عەبدولکەریم شێخانی: هەر جارە تیلماسکێک لە هێشووى شیرینى زمانی کوردى.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

خرتکەو پرتکە – یەکشەممە 9. 4. 2022
دیسان دەگەڕیمەوە بۆ لاى بابەتی زمان و ڕاى خۆم سەبارەت بە هەندێک لایەنی زمان دەردەبڕم. مامۆستا نیعمەت عەبدوڵلا بە نەرم ونیانی هەندێ بابەتی ورووژاندبوو دەستی خۆش بێ. من ڕەنگە تێبینیم لەسەر هەندێکیان هەبێ. بۆ نمونە ئەو دەڵێ کەى هەڵەیە و کەنگێ ڕاستە. لەهەندێک ناوچە دەڵێن کەى و لە هەندێکی دەڵێن کەنگێ, یان کەنگین. کەنگین و هەنگین دوو تاى تەرازوویەکن. کەنگێن ئیشەکەت کرد, هەنگین داواى کرێکەی بکە. بۆ کەى, گۆران دەڵێ: کەى تۆم دیوە کەی دەتناسم کەى کەى کەى
دڵداری چی پەیمانی چی حەى حەى حەى
نالی دەڵێ:
گوتی نالی ئەتۆ بمرە ئەمن دێم
خودا کەى بێ خودا کەی بێ خودا کەى
لێرەدا نالی دەڵێ ئەتۆ , ئەمن و نەیگوتووە ( من , تۆ ). دواى ئەوە نالی مەبەستی لە هاتنى مردنە تا یارەکەى بێ , یان مەبەستى لە هاتنی یار خۆیەتى.
لە شوێنێکی دیکە باسی لامی قەڵەو و( ر) سووک دەکات و دەڵێ ( ر) ى سووک ئەسڵترە لە (ڵ). باشە ئەى بۆ ناوچەى بادینان دەڵێی چی کە ئەو (ر) و (ڵ) دەبێ بە (ل) واتە لامی سووک و بە گوڵ دەڵێن گول و بە دڵ دەڵێن دل. لە هەندێ ناوچە ( ڵ ) و هەندێکی دیکە (ر) بەکار دێ. نموونەیەکی هیناوەتەوە بە (هەرێ) کە لەگەڵ hurry up لێک نزیکن من پێم وایە ئینگلیزییەکە ماناى خیراکە, زووبە دەگەیەنێ کەچی هەرێ یان هەڵێ ماناى ڕاکە, غاردەیە. دواى ئەوە مەرج نییە ئەگەر دوو وشە لەیەک چوون ماناکەیان وەکو یەک بێـت. لە هەشتتاکان کوڕیکی عەڕەب گوتی: جاریگیان تەلەفۆنم بۆ ماڵێک کرد، ژنێک هەڵێگرت و نەمن کوردیم دەزانی و نە ئەویش عەڕەبی و تێک نەگەیشتین و گوتی ( دایخە ), منبش گوتم بسم اللە لیش ( دایخە ) یەکەمیان کوردییە بەماناى قەپاتی کە و دووەمیان عەڕەبییە بە ماناى گێژم یان سەرم دەسووڕێ بۆ مێیینە. لە پۆلی چوارى دواناوەندی لە هەولێر خوا لێ خۆشبوو ( عصمت کەتانی) ئینگلیزیی پێ دەگوتین. ڕۆژێکیان لێم پرسی فەرید بەماناى تاک و بێ وێنە بە ئینگلزی چییە. لەسەر تەختەى ڕەش نووسی (unique)و خوێندیەوە ( ینیک ) و گوتی، بەڵام ئاگات لی بێ پەیوەندی بە مانا عەڕەبییەکەوە نییە. لە زمانی یۆنانی بە 28 دەڵێن ( کوس أوختا ), ئاشکراشە بە عەڕەبی ئەم وشەیە مانایەکی سەیری هەیە. یان دەبینی وشەیەک دوو ماناى هەیە. بۆ نموونە دەڵێن ( پێستی سەگى گڕوێ دەخورێ ) ئەو خورێیە دوو ماناى هەیە ( خوران و خواردن ). یان دەڵێی ( پێم ناخورێ ) دوو ماناى هەیە یەکەم قاچم ناخورێ و دووەم هیچم بۆ ناخورێ.
ئینجا با ئاوڕ لە لایەکی بدەینەوە. دیارە زمان لە دۆخێکدا ناوەستێ و گۆڕانی بەسەردا دێت و بەپێی سەردەم وشە و زاراوەى تازەى تی دەکەوێ و پەرە دەستێنێ،بەڵام بەشێوەیەک ڕێی تێ بچێ نەک بەزۆر لێ کردن تێ ئاخنینی هەڕەمەکییانە. من پێش ئێستا گوتوومە و ئێستاش دەیڵێمەوە لە هەموو جیهاندا نە زمانی پاک هەیە وشەى بێگانەى تێدا نەبێ و نە ڕەگەزی مرۆیی پاک هەیە ژن و ژنخوازی لەگەڵ نەتەوەى دیکەی تێدا ڕوونەدابێ. ژنى کورد مێردی بە عەڕەب و فارس و تورک و هی دیکە کردووە و پیاویکوردیش ژنى لە ئەوانە هێناوە. واتە تێکەڵ بوون. زمانیش هەر وایەو ئیمە وشەمان لە میللەتانی دیکە خواستۆتەوە و ئەوانیش لە ئێمەیان وەرگرتووە. ئێستا هەوڵێک هەیە بۆ جێگیر کردنی وشەى کوردى لە جیی وشەکانی بێگانە. یان هەندێک ئەم وشە یان ئەو وشەیەیان بەدڵ نییە و دەیگۆڕن. بۆ نموونە لاپەڕەیەک هەندێک وشەى هێناوەو ڕیزى کردوون. بە ( مطبخ ) دەڵێ ( ناندێن ). کورد هەمووى دەڵێ چێشتخانە واتە خانەى چێشت. وشەکە زۆر ڕاستە و ئەو لەترسی ( مطعم ) گۆڕیویەتی. دوای ئەوە ئەوە ناندێن بەسەبەتەیەکی گەورە دەگوترا جاران لە ترسی مشک و زیندەوەری دیکە هەڵیاندەواسی و نانی تیریان تێدا دادەنا و ئەو برادەرانە ڕەنگە نەیاندیبێ. وشەى جاڕس بەماناى نزیک هاتووە و من جارسم بەماناى بێزار بیستووە ز منجڕى بە ماناى پێدار هێناوە, لە کاتیکدا منجڕ بە کەسێک دەگوترێ کە بەرۆکت دەگرێ و بێزارت دەکا. دەفتەرى کردووە بە تێنووس. ئەو کەسە هەر خۆی ئەوە بەکار دێنێ و هەموو خەڵک هەر دەڵێن دەفتەر و بەقەڵەم دەڵێ پێنووس. جارێ دەفتەر و قەڵەم خۆ عەڕەبی نین و با عەڕەبیش بن خۆ بە بەکارهێنانیان کابە کەچ نابێ. باشە کاکی برا وەرە تۆ (حلال و حرام و تۆبەو طلاق) م بۆ بکە بە کوردى. هەموو کورد دەڵێ ( حەڵاڵ = حەرار , حەرام , تۆبە ,تەڵاق) .
کۆمەڵێ وشەى دیکەى هێناوە وەک ( حکومەت = میرى , اعتراض= پەڵپ. پەڵپ, بیانوو, بیانگە, بەهانە بە ماناى حجة یان ذریعة دێن. إعتراض= بەرهەڵستییە. بە بەرخى بچووک دەڵێن کاژەلە, ئەى کاکە بە بەرخی گەورە دەڵێن چی؟ ئەوەى لە بزن دەبێ پێی دەڵێن کار، یان کارژۆلە, ئینجا گیسک و چوشتیر و دواى ئەوە بزن یان نێرى. ئەوەى لە مەڕیش دەبێ, بەرخ, کاوڕ, شەک ( نێر یامێ ) ئینجا مەڕ یان بەران. هەیتە = پۆلیس. هەموو جیهان دەڵێ پۆلیس و نەیانگوڕێوە ئێمە لەبەر ئەوەى زمانزانمان زۆرە گۆڕیومانە. برا بڕوا بکە بە پۆلیسێک بلیی هەیتە دەمت دەشکێنێ. بەهانە =مبرر , پاساو مبررە. پەستن= وصف, پەسن نەک پەستن. مەکینە = بزوێنەر. هەموو کورد بەشار و لادێ دەڵێن مەکینە و وشەیەکی جیهانییە و تەنیا خۆت دەڵێی بزوێنەر. گەڵێک وشەى دیکەى تێدایە بەڕاستى نەمویست سەرى خۆمی پێوە بیشینم چونکە ئەو برادەرە هەر خۆى بەکاریان دێنێ. تەنیا ئەوە دەڵێم کە هیچ زمانێک نییە وشەى بێگانەی تێدا نەبێ. جارێکیان گوتارێکم لە گۆڤارى ( العربی ) ی کوێتی خوێندەوە بە ناوى الإقتراض فی اللغة), نووسەرەکە دەڵێ زمانی ئینگلیزی ئەگەر وشەى لاتینی و سەکسۆنی و نۆڕماندی لێ دەربێنی 25% زمانی ئینگلیزى دەمێنێتەوە. با دیسان جێتان بهێڵم بۆ خرتکەو پرتکەیەکی دیکەو خواتان لەگەڵ.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت