دلێر محەمەد نوری: کەپکۆ لەو ئاشتی هەورامیەی.

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت

ئەوەی لە تەمەنی من و بەرەوژوورتر بێ، واتا پەنجا ساڵ و بۆ سەرەوە، بە ئاگابووە لە وردەکاری ڕووداوەکانی ڕاپەڕین و دواتر و تا ئەمڕۆش. هەروەها هەندێکی باشی پێش ڕاپەڕینیشی لە یادە. جا ئەگەر ئەندامێکی چالاکی حزبێکی سەرەکیش بووبێ ئەوا کەمێک نزیکتریش ڕووداوەکانی بینیوە. لە کاتی شەڕی ناوخۆدا، دڵمان بە گرتنەوەی کەپکێکی وەکو ئەوەی حەمەد ئاغا خۆش ئەکرد. وامان ئەزانی هەنگاوێک لە سەربەخۆیی نزیک بووینەتەوە. ڕۆشنبیر و نووسەر و ڕەخنەگرانی دەرەوەی حزبیش، شەڕی کەپکە بە کەپکەی پارتی و یەکێتیان دژ بە یەکتری، بە خاڵێکی ڕەشی مێژووی کوردایەتی و هەنگاونان بە ئاراستەی میزی حوشتر ئەزانی. ئەو دەم لە شەڕی هات هات و هەڵات هەڵاتی یەکێتی و پارتیدا، هەرگیز بە خەیاڵدا نەدەهات، سەددام بڕووخێ و کوردێک لە سەر کورسییەکەی دابنیشێ. فڕۆکەی گەشتکردن فڕکەی بێ بە ئاسمانی هەرێمدا و ببین بە خاوەنی نەوتی خۆمان. ئەو ڕۆژەیش کە دوو سەرۆکەکەی کورد پێکەوە قوفڵە ڕەمزییەکەی نەوتیان کردەوە. هاوڕێیەکی قۆشمەم لە هەڕەتی دڵخۆشیمان بەو هەنگاوە وتی: من هیچ باوەڕم بەو نەوتە نیە بڕوات. وتم بۆچی؟ وتی تۆ تەماشا،! خۆ ئەو دوو زاتە قووفڵەکە بەرنادەنەوە، بەڵکو ئەیگرنەوە!! جا هەر واش بوو لە بری ئەوەی بە پێچەوانەی میلی کاتژمێر بای بدەن ئەوان بە ئاراستەی میللی کاتژمێر بایان دەدا واتا ئەیانگرتەوە. جا ئەمەت وەکو خەوێک بۆ فاڵچییەک بگێڕایەتەوە، ئەمەی وەکو ئاماژەیەکی خراپ و نیشانەی نەهامەتی ئەو نەوتە بۆ لێکدەدایتەوە. دواتریش لە بۆنەیەکی دیکەدا ئاشتی هەورامی کەوتە نێو بازاڕی نەوتەوە. ئەو برادەرە ئەوەندەی بەڵێندا خەریک بوو شاگەشکە ببین. وامان لێهاتبوو خۆمان بە خلیجییەکان ئەهاتە بەرچاو بە دسداشە و نەعل و سەعاتی ئاڵتون و دوا مۆدێلی ئۆتۆمبیلی ئەمریکی و یابانییەوە. ساڵان هات و ساڵان چوو، ئاشتی هەورامی چۆن لە پڕ هات، ئاوهاش لە پڕ ڕۆیی. دەرکەوت لەگەڵ دەوڵەتمەدارا، نەوتەکەیان لە قوماری بازرگانیدا دۆڕاندبوو. دەریشکەوت وەزیری جانتا ڕەشەکەش، نە ئاشتی و ئارامی بۆ دەستەبەرکرین و نە سەلیقەی وردی هەورامیشی هەبوو لە کارەکەیدا.
لەو ڕستانەشیان کە لە زاری موبارەکیانەوە، زوو زوو بەرئەبوونەوە و ئێستا، لە پاش ڕێکەوتنە زۆرەملێکەی براگەورە لە گەڵ سودانیدا، زوو زوو بیری ئاشتی هەورامی و دەوڵەتمەداری ئەخەنەوە ئەمانەبوون؛ خەڵکی ڕاستەوخۆ پشکی ئەبێ لە فرۆشی نەوتدا! هەر تاکێکی کورد مانگانە 400 دۆلار ئەچێتە ئەژمارەکەیەوە! ئاستی بەرهەمهێنان ئەگەیێنینە 1ملیۆن! کوردستان ئەچێتە سەر نەخشەی جیهانی سامانی سروشتی! و… هتد. لەهەمووی پێکەنیناویتر ناوی ئەو بانکە نشتیمانییە بوو کە ناویان لێ نابوو “کەپکۆ” نە بیناکەیمان بینی و نە پارەکەشی.
هەولێرییەکان دەستەواژەیەکی شیرینییان هەیە کاتێ شتێکی سەیر دەقەومێ لە کاتی نەگونجاودا دەڵێن: پەککو لەو حەلاماتەی. منیش لە بەر ئەوەی لە شەڕکردن لە سەر کەپکی حەمەد ئاغاوە هێنام و خۆشی خۆشی گەیشتمە سەر ئابوری سەربەخۆ و بانکی کەپکۆ و تا بە گیرفانی بەتاڵەوە، جانتا ڕەشەکەمان تەسلیمی بەغدا کردەوە. لەسەر هەمان سەروای دەستەواژە هەولێرییەکە دەڵێم:
کەپکۆ لەو ئاشتی هەورامیەی!!

ئەرک نەبێت، کلیک بکەرە سەر سمبولی فەیسبووک، ئەم بابەتە بنێرە سەر بەشەکەت