نوری کەریم: بریاو هەزار بریا، روبەری کوردستان هێندە فراوان و بەرین نەبایە.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

روبەری کوردستان 500.000کیلۆ مەتر چوارگۆشەیە، دو هێندەی روبەری ئەم وڵاتانەیە بەسەریەکەوە: هۆڵەندا و بەلجیکا و سویسرا و نەمسا و دانیمارک. بەهەمو وڵاتانی لوبنان وکوێت و ئەردەن و تونس و قەتەرو بەحرەین و هەمو میرنشێنە یەکگرتووەکانی عەرەب هێشتا روبەریان لەروبەری کوردستان کەمترە. لەکۆی وڵاتانی سەربەخۆی عەرەب، یانزە وڵاتیان، 11 حاڵاو 11کورسی یان لە شورای (نەتەوە یەکگرتووەکان!) دا هەیە و بەهەر هەموشیان پێکەوە ژمارەیان ناگاتە ژمارەی کورد کە نە ئاڵاو نەکورسی یەکی لە کۆمەڵەی نەتەوەکاندا هەیە!
بریا کوردستان هێندە فراوان نەبایە، خاوەنی دەوڵەتی ماد نەبوایە، زەردەشتی زاناو چاکساز و رابەر، کوردنەبوایە، سەلاحەدینی ئەیوبی کورد نەبایە و دەوڵەتی ئەیوبیشی دانەمەزراندایە، بنەما سەرەکییەکانی ئاینی ئیسلام وەک ئیبن خەلدون دەڵێت: لەسەر شانی چوار کەلە زانایە، سێیان کوردن، کورد نەبونایە، میرنشینی بابان ناوی لەکولەکەی تەڕیشدا نهاتایە، ئەوڕەحمان پاشای بابان شاری بەغدای بنکەی والی عوسمانییەکانی داگیر نەکردایەو ماوەی ساڵێک فەرمانڕەوای بێچەندو چونی هەردو ویلایەتی بەغداو موشڵیش بێت. میری بۆتان ئەو میرە بەهرەدار و وڵاتپارێز و هەڵکەوتووە نەبوایە، کە وەزیرو سوڵتانی عوسمانیش بەئاوەدانی و پێشکەوتنی بۆتان سەرسام بون، داستانی دوانزە سوارەی مەریوان بەر چاو و گویی هیچ کوردێک نەکەوتایە، بەدرخانەکان هیچیان بۆکورد نەکردایە، شۆڕش و راپەڕینەکانی وەک شۆڕشی شێخ عوبێدوڵای نەهری، شۆڕشی ئاگری داخ، راپەڕینی کۆچگیری (دەرسیمی یەکەم)1920 –1922، شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران 1925بزوتنەوەی کۆچ ئوشاغی 1926، شۆڕشی ئاگری داخ(ئارارات) 1927 -1932، راپەڕینی کۆچگیری(دەرسیمی دووەم) 1936 – 1938شۆڕشەکانی شێخ مەحمودی نەمر و حکومەتی کوردستانی باشور، راپەڕینی سمکۆی شوکاک، شۆڕشی ئەیلولی 1961، شۆڕشی نوێ، راپەڕینە مەزنەکەی بەهاری ساڵی1991ی جەماوەری باشوری کوردستان و رزگارکردنی زۆرترین پانتایی خاکی باشور لەچنگی رژێمی بەعس، هەڵبژاردنی گشتی و دامەزراندنی پەرلەمانی کوردستان،کابینەی وەزیرانی هەرێمی کوردستان.
بریاو هەزار بریا ، ئەوانە هیچی نەبوایە، دراوسێکانمان داگیرکار نەبونایە و ئەگەر داگیرکارن دراوسێمان نەبونایە، کوردستان بریتیبوایە لە روبەرێکی گونجاوی بەپیت و فەڕ لەسەر کەناری دەریایەک قەوارەیەکی سەربەخۆ و سنورێکی ددانپیدانراو، ئەندامێکی کۆمەڵەی (نەتەوە یەکنەگرتووەکان)، دراو و پولی پۆستەی کوردستان،گەڵیکی یەکگرتو، هاودەنگ و هەڵوێست، سەرقاڵی خوێندن و زانست و خۆپێگەیاندن بوینایە، دڵنیام ئێستا یەکیک دەبوین لە نەتەوە پێشکەوتووەکانی ناوچەکە و ئەو هەمو کارەسات وماڵوێرانی و هەزارەها هەزار شەهیدو روباری خوێن و فرمیسک ئەنفال و کیمیاباران و قڕکردنی کوردو بێهیوایی ئەم رۆژە رەشەی ئێستا نەدەبوین هەرچی هەڵدەستێ و چەپۆکێکمان بەسەردا دەکێشێت و کوردە داماوەکەش کشومات تەماشای یەکدی دەکەین و زامەکان دەژمێرین و تەنیا زامێکێکیش تیمارناکەین، تەنانەت دۆستەکانێش بێزاربون لێمان، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای دۆستی کورد بەبێزارییەوە وتی: کورد دەڵێن ئێمە نەتەوەیەکی پەنجا ملیونین، خۆ پەنجا ملیۆن گوێدرێژ دەتوانن دەوڵەتیک دامەزرێنن، بەڵام کوردەکان داوا لە ئێمە دەکەن دەوڵەتیان بۆ دامەزرێنین!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت