شـــوان خورشـــید: مێژووی سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەری لە کەرکوک – بەشی چوارەم.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

کەرکوک لەگەڵ پێشکەوتنەکانی لە بواری پیشەسازی نەوت و کشتوکاڵ و بازرگانی دا،لە بوارە جۆراوجۆرەکانی تریش پێشەنگ بوە،یان بەلای کەمەوە لە هەوڵی ئەوەدا بوە دانەبڕێت و شتێک لە دەلاقەی پێشکەوتنەکانی بەرببڕێت،بۆیە لەم بەشەش دا هەوڵ ئەدەین خوێنەر ئاشنای چەندین ڕۆژنامەو گۆڤارو بڵاوکراوەی ڕابردو بکەین.

٭ ٱبداع كركوك
بڵاوکراوەیەکی مانگانەی ڕۆشنبیری بوە،کۆمەڵێک لە شاعیران و لاوانی شانۆکار لە ئەنجومەنی لاوانی (ٱلتامیم)بە زمانی عەرەبی دەریان کردوە، بەسەرپەرشتی محەمەد خضر ژمارە یەکی لە کانونی یەکەمی 1999کانونی دووەمی 2000 بە بیست و دوو لاپەڕە دەریانکردوە،تا وەستانی لە ساڵی 2003تەنها حەوت ژمارەی لێ چاپ و بڵاوکراوەتەوە.

٭ گۆڤاری سۆراغ
گۆڤارێکی وەرزی بوە،لەلایەن لقی کەرکوکی یەکێتی لاوانی دیموکراتی کوردستان_ عێراق هاتۆتە دەرکردن،ژمارە سفری لە مانگی کانونی دووەمی 1996 بڵاوکراوەتەوە.

٭ الهلال
الهلال گۆڤارێکی مانگانە بوە بەزمانی عەرەبی، نوسینگەی ڕاگەیاندن و بڵاوکردنەوەی لقی كەرکوکی (جمعیة الهلال الاحمر العراقي)بڵاوکراوەتەوە،ژمارە یەکی لە پانزەی تەموزی 1996دەرچووە، سەرنوسەرەکەی دکتۆرە یاسەمین عەبدولواحید بوە.

٭ صــوت التٱمیم
بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری سیاسی بوە،بەشی ڕاگەیاندنی پارێزگای کەرکوک بە زمانی عەرەبی دەریان دەکرد،کە زیاتر بایەخی بەهەواڵ و چالاکی پارێزگای کەرکوک دەدا،یەکەم ژمارەی لە سێی کانونی یەکەمی 1997 بەچوار لاپەڕە چاپ و بڵاوکرایەوە،لە تەمەنی بڵاوکراوەکە دا تەنها سیانزە ژمارەی لێ دەرچووە،تا تەموزی 1999بەردەوام بووە.

٭ ڕۆژنامەی صوت التآمیم
ڕۆژنامەیەکی هەفتانە بوو گرنگی بە لایەنی ڕۆشنبیری و هونەری و ئایینی و وەرزشی و کەلپوری پارێزگای کەرکوک دەدا،زیاتر لە 90ژمارەی لێ بڵاوکرایەوە بە زمانی عەرەبی،لە ژمارە 45وە لاپەڕەیەکی بۆزمانی کوردی و تورکمانی تەرخان کرا،سەرنوسەرەکەی عەبدل حەمید سافی عانی بوو،ژمارە یەکی لە 7/11/1999 چاپ و بڵاوکرایەوە، هەریەکە لە ڕزگار شوانی،سداد هاشم،عماد شاهیری،رعد مطشر،رعد الشاطي،یحیی قاسم ،عبدالعزیز سمین بیاتي دەستەی نوسەرانی ڕۆژنامەکە بوون.

٭ هەواڵنامەی کەرکوک
لەلایەن بەشی ڕۆشنبیریی کۆمەڵەی ڕوناکبیری و کۆمەڵایەتی پارێزگای کەرکوک چاپ و بڵاوکراوەتەوە،ژمارە یەکی لە تەموزی 1998کەوتۆتە بەر دیدەی خوێنەران،بابەتی هەواڵنامەکە گرنگی بە ووتاری کۆمەڵە دەدا کە لە بۆنە جیاوازەکان دا دەخوێندرایەوە، لەگەڵ دەنگوباس ویادی کارەساتی ئەنفال و کیمیاباران و بڵاوکردنەوەی بەڵگەنامە لەسەر تاوانی ئەنفال لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان.

٭ گۆڤــاری ئەنفــال
گۆڤارێکی لێکۆڵینەوەو دیکۆمێنتاری وەزارەتی ڕۆشنبیری بوو،خاوەنی ئیمتیازی وەزارەتی ڕۆشنبیری حکومەتی هەرێمی کوردستان بوو،سەرنوسەری دڵشاد تاڵەبانی و دەستەی نوسەرانی هەریەکە لە لەتیف فاتیح فەرەج و عارف قوربانی و عەدالەت عەبدوڵاو تەها سلێمان بون،ژمارە یەکی لە ساڵی 2000 بڵاوکرایەوە،بەشی ئینگلیزیەکەی محەمەد حەمەساڵح بەشە عەرەبیەکەی شەهاب قەرەلوسی سەرپەرشتیان دەکرد.

٭ چــارەنوس
ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی و ڕۆشنبیری گشتی دەریان دەکرد،مانگانە ژمارەیەکی لێ چاپ و بڵاو دەکرایەوە،خاوەنی ئیمتیازی زەمان عەبدە محەمەد ئەمینی و سەرنوسەرەکەشی خالید کاوێز قادر بوون.

٭ ڕووناکــبیری
بڵاوکراوەیەکی سیاسی ڕوناکبیری گشتی مانگانە بوو، مەڵبەندی دووی ڕێکخستنی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەری دەکرد، خاوەنی ئیمتیازی مەڵبەندی کەرکوک بوو سەرنوسەری بەهجەت ڕەئوف و جێگری سەرنوسەری لەتیف فاتیح فەرەج و بەڕێوەبەری نوسینی عارف قوربانی بوو،ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2000بڵاوکرایەوە بە دوانزە لاپەڕە.

٭ بڵاوکراوەی تەعریب
وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی بەڵگەنامەیی سەربەخۆی مانگانە تایبەت کرابوو بە ناوچە تەعریب کراوەکان،بە شانزە لاپەرە چاپ دەکرا،تایبەت کرابوو بەو ناوچانەی لەژێر هەڕەشەی پرۆسەی تەعریب کورد لە زێدی خۆی میوان بون و داگیرکەرانیش خاوەن ماڵ.

٭ ڕونــــاکی
لە شێوەی گۆڤار وەک بڵاوکراوەیەکی سیاسی ڕۆشنبیری گشتی بە کوردی ڕێکخستنەکانی کەرکوکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەریان دەکرد،خاوەنی ئیمتیازی ڕاپەڕ عارف وسەرنوسەرەکەی عادل عەلی بوون،ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2000بڵاوکرایەوە، ژمارە 10شی لە 2001لە دەربەندیخان کەوتە سەر ڕەفەی کتێبخانەکان.

٭ الذهب الاسود
بڵاوکراوەیەکی پزیشکی و زانستی مانگانە بوو،بنکەی فێرکردنی پزیشکی لە بەڕێوەبەرێتی تەندروستی پارێزگای کەرکوک بە عەرەبی و ئینگلیزی دەریان دەکرد، سەرنوسەرەکەی دکتۆر حەمید محەمەد عوبێد و بەڕێوەبەری نوسینی دکتۆر ئەیاد گۆرگیس بون، بە 41لاپەرەی قەبارە بچوک ژمارە یەکی لە کانونی دووەمی 2001 چاپ کراوە و گەیشتۆتە دەستی خوێنەران.

٭ ڕۆژنامەی حقوق الانسان
ڕێکخراوی مافی مرۆڤ و دیمکراتی لقی کەرکوک دەریان دەکرد بە دوو هەفتە جارێک، ژمارە یەکی تەموزی 2002بە زمانی عەرەبی بڵاوکرایەوە، سەرنوسەری عەزەدین شەفیق المحمدی بوو.

٭ پاشکۆی کـــەرکوک
ئەم پاشکۆیە تایبەت بوو بە یادی یازدە ساڵەی ڕزگارکردنی شاری کەرکوک.

٭ بڵاوکراوەی کەرکوک
وەک بڵاوکراوەیەکی پزیشکی ،نەخۆشخانەی پزیشکی سەربازی کەرکوک بە زمانی عەرەبی بڵاودەکرایەوە، بەسەرپەرشتی عەمیدی پزیشکی دکتۆر نصیر سعدون الجبوري، ژمارە یەکی لە حوزەیرانی 2002 چاپ و بڵاوکراوەتەوە کەگرنگی بە بواری پزیشکی سەربازی دەدا.

٭ ڕۆژنامەی صوت الطلبة الحر
ڕۆژنامەیەکی هەفتانەی سەربەخۆ بوو،گرنگی بە دەنگی خوێندکاران دەدا لە بوارەکانی زانست و ڕۆشنبیری و بیروباوەڕی خوێندکاری دا، بەهەشت لاپەڕە چاپ و بڵاو دەکرایەوە، سەرنوسەری پشتیوان محەمەد شەریف بوو ژمارە یەکی لەکانونی دووەمی 2003 دەرچووە.

٭ نەوشـــەفەق
گۆڤاری نەوشەفەق بڵاوکراوەیەکی ڕۆشنبیری مانگانە بوو دەزگای شەفەقی ڕۆشنبیری لە کەرکوک دەری دەکات ژمارە یەکی لە نیسانی 2003 دەرچوە،خاوەنی ئیمتیازی فەلەکەدین کاکەیی بوو لەگەڵ سەرنوسەری حەمەکەریم عارف،یەکێکە لە گۆڤارە باش و بەئەزمونەکانی کەرکوک لەبەردەوامی دایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت