عوسمان عومەر: بۆچى قازى نوکى پێنوسەکەى دەشکێنى دواى دەرکردنى بریارى لە سێدارەدان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرجار لە فلیمە سینەماییەکان، ئەو هونەرمەندەى ڕۆڵى قازى دەگێڕێن، ئەو پینوسەى بەدەستەوەیەتى دەیشکێنێت، کاتێک دوا ووتەى حوکمەکە دەردەکات، بەلام رەنگبێ زۆر کەس لەو دیاردەیە تێنەگات کە مەبەست لێی، چییەو بۆچى ئەو کارە دەکات؟
دەرکردنى فەرمانی بڕیاردان بەئاشکراکردنی بریاریی دادوەر بەکۆتایی هێنان بەژیانی، واتە لەسێدارەدانى کەسێک لەپای ئەوەی تاوانێکی گەورەى ئەنجامداوە چ خیانەتى نیشتمانى بێت. یا کوشتى بە ئەنقەستى. یا یاریکردن بە قوت و خۆراکى خەلکى ئەنجامدابێت، ئەوەیان بۆ مافناسان، یا دادوەران لێدەگەرێم کە تاوانەکان چین کەبریارى لە سێدارەدان دەیانگرێتەوە.
لەگەڵ ئەوەی دادوەر غەمبار دەبێ بەو بڕیارە، بەڵام ناچارە ئەوکارە ئەنجام بدات بۆ چەسپاندنی دادوەری و جێبەجێ کردنی یاساو ئەرکى خۆى، بەلام رەفتارو دیاردەیەکی نامۆ بەرچاو دەکەوێ و رەنگبێ لەکاتی دادگایی هەست پێنەکراوبێ، لەهۆلی دادگا و کەس تێبینى نەکردبێت کەپەیوەندی بەدادوەرەوە هەیە، ئەویش شکاندنی نوکی ئەو پێنوسەی بڕیارەکەی پێ دەنوسێ، دوای ئاشکرا کردنی بڕیاری لەسێدارەدان، ئەوەش مایەى سەرنجە بۆچی قازی ئەو کارە دەکات…؟ ئایا وەک نەریتێک دادوەر لە کۆتایی دادگایی کردنەکە نوکی پێنوسەکەى دەشکێنێ؟ یا لەزۆر وولات وەک نەریتێکی باو پەیرەو دەکرێ، بەڵام نەک نەریت، بەڵکو ماناو هۆکاری هەیە کە چوار هۆکارن ئەمانەن:
* هۆکاری یەکەم وەک (رەمزێک – هیمایەک) ئەو پێنوسەى بەدەست ئەو قازیە، یادادوەرەیە. ژیانی ئەو کەسەی کە لەپشت قەفەزی تاوانباری دایە و شکاندنی نوکی قەلەمەکە، واتە گیانی لەدەست دەدات کەناتوانێ چاک بکرێتەوە و ژیانی ئەو کەسەش جارێکی دیکە ناگەڕێتەوە بەهۆی لەسێدارە دانەوە.
* هۆکاری دوەمیش ئەوەیە کە قازی دەرونی خۆی لەتاوانێک ڕزگار دەکات بەرامبەر تاوانبار، ئەو پێنوسە هۆکاری کۆتایی هێنان بەژیانیەتی، بەنوسینی بڕیاری لەسێدارە دانەکە، ئەو پێنوسە بەخوێنى تاوانبار پیس بووە، بۆیە ئەو پێنوسە دەشکێنرێ. ناتوانرێت جارێکى تر بەکار بهێنرێتەوە.
* هۆکارى سێهەمى شکاندنى ئەو پێنوسە، هیچ هۆکارێک ناهێڵێتەوە بۆ پاشگەز بوونەوە لەو بڕیارەى دراوە، سەبارەت بە تاوانبار. چونکە دادوەر هیچ دەسەڵاتێکى پێداچونەوەى، یا پۆچەڵکردنەوەى ئەو بڕیارەى نییە، ئەویش لە سێدارە دانە. بەواتاى شکاندنى ئەو پێنوسە وەک کاردانەوەى نەتوانینى پێداچونەوە یا پاشگەز بونەوەى نییە.
* چوارەم هۆکاریش لە شکاندنى نوکى ئەو پێنوسە وەک غەمیاریەکە بۆ دادوەر کە چارەنوس و ژیانى کەسێک بەکۆتایی دەێنێت.

کەى نەریتى شکاندنى پێنوس پەیدا بووە دواى دەرچونى بڕیارى لەسێدارە دان.
شکاندنى نوکى ئەو پێنوسە، یا پێنوسەکە لەلایەن قازیەوە، دواى دەرکردنى بڕیارى لە سێدارەدان بە سەر تاوانبارێکەدا، لەسەردەمى حوکمڕانى بەڕیتانى لە هیندەوە دەستى پێکردووە. دواى ئەوەی زۆربەى دادوەرە هیندیەکان، کەوتنە پەیرەو کردنى ئەو ڕەفتارە و دواى ئەوەش لەزۆر وولات پەیڕەوکراوە.
لەکۆتاییدا ئایا دادوەرانى کورد یا عەرەب هیچ کات ئەو پێنوسەى بەدەستیانەوە بوو بۆ بڕیارى لە سێدارەدان شکاندویانە؟ بەتایبەت لە بەندیخانەکانى ئەبوغرێب و موسل کە فرمانى لەسێدارەدانیان بۆ هەر کوردێک دەرکردبێ؟ ئایا دادوەرانى ئیستا گەر دادگایی ئەو دزو گەندەل و خیانتکاران و تاوانبارانى جەنگ و هاوکاران و پەل ڕاکێشەرانى دوژمنیان کردووە، نوکى پێنوسەکە، یا پێنوسەکە دەشکێنن، یا شانازى پێوەدەکەن و هەڵى دەگرن لەمۆزەخانەکان؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت