خالید مەجید فەرەج: ئەلکەواکیبی، کتێبی طبائع الأستبداد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

(خراپترین جۆرەکانی ئیستیبداد ئیستیبدادی جەهلە بەسەر زانستەوە)

ئیستیبداد لە زماندا بە واتای تاک ڕەوی رای خۆ فەرزکردن (دیکتاتۆر) و زوڵم و زۆرداریش دێتەوە.

عبد الرحمن الکواکبی یەکێکە لە بەناوبانگترین چاک خوازەکان (موسڵیح)ەکانی کۆتایی سەدەی نۆزدەیەم و سەرەتاکانی سەدەی بیستەم ئەو هۆکارەکانی قەیرانە شارستانییەکەی وڵاتانی عەرەبان بە بەراوردکردن بە ڕۆژئاوای لێکدایەوە و دەستی خستە سەر هۆکارەکانی دواکەوتن و پێشنیازکردنی چارەسەرییەکان بۆیان.

ئەو دەمانە ئیستیبدادی عوسمانلی بەگشتی و ئیستیبدای حەمیدی بەتایبەتی واتا سوڵتان عبدالحمید زوڵم و زۆرەکەی بە بڕیار و کردەوە خراپەکانی گەیشتبووە ئاستێکی زۆر خراپ. دەستی خستبووە قورتمی ڕۆشنبیران، سەردەمەکەی سەردەمی بەرتەسککردنەوەی سنووری سەربەستییەکان و ڕێگرتن لە ڕۆژنامە ئازاد و کۆڕ و سیمینارەکان و بەرگرتن لە هاوردەکردنی پیتی چاپەمەنییەکان و دەرکردنی ڕۆژنامەی نوێ بوو.

لە ساڵی 1854 دا لە دایک بوویەک لە حەڵەب لە سووریا چاو بە دنیا هەڵدەهێنێت و کاتێک پێ دەگات دەبێت بە یەکێک لە گرنگترین پیاوەکانی بزاڤی فیکری و نیشتمانی لە سەرەتاکانی بیستەکاندا و دەست دەکات بە وتار نووسین و ڕۆژنامەی اعتدال (میانرەوی) دەردەکات و بەهۆی ڕۆشنایی خستنە سەر گەندەڵییەکانی حوکمی عوسمانلی و کاربەدەستانی دادەخرێت و دوابەدوای ئەو ڕۆژنامەی (الشهباء) دەر دەکات ئەوەش بە هەمان شێوە و لەبەر هەمان هۆکار دادەخرێت. دواتر دەست دەکات بەکاری پارێزەری لە دادگاکان و لەبەر ئەوەی کار بۆ مەزڵووم و لێقەوماوان دەکات و زۆر جاریش بە بێ بەرامبەر نازناوی باوکی مەزڵوومانی لێ دەنرێت.

لەبەر چالاکییە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکانی حوکمی عوسمانی بەردەوام دەگەڕێت بۆ بیانوویەک تا وەکوو لەسەر سەحنەی کۆمەڵایەتی و فیکری و سیاسی لای بدات لە ساڵی 1886 بە تۆمەتی کوشتنی یەکێک لە والییەکان حوکمی ئیعدامی بەسەردا دەسەپێنن.پاش ئەوە لە بەیروت پێداچوونەوە بۆ حوکمەکەی لەلایەن دادگای باڵای ئەوێوە دەکرێت و بێتاوان دەردەچێت و بەر دەدرێت.

کەواکیبی پاش ئەوەش بەردەوام هەر فشاری لەسەر دەبێت، جارێک بە چەقۆ هەوڵی کوشتنی دەدرێت.بۆیە ناچار لە ساڵی ١٨٩٩ دا بڕیار دەدات حەڵەب بەجێ بهێڵێت و ڕوو لە میسر بکات کە ئەو کات بە بەراورد لەگەڵ سووریادا ئازادی زیاتر و ڕووبەرێکی فراوانتری لێ دەبێت بۆ کار و نووسینەکانی کە بانگەشە بۆ ئازادی دەکەن بەوەش ڕزگاری دەبێت لەو ئیستیبدادە عوسمانلییەی کە لە حەڵەب تووشی هاتبوو.

بێ گوومان دووژمنانی تازەگەری لە میسریش وازی لێ ناهێنن و زەهری بۆ دەکەن قاوەوە و لە ساڵی 1902 دا وەفات دەکات.

کەواکیبی خاوەنی دوو کتێبە یەکەمیان بەناوی ((ام القری)) کە باس لە هۆکارەکانی دواکەوتنی ئوممە دەکات -لە شێوەی مەحزەری کۆبوونەوەیەکدا کە لە مەککە بە ئامادەبوونی 22 کەس لە گەورە زانایان کراوە و باسی ئەحواڵی موسڵمانیان تێدا کردووە لەگەڵ هۆکاری دواکەوتنیان ڕێگەی گەیشتنیان بە ڕابوون و ژیانەوە.

هەرچی کتێبی دووەمیەتی کە بەناوی ((طباع الأستبداد و مصارع الأستبعاد)ە بەگرنگترین پرۆژەکانی چاکسازی لەو دەمەدا دادەنرێت.

تێیدا دەڵێت لە ساتی دانیشتنییەوە لەسەر عەرشەکەی و لەسەر نانی ئەو تاجەی کە بۆی ماوەتەوە وا خۆی وا دەبینێتەوە کە بووە بە خوداوەند. هەروەها دەڵێت قێزەونترین جۆرەکانی ئیستیبداد ئیستیبدادی جەهلە بەسەر زانستەوە. زیاتر دەڵێت ((خودا مرۆڤی بەسەر بەستی خولقاندووە، کە ڕابەرەکەی عەقڵ بێت بەڵام ئەو کوفری بەو نیعمەتە کرد و مکوڕ بوو لەسەر ئەوەی کە ڕابەرەکەی جەهل بێت. موستەبید کەسێکی بێ دەسەڵاتە ئەگەر ئەوانەی کە دژی دادوەری و لایەنگری زوڵم و زۆردارین پشتی نەگرن)).

هۆکارەکانی دواکەوتنی عەرەب لە سێ خاڵی سەرەکیدا کۆ دەکاتەوە:

1- چەق بەستنی فیکری ئایینی

2- حوکمی عوسمانلی

3- ئیستیبداد

دەڵێت هیچ بەدیلێک نییە بۆ بەگژدا چوونەوەی ئیستیبداد و زوڵم تەنیا ئەوە نەبێت کە کۆتایی بەو دواکەوتن و ئافەتی جەهل بهێنرێت.

1- چەق بەستنی فیکری ئایینی: یەکێکە لە هۆکارەکانی ئەو دواکەوتنە، ئەو وای دەبینێت کە ئایین لەو ماوەیەدا و تەنانەت ماوەکانی پێش ئەویش لەدەستی پیاو چاکاندا نەماوە بەڵکوو فەقیهەکانی سوڵتان و شێخەکان فڕاندوویانە و کردوویانە بە ئامرازێک بۆ پاراستنی عەرشەکانیان و پاساو هێنانەوە بۆ گەندەڵی ئیستیبداد و ناهەقییەکانیان و کردوویانە بە ئامرازێک بۆ پەرتەوازەکردنی ئوممە بەسەر چەندین مەزهەبی جیاوازدا.

2- حوکمی عوسمانلی: هۆکارە بۆ دواکەوتنی عەرەب لەڕووی شارستانییەوە.گەندەڵی خراپی بەڕێوەبردنی دارایی و زوڵم و زۆری لەسەر ڕەعییەت سیستەمە کۆنەکانی کە نەیتوانی شانبەشانی گۆڕانکارییە نوێیەکان لە جیهانی فیکری هاوچەرخدا بڕوات. هەروەها یەکێک لە هەڵە گەورەکانی دەوڵەتی عوسمانلی و هۆکاری لاواز بوونی ئەوە بوو کە یەک یاسا و یەک تێگەیشتنی بەسەر هەموواندا دەسەپاند. لەو دەوڵەتە فراوانەدا کە حوکمی دەکرد هیچ بوارێکی بە میللەتان نەدەدا کە خۆیان بۆ وەزعی تایبەتی خۆیان شتیان هەبێت. بۆ نموونە یەک لەسەر سێی دانیشتووانی دەوڵەتی عوسمانلی عەرەب بوون بەڵام نەیدەهێشت حاکمێکی عەرەب حوکمیان بکات هەموو والییەکان تورک بوون و هەوڵی بە تورک کردنی عەرەبیان لەڕێگەی سەپاندنی زمانی تورکییەوە دەدا بێ گومان کورد و قەومەکانی دیکەش هەمان مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرا.

3- ئیستیبداد: کەواکیبی جامی ڕق و تووڕەیی خۆی ی بەسەر ئەم هۆکارەیاندا دەڕژێنێت و دایدەنێت بە بنچینەی دواکەوتن و بەرپرسی سەرەکی بۆ چەقبەستنی عەرەبی و ئیسلامی.

بۆچوونە ئیسلاحییەکەی کەواکیبی لە بەرەنگاربوونەوەی چەقبەستنی فیکری ئایینیدا بوو، بەکار کردن بۆ زیندووکردنەوەی فیکری ئایینی لەڕێگەی کارکردن بۆ چاککردنی و پاککردنەوەی لە و خەڵتە مێژوویییانەی کە تێوەی ئاڵاوە، چارەسەریش بۆ ئەوە بەپێی کەواکیبی ژیاندنەوەی عوروبەیە بە واتا کولتوورییەکەی نەک ڕەگەزییەکەی.

کەواکیبی دەڵێت بەختەوەرترین کەس لەسەر زەوی جاهیلەکانن و بەدبەختترینیش ئاقڵەکانن، بەختەوەرترینیشیان لەو ئاقڵانە ئەوانەن کە زوو دەمرن واتا کەم ترین ئازار دەچێژن.

دەڵێت ئیستیبداد سەربەستی تاکە کەس یان ژیانی تاکە کەس قبووڵ ناکات بەڵکوو لە هەوڵی کوشتنی هەموواندایە یان هەموو دەوڵەت بەگشتی بۆ نموونە ئیستبدادی سەدام حسێن.

چۆن ئیستبدادی دەسەڵات شۆڕ دەبێتەوە بۆ ناو خەڵک و ئەخلاقیان تێک دەدات و بەهاکانیان لەگرێژەنە دەردەهێنێت و چەمکەکان دەگۆڕێت و هۆکار دەبێت بۆ ئیفسادکردنی کۆمەڵگە بەگشتی. ئەگەر گەورەکانی ئوممە لەسەر نیفاق و ڕیایی بۆ ڕازی کردنی موستەبید ڕاهاتبوون. ئیدی عامەی خەڵکەکە ڕادێن لەسەر ئەو ڕەوشتە و درۆ و نیفاق و فێڵ کردن حەڵاڵ دەکەن.

لەسایەی سیستەمی ئیستیبدادیدا پێویستە وەزیری ئەعزەم (سەرۆک وەزیران) خراپەکاری ئەعزەمی ئوممەت بێت، لە بەشێکی دیکەدا باس لە کاریگەری ئیستیبداد دەکات لەسەر بیرکردنەوە و هۆشی خەڵک و دەڵێت ئێمە ڕاهاتووین کە بە ئەدەب ببین لەگەڵ گەورەدا تەنانەت ئەگەر پێشی نا بەسەر ملماندا ڕاهاتووین وەکوو مێخ لەژێر زەبری چەکوشدا بە زەویدا ڕۆبچین و جێگیر ببین.خۆ بە کەم زانینمان لێ ببێت بە نواندی ئەدەب و ڕیسوایمان وەک لوتف بێتە بەرچاو و ڕیایی و ماستاومان لێ ببێت بە قەدر گرانی و وازهێنانمان لە مافەکانمان بە سەماحەت و قبووڵ کردنی ئیهانەت بە تەوازع و هتد وەر بگرین.

باس لە سایکۆلۆجیەتی موستەبید (زۆردار) و زۆر لێ کراو دەکات.بۆ چی عەرەب دواکەوتوون و غەیری ئەوان پێشکەوتوون هۆکارەکانی ئەم ئیشکالیەتە چییە::

موستەبید هەر کاتێک ڕوخساری زانایەک ببینێت زۆر خۆی پێ بە کەم دێتە بەرچاو بۆیە هەرگیز نایەوێت ڕووی زانا ببینێت. موستەبید ئیستیغلالی جەهلی ناو خەڵکی دەکات کەواکیبی دەڵێت عەوام هێزی بازووی موستەبیدن -واتا جاهیلەکان- بەهۆی ئەوانەوەیە کە بە مەرامی دڵی خۆی تاوو تەرێن دەکات. ئەزیەتیان دەدات شاباش و گۆرانی پێدا هەڵدەدەن،سەروەت و ماڵان زەوت دەکات هێشتا دوعای خێری بۆ دەکەن لەبەر ئەوەی ژیانیشی لێ نەسەندوونەتەوە (وەک بڵێن چش لە ماڵی دنیا). ئیهانەیان دەکات مکوڕتر دەبن لەسەر شوێنکەوتنی هەندێکیان باڵا دەست دەکات بەسەر هەندێکی دیکەیاندا ستایشی سیاسەتە حەکیمانەکەی دەکەن.

ئەگەر زیادە ڕۆیی کرد لە سەرف کردنی پارەکانیاندا پێی دەڵێن بەخشندەیە.ئەگەر یەکێکیانی کوشت و سووکایەتی بە لاشەکەی نەکرد دەڵێن چەند بەڕەحمە، ڕاپێچی ئاگری شەڕیان دەکات ملکەچی دەبن.

لە بابەتەێکی دیکەدا کە پەیوەندی ئیستیبدادە بەئاینەوە دەڵێت:

هۆکاری بەهێزی و ڕەگ داکوتینی ئیستیبداد لەناو کۆمەڵگە سادەکاندا خۆ حەشاردانییەتی دانە لەپشت دروشمە ئایینییەکانەوە، چونکە ئایین کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر دەروونی خەڵک بەگشتی و عەوام بەتایبەتی هەیە، کەواکیبی دەڵێت پێیان دەڵێن زمانی خۆتان لە زۆر بڵێیی بە دوور بگرن و لووت مەژەننە ناو ئەو مەسەلانەوە، خۆتان خۆتان لە تەگبیر بە دوور بگرن با بەردەوام دوعاکانتان ئەمە بێت اللهم سوڵتان سەربخەیت و وڵاتمان بپارێزیت.

کەواکیبی ئەودەمە پەی بەوە بردووە کە تاوەکوو جەهل زیاتر بێت ئیستیبداد بەهێز تر دەبێت..

هەرکەسێک ئەم کتێبەی کەواکیبی بخوێنێتەوە کە سەد ساڵ زیاتر نووسیویەتی وادەزانێ بۆ ئەمڕۆ نوووسراوە، چوونکە دەڵێت تەبیعەتی ئیستیبداد نەگۆڕە بە جیاوازی کات و شوێن ناگوڕێت

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت