە ئەوەمان پێوتراوە کە پارێزگاریکردن لە ژینگە ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و ئاینییە، بەڵام دەتوانین بڵێین بەلای بەشێکمانەوە ئەم ڕێنمای و داواکارییانە جگە ژماردنی چەندانە گوێزێک هیچی دیکەنییە ئەگەر نا ئەوا دەبو لەدوای دەیان ساڵ لە بانگەوازی ژینگەدۆستان ئێستا جوانترین و پاکترین ژینگەمان هەبوایە، نەک ئەوەی کە بۆ دەستخستنی شوێنێکی خاوێن دەبێت کاتژمێرێک بسوڕێینەوە یاخود زیاد لەکاتژمێرێک کات تەرخانبکەین بۆ پاکردنەوەی ئەو شوێنەی کە ڕۆژێک پێش ئێمە خێزانێک تێیدا حەساونەتەوە.
هەرئەم بایەخ نەدانەی خودی خۆمان بە پاکڕاگرتنی ژینگە و پاراستنی شوێنە گەشتیارییەکان هۆکارێکن بۆ ئەوەی کە زۆر جار دەبینین بەشێک لەو گەشتیارانەیشی کە لە ناوچەکانی ناوەڕاست و خواروی عێراقەوە ڕو لە هەرێمی کوردستان دەکەن گوێ بە پاراستنی ژینگەی کوردستان نادەن، ئەگەر نا ئەوا ئێستا ئەو گەشیارانەش ناچار دەبوون پاش تەواوبونی گەشتەکانیان وەک ئێمە پارێزگارییان لە سروشتی شوێنەگەشتیارییەکانی کوردستان بکردایە.
ڕێز نەگرتن لە ژینگەو پاکڕانەگرتنی شوێنەگەشتیاریەکان دوای چەندین ساڵ لە بڵاوکردنەوەی ڕێنمایی و پێدانی هۆشیاری بەهاوڵاتیان لەمەڕ ڕێزگرتن لەسروشت و نەشێواندنی سروشتی شوێنە گەشتیارییەکان پێماندەڵێت: پێویستە حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان لەڕێگەی چاودێریکردن و سەپاندنی سزا بەسەر هەر گەشتیارێکدا کە ڕێز لە سروشت و ژینگەی ئەم هەرێمە ناگرێت ناچاربکرێن بۆئەوەی پێداچونەوەیەک بە خۆیاندا بکەن و تێبگەن کە بە پارێزگاریکردن لەژینگە دەردەکەوێت تۆ لەچی ئاستێکی ڕۆشنبیری دایت.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت