دلێر محەمەد نوری: مەسروورەکانی دوێنێ مەحزوونەکانی ئەمڕۆن.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بەر لە دوو ساڵ وتارێکم لە زۆرێک لە سایتەکان بڵاوبۆوە، لە ژێر ناوی (سەرۆکی غەمبارترین گەل مەسروورە). ئەو کات درکم بەوە کرد بوو کە لە 2019ەوە ئەم حکومەتە تەعزێبارەی ئەمڕۆ، بە چ ئاقارێکی هەڵەدا هەنگاو دەنێت. جا با کەمێک بگەڕێینەوە بۆ دواوە و هەر خێراش بێینەوە بۆ پێشەوە، تا بزانین ئەوە چۆنە سروور و حوزن کاراکتەرەکانی خۆیان ئەگۆڕنەوە؟
وشەی (محزون) کە پێچەوانەی وشەی (مسرور)ە لە زمانی عەرەبیدا و هەردووکیشیان لە سەر وەزنی (اسم مفعول)ن. کە لە بنەچەدا لە (فعل)ەوە وەرگیراون. بەڵام ئاخۆ ئەوە چ فعلێکە، وای کردووە لە ماوەی دوو ساڵدا تەواوی مەسروورەکان مەحزوون بکات و مەحزوونەکانیش مەسروور؟ وەڵامەکەشی زۆر ئاسانە، کە ئێوە لە دوو ساڵ بەر ئێستا سرووری خۆتان و کەمینەیەکی کەم، لە سەر شانی حوزنی زۆرینەیەکی زۆر بنیات نابوو. عاقیبەتی وەها فعلێک هەر بە (اسم مفعول)ی مەحزوون کۆتایی دێت. بۆیە ئەگەر سەرۆک تا دوێنی مەسروور بوو ئەوا ئەمڕۆ غەرقی بەحرێکە لە حوزن.
کاتی خۆی وتمان ئەو دۆخەی لە 2019 دا بە سەر حکومەتی هەرێمدا هێنرابوو، نەبێتە مایەی حوزنی سەرۆکەکەی و لە سرووری نەخات، ئەوا وا دیارە سەرۆکەکەی زۆر بێ باکە. هەرواش دەرچوو کە عاقیبەتی بێباکی، لە ئاست حوزنی ملیۆنان مرۆڤ، چ حوزنێک بۆ سەرۆک دێنێتە ئاراوە؟
ئێستا ئەوەی چوو چووە، ئەوە ماوە لێی بپرسین: ئاخۆ سەرۆک دوای ئەم هەموو پەڕ و باڵ کردنەی حکومەتەکەی، هێشتا وا ئەزانی دونیای ئەو کۆتایی نەهاتووە؟ بۆیە دەبێت سەرۆک کەمێک لە غرووری خۆیان بێنە خوارێ و لە بری ئەو هەموو کاردانەوە کڕچ و کاڵانەی دیپلۆماتە خرپن و مفت خۆرەکانی خۆتان، بڕێک لەو ڕەخنەگر و پسپۆرانەی دەرەوەی خۆتان، بانگێشت بکەن تا ئاسانترین ڕێگەچارەتان بۆ دابنێن. دەنا وا نەکەن ئێمە وا تێدەگەین کە هەر وەک چۆن باکتان بە میللەتی خۆتان نەبوو، وا دیارە باکتان بە چارەنووسی خۆشتان نیە.
سەرۆکە مەسروورەکەی دوێنێ کە مەحزوونی ئەمڕۆی؛ گەر تا ئێستا واتانزانی بوو کە ڕێگەی ئیدارەدان هەمیشە وەکو ڕێگەی 120ی هەولێرە و چوونە سەرخۆڵ و لادانی کاتی و ڕاست و چەپی تێدا نیە. ئەتتوانی بە بێ پشتیوانی میللەت و بە بێ ئەوانی دیکە و بێ گوێدانە عێراق و زلهێزەکان تیژ بئاژووی، ئەوائەمڕۆ لە لادانێکی مێژوودا گیرساونەتەوە. جا لێرەوە ئەوەی تەنها بە دەستتانەوە ماوە ئەوەیە، کارێک بکەن لادانەکەتان نەبێتە بەردەوام و ببێتە کاتی، دەنا ڕێگەی بۆ پێشەوەچوونتان لێ گیراوە.
زۆرم لا سەیربوو بۆ ڕۆژێکیش، گوێت لە دڵسۆزانی شەقام و گەل نەگرت بە سوودی خۆتان. لە ڕابڕدوودا باجی گەورەی پەنجەیەکی شایەتماندا، کاتێ وتی (هەندەک حساب بۆ ئەوانە ناکەم)، ئەمەش نەبووە وانەیەک و تۆ بڵێی ئەم کەوتنەی ئەمجارەشتان، وانەیەکی تری سیاسی و مێژوویی قووڵتان فێر نەکات؟
سەرۆک ئێوە برینی قووڵ قووڵتان لە جەستەی ئەم حکومەتە و خەڵکی کوردستان هەڵکۆڵیوە بو سرووری خۆتان و کەمینەیەک و حوزنی زۆرینەی هەرە زۆری خەڵکی. ئەوە ئازاری ئەو ملیۆنان خەڵکەیە کە گەیشتووەتە جەستەی نوخبەی سیاسی و حزبی دەسەڵاتدار و مشەخۆرەکانی دەوروبەری. ئەو کات وتمان کە دەبێت هەڵبژێرن لە نێوان خۆتان وەکو حزب و دار و دەستەکەتان لە لایەک و میللەتیش لە لایەکەی تر. دەبێت لایەک مەسروور‌ بێ و لایەک ملکەچ. ئێوە ئەو کات تەنها هەوڵی ملکەچ کردنی میللەتتان دا. ئەمێستا یارییەکە پێچەوانە بۆتەوە و ئازارە زۆرەکان دونیایان هێنایە سەیرتان.
سەرۆک ئەزانم ئێستا مەحزوونی بە سرووری خەڵکی. بەڵام تەماشا ئەوانەی دوێنی مەسروورت کردن لە چەند هەزارێک تێناپەڕن. میللەتێکی چەند ملیۆنیش هەر شایی و لۆغان ماوە بۆ ئەم کەوتنەتان بیگێڕین. تۆ تەماشا جگە لە کەناڵەکانی نەوت و کادیرە تێرەکانی حزب و پێشمەرگەی ڕۆژ و حسێنی یەزدانی پەنا و مونا قەهوەچی و کاکە حەمە و هەندێ مەلا و هەندێکیش سەلەفی و هەندێ کچە مۆدێل …کێی تر شک ئەبەن کەمێک باری خەمت لە سەر سووک بکات؟

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت