عەبدولکەریم شێخانی: تيلماسکێکی دیکە لە هێشووە ترێیی شیرینی زمانی کوردى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکەو پرتکە ژمارە – هەینی 2. 9. 2022
دیسان بادەدەمەوە بۆ لاى کەر و گا، کەر و گای چوار پێ، نەک هی دوو پێ، چونکە کەر و گاى دوو پێ، مەترسیدارن و جووتە دەوەشێنن و قۆچ دەهاوێن. وەکو گوتم من لە ساڵی 1998 گوتارێکی توانج ئامێزم لە گۆڤاری ڕامان بڵاوکردەوە بەناوى ( کێشەى زمانی کوردى لە نێوان کەر و گادا). لەو گوتارەدا ئاماژەم بۆ هەندێک لایەن کردبوو، سەبارەت بەو دوو بڕگەیەى هەندێک نووسەرى تازە سەرهەڵداو، لێیان بووە بە کیشە و مایەى سەرئێشەن بۆ ئەوان و سروشتی ناسکیان دەڕووشێنێ. هەنگین گوتبووم و ئێستاش دەیڵێمەوە ئەو دوو بڕگەیە هیچ پەیوەندییەکان بە کەر و گاوە نییەو پێویست ناکا زیاتر ڕوونی بکەمەوە. نووسەر وشاعیرانی زوومان بەکاریان هێناون و شەرمیشیان پێ نەبووە، چونکە نیازیان پاک بووە. ئەوانەى پێیان تیک دەچن، وەکو ئەو مەلایە وان کە دەڵێ: ناشێ ژن دەست لە مۆز و تەرۆزى و ئاروو بدات. بەڕاى ئەو، چونکە لە ( کێر) دەچن. ئەو مەلایە چۆن هیچ جوانییەک لە ژندا نابینێ و هەر بیری بۆ نێوان ڕانی ژن دەچێ, ئەو نووسەرانەش هەر بیریان بۆ بڕگەى کەر و گا دەچێ کە بە ڕاى ئەوان مایەى شەرمە لە زمانی کوردیدا.
هەندێک نموونە دەهێنمەوە: گەڕەکێک هەیە لە سلێمانی بە ناوى ( سابوونکەران ) و ڕەنگە خەڵکی ئەو گەڕەکە هەندێکیان سابوونیان دروست کردبێ و نە سابوونەکە بووە بەکەر و نەخەڵکەکەش و ئێستا تۆ بێیت و بڵێی ئەو ناوە ناشیرینە و بیکەى بە ( سابوونکاران ). هەموو کورد دەڵێ مریشکی هێلکەکەر و تۆ بیی و بیکەی بە مریشکى هێلکەکار. بە ئیشکەر بڵێی ئیشکار. ناشیرینییەکە لە وشەکەدا نێیە، بەڵکو لە شێوەى بیرکردنەوەو نەزانیی و نەشارەزایی ئەو کەسانەدایە کە پێیان وایە ئەمە نیشانەى نەنگی و شەرمەزارییە. کێشەکە لە بەد نیازیی کەسەکەدایە، نەک وشەکە.
برادەرێک لە دیدارێکدا گوتبووى ( ئەدەب و سیاسەت تەواوکەرى یەکترن ). تەلەفۆنم بۆ کرد و گوتم دەستت خۆش بێ و باش بوو وێرگول ( فارزە) ت لە نێوان ئەدەب و سیاسەت دانەناوە. ڕستەکە بەو شێوەیە هیچ لێکدانەوەیەکی خراپى تێدا نییە. بەڵام ئەگەر یەکێک نیازى پاک نەبێ دەڵێ ( ئەدەب و سیاسەت تەواو, کەرى یەکترن ) و هەنگین هەردووکیان دەکرێن بە کەرى یەکتر.
گوتیان مامۆستایەک لە گوندیک بوو و خەڵکەکەى زۆر ڕێزیان لێ دەگرت و نەیاندەهێشت دەست بە ئاوێدا بکات، هەمیشە خواردنى لەسەر خەڵکی گوندى بوو. سەرى مانگان کوێخا دەچووە سەر شوێنێکی بڵندى ئاوایی و هاوارى دەکرد، خەڵکینە مامۆستا کەرەو ماستى دەوێ، چونکە سبەینێ دەچێت بۆ شار بۆ مووچە وەرگرتن. ئەم ڕستەیە زۆر تەواوە و ماناى ناشیرین هەڵناگرێ. بەڵام ئەگەر کوێخا بڵێ ( مامۆستا کەرەو, ماستى ئەوێ, ئەوا بۆ مامۆستا باش نییە.
ساڵی 1973 ئەندامی لیژنەى وەرگێڕانی کتێبی ( التربیة الزراعیة) پۆلی پێنج و شەش بووم, بۆ ناوەکەى من پێم باش بوو بەشێوەى زمانی خەڵکی لادێ بڵێم ( ڕەنێو هینانی کشتوکاڵ )، چونکە لە لادێ ڕەنێو هێنان بۆ بەخێوکرنی مەڕوماڵات و پەروەردەو کۆکردنەوەى بەرهەمی کشتوکاڵیش بەکار دێ، بەڵام چونکە ئەوسێ مامۆستایەى لیژنەکە کە یەکیان دکتۆریش بوو، ژیانی لادێیان نەدیبوو، بە قسەیان نەکردم، منیش بە نابەدڵی بەدڵی ئەوانم کرد. کتێبی پۆلی شەشەم باسی دۆ و ڕۆنەکەرەى تێدا بوو. دەڵێ ماست و ئاو دەکرێنە مەشکەوەو بۆ ماوەوەیەکی باش دەژەنرێ و چەوریی ماستەکە کۆدەبێتەوەو دەبێ بە ڕۆنەکەرە, یان فەریکە ڕۆن, یان نیڤیشک و ئەوى دیکەش پێی دەڵێن دۆ. هەندێک جار دۆیەکە تامى مەشکەکە دەگرێ کە پێستى گوێرەکەیە, بۆیە بە جەوت و مازوو خۆشی دەکەن و تامى پێستەکە دەبڕێ و یان لەنێو بەرمیلی ئەلەمنیۆم دەژەنرێ و ئەویش تامی دۆیەکە ناخۆش دەکات, بۆیە لە نێو بەرمیلی دار دەیژەنن. من بەرمیلی دارم نەدیبوو و بەرمیل هەر ئاسنە، وەکو بەرمیلی نەوت و شتی دیکە. زوو زوو دەچووم بۆ لاى ( مامۆستا محمدى شەلماشی ) کە پیشنوێژو گوتاربێژى خانەقاى مەولانا بوو و دوایی کەوتە هەندەران و ئێستا بەسەردان هاتۆتەوەو بەڵام بەداخەوە کەوتووەو قاچى شکاوە و هیوای زوو چاک بوونەوەى بۆ دەخوازم. ئەو پیاوێکی قسەخۆشی گفتار شیرین و کوردیزانێکى باشە. گوتم مامۆستا من بەرمیلی دارم بەو گەورەییە تەنیا لەفلیمەکانی هۆلیود و ئەوانە دیوە کە کاتێ شەڕە دەمانچە دەکەن بەر بەرمیلی داری بیرەو شەراب دەکەوێ و کون دەبێ و مەیەکە دەڕژێ. یان بەرمیلی بچووکم لە شۆڕیجەى بەغدا دیوە کە عەنبەو بەهاراتی هیندى تێدا دەهێنن. مامۆستا پێکەنی و گوتی ئەو بەرمیلە دارە لاى ئێمە لەڕۆژهەڵاتی کوردستان هەیە و پێی دەڵێن ( نێرە).

مەلایەک هەبوو لە گوندی ( سۆغانلوو) ى سەر بە لاجان, وەک مەلا بوو, دەستی دارتاشیشی هەبوو و نێرەى دروست دەکرد و پێیان دەگوت ( مەلانێرەکەر). واتە نێرە دروستکەر و ئەوى دیکەش. ئیدى نیاز پاکی و بەدنیازیی خەڵکی لێرەدا لە شێوەى بەکار هێنانی وشەکە دەردەکەوێ. زۆر وشەمان هەیە ئەو کەرە بێزارکەرەی ئەفەندییانى سەردەمی نۆژەن کردنەوەى زمانی کوردی تێدایە. ئەوەتا پەندە کوردییەکە دەڵێ ( ئەوەى لە گووکەرى هەڵدەکەوێ, لە ڕاوکەرى هەڵناکەوێ ). هەندێک کردوویانە بە ڕاوچى, کەواتە دەبێ لەمەودوا بڵێێن ئەوەى لە گووچى هەڵدەکەوێ لە ڕاوچى هەڵناکەوێ, یان بە پێی ئەو مۆدێڕنبازییەى زمانزانانی خاوەن بەکالۆریۆس بێ, دەبێ بڵێێن ئەوەى لە گووکارى هەڵدەکەوێ, لە ڕاوکارى هەڵناکەوێ. ئەو کۆمەڵەیەى دڵدار و هاوڕێیانی لە کۆتایی سییەکان و سەرەتاى چلەکان دروستیان کرد ناوى (دارکەر) بوو و ئەقڵیان پێنەشکا بڵێن دارکار. دێلان دەڵێ ( شوان کۆڕى شەو گەرمکەر بوو بە فووى شمشاڵ ) و گۆران دەڵێ ( ڕاوکەرى دارستان لەباڵدار پیسکەر) و بە داخەوە هەموو شیعرەکەم لەبەر نییە. تۆ بڵێی ئەوانەى لەبەر نمرە کەمی خزێنراونەتە بەشی کوردى لەو کەڵە زمانزانانەى لەمەوپێش کوردیزانتر بن؟ بە دڵنیایی دەڵێم نا, چونکە ئەوانە بەخواست و ئارەزووى خۆیان و لەبەر خۆشەویستیی زمانی کوردى نەچوونەتە بەشی کوردى.
ئینجا با سەرێکیش لە گا خوار کەینەوە. ئەو برادەرانە هەستان هەموو بڕگەیەکی گایان کردە (گە) ئاگادارى بوو بە ئاگەدارى, جێگا و ڕێگا بوون بە جێگەو ڕێگە. بەڕاى من نابێ زمانمان لە قاڵب بدرێ و چونکە هەندێک وشە هەن ناکرێ ئەو گۆڕینەى تێدا بکرێ. شەوگار و ڕۆژگار و یادگار ناکرێ بە دەردی ئاگاداری بچن و بکرێن بە شەوگەر و ڕۆژگەر و یادگەر. دواى ئەوە بازرگان چى لێ دەکەى؟ گوندێک لە ناوچەى پێنجوین ناوى (ڕاوگان) ـە. ئەى بێگانە خۆ نایکەیە بێگەنە و هەندێک ناوێرن بەکارى بێنن و دەڵێن بیانى. لە هەندێک ناوچە دەڵێن بیانی و لە هەندێک شوێنیش دەڵێن بێگانە و پەندێکى کوردى هەیە دەڵێ ( بێگانە یەک مەیدانە) و هیچ پەیوەندییەکی بە (بێ گانە) وە نییە. دۆستێک دەڵێ نابێ بڵێین کۆمەڵگا و دەبێ بڵێین کۆمەڵگە. منیش دەڵێم هەردووکیان بەکاردێن و لە هەندێک باردا دەڵێین کۆمەڵگا و جارى واش هەیە دەڵێین کۆمەڵگە. هەروەها سەبارەت پیشانگاو پیشانگە و . تائێستا نەمبیستووە بڵێن یاریگەو هەر دەڵێن یاریگا. ئەگەر بیانگە یۆ ئەمە ئەوە بێ گوایە فارسییە, فارس دەڵێن ( پیشانگاە ) و دواى ئەوە ئێمە زۆر وشەى هاوبەشمان لەگەڵ فارس هەیە وەک ( نان, دەست, پا, سینگ ).
هەندێک وشە هەن کە بە پیتی (گ) کۆتاییان هاتووە وەک ( جەنگ, مەرگ, مێرگ, بەرگ, ڕەگ, شۆخ و شەنگ, دەنگ) و گەلێکی دیکەش. دەڵێن ئەو جەنگانە بوونە هۆی مالوێرانی و کوشتارى زۆر, بۆ جوانەمەرگان فرمێسک دەبارێنم, بەرخەکان لەناو ئەو گۆڵ مێرگانە تێر گیا دەخرن, بەو جل و بەرگانەوە دەڵێی شازادەى, ئەو ڕەگانە تەمەنی داربەڕوو درێژ دەکەن, ئەو کچە شۆخ و شەنگانە شاییەکەیان گەرم کرد, ئەو دەنگانە هەمووى ساختەن ) و دیارە ئەو وشانە هیچ پەیوەندییەکیان بەگاو گانەوە نییە. نموونە زۆرە, بەڵام مەرج ئەوەیە ئەو کەسانەى مەبەستى منن تێی بگەن و بەو نەزانییەیان خۆیان بە فیرعەونی زمان نەزانن. من جارێکی دیکەش گوتوومە, زمانى کوردی زۆر شیرینە و هیچ کەموکووڕییەکی نییە و ئەگەر ئەو برادەرە نوێخوازانە لێی بگەڕێن لە ڕێزى زمانە زیندووەکانە و لە تورکی و فارسی زۆر پاکتر و جوانترە, بەڵام هەندێک نەزان خەریکن ناشیر ینى دەکەن. دیسان جێتان دەهێڵم بە خواى تاک و تەنیاتان دەسپێرم خوا یاربێ لە دەرفەتیکی دیکە دێمەوە خزمەتتان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت