خالید مەجید فەرەج: حیزبی سیاسی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

پێشەکی
حیزبە سیاسییەکان بە ئامرازێکی سەرەکیی و چالاک لە ئامرازەکانی گەشەسەندنی سیاسی لە چەرخی نوێدا دادەنرێن، هەر وەکوو چۆن هەر جومگەیەکی دیاریکراو لەناو کۆمەڵگادا سیاسەتێکی تایبەت بە خۆی هەیە و گوزارش لە ناوەرۆکەکەی دەکات بۆ نموونە سیاسەتی گەشەپێدانی خوێندن گوزارش لە ناوەڕۆکی خوێندن دەکات لەو وڵاتە، بە هەمان شێوە حیزبە سیاسییەکان و سیستەمی حیزبیش گوزارش لە گەشەسەندنی سیاسی دەکەن لەو سیستەمە سیاسییەدا.
هەرچەندە لەناو کۆمەڵگا پێشکەوتووەکانی ئێستادا دام و دەزگاکانی کۆمەڵگای مەدەنی گەیشتوونەتە ڕادەیەکی بەرز لە ڕێکخستن و پێشکەوتن، بەڵام هێشتا حیزبە سیاسییەکان گرنگی و زەروورەتی خۆیان لەدەست نەداوە، چونکە ئەو دام و دەزگایانە نەیانتوانیوە وەزیفەی حیزبەکان لە دەستاودەست کردنی ئاشتییانەی دەسەڵات و ئەرکەکانی تری لە ناو کۆمەڵگا ببینن.
زۆر لە مێژە حیزبی سیاسی لەژێر ناونیشانی جۆراوجۆردا هەبووە و هەتا ئەرستۆش باسی لە جۆرێک کۆمەڵەی سیاسی کرووە، کە نازانرێت ئایا پێکهاتەکەیان لە چەمکی حیزبی سیاسی نزیک بووەتەوە، یان نا، چونکە هیچ زانیارییەکی سەبارەت بە چالاکی و کارەکانیان نەخستووەتە ڕوو، بێگومان ئەو دەستە و کۆمەڵانە ئەو واتایەی ئەمڕۆی حیزبە سیاسییەکانیان نەبووە.

دروست بوونی حیزبی سیاسی
لەدوای سەدەی حەڤدەیەمینەوە زۆربەی بیرمەندەکان بانگەشەیان بۆ ئازادیی سیاسی دەکرد و کرۆکی پەیامە فەلسەفییەکانیان، کارکردن بوو بۆ ئازادکردنی تاک لە کۆتەکانی، جیاوازی بەرژەوەندییەکانیش کەشێکی لەباری پێک هێنا، بۆ دروستبوونی حیزبی سیاسی جۆراوجۆر، کە هەریەکە یان گوزارشی لە بیر و بۆچوون و ئامانجی کەرتێک یان توێژێک یان چینێک لە کۆمەڵگە دەکرد، گەشەسەندنی حیزبە سیاسییەکان پەیوەست بوو بە فراوان بوونی ئیختیساسە پەرلەمانییەکان و داننان بە مافی دەنگدانی گشتی، هەروەها دروست بوونی کۆمەڵەکانی بیروڕا و یانە میللییەکان و ڕۆژنامە و سەندیکا، فاکتەرێکی تری بەهێز بوون بۆ ئەو گەشە سەندنە.
لێرەوە دەتوانین بڵێن کە حیزبی سیاسی بە دوو شێوە دروست بوو:
1- ئەو حیزبانەی کە لەناو پارلەماندا دروست بوون بریتین لەو حیزبانەی کە لە ئاکامی بەردەوامیی پەیوەندی نێوان کوتلە پەرلەمانییەکان و لیژنەکانی هەڵبژاردن و هاوکاریان لەگەڵ یەکتر دروست بوون، کاتێکیش کە هەڵبژاردن بوو بە ئامرازێک بۆ پێک هێنانی ئەنجوومەنی نوێنەران ئەوەش پاڵنەرێکی کاریگەر بوو بۆ دەرکەوتنی حیزبە سیاسییەکان و زیاد بوونی هەستکردن بەوەی کە حیزب ئۆرگانێکی پێویستە، بەتایبەتیش کە چوارچێوەی هەڵبژاردن لە ئاکامی بەشداربوونی خەڵکان فراوانتر بوو.
2- ئەو حیزبانەی کە بە فاکتەری دەرەکی دروست بوون(مەبەست لە دەرەکی دەرەوەی پارلەمانە)، دەرکەوتنی ئەم حیزبانە پەیوەست بوو بە دروست بوونی کۆمەڵە و نەقابە و یەکگرتوەکانەوە، کە بوونە سەرچاوەی دروست کردنی ئەو حیزبانە. جێگەی سەرنجە سەرجەم حیزبە سۆسیالیزمەکان لە دەرەوەی پارلەمان دروست بوون و دەرکەوتنی زۆریان لە وڵاتانی ئەورووپی پەیوەست بوو بەکاری سەندیکایی، یەکێک لە هەرە کۆنترین و بەناوبانگترین حیزب کە لەو ڕێگەیەوە دروست بووە حیزبی کرێکارانی بەریتانییە، کە لە سایەی (کۆمەڵەی فابی)کە لەساڵی 1884 لەبەریتانیا دامەزرا گەورە سەرکردەکانیان، جۆرج برناراد شۆ، سیدنی ویب، گراهام واڵاس بوون. هەوڵی بڵاو کردنەوەی سۆسیالیزمیان بە رێگەی ئاشتیخوازنە، واتا دوور لە توندوو تیژی و شۆڕش دەکرد.
هەروەها کەنیسە و کۆمەڵە و یانە ئایینییەکانیش ڕۆڵی گرنگیان هەبووە لە دروست کردنی حیزبی مەسیحی پارێزگار (کاسۆلیک)، بەڵام لە دروست کردنی حیزبە دیموکرات مەسیحییەکاندا ڕۆڵی هەرە دیار بۆ کۆمەڵەو یانە ئایینییەکان بوو، هەرچی کەنیسەیە ڕۆڵێکی ئەوتۆی لە دروستکردنیاندا نەبینی.
لەبەر ئەوەی دیانەتی مەسیحی تیۆرییەکی سیاسی لە خۆ نەگرتووە، بۆیە ناکرێت ئەو حیزبە دیموکرات مەسیحییانەی کەلەڕێگەی کۆمەڵە کاثۆلیکەکانەوە دروست بوون بە حیزبی ئایینی لە قەڵەم بدرێن، چونکە ئەوانە تەنیا لە هەندێک بەهای ئەخلاقیی حیزبە مەسیحییەکان سوود وەردەگرن.
نموونەیەکی تری ئەو حیزبانەی کە لە دەرەوەی پارلەمان دروست بوون حیزبی شیوعی سۆڤیەت بوو کە لە ساڵی 1917 دەسەڵاتی وەرگرت و ئیدی لە حیزبێکی لە ناشەرعی کە دژ بە قانوون ئیش دەکات بوو بە شەرعی.
هەروەها هەندێک لە دامەزراوە ئابوورییە گەورەکان حیزبی سیاسییان بۆ داکۆکی کردن لە بەرژەوەندییەکانیان دروست کردووە، بۆ نموونە لەکەندا کۆمپانیایەکی ڕێگاو بان لەگەڵ دامەزراوەیەکی بانکیی گەورە حیزبی پارێزگارانیان دروست کرد.
شایەنی گوتنە جیاوازییەکی بەرچاو هەیە لەنێوان ئەو حیزبانەی کە لە ئاکامی ژیانی پەرلەمانیدا دروست بوون، لەگەڵ ئەو حیزبانەی کە لە دەرەوەی پارلەمان دروست بوون، هەرچی ئەوی یەکەمیانە بنکە حیزبییەکان یان لیژنە محەلیەکان ڕۆڵێکی بەرچاو لە کاروباری حیزبیدا دەگێرن چونکە بوونی ئەوان لە پێش بوونی حیزبەوە بووە، بەڵام لەو حیزبانەی کە لە دەرەوەی پارلەمان دروستبوون ڕۆڵی هەرە گرنگ بۆ سەرکردایەتییەکەیەتی، چونکە ئەسڵ لەم حیزبانە مەرکەزە و دوایی لیژنە ناوچەیییەکان دێن، کە لەژێر کۆنترۆڵی مەرکەزدا دەبن. بۆیە دەبینین ئەو حیزبانەی کە لە دەرەوەی پارلەمان دروست دەبن ئیلتزام تێیاندا زیاترە و بونیادی ڕێکخراوەکەی تۆکمەترە لەو حیزبانەی کە لەڕێگەی لیژنەکانی ناو پارلەمانەوە دروست بوون.
لەبەر ئەوەی کە حیزبە هاوچەرخەکان بەردەوام لە ململانێی سیاسیدان لەگەڵ حیزبەکانی تر بۆ وەرگرتنی دەسەڵات، بۆیە پێویستیان بەوەیە کە بونیادی ناوخۆ و ئیلتیزامی حیزبیان پتەوتر و زیاتر بێت هەر لەبەر ئەو هۆیەشە لە ساڵی 1900 بەدواوە زۆربەی ئەو حیزبانەی کە دروست بوون ئەوحیزبانەن کە لە دەرەوەی پارلەمان دروست بوون.
شایەنی باسە تا وەکوو چەرخی نۆزدەیەمینیش کۆمەڵەسیاسیەکان پشتیان بە سیفەتە شەخسییەکانی ئەندامەکانیان بۆ کەسب کردنی ئەندام و لایەنگرانی نوێ و هاوسۆزی ئایدۆلۆجی و فیکری خۆیان دەبەست. ترۆپکی ئەو هاوسۆزی و چوونە پاڵ یەکە ئایدۆلوجیە لەسەر دەستی گیرۆندیەکان لە سەروبەندی شۆڕش لە فەرەنسا هاتە دی، لە بەریتانیاش چاکسازی لە سیستەمی هەڵبژاردنەکانی ئەو وڵاتە لە ساڵی 1832 بوو بەهۆی زیاد بوونی ڕێژەی دەنگدەران. دواتر حیزبە کانی بەریتانیا بونیادی ڕێکخستنەکانی خۆیان پێش خست و لە چوارچێوە ناوچەیییەکانیان (لە ڕووی جوگرافییەوە) دەرچوون بوون بە حیزبی نیشتمانی.
لە فەرەنساش دەستەواژەی حیزب بەردەوام گوزارش بوو بۆ ئاراستەیەک یان تێڕوانینێکی جیاواز، لە ساڵی 1848 کۆمەڵەیەکی سیاسی دروست بوو کە ئێستا ناوی پارتی کرێکارانە ئەرکی داکۆکی کردنی لە مافی کرێکارانی گرتبوە ئەستۆ و دواتر لە دەرەوەی فەرەنساش لەو جۆرە حیزبە بە زۆربەی وڵاتاندا بڵاو بووەوە .
پێش چەرخی نۆزدەمین دەستەواژەی حیزب، واتا ڕێکخراوەییەکەی خۆی هێشتا وەرنەتگرتبوو کە بریتییە لە ڕێکخراوێکی سیاسی مەحکەم بونیاد نراو، ئەو حیزبە سیاسییانەی کە ئێستا هەن لەڕووی ڕێکخستن وەزیفە و بنەماکانی کارکردنیانەوە زۆر جیاوازن لەو حیزبانەی کە لەسەدەی نۆزدەدا هەبوون.
هەموو زانا و لێکۆڵەرەوانی بواری زانستی سیاسی بەتایبەتی ئەوانەی کە پسپۆڕن لە مێژووی سەرهەڵدانی حیزبەکان لە جیهاندا کۆکن لەسەر ئەوەی کە دیاردەی کاری حیزبی دیاردەیەکی نوێیە و لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەیەمدا دەرکەوتووە. مۆریس دوفرجیە لە کتێبەکەیدا بەناوی حیزبە سیاسییەکان دەڵێت (مێژووی حیزبەکان لە سەدە یەک تێ ناپەڕێت لە ساڵی 1850، هیچ وڵاتێک لە جیهاندا جگە لە وڵاتە یەکگرووەکانی ئەمریکا واتای حیزبی سیاسی کە ئەمڕۆ هەیە نەدەزانی ، کۆن جیاوازی بیروڕا هەبوو، یانەی میللی هەبوو ، کوتلە گەلێکی فیکری هەبوو، هەروەها کوتلەی پارلەمانیش هەبوو، بەڵام هیچ کام لە وانە نەگەیشتبوونە پلەی بە حیزب بوون یان سیفەتی حیزبیان نەبوو، لە 1950 دا سەرەتای بڵاو بوونەوەی ئەو دیاردەیە بوو (حیزب دروستکردن) لەناو نەتەوە و گەلانی تردا.
دەتوانیین بڵێین هۆی سەرەکی دەرکەوتنی حیزبەکان لە وڵاتانی ڕۆژئاوای لیبرالدا ئەو کەشە لەبار و واڵایە بوو کە ئامادە بوو بۆ قبووڵکردنی ژیانی حیزبایەتی، نەوەک دەستوورەکان چونکە لە دەستووری ئەو وڵاتانەدا دەقێکی ڕاشکاو نییە کە ماف بە هاووڵاتییان بدات بۆ دروست کردنی حیزبی سیاسی، بەڵکوو حیزبەکان لە ئاکامی سوود وەرگرتنی هاووڵاتییان لە بەکارهێنانی مافە سروشتییەکان دروست دەبن کە بریتین لە مافی کۆبونەوەو، و دروستکردنی کۆمەڵەکان و ئازادی بیروڕا و فیکر و ڕۆژنامەوانی.
زۆر لە بیرمەندانی زانستە سیاسییەکان دەڵێن دەرکەوتنی حیزبە سیاسییەکان و مێژووی دروست بوونیان دیاردەیەکی عەلمانییە چونکە خەڵک وەڕس بووبوون لە ئیستیبدادی کەنیسە و پیاوەکانی و هەڵوێستە سیاسییەکانی و بۆچوونە فیکرییەکان و تیۆرییە دوور لە واقیعەکانی ، خەڵک لە پیاوە ئایینییەکان هەڵگەڕانەوە، لەبەر ئەوەی ئەوان زۆریان لێ دەکردن کە بەقا بە بیر و باوەڕە بێ بنەماکانیان بهێنن کە دوور بوون لە ژیان و پێشوەچوونە ئینسانییەکان.
دوای ئەوەی کە دەقە ئایینییە ناعادیلەکانی کەنیسە کە حوکمی کۆمەڵگای ڕۆژئاوای دەکرد ڕۆژ لەدوای ڕۆژ نوشوستی دەهێنا، دەتوانین بڵێین ئەو کاتە حیزبە سیاسییەکان وەکوو کاردانەوەیەک بۆ کردەکانی کەنیسەو زانایانی کە ویسایەتی ئایینیان بەسەر کاری سیاسیدا سەپاندبوو دەرکەوتن،و گووتیان چیدی نابێت پیاوانی ئایینی دەست لە کاروباری دنیا وەربدەن، دەبێت ئایین لە سیاسەت جیا بکرێتەوە، لەو دەمانەدا حیزب تاکە دەرفەت بوو گوزارشکردن لە بیر و بۆچوون و هەڵوێست و تیۆرییە سیاسییەکان. هەروەها پێشکەوتن لە بوارەکانی پیشەسازی و ئابووری و هەموو بوارەکانی دیکەی ژیانی مرۆڤایەتیدا ڕۆڵی گرنگیان هەبوو لە دروست بوونی حیزبە سیاسییەکاندا.

پێناسەی حیزبی سیاسی
لەبەر ئەوەی بیرمەندە سیاسییەکان یەک بیر و بۆچوونیان سەبارەت بە دروست بوون و وەزیفەی حیزبی سیاسی نییە، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ جیاوازی ئەو قوتابخانە ئایدۆلۆجی فیکرییانەی کەو ئەوان لەناویدا ڕیزیان بەستووە، یان خۆیان ڕابەرایەتیان کردووە، بۆیە جیاوازی هەیە لە تێڕوانینیاندا بۆ پێناسەی حیزبی سیاسی:
ئەوانەی کە سەر بە قوتابخانەی فیکری مارکسین دەڵێن: حیزبی سیاسی گوزارشە لە چینێکی تایبەت، بۆیە هیچ حیزبێک بەبی بناغەیەکی چینایەتی بوونی نیە.
بەڵام لە ئەدەبیاتی سیاسی بۆرژوادا تێڕوانینێکی تر هەیە بۆ پێناسەی حیزبی سیاسی.
هاروڵد لاسویل دەڵێت (حیزب ڕێکخراوێکە کە کاندیدەکانی خۆی دیاری دەکات بۆ هەڵبژاردن).
فرنسوا بوردو دەڵێت ( حیزب پێکهاتووە لە کۆبوونەی خەڵکانێک کە بانگەشە بۆ هەمان بیر و باوەڕی سیاسی دەکەن و هەڵدەدەن لەڕێگەی پشتگیری زۆرترین ژمارەوە لە هاووڵاتییان دەسەڵات بگرنە دەست یان لانی کەم کاریگەریان لەسەر بڕیارەکانی هەبێت).
موریس دوفریجە دەڵێت(حیزب بریتییە لە کۆبوونەوەی هاووڵاتییانێک لە دەوری یەک سیستم و دیسپلین). زانای سیاسی ئوستن ڕنی دەڵێت( حیزب بریتییە لە کۆمەڵێکی ڕێکخراو کە سەربەخۆیییەکی زاتی هەیە و پاڵێوراوەکانی خۆی دیاری دەکات بۆ بەشداری لە ململانێی هەڵبژاردنەکان لە پێناوی وەرگرتنی پۆستی حکومی و کۆنترۆلکردنی پلانەکانی حکومەت).
لە کۆی ئەو بیر و بۆچوونانەی کەلەو پێناسانەی لای سەرەوەدا هاتوون بۆمان دەردەکەوێت
یەکەم/ حیزبی سیاسی دەبێت بۆچوونێکی سیاسی یەکگرتووی هەبێت،لە شێوەی پرۆگرامێکی سیاسیدا بخرێتە ڕوو بۆ هاووڵاتییان (دەنگدەران).
دووەم/ حیزبی سیاسی گرنگیەکی تەواو ئەدا بە پشتگیری ڕادەیەکی زۆر لە تاکەکانی کۆمەڵ لە بەرنامەکەی و هەڵدەدات لە ڕێگەی توانای خۆیەوە یان بە ڕێکەوتن لەگەڵ چەند حیزبێکی سیاسی تردا کە دەسەڵاتی سیاسی بگرێتە دەست تا وەکوو بەرنامە و پلانە سیاسی و ئابووری و کۆمەلایەتیەکانیەکانی جێبەجێ بکات.
سێیەم/ ئاکارێکی تری حیزبی سیاسی بەردەوامییە چونکە ناکرێت وێنای حیزبێک بکرێت کە بۆ کاتێکی دیارکراو دروست کرابێت.

بونیادی ڕێکخراوەیی حیزبە سیاسییەکان
بریتییە لە کۆمەڵێک یاساو پەیڕەو کە پەیوەندی ناوخۆیی نێوان ئەندامان و لیژنەکان و ئاستە حیزبییەکان لەگەڵ یەکدا ڕێکدەخا و لە پەیوەندییەکانی دەرەوەی حیزبیشدا ڕەنگ دەداتەوە، دیارە ئەو ئایدۆلۆجیایەی کە حیزب هەڵی گرتووە ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لەسەر پێکهاتەی ڕێکخراوەی حیزب کە دەتوانین بەم شێوەیەی لای خوارەوە ڕوونی بکەینەوە.

A- بونیادی ڕێکخراوەیی نەرم: ئەمەش لەو جۆرە حیزبانەدا پەیرەو دەکرێت کە لە پێکهێنانیاندا پشت بە لامەرکەزییەت بەستراوە،و بە شێوەیەکی لامەرکەزیش پەیوەندی نێوان دەستە و ئاستەکان بەڕێوە دەچێت، ئەم پەیوەندییە لاستیکییە (مرن) ڕێگە بە لقەکان و سەرکردەی لقەکان دەدات کە بتوانن خۆیان بڕیار بدەن، دەسەڵاتی سەرکردایەتی لەم جۆرە حیزبانەدا سنووردارە، لە بەرامبەر دەسەڵاتێکی زۆرتر و فراوانتر بۆ دەستە و بەشە جیاوازەکان لە حیزبدا.
A- بونیادی ڕێکخراوەی یەکگرتوو (مەرکەزی): لە جۆرە حیزبانەدا پەیوەندییەکانی نێوان ئاستە جیاوازەکان و دەستەکان بەهێزترە، و سەلاحیەتی دەرکردنی بڕیارەکان لەدەست سەرکردایەتیدا دەبێت، لەم جۆرە حیزبانەدا دوو جۆر یان پلە لە مەرکەزیەت هەیە.
یەکەم/ مەرکەزیەتی ئۆتۆکراتی، ئەم جۆرەیان تایبەتە بە حیزبە فاشیستییەکان، کە تێیاندا زۆربەی دەسەڵاتەکان و سەلاحیەتەکانی دەرکردنی بڕیار لەدەست سەرکردایەتی حیزب دایە
دووەم/ مەرکەزیەتی دیموکراسی کە لەسەر یەیوەندی تێک هەڵچووی هەیئەتە جیاوازەکانی حیزب هەڵدەستێت، لەم جۆرەشدا سەرکردایەتی سەلاحیەتێکی فراوانی هەیە لە دەرکردنی بڕیار، بەڵام بەپێی ڕیزبەندییەکی هەرەمی کە لەخوارەوە بۆ سەرەوە دەست پێ دەکات.

پۆڵێن کردنی حیزبە سیاسییەکان
سیستەمی حیزبییەکان بەپێی جیاوازی سیستم یان ڕژێمی سیاسی دەگۆڕێن، ئەوەی کەوا لای هەمووان ئاشکرایە ئەوەیە کە سێ جۆری سەرەکی لە سیستەمی سیاسی هەیە، سیستەمی دیموکراسی، سیستەمی دیکتاتۆری(شمولی)، سیستەمی سەرکوتکەر. چەند جۆرێک لە پۆڵێن کردن هەن بۆ سیستەمی حیزبایەتی، بەڵام لە هەموویان دیاری تر، سیستەمی حیزبی ڕکابەری سیستەمی حیزبی بێ ڕکابەرە.

A- سیستەمە حیزبییە ڕکابەرییەکان
ئەم سیستەمە سێ جۆر لە خۆ دەگرێت ،سیستەمی فرەیی(تعددی)، سیستەمی، دوو حیزب،سیستەمی حیزبی باڵادەست.
(یەکەم) سیستەمی فرەحیزبی: ئەم سیستەمە بەوە ناسراوە کە چەند حیزبێکی جیاواز لە هێز و جەماوەر و بۆچوونی تێدایە هەر یەکەیان بەشێک لە ڕای گشتی بەلای خۆیاندا دەبەن( وەکوو ئیتاڵیا، ئەڵمانیا، بەلجیکا، ئیسرائیل، هۆڵەندا، نەرویج،دانیمارک).
(دووەم) سیستەمی دوو حیزبی گەورە: ئەم سیستەمە لەسەر بنەمای دوو حیزبی گەورە لەناو دەوڵەتدا کە ڕکابەری یەکترین هەڵدەستێت یەکێکیان دەسەڵات وەر دەگرێت ئەوەی تریان دەبێت بە ئۆپۆزیسیۆن . جێبەجێ کردنی ئەم جۆرە سیستەمە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1680 لە بەریتانیا کاتێک کە دوو فراکسیۆن لە ئەنجوومەنی گشتی ( عموم) لە پارلەمانی بەریتانیا دروست بوون ، یەکەمیان نوێنەرایەتی بازرگان و سەنعات سازەکان و بەگشتی چینی بۆرجوازی دەکرد و ناوی wihg بوو دووەمیان ناوی Toryبوو کە ئۆرۆستوکرات و گەورە موڵک دارەکانی لە خۆ گرتبوو دواتر حیزبی (ویگ) ناوەکەی بوو بە حیزبی ئەحرار و ئەوی تریان بوو بە حیزبی محافیزەکان . لە ساڵی 1900 وە حیزبێکی تر لەو وڵاتە دروست بوو بەناوی حیزبی کرێکاران و لە هەڵبژاردنی 1918 توانی بەسەر حیزبی ئەحراردا سەربکەوێت و ئیدی لە ساڵی 1945وە لەگەڵ حیزبی محافیزەکان دەسەڵات دەگۆڕنەوە ،وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و بەریتانیا دیاری ترین مۆدێلی ئەم سیستەمەن. شایەنی باسە لەم سیستمەدا ژمارەیەکی زۆر لە حیزبەکان هەن ، بەڵام دوو حیزبی گەورە بەردەوام کاریگەریان لەسەر ژیانی سیاسیدا هەیە و بۆ وەرگرتنی دەسەڵات لە ململانێدان.لەو وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دوو حیزبی سەرەکی ناوبەناو دەسەڵات دەگۆڕنەوە ( جەمهوری و دیموکراسی)و حیزبی سێیەمیش هەیە بەڵام ناتوانێت ڕاکابەرایەتی هیچ کام لەو حیزبە گەورانە بکات.
(سێیەم) سیستەمی حیزبی باڵا دەست:لەم سیستەمەدا حیزبێکی زۆر هەن و هەموویان ڕکابەری حیزبە گەورە باڵادەستەکەن.بەڵام ڕکابەرییەکەیان تەنیا لە چوارچێوەی تیۆریدا دەمێنێتەوە.ئەم جۆرە سیستەمە لە وڵاتە تازە پێگەیشتووەکاندا بە زۆری بەدی دەبینرێت و دەتوانین بڵێین سیمانی سەرەکی ژیانی حیزبایەتی ئەو وڵاتانەیە و لە دوای جەنگی جیهانی دووەمیشەوە و بەتایبەتی لە حەفتاکانی سەدەی پێشوودا لە یابان و هیندیش ئەو سیستەمە باو بوو.

B- سیستەمە حیزبییە بێ ڕکابەرەکان
دیاردەی هەرە دیاری ئەم سیستەمە ئەوەیە کە هیچ ڕکابەرێکی سیاسی هەتا ئەگەر لەڕووی تیۆریشەوە بێت تێدا نییە ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە لەو وڵاتەدا یان هەر یەک حیزب بوونی هەیە یان چەند حیزبێکی کارتۆنی هەن بەڵام هەموویان لە خزمەتی حیزبە گەورەکەدا کار دەکەن و لەژێر فەرمانی ئەودان بە زۆری بەرەیەکی نیشتمانی بە سەرکردایەتی حیزبی ڕابەر پێک دەهێنن .ئەم جۆرە سیستەمە لە دوای شۆڕشی بەڵشەفیەوە لە 1917 گرنگی پەیدا کرد ، ئەم شۆڕشە یەک حیزبی گەورەی بۆ کرێکاران نەک هەر لە یەکێتی سۆڤیەت بەڵکوو لە هەموو وڵاتە سۆسیالیستەکان دروست کرد، پاساوی ئەوان ئەوە بوو کە بۆ بەردەوام بوون لە خەبات دژی سەرمایەداری جیهانی دەبێت کرێکاران لەسایەی یەک حیزبدا کۆببنەوە .بەڵام لە وڵاتانی جیهانی سێیەم دا لە ئەفریقا و لە ئاسیا ، بیانوویان بۆ سیستەمی تاکە حیزب یان حیزبی ڕابەر و فەرماندە ئەوە بوو کە حیزبی ڕابەر و فەرماندە پێویستە بۆ پاراستنی یەکگرتوویی نیشتمانی. نموونەی حیزبی بەعس لە عێراق و سووریا دوو کۆپی هەرە دیارن بۆ سیستەمی حیزبی ڕابەر و ئیلهامبەخش.

جۆرەکانی حیزبی سیاسی
1- حیزبی ئایدۆلۆجی لەم جۆرە حیزبانەدا گرنگیەکی تەواو بە پرۆگرام و پرنسیپە ورد دیاری کراوەکان دەدرێت و پابەند بوون پێیانەوە مەرجی سەرەکی ئەندامێتییە لەو حیزبانەدا ،حیزبە شیوعییەکان و سۆسیال دیموکراتەکان هەروەها ناسیۆنالیستەکان لە نموونە هەرە دیارەکانی حیزبی ئایدۆلۆجین، بەڵام لە ناوەڕاستی سەدەی پێشووەوە هەندێک حیزبی نا ئایدولۆجی دروست بوون کە پرۆگرامەکانیان گوزارش بوو لە هەڵوێستەکانیان ، لەو کاتەوە شانبەشانی حیزبە ئایدولۆجیاکان حیزبی تر هاتنە کایەوە کە پێیان دەڵێن حیزبە پرۆگرامە سیاسییە گشتیەکان یان حیزبە براگماتیەکان.
2- حیزبە براگماتیەکان: ئەم جۆرە حیزبانە ڕێکخراوێکی حیزبی و پرۆگرامێکی هەیە کە نەرمە و لەگەڵ ئەو گۆرانکاریانەی کە بەسەر واقیعی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا دێت، خۆی دەگونجێنیت واتا دەتوانێت پرۆگرامی خۆی یان ڕێڕەوی گشتی حیزبەکە بەگوێرەی بەرەو پێشووە چوونی بار و دۆخەکە بگۆڕێت.
3- حیزبی کەسەکان: ئەم جۆرە حیزبانە پەیوەستن بە شەخسی سەرکردە یان ئەو ڕابەرەی کە دروستی کردووە ،ڕابەر ڕۆڵێکی سەرەکی دەبینێت لە سەرکردایەتی کردن و دیارکردنی ڕێڕەو و هەتا گۆڕینی ئاراستەکەشی بەبێ ئەوەی لە کەم بوونەوەی هاوسۆزی هەندێک لە ئەندامەکانی بترسێت، ئینتیما لەو حیزبانەدا بۆ کاریزمای ڕابەرە یان ئەو ئاکارە خێڵەکییە یان چینایەتییەی کە ئەو سەرکردەیە ڕابەریەتی دەکات ، ئەم جۆرە حیزبانە بە زۆری لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەمریکای لاتین دەبینرێن، کە ژینگەیەکی عەشایەری و خێڵەکی لەباریان بۆ ئەو تەرحە حیزبانە هەیە و ، ئاستی خوێندەواریشیان تێدا نزمە.

وەزیفەی حیزبە سیاسییەکان:
لەبەر ئەوەی کە حیزبە سیاسییەکان ڕۆڵێکی میحوەری لە سیستەمە سیاسییەکاندا دەبینن و پەیوەندییەکی بنەڕەتیشیان لەگەڵ چەمکی دیموکراسیدا هەیە بۆیە دەکرێت بڵێین حیزبە سیاسییەکان کۆڵەکەی دیموکراسین و دژایەتی کردنیان دژایەتی دیموکراسییە.
هەندێک لە نووسەران پرسی سیستەمە سیاسییەکە کە ئایا شمولیە یان دیموکراسییە؟ دەکەنە پێوەر بۆ دیاری کردنی وەزیفەکانی حیزبی سیاسی.
سیگمو نیومان بە بێ جیاوازی لە نێوان ئایا ئەو حیزبە شمولیە یان دیموکراسییە باس لە چوار وەزیفەی سەرەکی دەکات کە حیزبەکان بە شێوەیەکی گشتی پێی هەڵدەستن، ڕاکێشانی هاووڵاتی بۆ ڕیزەکانی حیزب و ڕاهێنانی لەسەر ئیلتیزامی سیاسی ،بینینی ڕۆڵی ناوەند لە نێوان ڕای گشتی و حکومەتدا و دەستنیشانکردنی سەرکردەکان تا وەکوو لەلایەن گەلەوە هەڵببژێرین کەئەوەش ئاستێکی هۆشیاریی بەرزی دەوێت تا وەکوو هەڵبژاردنەکەیان لە جێگەی خۆیدا بێت.
نیومان دەڵێت: دیموکراسی کاتێک دەکەوێتە مەترسییەوە کە حیزبە سیاسییەکان نوشوست دەهێنن لە مومارەسەکردنی ئەرکەکانیان، ئەو کاتە ڕێگا خۆش دەبیت بۆ حیزبە ڕادیکاڵەکان کە سەربکەون و ئامانجی خۆیان لە پێکهێنانی سیستەمێکی سیاسی نوێ بەدی بهێنن.
بەڵام دیڤید فیمنیز دەڵێت جیاوازی هەیە لەنێوان وەزیفەی حیزب لە سیستەمێکی دیموکراسی و وەزیفەی ئەو حیزبانەی کە لە سیستەمێکی تۆتالیتاریدان ( شمولی).
ئەو دەڵێت لە سیستەمی دیموکراسی دا حیزب سێ وەزیفەی هەیە:

– چاودێریکردنی دەسەڵاتی جێبەجێکردن.
– نوێنەرایەتی بەرژەوەندییەکان.
– کۆکردنەوەی کاندیدو ئەندامان لە دەوری خۆی.
بەڵام لە سیستەمە تۆتالیتاریەکاندا حیزب دوو وەزیفەی هەیە:
– پاراستنی توندوتۆڵی و یەکگرتنی ئەندامەکانی.
-سەرپەرشتی و ئیدارە.
بەدەر لەو پۆلێن کردن و ڕاڤەکردنە تیۆرییانەی لای سەرەوە دەتوانین ئەرکەکانی حیزب بەم شێوەیەی لای خوارەوە بخەینە ڕوو.
– کۆکردنەوەی بەرژەوەندییەکان: ئەوەش لەڕێگەی گۆڕینی داواکارییەکانی خەڵک بۆ ئەڵتەرناتیڤی سیاسی کە کاریگەری لەسەر گۆرەپانی سیاسی پەیدا بکات،ئەلموند لەو بارەیەوە دەڵێت: ئەو پێشنیاز و داواکارییانەی خەڵک کاتێک دەبێتە شتێک کە ناوەرۆکێکی کاریگەری هەبێت، کە لەڕێگەی سەرچاوە سیاسییە بەهێزەکان یان حیزبە سیاسییەکانەوە کە ئامادەن بۆ کۆکردنەوەی ئەو بەرژەوەندیانە پشتگیری لێ دەکرێت، شایەنی گوتنە حیزب ئەو کارە لە ڕێگەی کۆنگرەکانی خۆیەوە دەکات کاتێک کە سەندیکاکانی کرێکاران و کەرتەکانی تری کۆمەلگا داواکارییەکانی خۆیان پێشکەش دەکەن ئەویش دواتر سازشی لەسەر دەکات و پێشنیازی سیاسەتێکی بەدیل دەکات بۆ چارەسەر کردنیان. بەڵام لە سیستەمە نا دیموکراسییەکاندا لەبەر کۆنترۆڵ کردنی حیزب لەلایەن نوخبەوە ئەم وەزیفەیە دەوری نامێنێت.
– ئامادە کردنی سیاسی: ئەم وەزیفەیە لە پرۆسەی دەستنیشانکردنی خەڵکانێکدا بۆ بینی ڕۆڵ لە پۆستە سیاسییە ڕەسمیەکاندا خۆی دەبینێتەوە، وەکوو سەرۆک وەزیران، وەزیرەکان، پارێزگار، ئەندام پارلەمان یان فەرمانبەری ئیداری و هەروەها سەرۆکی سەندیکان.
ئەو حیزبەی کە دەگاتە دەسەڵات، حکومەت پێک دەهێنێت و کادرەکانی لە پۆست و وەزیفە ئیدارییەکاندا دادەمەزرێنیت.
– دانی شەرعیەت: کاتێک کە حیزبەکان بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا دەکەن مانای ئەوەیە شەرعیەت دەدەن بە سستمی سیاسی و کاتێکیش بڕیاری بەشدار نەبوونیان دەدەن بەوە شەرعیەت لەو سیستەمە لە دەرەوە و ناوخۆی وڵاتیش دەسەننەوە.
– پێگەیاندنی سیاسی: پرۆسەیەکی فێرکردنی بەها و ئاکارە کۆمەڵایەتیەکانە کە ناوەرۆکێکی سیاسییان هەیە، ڕەنگە ئەو پرۆسەیە بەتەنیا لە گواستنەوەی ڕۆشنبیری سیاسی لە نەوەیەکەوە بۆ نەوەیەکی تر خۆی ببینێتەوە کە ئامانجی گۆرانکاریەکی کەم یان ئامانجی گۆڕینی سەرتاسەری پێکهاتەکانی ئەو ڕۆشنبیرییە (کلتور) بێت، دەتوانین بڵێین حیزبە لەو دەزگا گرنگانەیە کە لە ڕێگەی ڕۆژنامە و چالاکییە ڕۆشنفکریەکانیەوە هەڵدەستێت بە فۆرمەلەکردنی دیدی هاووڵاتی بەرەو ئاراستەیەکی سیاسی ڕێکخراو.
– هەندێک دەڵێن حیزب ئامرازێکە بۆ دروست کردنی هەستی نەتەوایەتی: بەتایبەتی لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا حیزب لە ڕێگەی نووسینگەکانییەوە کە بە هەموو شوێنەکانی هەرێمەکەدا بڵاو بووەتەوە، و بەبێ گوێندان بەوەی کە لە کام هۆز یان عەشرەت یان خێڵێکن هانی هاووڵاتییان ئەدا کە بچنە ڕیزەکانییەوە و بەوە بەشداری دەکات لە گواستنەوەی ئینتیما لە خێڵەوە بەرەو ئینتیما بۆ فەزایەکی گەورەتر کە دەوڵەتە.
بەڵام هەندێک ڕاو بۆچوونێکی تریان هەیە و دەڵێن لە وڵاتە دواکەوتووەکاندا یان بە قەولی نەتەوە یەکگرتووەکان (تازە پێگەیشتووەکان)، حیزب ئامرازێکە بۆ هێشتنەوە و پتەو کردنی ئینتیمای خێڵەکی و ناوچەگەری، چونکە نوخبەی دەسەڵاتدار مانەوەی خۆیی و بەرقەرارکردنی حوکمەکەی لەوەدا دەبینێتەوە، ئەوەش وەڵامی ئەو پرسیارە دەداتەوە کە دەڵێت بۆ وڵاتانی دواکەوتوودا بەردەوام لە شەڕی ناو خۆدا دەژین.
– حیزبەکان فاکتەری چالاکین لە ژیانی سیاسی و پارلەمانیدا: چونکە بەهۆی حیزبەوە گەل دەتوانی گوزارش لە ئارەزوو و ئامانجەکانی و هەروەها لە پەیوەندییەکانی نێوان دەستەی هەڵبژاردن و دەسەڵاتی حاکم بە ڕێگەیەکی مەنتیقیانە و کاریگەرانەتر بکات .
– چاودێری و لێپێچینەوە: حیزبەکان چاودێری هەڵسوکەوت و کارەکانی حکومەت دەکەن بەوەش دەتوانن ببن بە فاکتەرێکی گرنگ بۆ بەرگرتن لە لادان و گەندەڵی .
لە کۆتاییدا دەکرێت بڵێین کە بوونی حیزبە سیاسییەکان لە هەر دەوڵەتێکدا بێت ئاماژەیەکی گرنگە بۆ تەندروستی ژیانی سیاسی لەو دەوڵەتەدا و زەمانەتێکی کارایە بۆ بەرەو پێش چوونی پرۆسەی دیموکراسی و پتەو کردنی بناغەکانی و بەدیهێنانی سەقام گیری کۆمەڵایەتی و سیاسی، و گواستنەوە لە خستنە ڕووی داواکارییەکان لە دۆخی هەڕەمەکییەوە بۆ دۆخێکی تر کر چوارچێوەیەکی مەنتیقی هەبێت، و پشتگیریەکی سیاسی لەناو هۆڵی پارلەماندا لەدواوە بێت. یان حیزبی ئۆپۆزیسیۆن وەکوو بەرنامەیەکی ئەڵتەرناتیڤ بۆ بەرنامە و سیاسەتەکانی حیزبی دەسەڵاتدار لە هەڵبژاردنەکانی ئایندەدا بیخاتە ڕوو بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی یان لانی کەم وەکوو ئامرازێکی فشار سازشی سیاسی پێبکات و نەهێڵێ چیدی حیزبی فەرمانڕەوا بەتەنیا بەپێی بەرنامەکەی خۆی بڕیار بدات.
* گیروندیەکان: ناوی کیتلەیەکی سیاسی بۆرژوا بوو لە سەردەمی شۆڕشی فەرەنسا لە کۆتاییەکانی سەدەی هەژدەیەمیندا، ئەوان گوزارشیان لە بەرژەوەندییە میانڕەوەکانی بۆرژوا دەکرد و لەنێوان خەتی شۆڕش و خەتی دژە شۆڕشدا ئەم لا و لایان دەکرد و لە ئاکامدا ڕێگەی سازشیان لەگەڵ مەلەکییەتدا هەڵبژارد.
سه‌رچاوه‌کان
ـ ئوستن ره‌نی، سیاسه‌تی حوکم، گۆڕینی د.حسن ذنون، المکتبة الأهلية‌، به‌غدا.
ـ موریس دوفرجیه‌، حیزبه‌ سیاسیه‌کان، گۆڕینی علی مقلد و عبدلحسین سعد ، بیروت.
ـ مه‌وسوعه‌ی زانسته‌ سیاسیه‌کان کۆمه‌لێک نووسه‌ر.
ـ بثینه‌ عبدالله‌” حیزب و سیاسه‌ت و دیموکراسی” جه‌زیره‌ نت
ـ صلاح نیوف، تیۆری حیزبه‌ سیاسیه‌کان ، الحوار المتمدن ژماره‌ 1254،
2005.
ـ طارق المجذوب “ئیداره‌ی گشتی” کۆلیجی حقوق زانکۆی به‌یروت.
ـ خضر تارق فتح الله‌ “رۆڵی حیزبه‌ سیاسیه‌کان له‌ سیتمه‌ پارله‌مانیه‌کان ” لێکۆڵینه‌وه‌یه‌کی به‌راود کارییه‌،قاهیره‌.
ـ گابریال ئه‌لموند ‘سیاسه‌ته‌ به‌راوردکاریه‌کان له‌م سه‌رده‌مه‌دا” گۆڕینی هشام عبدالله‌، عمان.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت