بەهرۆز جەعفەر: ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییە هەرێمایەتییەکان و کاریگەریی لەسەر کورد.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

* لە ساڵی ( 2020) ەوە لە چوارچێوەی “ڕێککەوتنی ئەبراهام-Abraham Accords” پرۆسەی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی ئیسرائیل لەگەڵ ئیمارات و بەحرەین دەستی پێكرد، دواتر قەتەر و سعودییەشی گرتەوە.
* لە نۆڤەمبەری 2021 دا ئیمارات و تورکیا دوای 10 ساڵ لە ئاڵۆزیی و ناکۆکیی توند لە نێوانیاندا، پەیوەندییەکانیان ئاسایی کردەوە.
* لە دیسەمبەری 2022 دا، بەفەرمی تورکیاو ئیسرائیل پەیوەندییە دیبلۆماسی و سیاسییەکانیان دوای دوانزە ساڵ لە پچران ئاسایی کردەوە.
* لە 10ی ئازاری 2023دا، سعودییەو ئێران بە نێوەندگیریی چین (ڕۆڵ بینینی عێراق و عومان) پەیوەندییەکانیان دوای حەوت ساڵ لە دژایەتی توندی یەکتر ئاسایی کردەوە.
* ڕۆژی شەممە 18ی ئازاری 2023 وەزیری دەرەوەی تورکیا سەردانی میسری کرد. سەردانەکە لەسەر بانگهێشتی “سامح شوکری” وەزیری دەرەوەی میسرە، بەڵام دوای چوار ساڵ لە داواکاریی ئەنقەرە بۆ ئاسایی کردنەوەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانیان لەگەڵ قاهیرە دێت.
* سوریاش پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئیمارات ئاسایی کردەوە. لە 2022 دا، وە لە 19ی ئازاری 2023شدا بەشار ئەسەد سەردانی ئیماراتی کرد. ئەوە جگە لەوەی بەستەڵەکی نێوان سعودییەو تورکیاش لە (2022) دا توایەوە، کە بەهۆی تیرۆرکردنی ڕۆژنامەنووسی نزیک لە ئیخوان موسلمین “جەمال خاشقچییەوە” تا ئەوپەڕی نێوانیان ئاڵۆزبوو [ پێشوتر ڕەجەب تەیب ئەردۆگان دەستەواژەی قەسابەکەی سعودییەی بەکاردەهێنا].
لە هەموو ئەو ئاسایی بوونەوانەی سەرەوەدا؛ لێکەوتەو کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر پرسی کورد هەیە. لەهەموو ئەو ئاسایی بوونەوانەدا “پرسی وزە بە هەموو ئاست و ماناکانییەوە” ئامادەگیی هەیە. هەروەها لە هەموو ئەو ئاسایی بوونەوانەدا مقۆ-مقۆ هەیە؛ ئایا ئەمە بەرئەنجامی لاوازبوونی ڕۆڵی سۆپەر پاوەر [بەتایبەتی ئەمریکایە] کە هێزە هەرێمییەکان سەریان کردۆتە یەک بۆ نزیکبووەنەوەیان و داخکردنی پرسە ناوچەییەکان، لەمەڕ بە سەلامەتی دەرچوون لەو ئاگرەی لە ئاستی گڵۆباڵدا تەشەنەی سەندووە؟ یاخود ئەمە بەرئەنجامی دووبارە خۆ-سازدانەوەی ئەمریکاو هاوپەیمانەکانییەتی و ناوچەکە بەو جۆرە دیزاین دەکەن تا لەو سەرەوە خزمەت بە ئەجێندای سەرکەوتنیان بکاتەوە؟ وە- یاخوود، ئەمە گفتوگۆ و تەواوکارییەکی تەواو ئاسیاییە؛ ئاسیا وەک جیاکەرەوەیەکی جیۆپۆلەتیکیی (ناسنامە، کەلتور، جوگرافیا وەک سنور) خۆی سازدەداتەوە بە ڕێبەرایەتی چین؟!
هەرچی و چۆنێک بێت، ئەم دەرزەنە لە ڕێککەوتن و نزیکبوونەوە لە پەیوەندیی نێوان ئەکتەرە هەرێمایەتییەکان، دەبێتە هۆی گۆڕانی هەڵسوکەوت و هەڵوێستی سیاسییان لە تەواوی ناوچەکەدا.. ئەوەیەو لێرەوەیە کورد دەبێت خۆی بگونجێنێ و بێتە دەست لەگەڵ گۆڕانکارییەکاندا. ئایا ئەم ئاسایی بوونەوانە تا چەند بارگرژییە- بار قوورسییە جیهانییەکان کەم دەکەنەوە؟ لە هەفتەی پێشووتردا لێکۆڵینەوەیەکی ئێمە لە پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی – MIRS بە زمانی کوردیی بە ناونیشانی “لێکەوتە ناوچەییەکانی ئاشتبوونەوەی سعودیەو ئێران: بۆ کورد چی تێدایە؟” بڵاوبۆیەوە. هەمان هەوڵ لەم هەفتەیەدا لە ئیمارات و چەند ناوەندێکی دیکە بە ئینگلیزیی و عەرەبی بڵاودەبێتەوە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت