دلێر محەمەد نوری: هوداپارتی، لە نێوان برای دینی و برای خوێنیدا.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

هوداپارتی، تورکیا کە پارتێکی ئیسلامی کوردی تورکیایە، بە ڕێژە گەلێ لە خوار هەدەپەوەیە. چونکە لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا توانیان تەنها 0.3٪ دەنگەکان کۆبکەنەوە بەرانبەر بە هەدەپە کە توانی زیاتر لە 11٪ ی دەنگەکان کۆبکاتەوە. بەڵام تاکە کاریان بووە بە لەتکردنی دەنگی کورد لە تورکیا و پاڵپشتی کردنی ئەردۆگان. هەرچەندە کاریگەری کردارییان لە خاوکردنەوە هەدەپەدا نیە، بەڵام هەرگیز لە ڕووی ڕاگەیاندن و دەروونییەوە کارەکانیان دژ بە کورد لە تورکیا لە بەرژەوەندی هەدەپە و بەرەی کورددا نیە. ئەمڕۆ هودا پارتی لە تورکیا بە هەموو هێزی خۆی، خۆی خزاندۆتە باوەشی ئاک پارتی دژ بە هەدەپەوە. من هیچ سەیرم لێنایەت کاتێک پارتێکی ئیسلامی کوردی ببینم دژ بە بەرەی گەل کار بکات. لە کاتێکدا ئەوانەی نوێنەرایەتی بەرەی گەل ئەکەن خاوەن بیرۆکەی سۆشیال دیموکرات و ئازادیخوازی بن، لە وێنەی پارتی هەدەپ. ئەمان واتا هودا پارتی بە هەمان فەرموودەی ئایینی کار دەکەن کە دەڵێت: انصر اخاك ظالما ام مظلوما”. باوەر ناکەم هیچ یاسایەک هەبێت له مێژووی مرۆڤایەتی هێندەی ئەم یاسایە نادادپەروەر بێت. هودا پارتیش لە بەرئەوەی پارتێکی ئیخوانیە و هەرچی چەپ و ئازادیخواز بێت بەکافر و زندیقی ئەزانێت، جا با لە بەرە بابی خۆشی بن. بەڵام ئەردۆگانی تورکی ئیخوانی دژ بە کورد، لە بەر تیشکی فەرموودەکە، ئەکاتە برای دینی و پاڵپشتی کردنیشی، دەبێتە ئەرکێکی ئایینی.
ئاشکرایە کە خاک و نەتەوە و ئایین سێ پێدراون. دوانیان نەگۆڕ و یەکیان گۆڕاون. خاکی کورد یەک جوگرافیای نەگۆڕە لەم گەردوونەدا. میللەتی کورد یەک میللەتی نەگۆڕی نێو ئەم هەشت ملیارەی مرۆڤایەتییە. بەڵام ئایینی کورد بە درێژایی مێژوو بابەتە گۆڕاوەکە بووە. ئەوە کورتبینی کوردە ئیسلامییەکانە کە هەمیشە پێدراوە نەگۆڕەکان ئەکەن بە قوربانی گۆڕاوەکان. تۆ تەماشاکە تورک و فارس و عەرەب هەمیشە ئایین ئەکەن بە پەیژەی سەرکەوتن بۆ گەیشتن بە ئامانجی نەتەوەیی. بەڵام کوردی ئایین پەروەر هەمیشە نەتەوە و خاک و پیرۆزییەکانی خۆی کردووە بە قوربانی ئایین. هەربۆیە هێزی ئایینی کوردی بەدرێژایی مێژوو بوونە بە هۆی لە ناوبردنی دەستکەوتی نەتەوایەتی و کولتوری خۆیان. فارسەکان مافی خۆیانە شانازی بە شاهەکانی سەفەوییەوە بکەن و تورکەکانیش بە سوڵتانە عوسمانییەکان. چونکە ئەوانە ئایینیان کردووە بە قوربانی نەتەوەکانی خۆیان. دەی پێم بڵێن سەلاحەدینی ئەیوبی چی کردووە بۆ نەتەوەی خۆی تا من شانازی پێوە بکەم؟ باشە گەر سەلاحەدین ئەیوبی ئەمە حاڵی بێ چاوەڕوانی چی بکەم لە سەرکردە و هێزی ئیخوانی ئەمڕۆ؟
لە کەناڵی ڕووداو، چاوپێکەوتنی سەرکردەیەکی هودا پارتم بینی. بەڕێزیان بە شێوەیەک دژایەتی کورد و هەدەپەیان دەکرد و پاڵپشتی ئەردۆگانیان ئەکرد، ڕەنگە ئەردۆگان لە شوێنی ئەوبووایە بڕێکی زیاتر خاتری بگرتینایە. گەلی کورد لە تورکیا وهەدەپە هێندە بە ئەزموون و دڵسۆزن بۆ دۆخی خۆیان، توانیویانە لە نێو دونیای ڕەگەزپەرستی وشۆڤێنی تورکدا بە پێوە خۆیان ڕابگرن و گەشەش بکەن. بەڵام گریانی من بۆ پارتە (نەتەوایەتی و چەپ و ئازایخوازەکانە!) لە باشوور، کە چۆن بتوانن لە سایەی گەندەڵی و خیانەت و ناتەبایی خۆیاندا، خۆیان لە بەردەمی پارتە ئیسلامی و ئیخوانییەکاندا بگرن، گەر هاتوو بە هەمان عەقڵییەتی “انصر اخاك…” مامەڵە بکەن لە گەڵیاندا!؟ ئەبێت پێستی خۆیان لە دەباخانەی ئیخوانی جیهانیدا ببیننەوە. ئەوەی ماوەتەوە، لەمەڕ ململانێی نێوان ئیخوانی کوردی بەرانبەر بە چەپ و عەلمانی، برای خوێنی خۆی، لە باکور و باشور کوردستان بڵێم: عەلمانی و چەپی باکوور گوێت لێ بێ و ئەوانەی باشووریش لە گەڵ ئێوەمە.

 

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت