عەبدولا کەریم مەحمود: قادر رەباتی لە ئاشداخ نەگەڕایەوە!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

بۆ یادی قادر حەمە سالح رەباتی، یەکەم شەهیدی ئەنفالی سێی گەرمیان.
دوای هەرەسی 1975، جوگرافیای ناحیەی سەنگاوی و گوندەکانی دەوروبەری بە فەوجی سوپای عێراق و ئیستیخباراتی عەسکەری و ئەمن و سەرۆک جاش تەنرا و کرا بوو بە بەندیخانە، ئەو شارەیان لە هەموو خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان بێ بەری کرد، چەند جارێک جەستەیان خاپوور کرد و سیمای شاریان لێ سڕییەوە. بەڵام لە رۆح و جەستەی بریندارو بێ نازی سەنگاو و گوندەکانیدا، دەیان پێشمەرگەو فەرماندەی دیارو کادر و سەرکردە، رۆڵی گرنگیان لە ویستگە جیاجیاکانی خەباتی رزگاریخوازی کوردا بینیوە، شەهیدەکانی سەنگاو و گوندەکانی هێمای شکۆی مێژوویی و سەروەریی گەرمیان و نیشتمانە.

بەرنگاری هەڵبژراردن
یەكێک لەو پێشمەرگەو کادرانە، قادر حەمەساڵح فەقێ قادر رەباتی، ناسراو بە(حاکم قادر)، گەنجێکی ئەسمەر و هەست ناسک و دەروون پاکی وریا بوو، کەسێتیەکی هێمن و شەرمن بە ئەدەبی کەم دووی ژیر بوو، لە هەڵسوڕانی کارەکانیدا جدی بوو، لە منداڵییەوە عاشقی هونەری مۆسیقابوو، حەزی لە ئامێری کەمان بوو. لەساڵی 1962 لە ناحیەی سەنگاو لەدایک بووە، لە 1970 قادر حەمە ساڵح و عومەر عەلی سەنگاوی و ستار رەحیم ئەکبەر سەنگاوی لە قوتابخانەی سەنگاوی سەرەتایی بوون بە هاوڕێ.
لە 1978 قادر حەمە ساڵح رەباتی، عومەر عەلی سەنگاوی و وریا شیخ رەشید و ستاررەحیم سەنگاوی، سەمەد عومەر، جیهاد ئەحمەد کاکە وڵلا، فەرهاد سەنگاوی و عەلی حاجی ئەحمەد و مەحمود ئەحمەد کاکەوڵلا و ئەکرەم شیخ کەریم و غازی حەمە لەتیف و سالار شێخ تەها، شیرزاد حەمەساڵح و چەند کەسێکی تر ) لە ناو سەنگاودا ، بەرەنگاری هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نیشتمانی عێراق بوونەوە.

شانۆ
لە مانگی 10ی ساڵی 1978 قادر حەمەساڵح و عومەر عەلی سەنگاوی و ستار رەحیم سەنگاوی) بوون بە کۆمەڵە، لەهیڵی 152 لەگەڵ گەنجەکانە بە هەڵویستەکانی سەنگاودا، عاشقی خوێندنەوەی بڵاوکراوەی ئەدەبی ورۆشنبیریی گشتی وسیاسیی وخۆپەرەردەکردن بوون ،بەشداری بۆنە نیشتمانی ونەتەوەییەکانیان دەکرد.
لە شەوی 21-22. 3. 1980 بۆ یادی نەورۆز، قادرو ستار و گەنجەکانی سەنگاو، وەک ئەکتەر رۆڵیان لە شانۆگەری کاوەی ئاسنگەردا نمایش کرد.

جانتاکەی مەلا نوری
لە 17. 11. 1980 کەرتی 4ی جەباری بەفەرماندەی بیستون باڕۆیی، رووبەرووی شەڕێکی سەختی نابەرامبەر لە شاخی شۆراوە بوونەوە، چەند کۆپتەرێک گەیشتنە سەرئاسمانی شەڕگەکە، 16 پێشمەرگەیان شەهیدکرد، مەلانوری کادری ریکخستنەکان لە شەڕەدا شەهید کراو جانتایەکی پێ بوو، ناوی زۆربەی رێکخستنە نهێنیەکانی سەنگاوی تیابوو، دەست ئیستیخباراتی عەسکەری کەوت.
قادرحەمە ساڵح و وریای شێخ رەشید و غازی حەمە لەتیف و عەلی ئەحمەد حەمە ساڵح، ئەکرەم شێخ کەریم و سالار شێخ تەها و شیرزاد حەمەساڵح بۆ ئەوەی دەسگیر نەکرێن، بۆماوەیەک روویان کردە کربچنە و ستار رەحیم لەکچان مایەوە، دوای ماوەیەک بە لێبوردن گەڕانەوە بۆسەنگاو.
لە 25. 11. 1980 ئیستیخباراتی فەوجی سەنگاو، (جیهاد ئەحمەد کاکەوڵلا و مەحمود ئەحمەد کاکەوڵڵا و عومەر عەلی سەنگاویی و مەحمود مستەفاو قادر هادییان لە ناو سەنگاودا دەسگیر کرد، دوای لێکۆڵینەو ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی لە فەوجی ئیستخباراتی سەنگاو و ئیستیخباراتی لیوای چەمچەماڵ و ئیستیخباراتی عەسکەری سلێمانی و هەیئەی خاسەی کەرک و هەر پێنجیان هیچ نهێنیەکیان نەدرکاند، لە 7. 6. 1981 لە ئەمنی سلێمانی ئازاد کران، دوای سێ مانگ، جیهاد بووبە پێشمەرگە.

لە سەنگاوەوە گەیشتنە خاوێ
لەسەعات 2ی دوای نیوەڕۆ، ( قادرحەمەساڵح و ستار سەنگاوی و عومەر سەنگاوی، روویان کردە دارەکەی شێخ حسین لەوێ بڕیاریاندا ببن بەپێشمەرگە، لەجادەی سەنگاو- چەمچەماڵ پەڕینەوە، روویان کردە گوندی (دلکە) ی بناری سەگرمە، شەوەکەی گیشتنە هەواری (ئۆخ لیجە)ی دەوارنشینی جافەکانی گۆمەزەرد.
قادر لە رۆیشتنا گورجوگۆڵ و خێرا بوو، ماندووبوونی نەدەزانی، پێش ستارو عومەر بەتولە رێگاکەدا، هەنگاوی خێرای ناو بە شاخی (کانی دلکە )دا هەڵگەڕان،گەیشتنە سەر داروشەخسەکەی خاوێ، حەمەرەش و مەفرەزەکەی لەوێ بوون، بوون بەپێشمەرگە لە مەفرەزەکەی حەمەرەش.
قادرو ستارو عومەر لە مەفرەزەکەی حەمەرەش، هەموویان 17پێشمەرگە بوون، 7کڵاشینکۆ فیان پێ بوو، بەشداری داستانی ژاڵەیان کرد، قادر لەو داستانەدا، بە بڕ نەوێکی 17ی داررەشی درێژ، لە گەڵ جەلال تەکیەی بەرەورووی هیزەکانی سوپای عێراق ڕووەو جادەکە دامەزران، بواریان نەدا یەک ناقیلەو سەربازو جاش خۆیان بگەیننە ناو ژاڵە.

رەبایەکەی کەلە رەشی
سەعات 6و 15 دەقیقەی ئێوارەی 8. 9. 1982 مەفرەزەی 2ی کەرتی 4ی جەباری پێک هاتبوو لە حەمەرەش و عەتا زرگوێزی و وریا شێخ رەشید و عومەر عەلی سەنگاوی و فاتیح رەوف سەنگاوی و عەبدوڵلا تیلەکۆی سەنگاوی و غەفور سەنگاوی و قادرحەمەساڵح رەباتی و عوسمان جاف ناسرو بە مام سالح و هاشم شێخ ئەحمەد سەنگاوی و ئازاد تیلەکۆی سەنگاو و مەحید رۆستەم و ستار رەحیم ئەکبەر سەنگاوی و چەند پێشمەرگەیەکی تر، لە سێ قۆڵەوە هێڕشیان کردە سەر رەبایەی کەلە رەشی
عومەر سەنگاوی و فاتیح سەنگاوی لە قۆڵی یەکەمەوە، لە رۆژهەڵاتەوە هێڕشیان کردە سەر رەبایەکە.
حەمەرەش و عەبدوڵلا تیلەکۆیی و چەند پێشمەرگەیەک لە قۆڵی دووەمەوە، هێرشیان کردە سەر رەبایەکە.
عەتا زرگوێزی و وریای شێخ رەشید و ستار سەنگاوی و هاشم شێخ ئەحمەد لە قۆڵی سێیەمەوە، لە رۆژئاوەوە هێرشیان کردە سەر رەبایەکە.
قادر حەمەسالح رەباتی و ئازاد تیلەکۆیی لەگردێکدا دامەزران، زاڵ بوو بەسەر رەبایەکەی کەلە رەشی، لە گردەکەوە تەقەیان لە ناورەبایەکە دەکرد.
مەجید رۆستەم و مام ساڵح جاف لە نزیک گۆرستانەکە گوندی کەلە رەشی چاودێری پێشمەرگەکانیان دەکرد.
200 مەتریان مابوو، بگەنە ناو رەبایەکە 15 سەرباز لە ناو رەبایەکەدا بوو، سەربازەکان بەرگریەکی توندیان کرد، دوای یەک سەعات شەڕ، هەر سێ دەستەی هجوم، خۆیان گەیاندە ناو رەبایەکەو گرتیان.
هیچ سەربازێکیان نەکوشت، تەنیا یەک سەربازیان بریندار بوو، 14سەربازیان بەدیل گرت، یەک سەربازیان لە گەرمەی شەرەکەدا رای کردبوو، پێشمەرگەکان بە 14 کڵاشینکۆف و یەک (ئاربی کەی )گەرانەوە بۆکانی چەپەچنارەی نزیک گوندی دێڵێژە.
گرتنی رەبایەی کەلە رەشید، گەورەترین سەرکەتن بوو، هەژانی دروست کرد، یەکەم جاربوو پێشمەرگە بتوانێ رەبایە بگرێت.

کادری رێکخستن و کۆمەڵایەتی
لەمانگی 4ی 1984قادر کرا بەکادری رێکخستنی سنووری کەرتی دوزخورماتوو لە تیپی 51ی گەرمیان، شێخ جەمال بەهادین فەرماندەی کەرت بوو، سامان گەرمیانی سەرتیپ بوو.
لەساڵی 1986 قادر کرا بە کادری کۆمەڵایەتی کەرتی 3ی تیپی 51ی گەرمیان، عومەر سەنگاوی فەرماندەی کەرت بوو، مەحمود سەنگاوی فەرماندەی تیپ بوو،وریای براخاس لێپرسراوی کۆمەڵایەتی بوو.

ئاشداخی بە خوێن سوور کرد
لە ئەنفالی سێ دا، سوپای عێراق و جاش لەچەندان قۆڵەوە هێرشیان کردە سەر گەرمیان، لەو کاتەدا پێشمەرگەی تیپەکانی گەرمیان، لە شەڕی بەرگری ئەنفالی یەک لەدۆڵی جافایەتی لە کشانەوەو لە گەڕانەوەدابوو، هێشتا نەگەیشتبوونەوە گەرمیان، حاکم قادر سەرپەرشتی راستەوخۆی چەند پێشمەرگەیەکی متفرقەی وەک/ سیامەند مراوەلی و جەمال تیماری و تەیب حسین سەنگاوی و رەوف رەحیم ئەکبەر سەنگاوی و ئەکرەم شێخ کەریم و عەلی ئەحمەد ساڵح خاوێی و هێزی پشتگیری محەمەد حسین و رەشیدعومەر عەبدول و عیزەت حەمۆمین و تەها عەبدولکەریمی دەکرد، روویان کردە ئاشداخ. تاهیر مەلا عەلی رەباتی لێپرسراوی ناوچەی دوزخورماتووی پارتی دیموکراتی کوردستان و چەند پێشمەریەک پێش ئەوان لە چیای ئاشداخ بوون، هەر هەموویان پێکەوە بە یەک هەڵوێست، لە بەرگریەکی بێ وێنەدا، رووبە رووی سوپای عێراق و جاشەکان لە شاخی ئاشداخ وەستانەوە.
لەو کاتەدا شێرزادی حەمەساڵح و مەلاحەسەن بەیەکەوە بوون، ویستیان رووبکەنە ئاشداخ، هەواڵی حاکم قادرو هاوڕێکانی بزانن، لە لای تیمارەوە بەرەوشاخی ئاشداخ سەرکەوتن، ئەو هەموو سەربازو جاشانەیان بەسەر ئاشداخەوە بینی، دەسڕێژیان بەرەو پێنجەمووس دەکرد، زانیان پێشمەرگەکان لە ئاشداخ کشاونەتەوە، هەردووکیان گەڕانەوە بۆ شەلەیی و شەو لەوێ مانەوە. بەیانیەکەی لەم لای گوندی درۆزنەوە، حاجی حەبیب و مەلاحەسەنی بانگ کردە لاوە و پێی وت: قادری حەمەساڵح رەباتی لە شەڕی ئاشداخ شەهید کراوە.
مەلا حەسەن لە شوێنی خۆی وشک بوو، نەیدەزانی چۆن ئەو هەواڵە دڵتەزێنە بە شیرزاد بڵێ، لە رێگا بە هێمنی هەواڵەکەی پێ گەیاند.
هەردوکیان بەقورگێکی پر لە گریان و خەمێکی قوڵەوە، روویان کردە مەسۆیی بەرگەچ، لەوێوە خۆیان گەیاندە سەر ئارامگا بێ نازەکەی شەهید قادر لە گوندی زستانە.
گەڕانەوە بۆ گوندی مەسۆیی، ئاواییەکە چۆڵ بوو، بارودۆخەکە دژوارو ئاڵۆز بوو، کەس بە کەس نەبوو، هەموو لایەکیان بە سەربازو جاش لێ گیرابوو، شێرزاد و مەلاحەسەن و دەیان و سەدان، ژن و پیاو منداڵ و پێشمەرگەی گەرمیان، رووەو تارمایی مەرگ و چارەنوسێکی نادیار هەنگاویان دەنا، جەستەی گەرمیا ن کرابووە بە دۆزەخ.
روخسار و زەردەخەنە بەرائەتەکەی قادر لە چاوە رەشەکانی شێرزادا ئاوا نەدەبوو، شیرزاد بە درێژایی رێگاکە لە گەڵ هەر هەنگاوێکیدا بەرەو سەگرمە، دوا دیمەن و دوا ماڵئاوایی و دوا رستەی قادر لە رۆح و مێشکی شێرزاددا دەنگی دەدایەوە: شێرە گیان، گەر لە ئاشداخ نەگەڕامەوە، ئاگات لە باوکم و دایکم و خوشک و براکانم بێت.

سەرچاوەو پەراوێز
1- عەبدوڵڵا کەریم مەحمود و حاکم قادر، یەکەم شەهیدی ئەنفالی گەرمیان و سەنگاو ، ژمارە 3 و4ی پایز و زستانی 2006.
* ئەمە ناوی 16 شەهیدەکەی شاخی شۆراوە ( بیستون بارۆیی – مەلا نوری – فاتیح سەنگاوی – ئەرکان چراغەروتەیی – جەبار پونگەڵەیی – عەلادین – حسین دلکەیی – قادر شاحەسەنەیی – عومەر باینجانی – شەریف کۆنەکۆتریی – عەدنان کەرکوکی – نەجم کەرکوکی – جەوهەر هەشەزینی – نەوزاد تەکیەیی – نوری ساڵەیی – رەمەزان کانی مستەفایی.
قەیسەر ئەحمەد رۆستەم ناسراو بە هێمنە رەش فەرماندەی کەرتی چواری جەباری بوو، ئەو کەرتە لە چوار مەفرەزە پێک هاتبوو، حەمەرەش فەرماندەی مەفرەزەی یەک بوو، مەولود گوربازی فەرماندەی مەفرەزەی دووبوو، هیوا بارۆیی فەرماندەی مەفرەزەی سێ بوو، مامەریشە فەرماندەی مەفرەزەی چواری جەباری بوو.
لەکاتی هەڵمەتی هێڕشی دەستەی هجوم، بۆ سەر رەبایەکەی کەلە رەشی، فاتیح رەوف سەنگاوی، خۆی گەیاندبووە قولەی سەنگەری سەربازەکانی ناو رەبایەکە، سەربازێک بە چەکەکەی بە بەردەوامی دەسڕێژی لە پێشمەرگەکان دەکرد، فاتیح سەنگاوی بە هەردوو دەستی پەلاماری لولەی چەکی سەربازەکەی دابوو، لولەی گەرمی چەکە دەستی سووتان بوو.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت