نزار الحیدري: زیاتر لە 183 ساڵ لە مێژوی ئیسلام ونە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

وەرگێڕان و ئامادەکردنی: بارزان شێخ عوسمان
نوسەر لە سەرەتای بابەتەکەیدا. نوسیویەتی “دەمەوێت، سەرنجی خوێنەری ئەم بابەتە بۆ ئەوە رابکێشم، کە من نامەوێت سوکایەتی بە ھیچ کەسێک بکەم. بە دیاریکراویی زانا و موفتییەکان بە جیاوازی پێگە و پلەکانیانەوە.
ئەمە توێژینەوەیەکی بابەتییانە، زانستیی و مێژوییە، چەندین پرسیار دەخاتە ڕوو کە پێویستیان بە وەڵامی رڕوون و بێ پێچ و پەنایە، بەدەر لەو پرسیار و سەرنجانەی دەیانخەمەڕوو، کە بە بڕوای من زۆر گرنگن.
بابەتەکە پەیوەستە بە مەسەلەیەک کە زۆرینەی موسڵمانان پشت بە حەدیسەکانی پێغەمبەر (د. خ) و کتێبەکانی وەک(سەحیحی موسلم، بوخاری،تەرمزیی و ئەوانیتر دەبەستن کە سەرەکیین و ھیچ گومانێک ھەڵناگرن بەو جۆرەی باوەڕیان پێیەتی.
نزار الحیدری. دەنوسێت: با سەیرێکی راستیی مێژویی ئەم سەرچاوانە بکەین، پێغەمبەر (د.خ) ساڵی یانزدەی کۆچی گەڕایەوە لای پەروەدگاری خۆی.
1- کتێبی سەحیح بوخاریی، دانەرەکەی (محەمەد کوڕی ئیسماعیل کوڕی ئیبراھیم کوڕی موغەیرەی کوڕی بەردزبەی جەعفەری ناسراو بە بوخارییە.
رەچەڵەک و شوێنی لە دایکبونی لە شاری بوخاریی لە خۆراسانی گەورەو (ئۆزبەکستان)ی ئێستایە، لە ساڵی 194ی کۆچیی لە دایکبوەو ساڵی 256ی کۆچیی لە تەمەنی 62ساڵییدا وەفاتیکردوە/ واتە 184 ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لەدایکبوە!.
2 – صحیح مسلم: دانەرەکەی ئەبو الحسین مسلم کوڕی حەجاجی نیشاپوريە لەشاری نیشانپوری وڵاتی فارس ساڵی 206 کۆچیی لەدایکبوەو ساڵی 261 کۆچی لە تەمەنی 54 ساڵیێدا کۆچی دواییکردووە، واتە 195 ساڵ دوای وەفاتی پێغەمبەر لەدایکبوە!.
3 – کتێبی سنن النسائي: دانەرەکەی ( ئەبو عبد الرحمن ئەحمەد کوڕی شوعەیب کوڕی عەلی کوڕی بەحر کوڕی سینان النسائي )ـە، ساڵی 215 ی کۆچی لە شارۆچکەی ( خۆراسان ) ئۆزباكستانی ئێستا لەدایکبوە و ساڵی 303 لەتەمەنی 88 ساڵیدا لەشای رەمالەی فەڵەستین کۆچی دواییکردووە، 204 ساڵ دوای کۆچی پێغەمبەر لە دایکبوە.
4- کتێبی تەرمزی: دانەرەکەی محەمەد کوڕی عیسى کوڕی َسورەی کوڕی موسى کوڕی زوحاک سەلمیی ترمزییە نازناوی ئەبو عیسى ترمزيە، ساڵی 209 ی کۆچیی لە شاری ترمزی باشوری ئۆزبەکستان لەدایکبوە، ساڵی 279 کۆچیی لەتەمەنی 70 ساڵیدا کۆچی دوایی کردوە، 198 ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لەدایکبوە؟
5- کتێبی ئیبن ماجە: دانەرەکەی عبدوڵا محەمەد کوڕی یەزید کوڕی ماجة ئەلڕەبعیی قەزوینی یە، ساڵی 209ی کۆچیی لە وڵاتی فارس لەدایکبوە لە رەمەزانی 273 ی کۆچییدا لە تەمەنی 64 ساڵییدا کۆچیی دواییکردوە، ئەویش 198 ساڵ دوای کۆچی دوایی پێغەمبەر لەدایکبوە.

ئەم بەڕێزانە،گرنگترین مەرجەعی سەرەکی حەدیسەکانن.
وەک ئەوەی باوە وا بڕوا دەکرێت ئەوانە راستگۆ ترینن بۆ گواستنەوەی وتەکانی پێغەمبەرو ھەمو زانایانی ئیسلام کۆکن لەسەر ئەوەی راستگۆن لە دۆکێۆمێنت کردنی ھەمو حەدیسەکانی پێغەمبەر (د خ) .
ئەوانە ھیچیان عەرەب نین، مەبەستم ئەوە نییە گومان بکەم لە باوەڕیان، بەڵام عەرەب نین ھیچیان لە خاکی دورگەی عەرەبیی لەدایک نەبون، کە سەرچاوەو زێدی ئیسلامە.
باشە با لە گرنگتر وردبینەوە، ئایا دەزانن ئەم ژمارانە لە ژیانی مرۆڤایەتیدا مانای چی دەبەخشن 183، 195، 204 و 198 ؟
زانایانی بایەلۆژیی وادەی نێوان نەوەیەک بۆ نەوەیەکی تر بە 33 ساڵ دیارییکردوە، کەواتە نێوانی کۆچی دوایی پێغەمبەرو دەرکەوتنی نوسەر و دانەری حەدیسەکان شەش نەوەیە. سەردەم و زەمەن گەشە دەکات و دەگۆڕێت، مرۆڤەکانیش گۆڕانیان بەسەردا دێت.
ئەوانەی کە خاوەنی ئەو حەدیسانەن، بەر ئەو گۆڕانە دەکەون، کە ناکرێت تا سەر پشتیان پێ بپەسترێت کە راست بن. بەو واتایەی رەنگە ئەو مرۆڤە ئەمڕۆ کەسێکی ئاسایی بێت، بەڵام سبەینێ ئەقڵی تێك بچێت، یا ئەمڕۆ پیاو خراپی بکات و سبەینێ ببێتە کەسێکی باش و ئاقڵ. ئەوە قانونی ژیانە مرۆڤ تاوان دەکات،هەڵە دەکات باشە و چاکەش دەکات بە جۆرێک خێر و شەڕ، چاکە و خراپە تێکەڵ دەکات واتە مرۆڤ فریشتە نییە و بێ بەش نییە لە هەڵە.
کرۆکی باسەکەمان ئەوەیە کە زیاتر لە شەش نەوە بە ساڵەکانیانەوەو سەردەمێکی دورو درێژی مێژوو، ونەو دیار نییە،کەس هیچیان لە بارەیەوە نازانێت. ێ گومان هیچ بەڵگەیەکی زانستییش بە دەستەوە نییە.
با وردتر بم لە مەسەلەکەدا، هیچکام لە (بوخاریی و موسلیم و نسایی و ترمزیی و ابن ماجی ) نەك پێغەمبەریان نەبینیوەو نەیان ناسیوە، بەڵکو لە سەردەمی پێغەمبەر یا هاوەڵەکانی، تەنانەت لە سەردەمی خەلیفەکانی راشیدینیشدا لە دایك نەبون. ئەبو بكری سدیق لە 11- 13 کۆچی، عمر بن خەتاب لە 13 – 23 ك، عوسمان بن عەفان لە 23 – 35 ك، عەلی بن ئەبی تاڵب 35 – 40، معاویە بن ئەبی سفیان 41 – 60ك، یزیدی یەکەم کوڕی معاویە: 60 – 64ك، مەروان کوڕی حەكەم: 64 – 65ك عبد الملك بن مروان: 65 – 86ك، وەلیدی یەکەم بن عبد الملك: 86 – 96 سلیمان بن عبد الملك: 96- 99ك، عمر بن عبد العزیز: 99- 101، یەزیدی بن عبد الملك: 101 – 105ك – ھشام بن عبد الملك: 105-125ك – وەلیدی دوەم کوڕی یەزیدی دوەم،کوژرا ( : 125 -126ك -ئیتر تەواوی سەردەمی ئەمەوییەکان و عەباسییەکان تا سەردەمی خەلیفە ئەمین کە لە 193 -198 حوکمی کردوە. هیچ کام لە بوخاریی و مسلم و نسایی و ئیبن ماجی، ئەوانەیان نەبینیوە، تەنانەت لە دورگەی عەرەبییش لە دایك نەبون، ئیتر ئەم وتانەی پيغەمبەریان لە کوێ وە هێناوەو سەرچاوەو مەرجەعەکانیان لە کوێ بوە؟. کێ شایەتییان بۆ دەدا؟، بەڵگە و دەستنوسە ئەسڵییەکانیان چی لێکردوە کە خۆی دەدات لە پێنج سەد وتەو حەدیس؟.
ئەوە ئاین و باوەڕ و شەریعەتە نەك بۆچون و روانینێك بە ئارەزوی خۆمان چیمان بەدڵ بێت هەڵی ببژێرین ئەوەیشی بەدڵمان نەبێت توڕی هەڵدەین؟. کوان وتارەکانی هەینی؟، ناڵێم ماوەی پێغەمبەرایەتیی 23 ساڵ بوە، دەڵێم گریمان ماوەکە دەساڵ بوبێت. با بیژمێرین مانگێك چوار هەفتەیە، یانی 4هەینی، 4رۆژی هەینی × 12مانگ = 48هەفتە، 48 × 10 = 480 هەینی و 480 وتاری هەینی.
پێویست بو ئەو وتاری هەینیانە لە کتێبەکانی بوخاری و موسلیم و ئەوانیتر دا بوایە !.
ئەی باشە ئەو وتارانە چی یان لێهات ؟!.
مەعقولە کتێبەکانی بوخاری و موسلیم و ئەوانیتر،هەزاران حەدیسی گشتیی و شەخسییان هێناوە و داویانەتە پاڵ پێغەمبەر و نەیان توانیوە و دۆش داماون یەك وتار و خوتبە بگێڕنەوە، تەنانەت یەك خوتبە و وتاریشیان لانییە .
بەراستیی سەیرە !.پرسیارەکە ئەوەیە کوا نوسەرەکانی پێغەمبەر و دەستنوسەکانیان لەکوێ یە ؟!. ئەو قسە و نوسراوانە لە کوێن کە لە زاری ئەهلی بەیتەوە دەگێڕدرێنەوە؟. کوان نوسراوەکانی هاوەڵانی پێغەمبەر؟/
ئایا زانایانی ئاینیی گرێبەستیان لەگەڵ خەلیفەکاندا کردوە لەسەر حسابی ئاینەکە؟،
ئایا سەردەمی نا سەقامگیری ئەمەوییەکان هۆی دیارنەمانی ئەو حەدیسانە  تەزویر کردنیانن؟. کێ دەستنوسە ئەسڵییەکانی لەناوبردووە یا سوتاندوە؟.
ئایا ناکۆکیی نێوان ئەمەوییەکان و نەیارەکانیاندا، لەپشت دیارنەمانی ئەو ساڵانەوەیە؟.
ئەگەر کتێبەکانی بوخاریی و موسلم نەبونایە دەبوایە ئێستا چیتان بگوتایە؟.
ئەوە کێ یە بەرژەوەندیی لەوەدا بوبێت قورئانی پیرۆز بخاتە لاوەو بیگۆڕێت بە حەدیسەکانی پێغەمبەر و تەحریمی ئەو شتانە بکات کە خوداوەند حەرامی نەکردوە؟.
ماقوڵە ئۆمەتی ئیسلام دوای مردنی پێغەمبەر (د.خ) دوای شەش پشت و نەوە، دوای 183ساڵ دوای 24خەلیفە، نەیتوانیبێت حەدیسەکان کۆ بکاتەوە!، تا ژمارەیەك موسڵمان دور لە کلتوری عەرەب و لەدورەوە لە خۆراسان و وڵاتی فارسەوە، بێن موسڵمانان فێر بکەن کە پێغەمبەر چی گوتوە!. لە کاتێکدا بەشی زۆری ئەو کتێبانە روانین و مەزاجی نوسەرەکانیانە!.
باشە بۆچی پاشماوەی نوسین و دەستنوسەکانی شارستانیەکانی سۆمەریی، بابلیی، فیرعەونیی کە گرنگترین شارستانیی مرۆڤایەتیین تا ئەمڕۆش ماون کە بە هەزاران ساڵ پێش ئیسلام بون؟. لە کاتێکدا سەردەمی پێغەمبەر هێندە دور نییە، کەچی زۆربەی هەرە زۆری دۆکێۆمینت و بەڵگەکانی ونن؟. ئەوانەی کە خۆیان بە زانایانی ئومەی ئیسلام دەزانن، دەکرێت پێمان بڵێن: ئایا بە هۆی پیلان و دزیکردن و خیانەتەوە بوە لەسەر دەستی موسڵمانان خۆیاندا کە ئەو مێژوە ون بوە؟!.
چونکە رۆژێك لە رۆژان نەمان بیستوە رۆم  و تەتەر و مەغۆل یا فارسەکان هاتبن مەککە یا مەدینەیان داگیریان کردبێت، تەنانەت بۆ رۆژێکیش نەبوە!.
لە کاتێکدا خەلیفە عەرەبەکانی موسڵمانان کەعبەیان وێرانکردوە و هاوەڵانی پێغەمبەر و پەیڕەوکارانیان کوشتوە!.
هیچ دەستنوسێکی ئەسڵیی حەدیسەکان لەبەردەست نییەو هیچ بن کۆڵ و کنە کردنێکیشیان بۆ نەکراوە، هیچ مەرجەعێکیش باسیان ناکات!.
ئایا ئەوە بەو مانایە نییە کە هەمو کتێبەکانی بوخاریی و موسلم و نسایی و ترمزیی و ابن ماجی پشتیان پێ نابەسترێت و جێ متمانە نین، یا تەزویر کراون یاخود شێوێنراون.
لە کۆتایی توێژینەوەکەیدا نزار الحیدری دەنوسێت
“هەمو ئەگەرێك لە ئارادایە. ئەگەر دەترسن لەوەی راستییەکان بڵێن ئیتر وەزعەکە لە گرێژنە دەردەچێت!، ئەوا عوزر لە قەباحەت خراپترە.
لە هیچ حاڵەتێکدا نابێت قسەیەک بە ناوی پێغەمبەر (د.خ) بکرێت کە سەرچاوەکەی دیار نەبێت و لێی دڵنیا نەبین. کەواتە مەسەلەکە لە تەزویر و هەڵبەستن زیاتر نییە، وەك چۆن زۆر راستیی مێژویی ئیسلام لە چیرۆکی درۆ و خەیاڵ بەولاوە هیچی تر نییە ( کە ئەوە بابەتەکەم نییە ). لە کۆتاییدا نزار الحیدري نوسیویەتی: بەڵام ئێستا من وەك موسڵمانێك بەلامەوە گرنگە و مافی فیکریی و لۆژیکیی و شەرعیی خۆمە بزانم کە ئەو 183 ساڵە ون بوەی مێژو چی رویداوە؟.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت