ڕەووف محەمەد ئالانی: پەروەردە ومتمانە بە خۆبوون.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

زۆرجار ئاماژە بەگرنگی و ڕۆڵی پەروەردە کراوە، تەنانەت بەسەرچاوەی هەموو ئاراستەکان دادەنریت. هەرکۆمەڵگەیەک لە ڕەوتی شارستانی و ژیاریی لە پێشەوە بێت، بێ چەندو چون بۆگرنگیدانی ڕۆڵی پەروەردە دەیگێڕننەوە، بەپێچەوانەشەوە کاتێ کۆمەڵگە لەدواوە بێت و دوور بیت لە ژیانی شارستانی و ژیاری، ئەوە یەکسەر دەڵێن گرنگی نەدراوە بە پەروەردەکەی، لەم ناساندنە کورتەی پەروەردە دەگەینە ئەو ئەنجامەی کەهەر پەروەردە یە ژیانی شایستە بەدیدێنێت بۆ کۆمەڵگەکانی مرۆڤایەتی، بە ڕۆڵپێنەدانیشی کۆمەڵگەیەکی دواکەوتووی پڕ لە نەخۆشی و ناخۆشی بەرهەمدێنێت.
بێینە سەربابەتەکەمان کە متمانەبەخۆکردنە، لە سەرەتادا ئاماژەمان بە بایەخی پەروەردەکرد لە هەموو کایەکانی ژیاندا، دەبێ لە سەردروستکردنی متمانە بەخۆکردن، پەروەردە ڕۆڵی چیبێت؟ بێگومان لەم بوارەشدا کاریگەری زۆرگەورە دەبینێت.
متمانە بەخۆبوون، بەواتای مرۆڤ هەست بە بەهێزی خۆی بکات و بڕوای وابێت ئەوکارو ئەرکەی پێی دەسپێرن یان خۆی ئەنجامی دەدات سەرکەوتوو دەبێت، یان کاتێک توشی گرفتیکی دەروونی و کۆمەڵایەتی دەبێتەوە، ڕووبەڕووی دەوەستێت و لاواز و دەستەوسان دانانیشێت، خۆی ڕادەستی قەدەرێکی وێڵ ناکات، بەڵکو بەبیرکردنەوەو پلانی ووردو بڕوابوون بەتواناکانی بۆسەرکەوتن بەسەر ئەو گرفتەدا هەنگاو دەنێت، لەئەنجامدا زاڵدەبێت بەسەر ئەو تەنگژەو سەختیەدا.
بڕوا بەخۆبوون زۆرجار مرۆڤ فێری دەبێت، یان پرۆسەی فێربوون لەناو سیستەمی پەروەردەدا دەبێتە فاکتەری هەوێنی ئەو متمانەیە لەناخی هەر تاکێکدا.
هەربۆیە گرنگە پەروەردە کار لەسەر دروست بوونی ئەو متمانەیە بکات، پێویستە لەناو پرۆگرامەکانی خوێندن بەناڕاستەو خۆ لەڕێگەی چیرۆک و شیعرو بەسەرهاتەکانەوە، مناڵان بەوشێوازە پەروەردە بکرێن، بەو هۆیە دەبنە تاکێکی خاوەن ئیرادە و متمانە و بڕوا بەخۆ بوونیان لێدەردەچێت.
دیارە ئەوەی گرنگ و پێویستە بۆ مناڵ دابینبکرێت، بۆ هێنانەدی متمانە بەخۆبوون کەشێکی ئارام و گونجاوە، بەتایبەت لەناو ژینگەی قوتابخانەو خوێندنگە، لەمبارەوە (ماجد عرسان گەیلانی) وتوێتی (منداڵێک کە لە کەشێکی ئاسایشدا دەژی، فێری متمانە بەخۆبوون دەبێت).

جا ئەم کەشە پڕ ئارام و ئاسایشە چۆن دروست دەبێت؟
بەرلەوەی منال بێتە قوتابخانە و خوێندنگە، ژینگەی ماڵ دەبیتە یەکەم بەریەککەوتنی ئەو مرۆڤە لەگەڵ کەشێک کە دەکرێ بکرێتە سەرچاوەی بەهێزکردن و ئاراستەکردنێکی دروست لەگەڵ دەروونی ئەومناڵە، تەنانەت زۆرجارمناڵان لە ناوژینگەی ماڵاکانیان، یان ئەوگیانە بەرزە دروست دەکەن کە مناڵەکە متمانەی بەخۆی هەبێ، یان بەپێچەوانەوە ئەبێتە کەسێکی لاوازکە ترس و بێبڕوایی جێگەی متمانە بەخۆبوون بگرێتەوە.
بۆ دەرچوون لە مۆتەکەی لاوازیی منال، دایکان و باوکان ئەرکی گرنگیان لەسەر شانە کە لەناوماڵدا کەشێکی پڕ لە ئارامی و ئاشتی بۆ دروست بکەن، ئەوەش بە هاندانی مناڵ بۆ زاڵ بوون بەسەرگرفت و ئاریشەکاندا، دەکرێ هەر لەڕێگەی یاریکردن و هەندێ کەلوپەلی مناڵەکە ئەو ڕێگە دروستە بگرنە بەرو پەیڕەوی بکەن.
کەش و ژینگەی قوتابخانەو خوێندنگە شوێنێکیترە بۆئەوەی گیانی متمانە بەخۆبوون دروست بکرێت، ئەویش لەڕێگەی دروستکردنی کەشێکی ئارامی وا کە مناڵان هەست بەئاسودەیی دەروونی خۆیان بکەن، لەڕێگەی فەلسەفەیەکی دروستی پەروەردەیی هاوچەرخ، لەسەربنەمای خۆشەویستی نێوان مامۆستاو قوتابی و خوێندکار.
هەوڵبدرێت وابکرێ لەناخی تاکدا متمانە هەمیشە بوونی هەبێت و لێی دانەبڕێت، چونکە کاتێ متمانە بارگەی لە ناخی کەسێکدا پێچایەوە، بەئاسانی نایەتەوە بۆ ماڵی چۆڵکراوی هەستە تۆراوەکە، لەو کاتەدا مرۆڤ بڕوات باشترە، ئەگەری گەڕانەوەی هەیە، بەڵام متمانە ئەگەرێکی قورسە بگەڕێتەوە، بۆئەم دۆخە (شکسپیر) نوسەری ناوداردەڵێت: (ڕۆیشتنی متمانە، قورسترە لە ڕۆیشتنی کەسەکان).
متمانەدروستکردن پێویستی بەبنەمای پلانی داڕێژراوی پەروەردەیی و زانستی هەیە، چونکە ئەگەر وانەبێت، لەوانەیە ئەو کەسە مرۆڤێکی دەرچوو لەداب و نەریت و یاسا بێتە مەیدانی ژیان، لەوکاتەدا لە مرۆڤێکی ئاساییەوە دەبێتە کەسێکی خۆ بەزلزان و پڕکێشە بۆکۆمەڵگەکەی، چۆن (وەین دایر) لەسەر هەستی خۆبەزلزانین و متمانەبەخۆبوون جیاکاری دەکات و دەڵێت: (متمانە بەخۆبوون بە مانای خۆبەزلزانین نییە، بەڵکو متمانە بەخۆبوون تا ئەو ڕادەیەی کە ئەوانی دیکە بچووک نەبینێت)لەو کاتەدا دەبێتە ئازایەتی و جوامێری، لەلایەکیترەوە (ئیمێرسۆن)دەڵێت: (متمانە بەخۆبوون گیانی قارەمانێتییە)دەبێ ئەو هەستە چیبێت وا لەمرۆڤ بکات وەک قارەمان دەربکەوێت؟
چەندین ڕەهەندو لایەنی گرنگ دەبنە خەسڵەتی قارەمانێتی بۆ مرۆڤ، کەواتە دەکرێت مرۆڤەکان و تاکەکانی کۆمەڵگە بکرێنە مرۆڤگەلێکی قارەمان کەخاوەنی متمانەبن، بەپێی وتەکەی(ئیمێرسۆن) کە بەقارەمان ناوزەدیکردوون.
متمانە بەخۆبوون پرسێکی گرنگ و هەستیارە، پێویستە بە وریایی و ئاگایی مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. بۆ وەزارەتی پەروەردە گرنگە پلانی باشی لەسەردابنی بۆئەوەی بەشێوەیەکی زانستی لەپڕۆگرامەکانی خوێندن جێی بکرێتەوەو خولی تایبەت بۆ مامۆستایان و بەڕێوەبەرانی قوتابخانەکان بکرێتەوە، تا ڕێنمایی و وانەی گرنگ لە خولەکاندا پێشکەش بکرێن، دەبێ کەسانی زۆر شارەزاو لێهاتووی بواری کۆمەڵناسی و دەرونناسی وانەکان بڵێنەوە، ئەوانیش لە قوتابخانە و خوێندنگەکانیان پەیڕەوی بکەن، لەپێناوئایندەی ئەم کۆمەڵگەیە بۆ دروستکردنی تاکی بەهێزو باوەڕی پتەو بەخۆیان و ژیانی پڕ لەژیاری و کامەرانی، بۆ ئەوەش تازووتر هەنگاو بنێین درەنگە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت